۱۴۰۲/۱۲/۲۸

پیرۆزبایی ساڵی نوێ

پیرۆزبایی یەکیەتی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێرانی بە بۆنەی ساڵی نوێ و جەژنی نەورۆزی کوردەواری:

(ئـــەم ڕۆژی ساڵــی تازەیـــە نەورۆزە هــاتەوە، جەژنێــکی کـۆنی کوردە بــە خۆشی و بـەهاتەوە)


هاونیشتیمانیان هێژا، شۆڕشگێرانی شەڤام، شۆڕشگێرانی سەنگەری چیا، بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، بنەماڵە و زیندانیانی خۆڕاگری سیاسی...

بە بۆنەی ساڵی تازە و نەورۆزی کوردەواری وەک یەکیەتی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران پڕ بەدڵ پیرۆزباییتان لە دەکەین و ئاواتەخووازی بەدیهاتنی ئاوات و ئامانجەکانی نەتەوەییمانین.

بەڕێزان جەژن و خۆشی و شایی لە دژایەتی ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا نییە بەو مەرجەی دوور بێت لە بابەتی ناشەرعی و ناڕەوا و کردەوەی بێ ڕەوشتیانە، و هیچ بەڵگەیەکی شەرعی کە ڕاستەوخۆی دژایەتی نەورۆز بکات لە بەردەست دانییە، هەربۆیە دەڵەین یەک بن یەک گرن، دەست لە ناودەست جەژنتان پیرۆز.
 بێ گوومان هەموو لایەک ئاگاداری وەزعی ئابووری و کڵتووری و سیاسی و مەدەنی ناوخۆی ئێرانین، کە چۆن لە ژێر دەسەڵاتی ڕەشپەرەستانەی کۆماری بە ناو ئیسلامی ئێراندا، ڕۆژانە سێدارە و تیڕۆر و هەژاری و زیندانی نەفەسی لە تاکەکانی کۆمەڵگای ئێران، بە گشتی و کوردستانی بە تایبەتی بڕیوە! هەربۆیە بە بۆنەی نەورۆزەوە شۆڕشێکی جەماوەری بە دژی چەوسێنەرانی پەت و سێدارە سەری هەڵداوە و دوژمنی لەرزۆکی خستۆتە مەتڕسی" یەکیەتی و یەک ڕەنگی خاکیپۆشانی کیژ و کوڕ، سەمای ئازادی و بەرخودان دەنەخشێنن، جامانەی دەستی لاوانمان هاواری بێدادی و دژایەتی داگیرکەران بەرز دەکات، دەست لە ناو دەستی یەکتر، یەکیەتی و تەبایی ڕەنگاڵەی نیشتیمان دەڕوێنێت!

با نەوروزی جامانە و مەشعەل بە دەستان، ببێت بە هێزێکی پۆڵایینی نەتەوەیی و نیشتیمانی و هەمیشە پێکەوە بژین و، بمرین بۆ ژیانێکی سەربەستانە..

جارێکیتر جەژن و نەورۆزتان پیرۆز و بە هیوای بەدیهاتنی ئاشتی، ئازادی، و ڕزگاری

یەکیەتی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران

٢٩ی ڕەشەمەی ساڵی ١٤٠٢ی هەتاوی

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر