۱۳۸۸/۰۳/۱۹

برووسكه‌ی‌ ماته‌مینی‌ له‌ لایه‌ن یه‌كیه‌تیی‌ زانایانی‌ ئایینی‌ كوردستانی‌ ئێرانه‌وه‌ به‌بۆنه‌ی‌ 20ـه‌مین ساڵڕۆژی‌ تیرۆری‌ شه‌هید دوكتور قاسملوو

به‌نێوی‌ خوای‌ مه‌زن
هاووڵاتیانی‌ خۆشه‌ویست
كوردستانییانی‌ به‌ڕێز
به‌بۆنه‌ی‌ 22ی‌ پووشپه‌ڕ، ساڵوه‌گه‌ڕی‌ كاره‌ساتی‌ دڵته‌زێن‌و گورچوبڕه‌كه‌ی‌ 20 ساڵ‌ له‌مه‌وپێش، شه‌هید كردن‌و تیرۆركردنی‌ رێبه‌ری‌ نه‌ته‌وه‌یی‌، پێغه‌مبه‌ری‌ ئاشتی‌‌و ته‌بایی‌ سه‌ركرده‌ی‌ مه‌زن دوكتور عه‌بدولڕه‌حمان قاسملوو، به‌ده‌ستی‌ شه‌وپه‌رستانی‌ پاوانخوازی‌ كۆماری‌ زۆره‌ملێی‌ ئێران، جارێكی‌ دیكه‌ هاوخه‌می‌‌و ماته‌مه‌ینی‌ خۆمان به‌ سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌كه‌مان راده‌گه‌یه‌نین‌و خۆمان به‌ خاوه‌نی‌ ئه‌م كۆسته‌ گه‌وره‌ی‌ گه‌له‌كه‌مان ده‌زانین.
ئێمه‌ له‌ كاتێكدا ئه‌م رووداوه‌ وه‌بیر دێنینه‌وه‌ كه‌ كۆماری‌ ناشه‌رعی‌‌و حه‌رامی‌ به‌ناو ئیسلامی‌ ئێران به‌ مه‌به‌ستی‌ مانه‌وه‌‌و درێژبوونه‌وه‌ی‌ ته‌مه‌نی‌ پڕ له‌ سه‌رشۆڕی‌ خۆی‌ له‌ هیچ چه‌شنه‌ ناحه‌زی‌و كرده‌وه‌ی‌ قیزه‌ونی‌ تیرۆر‌و كوشتن‌و تۆقاندن‌و ته‌قاندنێك نه‌وێستاوه‌‌و به‌ڵكوو خێراتر له‌ جاران‌و به‌ بیانووی‌ جۆراوجۆری‌ دیكه‌ وڵاتمان لێ‌ ده‌كه‌نه‌ جه‌هه‌نه‌م. هه‌ر چه‌ند رۆژ له‌مه‌وبه‌ر ترسه‌نۆكان‌و سه‌ركوتكه‌رانی‌ ئازادیی‌ ئێران به‌ بیانووی‌ ده‌نگ هه‌ڵبڕین‌و داوای‌ هه‌رچه‌ند كه‌می‌ ئینسانی‌، بێشه‌رمانه‌ له‌به‌ر چاوی‌ هه‌موو دونیا قامكه‌كانیان خوێناوی‌‌و چاڵه‌ ره‌شه‌كانیان له‌ هه‌زاران لاوی‌ وڵات جماند كه‌ هه‌ستی‌ هه‌ر خاوه‌ن هه‌ست‌و ویژدانی‌ هه‌ر مرۆڤێكی‌ به‌ئینسافی‌ ده‌هه‌ژاند.
به‌ڵام به‌ خۆشییه‌وه‌ ره‌وتی‌ خه‌باتی‌ گه‌له‌كه‌مان بۆ گه‌یشتن به‌ لووتكه‌ی‌ مرۆڤایه‌تی‌‌و سه‌ربه‌ستی‌ نه‌ك له‌و هه‌موو ره‌شه‌كوژی‌‌و دڵڕه‌قییه‌ی‌ رێژیم سڵی‌ نه‌كردووه‌ به‌ڵكوو هه‌روا له‌سه‌ر پێیه‌‌و به‌ره‌وپێش هه‌نگاو ده‌نێ‌‌و وڵات پارێزه‌رانی‌ گه‌له‌كه‌مان له‌پێناو وه‌دیهێنانی‌ ئامانجه‌ پیرۆزه‌كانی‌ رێبه‌ری‌ شه‌هید دوكتور عه‌بدولڕه‌حمان قاسملوو، گه‌لی‌ بنده‌ست‌و چه‌وساوه‌‌و نه‌حه‌ساوه‌ی‌ كورد‌و وڵاتی‌ پڕ له‌ فرمێسك‌و خوێنی‌ كورده‌واری‌ له‌ تۆقاندن‌و تیرۆر، رۆژ به‌رۆژ چاكتر له‌ جاران به‌ هه‌ر چه‌شنه‌ خه‌باتێك به‌گژ مافخۆران‌و نه‌یارانی‌ نه‌ته‌وه‌كه‌مان دێنه‌وه‌.
یه‌كیه‌تیی‌ زانایانی‌ ئایینی‌ كوردستانی‌ ئێران وێڕای‌ مه‌حكووم كردن‌و وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی‌ ئه‌م كۆسپه‌ گه‌وره‌ی‌ نه‌ته‌وه‌ییمان، راده‌گه‌یه‌نین به‌ پشت ئه‌ستووری‌ به‌ گه‌ل‌و تێكۆشه‌رانی‌ ئازادی‌‌و ئامانجی‌ به‌رحه‌ق‌و حه‌ڵاڵی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌، له‌ هیچ تێكۆشانێك ناپرینگینه‌وه‌‌و درێژه‌ به‌ رێبازی‌ كه‌ڵه‌پیاوانی‌ ئایینی‌‌و نه‌ته‌وه‌ییمان ده‌ده‌ین‌و هه‌ر به‌ پێوه‌ری‌ ئایین به‌ پێویستی‌ ده‌زانین پێشگیری‌ له‌ سته‌مكار‌و پشتگیری‌ له‌ مافخوارو‌و چه‌وساوه‌كان بكه‌ینه‌ هه‌وێنی‌ به‌رخۆدان‌و به‌ڕێوه‌بردنی‌ كاروباری‌ ئایینی‌‌و نه‌ته‌وه‌ییمان كه‌ له‌و باره‌وه‌ش پێغه‌مبه‌ری‌ خوا چۆنیه‌تی‌‌و به‌هاناچوونی‌ به‌شخواراوان‌و چه‌وساوه‌كانی‌ بۆ شی‌ كردووینه‌ته‌وه‌‌و تێ‌ده‌كۆشین بۆ ئه‌وه‌ی‌ چی‌ دیكه‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ باوه‌ڕداری‌ گه‌له‌كه‌مان به‌نێوی‌ ئایین له‌ژێر ده‌ستی‌ ئاییندارانی‌ به‌درۆ، نه‌چه‌مێته‌وه‌‌و به‌ پڕۆپاگه‌نده‌ی‌ ئایینی‌ خوێنی‌ ده‌یان‌و سه‌دان كه‌ڵه‌ پیاوی‌ ئایینی‌‌و نێودارانی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ به‌ ره‌وا‌و حه‌ڵاڵ‌ نه‌زاندرێ‌‌و له‌ هه‌مان كاتیشدا ئه‌ركی‌ سه‌ره‌كیمانه‌ ئایینی‌ راسته‌قینه‌‌و خوایی‌ كه‌ له‌ودا مافی‌ هه‌موو چین‌و توێژه‌كان له‌ به‌رچاو گیراوه‌ به‌ خه‌ڵكی‌ وڵاته‌كه‌مان بناسێنین.
جارێكی‌ تر وێڕای‌ وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی‌ ئه‌و رۆژه‌‌و ساڵوه‌گه‌ڕی‌ ئه‌م ناحه‌قییه‌ له‌ خوا داواكارین رۆحی‌ شه‌هیدان به‌ به‌هه‌شت شاد‌و گه‌له‌كه‌مان له‌ژێر ده‌ستی‌‌و دیلی‌ رزگار بكا.

یه‌كیه‌تیی‌ زانایانی‌ ئایینی‌ كوردستانی‌ ئێران
18/4/1388