لە نووسینی بەڕێز نووسەر و دکتۆری بوواری ئایینی جەنابی مامۆستا مەلا عەبدوڵڵا مەلا ئەحمەد ئەحمەد ئاوا.....
پێشەوا قازی محەمەد، وەک ڕەهبەرێکی نەتەوەیی سەرتاپای کوردستان، ودۆزی کورد .. ناوێکە بۆ هەمیشە لە یادگەی نەمریدا دەمێنێتەوە، ڕاستە پێش قازی نەمر، شۆڕش وجوڵانەوەی تر هەبوون، وهەموویشیان خاوەنی سەنگی خۆیانن، بەڵام پێشەوا توانی ڕەسمیەت بەم جوڵانەوەیەی خۆی لە ڕۆژهەڵات بدات، ولە ژێر ناوی کۆماردا نومایانی بکات، کۆماری کوردستان، بووە هەوێنی کوردایەتی و ووڵاتپەروەری، ئیتر بۆ هەتایە کورد دەیان وسەدان کۆمار ودەوڵەت دروست بکات، ناتوانێت وەک یەکەم نموونە خۆی دەربخات، بەڵکوو نموونەی یەکەم.. کۆماری کوردستانە، وئەو کۆمارەیش بە سەرۆکایەتی پێشەوا قازی ناوی خۆیی لەو ڕیزبەندە یەکەمەدا نەخشاندووە! ڕەهەندەکانی گەورەیی وباڵاێەتی کۆمار وپێشەواکەی زۆر زۆرن، دەکرێت یەکێ لەوانە ئەوە بێت.. کاتێک زانایەکی ئاینی، ومەلایەکی خۆماڵی کوردستان.. دێت وبە بەرگی پیرۆزی مەلایەتییەوە کۆمارێکی دێمۆکرات وسێکۆلار دادەمەزرێنێت، ئەمە نەک هەر نموونەیە بۆ کورد، بەڵکوو نموونەیشە بۆ کرانەوەی ئاینی لە تەواوی ناوچەکە، وبە تایبەتی جیهانی عەرەبی وئیسلامی ..
٭ کۆماری کوردستان، وپێشەوا، بوونە نموونەی باڵای کوردپەروەری، جمانی بەشێکی زۆر لە ووڵاتپەروەرانی بەشەکانی تر - بە تایبەتی باشور- شایەتی ئەم ڕاستییەن، ولەولایشەوە دامەزراندنی پارتی ئێستای دێمۆکراتی باشور .. لەوێ، شاهیدێکی تری زیندووە لەسەر ئەم قسەیە، بۆیە دەکرێت ئەم ئەزموونە کوردیەیش ئێستا لە باشور هەیە، وەک بەرهەمی کۆمار تەماشای بکەین، چونکە سەرەتای دامەزرانی لەوێوە بووە، وە جیا لەم کاریگەرییە زۆرەی کۆمار لەسەر باشور هەیبووە، توانیویەتی کاریگەری لەسەر باکوری کوردستان، و ڕۆژئاوایش دروست بکات .. هەرچەندە دەسەڵاتی داگیرکەر لەو دوانەدا زۆر زیاتر باڵادەست ودژوار بووە، بەڵام بە کاریگەریی کۆمار وفکری پێشەوا نەهێڵڕاوە لەوێش پشکۆی بیری نەتەوەیی خامۆش ببێت، وکەم تا رۆر پەرەی پێدراوە.
٭ لە مێژووی کورددا .. شۆڕش وجوڵانەوەی زۆر هەبوون، بەڵام کەمیان سەرکردە و ڕێبەرەکانیان خۆیان کردۆتە قوربانی ئەزموونەکە! یەکێکی تر لە گەورەییەکانی پێشەوا، ئەوەیە گیانی خۆیی کردە قوربانی کۆمار ودۆزە ڕەواکەی کورد .. ئەمە ئەو قسەیەی ئەدیب ونووسەری باڵا: (سەید قوتب)ـم، بیر دەخاتەوە کە دەڵێت؛ هەمیشە ئەو ووشانەی لە زاری ئێمە دێنە دەرێ، بێ ڕۆح وگیانن، تا کاتێ بە خوێنی خۆمان ئاویان دەدەین! پێشەوا قازی محەمەد، بەخوێنی خۆی.. بیری نەتەوەیی وکۆمارەکەی ئاودا، بۆیە ڕۆحی نەمری وهەرمانی بە بەردا کرد، ئەوەتا تا ئێستایش زەقترین خاڵی نەتەوەیی لە مێژووی کورددا (ناڵێم؛ هاوچەرخ، بەڵکوو هەمووی!).. کۆماری کوردستانە، بە ڕەهبەرایەتی پێشەوای هەرگیز نەمر، بۆیە دەبینین ئێستا کە زیاتر لە (٧٥) ساڵە کۆمار بە زێڕینی چووەتە لاپەڕەکانی مێژوو، وپێشەوایش سەربەرزانە ژیانی دنیای بەجێهێشتووە .. بەڵام هەردوکیان هەر زەقترین خاڵی سەرکەوتووی نەتەوەپەروەرین، ودەکرێت بڵێم: ئەمساڵ ولەم مانگەی نەورۆزدا خەڵکی کوردپەروەری ڕۆژهەڵات لە هەموو ئەو حەفتا ساڵە زیاتر بە داگیرکەریان ووت، پێشەوا وکۆمار زیندوون! وهەرگیز گەلی ئەو کۆمارە دەستەمۆ نابێ! وئەمە تەنها ڕۆژهەڵات نییە، بەڵکوو لە سێ پارچەکەی تریش .. کۆمار وپێشەوا مانیفێستی هەموو نەتەوەپەروەرانن.
دواجاریش پێموایە هەر هێز وجوڵانەوەیەکی کوردی بۆ ئەبەد ..کۆماری کوردستان وئاڵاکەی نەکاتە مانیفێستی خۆی، وتەنانەت دەستەواژەکانی کۆماریش، وەک؛ پێشمەرگە .. بۆ چەکدارەکانی دانەنێت! هەرگیز ناتوانێ بڵێت هێزێکی کوردیم، ولە ناو ڕۆحی خەڵکی کوردستانیشدا جێگەی نابێتەوە! وئەگەر تۆزێکیش خۆی بسەلمێنێ دڵنیابن کاتی ئەبێ، ولە مەودایەکدا هەر ئەپوکێتەوە ..
دروود بۆ ڕۆحی پێشەوا، نەمری بۆ خۆی وکۆمارەکەی ..
مەلا عبداللە مەلا ئەحمد، ئەحمەد ئاوا
لەسەر ئیزن و خوواستی بەڕێزیان لە وێبلاگی یەکیەتی زانایانی ئایینی کوردستان ئێران دانراوە..
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر