۱۳۸۷/۱۰/۱۸

ته‌حریمی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌ركۆماریى ئێران، له‌ لایه‌ن "یزاكا"وه‌

بسم الله‌الرحمن الرحیم
سوپاس‌و ستایشی بێ‌ ئه‌ژمار بۆ خودای به‌خشه‌نده‌ی میهره‌بان‌و هه‌زاران سڵاوو ره‌حمه‌ت برژێته‌ سه‌ر پیغه‌مبه‌رو یارو یاوه‌رانی تا رۆژی دوایی
خوشك‌و برایانی موسوڵمان‌و خه‌ڵكی به‌ شه‌ره‌فی كوردستانی ئێران، راپرسی‌و راوێژكاری بنه‌ماو روكنێكی گرینگی ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامییه‌ كه‌ پێویسته‌ سه‌رۆك، پرس‌وڕا بكات‌و تاكڕه‌وی نه‌بێ‌، پێویسته‌ راپرسی بكات بۆ راپه‌راندنی ئه‌ركه‌كانی دینی‌و دونیایی خه‌ڵكی، چونكه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی له‌سه‌ر رێكه‌وتن‌و گرێبه‌ستێكی ئاره‌زوومه‌ندانه‌ داده‌مه‌زرێت‌و ته‌نانه‌ت به‌پێی ئه‌و فه‌رمووده‌یه‌ كه‌ وه‌ك خوای‌ ته‌بارك‌و ته‌عالا له‌ قورئان دا فه‌رموویه‌تی‌:
" والذین استجابوا لربهم وأقاموا الصلاة وامرهم شوری بینهم و ممارزقناهم ینفقون"
راوێژو راپرسی وه‌ك ئه‌ركێكی سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی له‌نیو دوو ئه‌ركی رووحی واته‌ نوێژكردن‌و ئه‌ركی ئابووری واته‌ به‌خشین‌و ئینفاقی ماڵ‌، زۆر به‌ روونی هاتۆته‌ به‌ر باس‌و بۆته‌ پێویستییه‌كی حاشا هه‌ڵنه‌گر.
هاونیشتمانانی به‌ڕێز، هه‌ڵبژاردنی رێژیمی لاهووتی‌و ئیستبدادی ئێران، به‌ناوی ئیسلام، درووست له‌ راستا‌و شوێنی پێچه‌وانه‌ی ئیسلامی راسته‌قینه‌، رێ‌ ده‌پێوێ‌و له‌ جیاتی رێزگرتنی بیروڕای بڕواداران سووكایه‌تی به‌ موقه‌ده‌ساتی ئایینه‌كان به‌ گشتی‌و سووننی مه‌زهه‌ب به‌تایبه‌تی بۆته‌ ئاكامی 3 ده‌یه‌ی ته‌مه‌نی ئه‌م رێژیمه‌دواكه‌وتوویه‌، ته‌نانه‌ت یه‌ك نه‌فه‌ر به‌ناوی ئیسلام وه‌ك رێبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی پاریزراوه‌ ده‌بێته‌ وه‌كیلی‌ هه‌موو خه‌ڵكی‌ ئێران به‌ موسوڵمان‌و كه‌مینه‌ ئایینی‌و نه‌ته‌وه‌یی‌یه‌كانه‌وه‌. ته‌نیا ئه‌م رایه‌، گرینگه‌ كه‌ له‌لایه‌ن رێبه‌ر ده‌رده‌چێت. رێژیمی به‌ناو ئیسلامی ئیجازه‌ نادات بێجگه‌ له‌ شێعه‌ی دوازده‌ ئیمامی‌و باوه‌ڕدار به‌ ویلایه‌تی موتڵه‌قه‌ی فه‌قییه، كه‌سی دیكه‌ خوی بپاڵێوی، ئه‌مه‌ له‌ كاتیك دایه‌ پێوانه‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تی له‌ۆئیسلامدا، تواناو لێهاتووییه‌، راو بۆچوونی‌ موسوڵمانانه‌. له‌گه‌ڵ‌ ئه‌ویش رێبه‌ری‌ ئایین ده‌بێ‌ خۆی‌ له‌ حكوومه‌تداری‌‌و ده‌ستێوه‌ردان له‌ كاروباری‌ وڵات بپارێزێ‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌موو خه‌ڵكی‌ ئێران موسوڵمان نین، هه‌موو موسوڵمانی‌ ئێرانیش شێعه‌ نین.
ئیمه‌ وه‌ك یه‌كیه‌تیی زانایانی ئایینی كوردستانی ئێران راده‌گه‌یه‌نین ئه‌و شانۆگه‌رییه‌ ته‌نیا بۆ مه‌شروعییه‌ت دان به‌ سیستمی دیكتاتۆری له‌ نێوخوی وڵات‌و ده‌ره‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، كه‌واته‌ به‌شداریكردن له‌م به‌رواڵه‌ت هه‌ڵبژاردنه‌ مه‌شرووعیه‌ت دان‌و یارمه‌تی كردنه‌ بۆ ته‌مه‌ن درێژی سیستمی نه‌یار به‌ به‌رنامه‌ی خوای گه‌وره‌و رێبازی پیغه‌مبه‌ری ئیسلام دروودی خوای لێ‌ بێت.
هاوكات پێغه‌مبه‌ری خۆشه‌ویستمان (ص) فه‌رموویه‌تی : گه‌وره‌ترین جیهاد‌و تێكوشان له‌ رێی خوا وتنی واژه‌ی حه‌ققه‌ له‌ به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانی زاڵم‌و سته‌مكاردا.
ئێمه‌ وه‌ك "یزاكا" له‌ خه‌ڵكی كوردستانی ئێران داواده‌كه‌ین به‌ نه‌چوونه‌ سه‌ر سندووقه‌كانی ئه‌م شانۆگه‌رییه‌، ئه‌ركی ئایینی‌و نیشتمانی خۆیان به‌ڕێوه‌به‌رن‌و هه‌روه‌ها ته‌حریم‌و قه‌ده‌غه‌كردنی خۆمان راده‌گه‌ینین‌و به‌تایبه‌تی له‌ به‌ڕێزان مامۆستایانی ئایینی داواكارین به‌ ئه‌ركی شه‌رعی بزانن له‌ مینبه‌ره‌كانی ماڵی خوا به‌ تایبه‌تی له‌ وتاره‌كانی رۆژی هه‌ینی‌دا خه‌ڵك ئاگادار بكه‌نه‌وه‌ كه‌ به‌شداریكردن یا بێ‌ده‌نگی له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م سیستمه‌ دژه‌ دینییه‌ له‌گه‌ڵ‌ باوه‌ڕی ئیمان داران یه‌ك ناگریته‌وه‌.
خوای گه‌وره‌و مه‌زن ئاگاداری هه‌موو لایه‌ك مان بێت
والسلام علیكم ورحمه‌الله‌وبركاته‌

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر