۱۳۸۹/۰۵/۱۹

په‌یامی یه‌كیه‌تیی زانایانی ئایینیی كوردستانی ئێران به‌ بۆنه‌ی هاتنی مانگی ره‌مه‌زان‌

به‌ ناوی خوای بێ‌هاوتا
(یا ایها الذین آ‌‌‌منوا كتب علیكم الصیام كما كتیب علی‌الذین من قبلكم لعلكم تتقون...)، (ئه‌ی ئه‌وانه‌ی كه‌ باوه‌ڕدارن رۆژووتان له‌ سه‌ر فه‌رز كراوه‌ هه‌ر وه‌ك چۆن له‌ سه‌ر ئوممه‌ته‌كانی دیكه‌ی پێش ئیسلام فه‌رز كراوه‌، به‌ڵكوو ئێوه‌ پارێزگار ده‌رچن.)
هاونیشتمانانی به‌ڕێز!
مانگی ره‌مه‌زان واته‌ مانگی خواپه‌ره‌ستی‌و چاكسازیی ده‌روونی‌و جه‌سته‌یی، له‌ ئێوه‌ی هاووڵاتیی هێژا پیرۆز‌و تێكۆشان‌و خواپه‌رستیتان قه‌بووڵی باره‌گای په‌روه‌ردگاری مه‌زن بێت. هه‌ر وه‌ك ئاگادارن ئێمه‌ی نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، وه‌ك سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ی خاوه‌ن بڕوا له‌ جیهاندا، به‌ڵكوو زیاتریش به‌ دڵێكی پڕ بڕواو هیواوه‌ به‌ره‌و مانگی ره‌مه‌زان ده‌چین، به‌ڵام به‌داخ‌و كه‌سه‌رێكی زۆره‌وه‌ له‌گه‌ڵ ‌رێژیمێك به‌ره‌وڕووین كه‌ له‌گه‌ڵ‌ گشت پرنسیب‌و بنچینه‌كانی ئایینی‌و یاسایی نامۆو له‌دژایه‌تیدایه‌. بۆیه‌ ئێمه‌ پێویسته‌ په‌نا به‌ خوای گه‌وره‌و پشت به‌ستن به‌ هه‌وڵ‌‌و تێكۆشانی بێ‌وچانمان تا گه‌یشتن به‌ ئاواته‌كانمان، بۆ نه‌مانی ئه‌و سیستمه‌ دڕنده‌و جه‌هه‌نه‌مییه‌ له‌ به‌رگی ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا له‌ خه‌بات‌و تێكۆشان نه‌وه‌ستین‌و رێگا نه‌ده‌ین چیدی له‌ بڕوای بڕواداران‌و له‌ ناوی پیرۆزی ئایین بۆ هێشتنه‌وه‌و پاراستنی ده‌سه‌ڵاتی دژه‌مرڤیی خۆی كه‌ڵك وه‌رگرێ‌.
ئێمه‌ وه‌ك یه‌كیه‌تیی زانایانی ئایینیی كوردستانی ئێران به‌ بۆنه‌ی هاتنی مانگی ره‌مه‌زان، پیرۆزبایی خۆمان ئاراسته‌ی خه‌ڵكی كوردستان ده‌كه‌ین‌و هیوادارین ئه‌و مانگه‌ پیرۆزه‌ مانگی پێداگری بێ ‌بۆ به‌خۆداچوونه‌وه‌و دژكرده‌وه‌و به‌ره‌به‌ره‌كانێ له‌به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی سته‌مكارو ده‌ستدرێژكه‌ر بۆ سه‌ر نیشتمان‌و زێده‌كه‌مان.
یه‌كیه‌تیی زانایانی ئایینیی كوردستانی ئێران
19 گه‌لاوێژی 1389ی هه‌تاوی