۱۳۹۴/۱۱/۱۱

زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران سناریۆی هه‌ڵبژاردنی مانگی ڕه‌شه‌مه‌ی 1394ی هه‌تاوی ته‌حریم کرد.

قال تعالی {وامرهم شوری بینهم}
یه‌کێتی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران ڕاگه‌یاندراوێکی له‌ مه‌ڕ سناریۆی هه‌ڵبژاردنی مه‌جلیسی شورای ئیسلامی و خووبره‌گانی رێبه‌ری که‌ له‌ مانگی ڕه‌شه‌مه‌ی 1394ی هه‌تاوی به‌ڕێوه‌ده‌چێت بڵاو کرده‌وه‌.

هاونیشتمانیانی خۆڕاگروموسوڵمانانی ئێران وکوردستان، ڕۆشه‌نبیران وچالاکوانانی سیاسی ومه‌ده‌نی.
هه‌روه‌ک ئاگادارن وده‌زانن پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن و به‌شداریکردن له‌م پڕۆسه‌یه‌دا له‌ سه‌رده‌می ئێستادا گرنگێکی تایبه‌تی هه‌یه‌و مڕۆڤه‌کان وئازادیخوازان وچینه‌ جۆراوجۆره‌کانی کۆمه‌ڵگای جیهانی به‌گشتی ووڵاتانی دێموکراتیک به‌ تایبه‌تی، به‌ شێوه‌یه‌کی مه‌ده‌نیانه‌ وئازادانه‌ به‌شداری له‌ پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌که‌ن و پاڵێوراوی خۆیان بۆ شوێنه‌ جۆراوجۆره‌کانی ده‌سه‌ڵات ڕه‌وانه‌ ده‌که‌ن، دیاره‌ له‌ ئه‌گه‌ری دێموکراتیک بوونی هه‌ڵبژاردن، به‌شداریکردن نه‌ک هه‌ر ئه‌رکێکی مرۆییه‌، به‌ڵکو ئه‌رکێکی ئایینیش به‌ ئه‌ژمار دێت، چوونکه‌ مرۆڤ ده‌توانێت خواسته‌ ڕه‌واکانی خۆی به‌ ئاکام بگه‌یه‌نێت و مافه‌کانی خۆی مسۆگه‌ر بکات، به‌ڵام له‌ ئه‌گه‌ری دێموکراتیک نه‌بوونی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ شه‌رعییه‌تی ئایینی وڕه‌وشتی ومرۆیی خۆی له‌ ده‌ست ده‌دات وبه‌شداریکردن ده‌بێته‌ هۆی مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتێکی دیکتاتۆر و سته‌مکار.
پیویست ناکات ئێمه‌ شرۆڤه‌ی سیستمی ده‌سه‌ڵات له‌ ئێران بۆ ئێوه‌ی ئازیز شی بکه‌ینه‌وه‌ چوونکه‌ ته‌مه‌نی دیکتاتۆرییه‌تی 36 ساڵه‌ی ئه‌و ڕژیمه‌ تووتالیتێر و سته‌مکاره‌ بۆ هه‌موولایه‌ک ڕوون و ئاشکرایه‌، به‌ڵام پێویسته‌ ئه‌و ڕاستیانه‌ی که‌ ده‌کرێت بۆ به‌شداریکردن له‌ هه‌ڵبژاردندا بوونه‌ته‌ پێوه‌ر بیانخه‌ینه‌ به‌ر دید و ڕاوبۆچوونی هه‌موولایه‌ک.
یه‌که‌م: سیستمی ده‌سه‌ڵات
سیسیتمی زاڵ به‌ سه‌ر ئێراندا له‌ سه‌ر ئه‌ساسی شیعی ئه‌سنا عه‌شه‌ری باوه‌رمه‌ند به‌ ویلایه‌تی ره‌های فه‌قیه‌ دامه‌زراوه‌، ئه‌و سیستمه‌ هه‌رله‌ ناوه‌رۆکه‌که‌یڕا ده‌رده‌که‌وێت دژایه‌تی هه‌موو ئایینه‌ جیاوازه‌کان ومه‌زهه‌ب جیاوازه‌کان ده‌کات و هیچکات پۆسته‌ گرینگه‌کانی ده‌سه‌ڵات به‌ جیابیران ڕه‌وا نابینێت، 
دووهه‌م: به‌رابه‌ری سیاسی
وشه‌ی به‌رابه‌ری سیاسی له‌ وڵاتانی دێموکراتیک وئازادیخواز به‌ بێ سه‌رنجدان به‌ ڕه‌گه‌زه‌ جیاوازه‌کان ومه‌زهه‌ب وفکرییه‌ت وئایین، خه‌ڵک خۆیان هه‌ڵده‌بژێرن وکۆمه‌ڵگاش به‌ بێ هیچ له‌مپه‌رێک له‌ سه‌ر ڕێگای پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌شداری ده‌که‌ن، به‌ڵام له‌ ده‌سه‌ڵاتی ئێراندا باس له‌ ریجالی سیاسی{رجال سیاسی} واته‌ ره‌گه‌زی نێر ده‌کرێت ومافی ره‌گه‌زی ژن زه‌وت کراوه‌ به‌ تایبه‌ت بۆ مه‌جلیسی خووبره‌گانی رێبه‌ری وسه‌رۆک کۆماری وڵات، هه‌روه‌ها هه‌روه‌ک باسمان کرد پۆسته‌ گرینگه‌کان وبه‌رابه‌ری سیاسی جیابیران ونه‌ته‌وه‌جیاوازه‌کان و مه‌زهه‌به‌ جیاکان ناگرێته‌وه، ئایا ئه‌م جۆره‌ هه‌ڵبژاردنانه‌ ده‌کرێت ناوی هه‌ڵبژاردنی بۆ دابنێیت؟‌
سێهه‌م: رقابه‌تی سیاسی
رقابه‌تی سیاسی له‌ هه‌موو وڵاتانی جیهانی بوونی هه‌یه‌ وئه‌م رقابه‌ته‌ش خۆی هه‌ڵگری په‌یامێکی گرنگه‌، چوونکه‌ له‌ ناو ڕقابه‌تی سیاسیدا توواناکان دیاری ده‌کرێن و خه‌ڵکیش باشترینیان هه‌ڵده‌بژیرێت، به‌ڵام له‌ ده‌سه‌ڵاتی سه‌پاوی ئێراندا هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری نوێنه‌ره‌کان له‌ فیلتێری شوورای نیگه‌بان ده‌رناچن وبه‌شی هه‌ره‌ به‌رچاو ڕه‌ددی سه‌ڵاحییه‌ت ده‌کرێن واته‌ ته‌نیا که‌سانێک ده‌مێننه‌وه‌ که‌ ته‌واو له‌ ژێر باوه‌ڕی ئه‌م سیستمه‌دان و هیچ گۆڕانکارییه‌ک به‌ بوونی ئه‌م تاقمه‌ په‌سندکراوه‌ به‌دی نایه‌ت، وه‌ ئه‌گه‌ر رقابه‌تێکیش هه‌بێت له‌ نێوانیاندا ڕقابه‌تێکی فریوکارانه‌یه‌ وله‌ واقعدا هه‌ردووک لایه‌نه‌کان هه‌ریه‌کن، مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه‌ ئه‌وانه‌ی له‌ فیلتێری شووڕای نیگه‌هبان ده‌رده‌چن له‌ راستیدا ئه‌وان نوێنه‌ر وهه‌ڵبژێردراوی حکومه‌تن نه‌ک خه‌ڵک.
چواره‌م: سیستمی هه‌ڵبژاردن
جۆری ئه‌نجامدانی سناریۆی هه‌ڵبژاردن له‌ ئێران هه‌مووتان ئاگادارن، سندووقه‌کان له‌ به‌رده‌ستی کاربه‌ده‌ستانی سه‌ره‌کی ڕژیمدایه‌ هه‌رکه‌س یان که‌سانێک خۆیان حه‌ز بکه‌ن وه‌ک براوه‌ دیاری ده‌که‌ن و گرنگی به‌ ده‌نگی زۆرینه‌ی ئه‌ویتر ناده‌ن، بۆ وێنه‌ 1388 له‌ کاتی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆککۆماری که‌ چۆن گاڵته‌ به‌ ده‌نگی زۆرینه‌ی مووسه‌وی وکه‌ڕروبی کرا وده‌نگی ناوبراوان بۆ ئه‌حمه‌دی نژاد دیاریکرد.

ڕژیمی دژه‌ مرۆیی وئایینی کۆماری فێڵبازی ئێران ماوه‌ی 36 ساڵه‌ به‌ ده‌رخستنی سناریۆی هه‌ڵبژاردن، گاڵته‌ به‌ خه‌ڵکی ئێران به‌ گشتی وکوردستان به‌ تایبه‌تی ده‌کات وهه‌رجاره‌و به‌ هۆی به‌کرێگیراوانی خۆی به‌ڵێنی چاره‌سه‌رکردنی گرفته‌ جۆراوجۆره‌کان ده‌دات وخه‌ڵک هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنێت و له‌ ڕێگای ده‌نگی جه‌ماوه‌ره‌وه‌ بۆ سه‌ر سندووقه‌کانی ده‌نگدان شه‌رعییه‌ت به‌ سته‌م وسته‌مکاری وپێشێلکاری مافی مرۆیی ده‌دات، نموونه‌ هه‌ڵبژاردنی 2 ساڵ له‌مه‌وبه‌ری سه‌رۆککۆمار حه‌سه‌نی رووحانی که‌ چه‌ندین به‌ڵینی جۆراوجۆره‌ی به‌ خه‌ڵکی ئێران ونه‌ته‌وه‌جیاوازه‌کان ومه‌زهه‌به‌ جیاکاندا وه‌ک به‌ڵینی ئازد کردنی زیندانیانی سیاسی و خوێندن به‌ زبانی زگماکی ومافی نه‌ته‌ه‌ویی ومه‌زهه‌بی هتد... به‌ڵام به‌ جێگای ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی سیداره‌ په‌ره‌ی ئه‌ستاند و له‌ ماوه‌ی دووساڵی ته‌مه‌نی به‌ ئه‌ندازه‌ی هه‌ر چوار ساڵی پێش ده‌سه‌ڵاتی خۆی لاوانی ئێرانی وکوردستانی له‌ سیداره‌ داوه‌، وتاکو هه‌نووکه‌ش فه‌زای ئه‌منییه‌تی له‌ سه‌ر کوردستان ڕۆژبه‌ڕۆژ له‌ په‌ره‌ئه‌ستاندن دایه‌ وهیچ یه‌ک له‌ به‌ڵێنه‌کانی ئه‌نجام نه‌داوه‌.
ئێمه‌ یه‌کێتی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران وێرای ته‌حریم کردنی ئه‌م سناریۆ نگریسانه‌ی رژیم، له‌ ڕوانگه‌ی ئایینییه‌وه‌ داوا له‌ خه‌ڵکی ئێران به‌ گشتی وکوردستان به‌ تایبه‌تی ده‌که‌ین سناریۆی هه‌ڵبژاردن ته‌حریم بکه‌ن وچیتر هاوکاری مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتێکی دژه‌ ئایینی ودژه‌ مرۆیی نه‌بن چونکه‌ له‌ راستیدا به‌شداریکردن له‌ له‌وه‌ها هه‌ڵبژاردنێک به‌شداریکردنه‌ له‌ مانه‌وه‌ی سته‌م وسته‌مکاری وه‌ ئه‌رکی سه‌ر شانی هه‌ر باوه‌ڕمه‌ندێکی ئایینییه‌ له‌ چوون بۆ سه‌ر سندووقه‌کانی ده‌نگدان خۆی ببوێرێت، هیوادارین جارێکیتریش وشه‌ی نه‌خێر به‌شداری ناکه‌م به‌ ڕژیمی ئێران بڵێنه‌وه‌ که‌ ئه‌وه‌ ئه‌رکێکی ئایینی ومرۆییه‌.
والسلام علیکم ورحمةالله‌ وبرکاته‌
یه‌کێتی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران
12ی رێبه‌ندانی 1394ی هه‌تاوی.










هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر