۱۳۸۹/۰۲/۲۱

راگه‌یه‌ندراوی یزاكا به‌ بۆنه‌ی له‌ سێداره‌دانی 5 كه‌س له‌ زیندانیانی سیاسی

به‌ نێوی خوای گه‌وره‌و میهره‌بان
هاونیشتمانانی به‌ڕێز له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان!
به‌ داخ‌و په‌ژاره‌یه‌كی تاقه‌تپڕووكێن جارێكی دیكه‌ كۆماری به‌ ناوی ئیسلامی له‌ پێناو مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ره‌شی ئاخوندی، رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 19ی بانه‌مه‌ڕ، له‌ ناكاو هه‌واڵی له‌ سێداره‌دانی 5 كه‌س له‌ زیندانیانی سیاسی كه‌ چواریان كورد بوون، به‌ نێوه‌كانی فه‌رزاد كه‌مانگه‌ر، عه‌لی حه‌یده‌ریان، فه‌رهاد وه‌كیلی، شیرین عه‌له‌م هوولی‌و مێهدی ئیسلامیان بڵاو كرده‌وه‌.
یزاكا له‌ سێداره‌دانی 5 رۆڵه‌ی به‌كه‌ڵكی وڵاته‌كه‌مان مه‌حكووم ده‌كات‌و ئه‌م كاره‌ساته‌ به‌ كرده‌وه‌یه‌كی نامرۆڤانه‌و له‌ راستای پێچه‌وانه‌ی ئایینی پیرۆزی ئیسلام ده‌زانێت. بێگومان له‌سێداره‌دانی مامۆستایان‌و چالاكانی سیاسی كه‌ پێنووسه‌كه‌یان بۆته‌ قه‌ڵغان بۆ پاراستنی نه‌ته‌وه‌ی كورد‌و گڕێك بۆ چاوی دوژمنانی ئازادی، له‌گه‌ڵ‌ ده‌قه‌كانی قورئان دژایه‌تی هه‌یه‌. هه‌ر وه‌ك خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێ‌: "ن‌و القلم‌و ما یسگرون" واته‌ سوێند به‌ قه‌ڵه‌م به‌ پێنووس، سوێند به‌ گرینگی نووسراوه‌ی پێنووس.
هاونیشتمانانی هێژا!
قه‌ڵه‌می زانایان ئه‌وه‌نده‌ گه‌وره‌و جێگای رێزه‌ كه‌ خوای گه‌وره‌ سوێندی پێ‌ ده‌خوات، كه‌ چی رێژیمی دژه‌ گه‌ل‌و دژه‌ئایین مامۆستایان‌و خاوه‌ن قه‌ڵه‌مان ئێعدام ده‌كا‌و تێ‌ده‌كۆشێ‌ به‌و كرده‌وه‌ دژه‌ ئایینی‌یانه‌ پێنووسی زانایانی خاوه‌ن هه‌ڵوێست‌و مامۆستایانی قوتابخانه‌كان تێك بشكێنێ‌ یان كپیان بكات. هه‌رچه‌ند ئه‌ركی گشت مرۆڤدۆستانه‌ به‌ هه‌ر شێوه‌ی مومكین ناڕه‌زایه‌تیی خۆیان ده‌رببڕن به‌ڵام پێویسته‌ مامۆستایانی ئایینی به‌ تایبه‌تی له‌ دژكرده‌وه‌یه‌كی راگه‌یاندنی‌دا له‌ وتاری نوێژی هه‌ینی تیشك بخه‌نه‌ سه‌ر ئه‌م كاره‌ساته‌ نامرۆڤانه‌‌و هه‌روه‌ها بۆ هاووڵاتییانی‌ ئاییندۆست روون بكه‌نه‌وه‌ كه‌ پێغه‌مبه‌ری ئیسلام (د.خ) فه‌رموویه‌تی: "جه‌وهه‌ری پێنووسی زانایان له‌ به‌رامبه‌ر سته‌مكاران له‌ خوێنی شه‌هیدانی رێگای ئیسلام گه‌وره‌تر‌و به‌نرختره‌".
مامۆستایانی ئایینی‌‌و خه‌ڵكی كوردستان به‌ گشتی پێویسته‌ ئاگادار بن كه له‌ روانگه‌ی ئایینه‌وه‌، هه‌ڵوێست نه‌گرتن‌و دژكرده‌وه‌ نیشان نه‌دان له‌ هه‌مبه‌ر سته‌مكاران‌و سه‌رده‌مدارانی خوێنمژ دژایه‌تی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ‌ بڕوا بوون به‌ خوای گه‌وره‌و ئیمانداری.
یزاكا سه‌ره‌خۆشیی خۆی له‌ خه‌ڵكی كوردستان به‌گشتی‌و بنه‌ماڵه‌ی ئه‌و شه‌هیدانه به‌ تایبه‌تی راده‌گه‌یه‌نێ‌. جێگایان به‌هه‌شتی به‌رین‌و رێگایان درێژ بێت.
انا لله‌و انا الیه‌ راجعون
یه‌كیه‌تیی زانایانی ئایینیی كوردستانی ئێران
20/2/1389

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر