۱۳۸۹/۱۱/۰۲

پەیامی یەكێتی زانایانی ئایینی كوردستانی ئێران بە بۆنەی كۆچی دوایی تێكۆشەری ماندووی نەناس و كەسایەتی

بە ناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
"كل نفس ذائقە الموت "
خەڵكی خەباتگێری كوردستان
خوشك و برایانی موسوڵمانی نەتەوەی كورد لە كوردستانی ئێران

ئەندامان و لایەنگرانی یەكێتی زانایانی ئایینی كوردستان

بە داخ و پەژارەیەكی زۆرەوە كاتژمێر 50/23 خولەكی شەوی پێنج شەممو لە سەر هەینی 21لەسەر 22 ی رێبەندانی ساڵی 1389 ی هەتاوی تێكۆشەری ماندونەناسی نەتەوەی كوردو كەسایەتی ئایینی خەڵكی كوردستان مامۆستا شێخ عێزەدینی حوسینی لە نەخۆشخانەی ئاكادیمیای زانستی لە شاری ئۆبسالای وڵاتی سوید دڵە گەورە و پر لە ئەوینەكەی بۆ كوردستان و كورد لە لێدان كەوت و درێژەی رێگای پر لە شانازی خەبات بۆ نیشتمان و بنەماكانی ئیسلامی راستەقینەی بە رێبوارانی رێگا پیرۆزەكەی سپارد.

مامۆستا شێخ عیزەدینی حوسینی ساڵی 1300 ی هەتاوی لەی شاری بانە لە بنەماڵەیەكی گەورەی نیشتمانپەروەرو ئایینی لە دایك بووەساڵی 1322 ی هەتاوی دەبێتە ئەندامی كۆمەڵەی ژ-ك و وەك لاوێكی نیشتمان پەروەر لە رەوتی بەرەوپێشچوونی خەباتی نەتەوەی كورد و رێزگرتن لە دینی ئیسلامی پیرۆز لە كۆمەڵەی ژ-ك دا وێرای باقی هاوسەنگەرانی ئەركی پیرۆزی خزمەت بە نیشتمان بەرێوە دەبەن.

بەرێز مامۆستا شێخ عیزەدین حوسینی لە ماوەی تەمەنی خۆی دا لە بەرامبەر زوڵم و زۆری هەردوو رژیمی پاشایەتی و كۆماری ئیسلامی لێبراوانە خەباتی كردوەو وەك كەسایەتی یەكی ئایینی باوەری قوڵی بە پارێزگاری لە خاكی نیشتمان و دابین بوونی دیموكراسی و جیایی دین لە دەوڵەت و یەكسانی نێوان ژن و پیاو هەبووە.

حەزرەتی موحەممەد دروودی خوای لێ بێ‌ دەفەرمێ‌ "موت العالم موت العالم " واتە فەوتی زانایەكی ئایینی وەك و فەوتی خەڵكێك وایە، لەو روانگەوە یەكێتی زانایانی كوردستانی ئێران كۆچی دوایی مامۆستا شێخ عیزەدینی حوسینی بە خەسارێكی گەورە لە بزووتنەوەی نەتەوەیی – دیموكراتیكی خەڵكی كوردستان دەزانێ‌ و لەو باوەرەدایە درێژەدەرانی ئیسلامی راستەقینە كەسایەتی یەكی مەزنی لە دەست داوە كە جێگاكەی هەر وا بە ئاسانی پر نابێتەوە.

یەكێتی زانایانی ئایینی كوردستانی ئێران سەرەخۆشی گەرمی خۆی لە بنەماڵەی بەرێزیان و سەرجەم خەڵكی كوردستان دەكا و خۆی بە بەشداری خەم و پەژارەی لەدەست دانی بەرێز مامۆستا شێخ عیزالدینی حوسینی دەزانێ‌ .

رۆحی شاد و رێگای پڕ ڕێبوارەو جێگای بەهەشتی بەرین بێ‌

"انا للە وانا الیە راجعون"

یەكێتی زانایانی ئایینی كوردستانی ئێران

22ی رێبەندانی 1389ی هەتاوی

بروسكەی پیرۆزبایی بە بۆنەی 2ی رێبەندان لە لایەن یەكیەتی زانایانی ئاینی كوردستانی ئێران

بە نێوی خوای گەورە


بە بۆنەی 65 مین ساڵوەگەری دامەزراندن و راگەیاندنی دەوڵەتی كوردی واتە كۆماری كوردستان پیرۆزبائی خۆمان ئاراستەی گەلی كورد بە گشتی و رۆژهەڵاتی كوردستان و بە تایبەتی میراتگرانی ئەو كۆمارە كە حزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانە دەكەین. وە هەلی رەخساو ترو دەرفەتی گونجاوتر لە هەمبەر وەدی هاتنی ئاواتەكانی میللەتی كورد و بەردەوام بۆ پاراستنی دەسكەوتەكانی كۆمار لە خوای بە دەسەڵات هیوا خوازین.

ئێمە وەكو (یزكا) نەك هەر ئەو رۆژە وەكو رۆژێكی نەتەوەئی بەرز رادەگرین، بەڵكو لە روانگەی ئاینیشەوە جێگەو پێگەی تایبەتی هەیە وە پێویستە رێز لەو تایبەتمەندیە بگیرێ. هەر وەك ئاشكرایە لەو رۆژەدا كۆمارێك پێك هات كە جگە لەوەی بەرێوبەرانی لە پیاوانی ئایینی و پەل گرتوی نێو ئەم كۆمەڵگایە بوون، بەڵكو هۆنینەوە رێكخستنی پرۆگرام و چۆنیەتی بەرێوەبردنی كۆمار هەموو یاساو رێسایەكەی ئایینی و كۆمەڵایەتیان لەبەر چاو بووە، وە بە ئیلهام لە دینێكی مام ناوەندی و رێزگرتن لە هەموو جۆرە بۆچونێك حكومەتێكیان پێك هێناوە كە لە یەك كاتدا هاوتەراز لەگەڵ هەموو ویستی نەتەوەئی و هاوتەریبیش لەگەڵ هەموو بۆچونێكی ئایینی بووە. كە ئەم هەڵوێستەی كۆمار نەك هەر لەو كاتدا پێویست بوو بێتە ئاراوە بەڵكو ئێستاشی لەگەڵ بێ ئایین لەسەرمان پێویست دەكا كە بۆ هێنانە ئارای حكومەتێكی بە دوور لە دەمارگرژی و خۆبینی هەوڵ بدەین، بەتایبەت لەو هەلومەرجە نالەبارە كە بە دین نامۆیە بە هەموو كەرامەتێكی مرۆڤانەوە تێبكۆشین لە بەرانبەر سوڵتانی زاڵم و مەتەرێز بگرین. هەر وەكو لەم بابەتەوە پێغەمبەریی گەورەمان (د.خ) دەفەرموێ : گەورەترین جیهادو شەهید بوون ئەوەیە كە ئێوە لە بەرانبەر زاڵم دا وتەی حەق و هەڵوێستی شیاو بنوێنن. كۆمارو دامەزرێنەرانی نەك هەر لەم بابەتەوە بەرهەق بوون بەڵكو لە سایەی حاكمیەتی ئەوانەوە ئەوپەری عەدالەت هاتە دی و مافی خەڵك پارێزراو رێز لە ئائینەكان گیرا. ئێستا لە كاتێكدا ئەم رۆژە یاد دەكەین كە مەخابن حكومەتێك بە ناوی ئائینەوە سایەی قورس و بێ رەزای لەسەرمانە كە بەكەڵك وەرگرتن لە پێچەوانەی ئائین و هەستی رەگەز پەرەستی هەرچی ماف و ویستی مرۆڤانەی خستوەتە ژێر پێ و تەنانەت راستەو خۆو ناراستەوخۆ دژ بە باوەری ئائینی خەڵكیش دەوەستێتەوە وە بە دەیان و سەدان تاوانی دژ بە هەموو بنەمایەكی مرۆڤایەتی لەبەرژەوەنددی خۆیان دا دەخوڵقێنن، نمونەی زیندو بەرچاویش لە سێدارەدانی دەیان لاو و خوێندكاری كوردە كە بەو پەری بێ بەزەیانەوە لە مانگەكانی رابردودا لە سێدارە دراون و ئێستاش چەندین لاوی نیشتمانپەروەر لە زیندانەكانی كۆماری ئیسلامی دا بە بێتاوان ئازارو ئەشكەنجە دەدرێن. ئێمە وەك یزكا وێرای رێز لە كۆماری كوردستان، خەڵكی خۆمان بەتایبەت كەسایەتیە ئایینیەكان ئاگادار دەكەینەوە كە لە بەرانبەر هەموو ئەو نادادپەروەریانەی حكومەتی ئیسلامی هەڵوێست بنوێن و خاوەنداریەتی لە نەتەوەكەیان بكەن، چونكە خۆشاردنەوەو گرینگی نەدان بەو تاوانانەی كە رۆژانە بەسەرمان دێت و پاساوی ئاینی مان بۆ دێننەوە بەرپرسیارەتی خودامان دێتە سەرو بێدەنگیمان بۆ رازی بوون بە تاوانی تاوانبار دێتە ئەژمار.

وێرای پیرۆزبایی دوبارەمان بۆ خەڵكی تێكۆشەری كوردستان لە خودای گەورە داواكارین یارمەتیمان بدات حكومەتێك بێتە ئاراوە كە ویست و داخوازیەكانی هەموو كەمینە نەتەوەئی و ئاینیەكانی تێدا بەدی بكرێ.


یەكیەتی زانایانی ئاینی كوردستانی ئێران

2ی رێبەندانی 1389ی هەتاوی