ن: مامۆستا چیا
به‌نێوی ئه‌و كه‌سه‌ی بێ نێوی پاكی مهلۆتكێك نه‌یده‌دی داوێنی پاكی
قه‌درو قیمه‌تی خوا له نێردراوه بهلیمهتو پسپۆڕ، خۆنهویستو گه‌ل دۆست محه‌ممه‌د (ص) كوریژگهی ناوداری عه‌ره‌ب عه‌بدوڵڵا ناو.
محه‌ممه‌دێك كه سه‌راپای ژیانی هه‌وێنی ژینی مرۆڤه‌كان‌و داهێنه‌ری هه‌رچی په‌سنی خوایه، راهێنه‌ری هه‌رچی شیاوی مرۆڤه‌و ته‌نانه‌ت ئاژهڵهكانیشه.
گه‌ر له مێژووی ژیان‌و قه‌ڵافه‌تی لێهاتوویی ئه‌م پیاوه مه‌زنه بڕوانین‌و چركه‌ساته‌كانی ژیان لێك ده‌ینه‌وه پڕیه‌تی له میرایهتیو هه‌ڵكه‌وته‌یی به جۆرێكی وه‌ها كه له هه‌موو بواره‌كاندا نه‌ك هه‌ر داهێنه‌رێكی به‌توانا به‌ڵكوو ژیانی ئاساییشی هه‌ر هه‌مووی وانه‌و ده‌رسێكه كه بۆیه ده‌شێ به هه‌زاران قوتابی له زانستگای ئه‌ودا ئهلفو بێی چلۆن ژیان فێربن. گه‌وره‌یی محه‌ممه‌د له یه‌ك بوار‌و یه‌ك لایه‌ندا نیه كه هه‌ر وه‌ك هه‌موو گهورهپیاوێكی هه‌ڵكه‌وته له بوارێك له بواره‌كاندا به‌لیمه‌تی نواندووه‌و به‌رهه‌مه‌كه‌شی بۆ كه‌سانێك یا خۆ سه‌رده‌مانێك له كاردا بووه. به‌ڵام گرینگی هه‌ڵكه‌وته‌یی محه‌ممه‌د له هه‌موو بواره‌كانی سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی، پزیشكی، فه‌له‌كناسی، سه‌ركردایه‌تی له تێكههڵچوونو به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی نهیارانداو هه‌موو كات‌و ساتێك‌دا بووه. هه‌رچی لێی رووداوه به دهیانو بگره سه‌دان مه‌به‌ستی پڕ به پێستی له پشت بووه كه ره‌نگه بۆ مرۆڤه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه ته‌نانه‌ت ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێ سانا نه‌بووه له تێگه‌یشتنی، هه‌ر بۆیه هێندێك جاریش تاوانی نهزانیو یا خۆ گه‌مژه لێیان وه‌پاڵ داوه كه‌چی پاش ده‌مانێك بۆیان روون بۆته‌وه كه نه‌ك هه‌ر محه‌ممه‌د ناتێگهیشتووو ناپێگه‌یشتوو نه‌بووه به‌ڵكوو له‌گه‌ڵ ئه‌وپه‌ڕی زانستیان تێ گه‌یشتنیان له چاو زانستی محه‌ممه‌د ئه‌وه‌نده نزم بووه كه كۆڵ‌و كۆڵه‌وار ماونه‌ته‌وه.
یه‌كێك له‌م بلیمهتیانهی كه پێغه‌مبه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌دا خولقاندوویهتیو ره‌نگه ئێستا تازه ئێمه‌ی موسوڵمان پاش رابوواردنی زیاتر له 14 سه‌ده به‌رهه‌مه‌كه‌ی دهبینینو تێدهگهینو ئه‌وه‌ش ده‌زانین كه پێغه‌مبه‌ر بۆ جێگیر‌و سه‌قامگیر كردنی ئه‌م ئیشه‌ی كه ویستوویه‌تی له هه‌موو خهباتگێڕییهك نه‌سڵه‌میوه‌ته‌وه، كه ئه‌ویش ئیشه پڕ پیرۆزاویهكهی هیجره‌ته.
له‌م رۆژانه‌دا كه سه‌رده‌می ساڵوه‌گه‌ڕی سه‌فه‌ره مێژوییه‌كه‌ی پێغه‌مبه‌ره، مامۆستایانی ئایینی ئێمه به یادكردنه‌وه‌ی له رێگه‌ی تریبونو بڵیندگۆی مزگه‌وته‌كان ههڵدهستنو به پێی توانا لێی دواون‌و بۆ خه‌ڵكی ئێمه‌یان روون كردۆته‌وه كه چلۆن پێغه‌مبه‌ر سه‌فه‌ر دهكاو كێ به هاوڕێی ههڵدهبژێرێو چیان خوارد‌و كه‌ی گه‌یشتنه جێ، به‌ڵام به داخه‌وه‌و له‌گه‌ڵ رێزم بۆ مامۆستایانی ئایینی هیچ كاتێك ئاماژه‌یان به هۆی ئه‌م سه‌فه‌ره‌و ده‌رسه‌كانی ئه‌م سه‌فه‌ره‌یان نه‌كردووه كه منیش وه‌كوو یه‌كێك له قوتابیانی زانایانی ئایینی په‌روه‌رده‌ی حوجره گڵێنهكانی ئه‌م كوردستانه‌وه به‌و زانستی نه‌زانانه‌ی خۆم هێندێك له بابهتو هۆكارو وانه‌كانی ئه‌م كۆچڕهوییه دهوروژێنمو له‌گه‌ڵ ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی گه‌له‌كه‌می له سه‌نگ ده‌ده‌م.
سه‌فه‌رو كۆچڕهویی پێغه‌مبه‌ر نه‌ك هه‌ر به ویست‌و دڵخوازی خۆی نه‌بووه به‌ڵكوو له‌به‌ر پاوانخوازی‌و دهمارگرژیو دهسهڵاتخوازانێك بووه كه مانه‌وه‌ی پێغه‌مبه‌ریان پێ مه‌ترسیدار بووه‌و لایان وابووه رێگرێكی سه‌ره‌كییه له به‌رده‌م ویست‌و ئامانجه چهپهڵهكانیانداو گڵۆڵه‌ی ژینیان ده‌خاته سه‌راولێژی نه‌مان. هه‌ر بۆیه ده‌كه‌ونه پیلانگێڕی‌و هه‌وڵی له‌ناوچوونی ده‌ده‌ن، به‌ڵام محه‌ممه‌د بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م پیلانه‌ش بكاته بڵقی سه‌ر ئاو‌و ئه‌نگوستی بێده‌سه‌ڵاتیان بخه‌نه ناو ده‌م، به ناچاری رێگای ئه‌م هیجره‌ته ده‌گرێته به‌ر. به‌ڵام نه‌ك له ترسان‌و له‌به‌ر بێدهماری به‌ڵكوو بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی تر له مه‌ڵبه‌ندێكی تر زیاتر‌و باشتر به‌گژ ناحه‌زانیدا بێته‌وه‌و خۆی‌و هه‌واڵانی ته‌یارتر بكات بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه. كه‌وابوو ئه‌م ده‌رسه وه‌رده‌گیرێ كه كۆچڕهویو هیجره‌ت له كاتی ترس له نهمانو به یه‌كجاری سڕینه‌وه له‌سه‌ر ئه‌م كوره خاكیه، نه‌ك هه‌ر خراو نیه به‌ڵكوو باشترین شێوه‌ی بهرهنگاریو به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌یه كه له‌م باره‌وه شاعیری پسپۆڕ مامه غه‌فوور ده‌باغی جوانی كوتووه كه ده‌بێژێ:
هه‌ڵاتن عه‌یبه بۆ پیاوی شه‌ڕكه‌ر به‌ڵام هێندێك جار پێی ده‌ڵێن هونه‌ر
كه‌وابوو ئه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر مافی رهواو داوای ژینی بێژانو نه‌بوونی جیاوازی له هه‌ر بوارێكه‌وه ته‌ره‌ی ماڵ‌و وهتهنو ره‌هه‌نده‌ی گابهردو ئه‌شكه‌وتی سهوركانن قهلو داڵ‌و په‌له‌وه‌ر داڵده‌یان داون‌و مافی ژیانیان لێ زه‌وت كراوه ژاراوه‌ی ژین ژێواری شه‌وو رۆژیانه، نه‌ك هه‌ر بێ هیوا نه‌بن به‌ڵكوو هیوادارتر له جاران‌و به‌رنامه‌رێژی تایبه‌تی تریان ههبێتو ئه‌وسا نه‌ته‌وه‌ی ئێمه‌ش به‌پێی ته‌كلیفی شه‌رعی خاوه‌نداریه‌تیان لێ بكات.
ده‌رسێكی تر له هیجره‌تی پێغه‌مبه‌ر كه ده‌بێ ئاماژه‌ی زیاتری پێ بكرێ ئه‌وه‌یه كه ده‌بینین كاتێك محه‌ممه‌د له مه‌كه به نادڵیو بێ ویست‌و دڵخوازی خۆی ده‌ڕواته ده‌ره‌وه، هه‌ر چه‌ند هه‌نگاو جارێك ئاوڕێك له مه‌كه‌ی زێدی خۆی ده‌داته‌وه‌و ئێژێ: "ئه‌ی شاری خۆشه‌ویستم ئه‌وا به‌جێت دێڵم به‌ڵام وا تێنه‌گه‌ی تۆم له‌یاد ده‌چێ"و به‌ڵكوو نزا له‌به‌ر خوا ئه‌كاو ده‌ڵی: "ئه‌ی خوا تۆ كارێ بكه‌ی شاری مه‌دینه‌م ئه‌وه‌نده له‌به‌ر چاوان شیرین بكه‌ی كه دووری شیرینایی زێده‌كه‌م بڕستم لێ نه‌بڕێ". كه‌وابوو خۆشه‌ویستیی خاك‌و زێد‌و دایكه نیشتمان نه‌ك هه‌ر تاوان نیه به‌ڵكوو بێ هه‌ڵوێستی له به‌رابه‌ر ئه‌م دایه پیره‌دا بێبه‌شی ئه‌م به‌هه‌شته‌ی كه خوا له‌ژێر پێێ ناوه، پێوه‌یه. هه‌ر بۆیه ده‌بێ له‌پێناو راگرتنی دڵی توێ توێی ئه‌م دایكهدا نه‌ك هه‌ر كۆچكردن به‌ڵكوو خوێنمان له كاتی پێویستدا حه‌ڵاڵی رێگاكه‌ی بكه‌ین‌و وه‌كوو بیلبیله‌ی چاو بیپارێزین. ئه‌گه‌ر كه‌سانێك ئه‌م ئیده‌و باوه‌ڕه بێماناو بێ‌واتا دهزاننو پیان وایه هیچ چه‌شنه پێوه‌ندی‌و خزمایهتییهكهی له‌گه‌ڵ دین‌و دین دۆستیدا نیه ئه‌وه یا له هۆو وانه‌كانی سه‌فه‌رو هیجره‌تی پێغه‌مبه‌ر تێنه‌گه‌یشتوون یا باشتر وایه خۆیان به رێڕهوو رێبواری ئه‌و نهزاننو خۆ به‌سه‌ر ئه‌م گه‌له بهباوهڕهدا نه‌سه‌پێنن ئه‌وسا هه‌رچی ئێژن بۆیان لواوه‌و ره‌وایه.
یه‌كێكی تر له وانه‌كانی سه‌فه‌ری پێغه‌مبه‌ر ئه‌مه‌یه كاتێ ده‌بینین محه‌ممه‌د ته‌مای سه‌فه‌ر ده‌كا فیداكاری ژن زیاتر ده‌رده‌كه‌وێ. ته‌نانه‌ت لهخۆبردووییو خه‌باتی ژن له‌و كاته‌دا ده‌گا به راده‌یه‌ك كه له‌نێوچاوی ئه‌و هه‌موو دڕك‌و داڵ‌و گورگ‌و چاوشۆڕانه‌ی نه‌یاری پێغه‌مبه‌ردا گیانبازی دهكاو خۆی ده‌خاته مه‌ترسی، به‌مجۆره‌ی كه ئه‌سمای كچی ئه‌بووبه‌كر به‌و كاره هه‌ڵده‌ستێت‌و بژێوی محهممهدو هاوئهشكهوتهكهی ده‌با له كاتێكدا ره‌نگه پیاوی زۆر دلێریش نه‌توانێ ئه‌م ئیشه پڕ خه‌ته‌ره جێبه‌جێ بكات. كه‌وابوو نه‌ك ژن له روانگه‌ی دینه‌وه‌و سكرتێری دین رۆڵی به‌رچاو دهگێڕێو گێڕاویه‌تی به‌ڵكوو له بواری به‌رنامه داڕشتن‌و پلان داناندا بۆ سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر دوژمنان‌دا ده‌بێ حه‌ساوی تایبه‌تی بۆ بكرێ به جۆرێكی وه‌ها كه زۆرجار بخرێته سه‌ره‌وه‌ی پیاویش. به‌ڵام مخابن ئێمه‌ی به‌ناوی دیندار، نه‌ك هه‌ر ژن وه‌كوو پیاو حه‌ساو ناكه‌ین به‌ڵكوو بواری گه‌شه‌و نه‌شه‌ی لێ دهگرینو پێش به داهێنانو زانستیان دهگرینو به تاوانی ژن بوون نیوه‌ی ژیانیان پێ ره‌وا نابینین كه گۆیا ئایین مافی هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی پێ داون‌و بۆ دابینكردنی ئاره‌زووی پیاو خولقاوهو به‌س. كه‌چی هه‌ر هه‌مووی دژایه‌تی له‌گه‌ڵ ده‌قی ئایین‌و رێبازی پێغه‌مبه‌ردایه.