۱۳۸۷/۱۰/۲۰

شیوه‌نی شین

بۆ نه‌مر رێبه‌ری شه‌هید
بۆ كێ‌ بڵێم له‌ چی بڵێم. له‌ كام زامی شێعر. له‌ كام ته‌زووی لیوه‌له‌رزه‌ی خۆر. له‌ كام ژانه‌ زكی دایكی وڵات. له‌ كام نووزه‌و نیوه‌ نركه‌ی مناڵی بێشكه‌ی پیرو كه‌بوون. له‌ كام ژانی ژینوژاری ژه‌م‌و ئاویلكه‌ی نه‌مان. له‌ كام ته‌سبێحی راستگۆیی دار به‌ڕوو. له‌ كام ته‌می خه‌می گۆڕ غه‌ریبی. له‌ كام خوێنی كه‌سك‌و بێ‌ ره‌نگ‌و بۆ. له‌ كام چاوی موله‌ق وه‌ستاوی بینینی وڵات. له‌ كام قوڕگی وشكی تینووی ئازادی. له‌ كام قۆڕه‌ی زگی برسی. له‌ كام چه‌م‌و چۆمی وشكه‌ساڵی‌و بێ‌باران. له‌ كام هه‌نیسكی هه‌تیوی كوله‌كوتراو.
ده‌پێم بڵێن له‌ چی‌ بدوێم له‌ كام كه‌له‌سه‌رو جمجمه‌ی نه‌نێژراوی سوواوی به‌رهه‌تاو. له‌ كام جه‌سته‌ی شه‌هیدی بێسه‌رو شوێن. له‌ كام پێڵاو‌و یپینه‌په‌ڕۆی جێماو. له‌ كام بۆگه‌ن‌و كڕووزه‌ی ده‌رون هه‌ڵقرچاوی دایكی چاوه‌ڕێ.
له‌كام پشته‌ كوِمه‌و كه‌مه‌ی لێوی بار گرتووی باوكه‌ پیره‌. له‌ كام توێی‌ جه‌رگی بریانی خوشكی شه‌هید. له‌ كام وڵاتی خوێڕی. له‌ كام خوێڕی وڵات ده‌پێم بڵێن له‌ چی بدوێم. له‌ چی نه‌دوێم. . له‌ كام شه‌مشه‌مه‌ كوێره‌ی خۆر نه‌دیو. له‌ كام شه‌وی ده‌یجوری نه‌زان. له‌ كام دیله‌ گورگ‌و لاشه‌خۆری برسی. هه‌وری ره‌شی دژ به‌خۆر له‌ كام عه‌بای بێسه‌روبنی حاجی درۆزن. له‌ كام داوه‌لی مێزه‌ری وڵات خور. له‌ كام به‌ناو هه‌تاوی بێ‌تین. له‌ كام حه‌سره‌تی به‌درۆ له‌ كام فرمێسكی به‌حه‌رام رژاو.
له‌چی بدوێم. له‌ چی نه‌دوێم. له‌ خه‌رمانی خوێن‌و وه‌رزی پژان. له‌ ساڵی بێ‌باران‌و ده‌می گلان. له‌ ئایه‌تی به‌كام تاوان كوژراو. له‌ گۆڕغه‌ریبێكی له‌ غوربه‌ت نێژراو... له‌ چی نه‌دوێم له‌ ژین مژانی وڵات. له‌ دیله‌ تاژی په‌نجه‌خه‌نه‌ی ده‌رباری شا. له‌ نوێنه‌ری رووخێنه‌ری خوا. له‌ مامۆستای ئاژاوه‌و شه‌ر. له‌ فتوای جیهادو ئه‌نفال. له‌ چاوی به‌گومانی خێله‌و خواری دژ به‌ بونمان. له‌ كه‌له‌ی پڕ له‌ قین‌و پلانی بێ‌به‌ر بوونمان. له‌ دوژمنانی سروشتی خوا. له‌ نه‌یاری راسته‌قینه‌ی سروشت. له‌ ده‌ستنوێژی خوێن‌و رووگه‌ی به‌درو. له‌ میحراب‌و مزگه‌وتی دهو. له‌ خوای شه‌ڕ تینوو به‌خوێن. له‌ پێغه‌مبه‌ری هێنه‌ری ئاژاوه‌و نیفاق‌و جوێن. ده‌پێم بڵێن له‌ چی‌ بدوێم له‌ خۆم له‌ تۆ. له‌ هه‌واو بۆ. له‌ دارو به‌رد. ئاسمان‌و هه‌رد. له‌ كڕێوه‌و سێبه‌رو كه‌ر. له‌ وه‌رزی شوومی پووشپه‌ڕ. له‌ هه‌تاوی بیتینی خر. له‌ وه‌رزی پاییزی بێ‌ فه‌ر. له‌ به‌هاری بێ‌ شینایی له‌ هاوینی بێ‌ بووم‌و به‌ر. له‌ سیپه‌ك‌و له‌ سێداره‌. له‌ كۆت‌و به‌ندو غه‌واره‌. له‌ خوێنی به‌ناحه‌ق رژاو. له‌ هه‌زار ئاواتی به‌جێماو. له‌ وڵاتی میوان نه‌ناس. له‌ میوانی بێده‌نگ‌و باس.
له‌ بوین باخی خوێناوی. له‌ ویه‌نی سوورو ئوتریشی لاشه‌خۆر. له‌ رێبه‌ری دۆزی گه‌ل‌و له‌ مێزی وتووێژ. له‌ كام كام‌و له‌ كام خۆشی. له‌ كام رۆژانی ناخۆشی. له‌ كام پیاوی خوای. له‌ كام ژنی پیاو ئاسایی. له‌ كام كۆڕو به‌زمی جاران. له‌ كام كۆستی كۆچی یاران. هیچم نیه‌ كه‌ لێی نه‌دوێم. هیچ شك نابه‌م كه‌ لێی بدوێم.
گه‌ل‌و یاران با له‌ رابردوو گه‌ڕێن. تاوێ‌ له‌ داهاتوو بدوێم. له‌ رۆژانی له‌مه‌ودوا. له‌ خه‌ونه‌كانی له‌مه‌وبه‌ر. له‌ هه‌ره‌تی هه‌ڵچونه‌وه‌م. دوباره‌ زیندوو بوونه‌وه‌م. له‌ رۆژی له‌ دایك بوونه‌وه‌م. ئه‌و كاته‌ی بانگ ده‌ڵێم. هۆ شه‌هیدی دۆزی گه‌لم. هۆ مرادی به‌ مراد نه‌گه‌یشتوو. هۆ تراژیدیای بزووتنه‌وه‌و ئاشتی‌و سوڵح. هۆ پڕشه‌نگی خۆری زانست. هۆ مامۆستای به‌رخۆدان‌و مه‌زنایه‌تی. هۆ رووگه‌و چاوگه‌ی وڵات په‌رستان هۆ چاك‌و پیری ئاوات. هۆ ئاواتی پڕله‌ ئاوات. دڵنیابه‌ هه‌ر ریژنه‌ بارانێ‌ هه‌ر تۆزه‌ زریانێ‌. هه‌ر مه‌سیحافوویی به‌ده‌مم دابكا هه‌رخدرقومێكم ئاوداتی یا هه‌ر نه‌بی ده‌سته‌وداوێنی خوا ئه‌بم رۆژێكی بمخاته‌وه‌ گه‌ڕو له‌ خاك سه‌ر بێنمه‌ده‌ر. به‌ره‌و حه‌وا تێهه‌ڵده‌چم. تاخۆری هیوا زین نه‌كه‌م‌و سواری ئه‌سپی هه‌تاوی هومێده‌واری نه‌بم‌و له‌ رۆژنه‌ی هه‌موو ماڵێكدا نه‌چمه‌ خوار دانابه‌زم‌و نابه‌زم. تا ده‌سته‌مۆی نامۆی نه‌كه‌م‌و در به‌ دوژمنی زۆرو بۆرو چه‌قه‌ڵی گه‌ل نه‌ده‌م‌و نه‌بمه‌چقڵی چاوی نه‌یارو
له‌سه‌رلاشه‌ی كه‌لاك خۆرانی وڵات گرمه‌ی هه‌وگه‌ری شای‌و زرمه‌ی شاسواری كورد كۆشك‌و ته‌لاری زوره‌ملان تێك نه‌قرمێنێ ناوه‌ستم.
تا ئه‌وكاته‌ی پێكه‌نین گوڕگوڕنه‌گری‌و گرین قاقا پێ‌نه‌كه‌نێ‌وگڕكان‌و بڵێسه‌ی ئاگری نه‌سره‌وتنم پشتی داگیركه‌ر نه‌چه‌مێنێو رووخساری ره‌ش‌و شوومی دێوه‌زمه‌ی وه‌یشوومه‌ی نه‌هات نه‌پڵوسێنێ‌و باره‌گای ویژدانی مروڤایه‌تی نه‌پڕووكێنێ‌ خه‌مۆش نابم.
تاكو ئاگری ئیبراهیم نه‌بێته‌ گوڵزارو هه‌موو فیرعه‌ونه‌كان‌و نه‌مرووده‌كانی خه‌ڵكی زه‌وی سوژده‌ بۆ دایكی وڵات‌و كڕنۆش بۆ باوكی شه‌هیدی بێ‌ سه‌رو شوێنی گه‌لم نه‌به‌ن‌و باوه‌ڕ به‌ خاكم نه‌هێنن زولفه‌قاری رق‌و تۆڵه‌م رووی كاڵانی لێ حه‌رامه‌و ده‌ست له‌ دیوان‌و باره‌گای خوا به‌ر ناده‌م.
تاك‌و بانگ‌و هاواری تۆڵه‌م ده‌نگی شه‌پۆلی پڕ ته‌وژمی جووڵه‌م هه‌موو بیرگه‌كان دانه‌گرێ‌و گۆی زه‌وی نه‌خرووشێنێ له‌ ئه‌سپی ره‌وه‌كی خه‌باتدا نابه‌زم‌و نابه‌زم.
تا ئه‌وكاته‌ی خه‌رمانی عومری نه‌یار به‌ با نه‌كرێ‌و شاڵاوی بیری بۆگه‌نی دوژمن ته‌س نه‌ده‌مه‌وه‌و سیره‌ی راخوشینی قه‌ڵه‌می كورد نه‌تره‌ی دوژمن نه‌بات‌و له‌شكری داڵی كه‌لاك خۆری وڵات له‌ چه‌قچوونه‌ خاتو له‌ سه‌ر ته‌ته‌له‌ی بوون نه‌گه‌رێم. لێ ناگه‌ڕێم‌و نابه‌زم.
دڵنیابه‌ هه‌رمه‌سیحا نه‌فه‌سێ‌. هه‌ر ژه‌می ئاوی حه‌یاتم ده‌سكه‌وێ‌ دورله‌چاوی چاوشۆڕان له‌ گوشه‌یه‌ له‌م وڵاته‌ له‌نێو كۆشی شه‌وی یه‌ڵدا هاكا دیتت سه‌رم هه‌ڵدا.
مه‌لا چیا، ئه‌ندامی "یزاكا"

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر