۱۳۹۴/۰۸/۰۷

بیوگرافی ژیانی پایه‌به‌رزێکی نیشتمان

به‌ نێوی خودای گه‌وره‌
{بیوگڕافی ژیانی جه‌نابی مامۆستا مه‌لا سه‌ید به‌هائه‌دین ئاڕندانی}
مامۆستا سه‌ید به‌هائه‌دین له‌ ساڵی 1304ی کۆچی هه‌تاوی له‌ گووندی ئاڕندان سه‌ر به‌ پارێزگایی سنه‌ له‌ بنه‌ ماڵه‌یه‌کی نه‌جیب وخاوه‌ن ئه‌سڵ ونه‌سب وکه‌ڕامه‌ت له‌ دایک بوو.
بابی به‌رێزیان نێوی مه‌لا عه‌لی کوردی مه‌لا ئه‌حمه‌دی کوری مه‌لا که‌ریمی کوری مه‌لا عه‌لی کوری مه‌لا غه‌فووری کوری مه‌لا مسته‌فا له‌ هۆزی پیر رۆسته‌می ئه‌ورامان و دایکیشی کچی مامۆستای گه‌وره‌ جه‌نابی سه‌ید مه‌زهه‌ری عه‌له‌وی له‌ هۆزی وه‌رمه‌زیاره‌.
ئه‌و پایه‌به‌رزه‌ هه‌ر له‌ مناڵێیه‌وه‌ وه‌به‌ر خوێندینی وانه‌ی ئایینی نراوه‌و قورئان وگوڵستان وبووستان وسه‌رفو ساله‌حینی له‌ خزمه‌ت بابی به‌رێزیان خوێندووه‌، بابی به‌رێزیان خاوه‌ن که‌رامه‌ت وکه‌سایه‌تییه‌کی پایه‌دار بووه‌ مامۆستا ده‌گێرێته‌وه‌ جارێک به‌ مناڵی له‌ خزمه‌ت بابمدا بیرم ده‌کرده‌وه‌ کاتێک بابم کۆچ بکات من چی بکه‌م! زۆرم پێ سه‌یر بوو بابم بێ ئه‌وه‌ی وشه‌یه‌ک بدرکێنم وتی ڕؤڵه‌ منیش کاتێک مناڵ بووم هه‌مان بیری تۆم ده‌کرده‌وه‌ به‌ڵام باش بزانه‌ خودای گه‌وره‌ ڕازق وبه‌خشه‌نده‌یه‌ و ره‌م وبه‌زه‌یی زۆر به‌رزه‌، به‌ داخه‌وه‌ زۆری پێناچێت بابی به‌رێزیان له‌ ته‌مه‌نی 10ساڵیدا کۆچی دوایی ده‌کات وکێشه‌کانی ژیان ده‌که‌وێته‌ سه‌ر شانی ئه‌م به‌رێزه‌ هه‌ربۆیه‌ له‌ وه‌رزه‌کانی به‌هاروهاویندا خه‌ریکی ئیشی وه‌رزێڕی وله‌ پاییزوزستانیشدا بۆ خوێندنی ئایینی رووی ده‌کرده‌ شاری سنه‌، مامۆستا سه‌رف ونه‌حوی له‌ خزمه‌ت مامۆستایانی به‌رێزی وه‌کو مه‌لاسه‌ید عه‌زیزی{خانه‌قای پاوه‌} وشێخ ئه‌حمه‌دی شێخ سه‌لیم ته‌واو ده‌کات وسه‌ختی ژیانی ئه‌وکاته‌ زیاتر ئیزنی پێنادات هه‌ر له‌ ساری سنه‌ خوێندن ته‌واو بکات وبه‌ ناچاری ده‌گه‌رێته‌وه‌ گوونده‌که‌ی خۆیان وله‌ خزمه‌ت مامۆستا سه‌ید نه‌جمه‌دین کتێبی جامی وچه‌ند کتێبێکیتر ته‌واو ده‌کات.
مامۆستا پاش گه‌رانه‌وه‌ی له‌ شاری سنه‌ بڕیارده‌دات  رێگایی باب وباپیرانی درێژه‌ پێبدات وکه‌سایه‌تییه‌کی ئایینی ونیشتمانپه‌روه‌ری لێ دروست بێت، ده‌ست ده‌کات به‌ خوێندنی زانستی عه‌قڵی ونه‌قلی وله‌ ژیانی تایبه‌تی دوور ده‌که‌وێته‌وه‌، له‌ ساڵی 1321ی کۆچیدا ئاڕندان جێ ده‌هێڵێت ورووده‌کاته‌ شاری مه‌ریوان وله‌ گووندی {کانی سانانی} ئه‌م شاره‌ نشته‌جێ ده‌بێت وله‌ خزمه‌ت مامۆستا مه‌لا محه‌ممه‌دئه‌مین ناسراو به‌ کانی سانانی ده‌ستده‌کات به‌ خوێندنی زانستی ئایینی وکتێبه‌کانی سیوتی،شرحه‌ نیزام،ئیساغووجی، فناری، عبدالله‌ یه‌زدی، شه‌رحه‌ شه‌مسییه، برهان، شه‌رحه‌ عه‌قاید، شه‌رحه‌ مووخته‌سه‌ر، ئاداب، منهاج وتاله‌بین، وجڵدی یه‌که‌می جه‌معوجه‌وامێعی ته‌واو ده‌کات، کۆتایی کتێبه‌کان له‌ خزمه‌ت مامۆستا مه‌لا باقر ده‌خوێنێت وهه‌ر له‌ خزمه‌ت ئه‌و به‌رێزه‌ ئیجازه‌ی مه‌لایه‌تی به‌ده‌ست دێنێت وله‌ ساڵی 1332 ده‌بێته‌ مامۆستای ئایینی وپاش کۆچی دوایی مامۆستا شێخ عه‌لائه‌دین {خودا لێی رازی بێت} ده‌بێته‌ خوتبه‌خوێن وپێشنوێژی مزگه‌وتی ئاڕندان.
مامۆستای به‌رێز له‌ ته‌مه‌نی ژیانی خۆیدا  هیچکات له‌ به‌رانبه‌ری زوڵم وسته‌م وجه‌وری ده‌سه‌ڵاتدارانی سه‌رده‌م له‌ ئێران بێ هه‌ڵوێست نه‌بووه‌ به‌ دژیان چۆته‌وه‌ و به‌ زاڵم وله‌ خودا نه‌ترس پێناسه‌ی کردوون وچه‌ندین جاریش توشی کێشه‌ بووته‌وه‌ له‌ لایه‌ن رژیمی شاه‌نشاهی وکۆماری به‌ نێو ئیسلامی ئێران، دیاره‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌م وڵاته‌ زۆر کاتیش هه‌وڵیان داوه‌ به‌ پوڵ وپاره‌ ومه‌قامێکی کاتی دوونیایی هه‌ڵخه‌ڵه‌تێن وله‌ رێگای راستی کوردایه‌تی وئایینی دووری بخه‌نه‌وه‌ به‌ڵام ئه‌م پڕشکۆیه‌ هیچکات سه‌ربه‌رزی دونای وئاخیره‌تی به‌ به‌ڵێنی دوژمنانی نه‌ته‌وه‌ وئایینه‌که‌ی نه‌گۆریوه‌ته‌وه‌، هه‌مووکات پشت وپه‌نای هه‌ژاران و لێقه‌وماوان بووه‌ وخۆی له‌م کۆمه‌ڵگایه‌ جیا نه‌بینیوه‌، ماڵی ئه‌م مامۆستا خۆشه‌ویست ونیشتمانپه‌روه‌ره‌ هه‌موکات مه‌کۆی هه‌ژاران و فه‌قێ وخه‌ڵکی چه‌وساوه‌ بووه‌، ئه‌م خۆشه‌ویسته‌ ئه‌وه‌ی بایخی پێنه‌دات سه‌روه‌ت وسامانی ئه‌م جیهانه‌یه‌، هزری نه‌ته‌وایه‌تی ومامۆستایه‌تی ئایینی وپشتیوانی کردنی خه‌ڵکی هه‌ژار گه‌وره‌ترین شانازییه‌کانیتی، 56 ساڵ له‌ ته‌مه‌نی پڕ له‌ سه‌روه‌ری خۆی له‌ خزمه‌ت کردنی ئایین ووانه‌ وتنه‌وه‌ی بابه‌ته‌ ئایینی وزانستییه‌کان دا بردۆته‌ سه‌ر، که‌سایه‌تییه‌کی هه‌رچه‌ند بڵێی قسه‌خۆش ورووخۆش وده‌قیقه‌ که‌ کاروباره‌کانی ڕۆژانه‌یدا، پیاوێکی له‌ خوداترس وبه‌ ته‌قواوپارێزه‌ره‌،  زۆربه‌ی شێعره‌کانی سه‌عدی، حافز، نالی، مه‌حوی، مه‌لای جه‌زیری، له‌ ناخیدا راگرتووه‌ وهه‌موکات بۆته‌ وێردی سه‌ر زبانی شیرینی ئه‌م به‌رێزه‌، حوجره‌ی ناوبراو له‌ ماوه‌ی 57ساڵی وانه‌وتنه‌وه‌ی هه‌میشه‌ پڕ بووه‌ له‌ فه‌قێ که‌ بۆ خوێندنی وانه‌ی ئایینی به‌ خزمه‌تی جه‌نابیان گه‌یشتوون، مامۆستا پایه‌به‌رز یه‌کێک له‌م دوازده‌ که‌سایه‌تییه‌ بووه‌ که‌ نامه‌ی پشتیوانی کردنی بۆ کۆماری کوردستان ناردووه‌ وخۆی به‌ ئه‌ندامی هه‌میشه‌یی ئه‌م کۆماره‌ ناساندووه‌، مامۆستا هه‌میشه‌ دژی سته‌مه‌کانی رژیمی ئێران وه‌ستاوه‌ته‌وه‌ وهه‌تا جارێکیان پێشی به‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی سرودی کۆماری ئیسلامی گرتووه‌ له‌ گوونده‌که‌یان، ئێستاکه‌ش به‌م ته‌مه‌نه‌ پڕ له‌ گه‌وره‌یی ومه‌زنایه‌تییه‌ی خۆی هه‌روا خه‌ریکی خزمه‌ت کردنی ئایین ونیشتمانییه‌تی، ئێمه‌ش وه‌کو یه‌کێتی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران وێرای سڵاوی خۆمان هیوادارین هه‌میشه‌ ساغو سڵامه‌ت وسه‌رکه‌وتوو بێت وله‌ خودای مه‌زن داخوازین سه‌ربه‌رزی دونیاوئاخیرتی بکات ئامین .
یه‌کێتی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران
29ی 10ی 2015 زایینی



هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر