۱۳۹۳/۰۲/۱۷

زۆر بوونی رێژه‌ی ته‌ڵاق واته‌ لێک جیابوونه‌وه‌ی ژن ومێرد تاڵترین کاره‌ساته‌ به‌ سه‌ر مرۆڤه‌کاندا دێت..


زۆر بوونی رێژه‌ی ته‌ڵاق واته‌ لێک جیابوونه‌وه‌ی ژن ومێرد تاڵترین کاره‌ساته‌ به‌ سه‌ر مرۆڤه‌کاندا دێت...


خۆشه‌ویستانی باوه‌رمه‌ند به‌ ئایینی پیرۆزی ئیسلام، خوشکان وبرایانی به‌رێز، یه‌کێک له‌ خۆشترین کاته‌کانی ژیانی هه‌ر مرۆڤێک ئه‌وکاته‌یه‌ که‌ ژیانی هاوبه‌ش پێک دێنێت وبنه‌ماڵه‌یه‌کی دیکه‌ بۆ خۆیان درووست ده‌که‌ن وبه‌ هیوای دوارۆژێکی خۆش پێکه‌وه‌ گرفته‌کانی سه‌ر رێگای ژیان تێ ده‌په‌رێنن، به‌ڵام له‌ هه‌مان کاتدا چه‌ندین گرفت وکوێره‌وه‌ری رێگات لێ ده‌گرن وخۆشییه‌کانت له‌ گه‌ل مه‌ترسی لێک جیابوونه‌وه‌ به‌ره‌و روو ده‌که‌ن هۆکاره‌که‌ش ده‌گه‌رێته‌وه‌ سه‌ر چه‌ندین خاڵ که‌ ده‌بێت هه‌ر مرۆڤێک پێش هاوسه‌رگیری وخێزانداری به‌ باشی پێناسه‌یان بۆ بکات وخاڵه‌ لاوازه‌کان به‌ جوانی بناسێت وهه‌ر له‌ پێشه‌وه‌ چاره‌سه‌ریان بکات.
هه‌روه‌ک ئاگادارن هاوسه‌گیری به‌ڵێنێکی شه‌رعییه‌ ویاسایه‌کی ئیسلامییه‌ که‌ له‌ نێوان نێر ومێ به‌ رازی بوونی هه‌ردوک لایه‌ن به‌ بێ زۆری و فشارێکی ده‌ره‌کی به‌ جێ ده‌گات و ئه‌م هاوسه‌رگیرییه‌ خودا ونوێنه‌ره‌که‌ی پێ شاد ده‌کات وله‌ هه‌مان کاتدا ده‌بێته‌ هۆی زیاد بوونی رزق ورۆژی وده‌رک وفه‌هم وقه‌بوڵ کردنی به‌رپرسیارییه‌تی .هه‌روه‌ک خۆشه‌ویستمان ده‌فه‌رموێت{اتخذوا الاهل فانه‌ ارزق لکم}واته‌ هاوسه‌گیری بکه‌ن که‌ رزق و رۆژیتان زیاد ده‌بێت.له‌ جێگایه‌کیشدا ده‌فه‌رمووێت هاوسه‌رگیری یاسای منه‌ له‌ ئێمه‌ نییه‌ که‌سێک به‌ بێ هۆ خۆی لێ دوور بخاته‌وه.
به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌م سه‌رده‌مه‌دا رێژه‌ی هاوسه‌رگیری که‌م بۆته‌وه‌ و له‌ هه‌مان کاتدا لێکترازان وته‌ڵاق په‌ره‌یه‌کی یه‌جگار زۆری ئه‌ستاندووه‌ وبنه‌ماڵه‌کانی به‌ تایبه‌ت منداڵانی نێوانیانی له‌ گه‌ڵ مه‌ترسییه‌کی زۆری ده‌روونی‌ به‌ره‌ و روو کردووه،کاتێک سه‌ریری رێژه‌ی ته‌ڵاق له‌ کوردستانی پڕ له‌ فه‌رهه‌نگ ونه‌ریتی جوانی کورده‌واری ده‌که‌ین سه‌رمان سوڕ ده‌مێنێت و واقمان ده‌گرێت که‌ بۆچی به‌م رێژه‌ زۆره‌ی ته‌ڵاق په‌ره‌ی ئه‌ستاندووه‌ و رۆژ به‌ رۆژ بێوه‌ژن وبێوه‌ مێرد زیاد ده‌بێت که‌ رنگه‌ ئه‌م رێژه‌یه‌ به‌ڵایه‌کی وێرانکه‌ر بێت بۆله‌ به‌ین چوونی یه‌کێتی وته‌بایی بنه‌ماڵه‌یی له‌ کوردستاندا.
ته‌ڵاق لای خوداوه‌ندی مه‌زن وشه‌یه‌کی زۆر ناخۆش وره‌کیکه‌ خودا له‌ ناوحه‌ڵاڵه‌کاندا زۆری ڕق له‌ ته‌ڵاقه‌ {ابغض الحلال عندالله‌ الطلاق}واته‌ خودا ته‌ڵاقی زۆر ده‌بووغزێنێت.
چه‌ند شت یا خود هۆکار هه‌نه‌ بۆ زیاد بوونی رێژه‌ی ته‌ڵاق له‌ کوردستاندا که‌ پێویسته‌ ئاماژه‌یان بۆ بکه‌ین،چاره‌سه‌ریان بۆ بدۆزینه‌وه‌
1-نه‌بوونی خۆشه‌ویستییه‌کی راسته‌قینه‌ له‌ نێوان کچ وکوره‌کاندا پێش هاوسه‌رگیری2-ته‌وه‌قوعاتی بی بایخ وگوێ نه‌دان به‌راستییه‌کانی ژیان3هێرشی به‌ر بڵاوی کلتووروفه‌رهه‌نگی بێگانه‌ به‌تایبه‌ت له‌ سه‌ر شاشه‌ی کاناڵه‌کانی خودی وبێگانه‌دا 4-هه‌ژاری و بێ کاری له‌ ناو کۆمه‌ڵگادا5-که‌مته‌رخه‌می که‌س وکار و مامۆستایانی ئایینی وپه‌روه‌ده‌یی6-گوێ نه‌دان به‌ ئایین پشت کردن له‌ فه‌رمایشته‌کانی خودا وپێغه‌مبه‌ری خودا دروود و سڵاوی خودایان له‌ سه‌ر بێت و...هتد
ئایین بۆ کاروباری کۆمه‌ڵایه‌تی وژیانی پێکه‌وه‌ ژیان باشترین چاره‌سه‌رییه‌ که‌ ده‌کرێت گرفته‌کانی سه‌ر رێگای ژیانمانی پێ چاره‌سه‌ر بکه‌ین وله‌ کێشه‌و ململانێی نێوانماندا بگه‌رێینه‌وه‌ سه‌ر ئایین که‌ خودا ده‌فه‌رمووێت{وان تنازعتم علی شیء فردوه الی الله‌ ورسوله}واته‌ هه‌رکات گرفتان هه‌بوو بگه‌رێنه‌وه‌ سه‌ر ده‌ستووراتی خودا و پێغه‌مبه‌ری خودا.
ته‌ڵاق ده‌بێته‌ هۆکاری تێک چوونی ژیانی که‌سانی تریش به‌ تایبه‌ت منداڵانی به‌ دونیا هاتووی نێوانیان،هه‌ر چه‌ند رێژه‌ی ته‌ڵاق له‌ ناو کۆمه‌ڵگادا په‌ره‌ بستێنێت فه‌سادی ئه‌خلاقی و ئیدز و ئیعتیاد ونه‌خۆشییه‌ ده‌روونییه‌کانیتر زیاتر په‌ره‌ ده‌ستێنێت، ترس ودڵه‌راوکێ له‌ پێکهێنانی هاوسه‌رگیری زیاد ده‌کات،متمانه‌ که‌م ده‌بێته‌وه،
بۆ بن بڕ کردنی ئه‌م نه‌خۆشییه‌ که‌ گه‌روی کۆمه‌ڵگای خاوێنی کوردستانی گرتووه‌ پێویسته‌ ئه‌م چه‌ند خاڵانه‌ ره‌چاو بکه‌ین
1-گه‌رانه‌وه‌ بۆ سه‌ر یاسای ئیلاهی وشه‌ریعه‌تی ئیسلام2-ده‌سڵاتداری کۆمه‌ڵگا بایخێکی جددی بدات به‌م بابه‌ته،له‌ درووست کردنی کار وپیشه‌ ودامه‌زراندنی لاوان له‌ شوێنی شیاوی خۆیان که‌ پسپۆرن له‌م کاره‌دا 3-مامۆستای ئایینی زیاتر له‌ خوتبه‌ و مه‌ وعیزه‌کانیاندا باس له‌م گرفته‌ بکه‌ن وبێ ده‌نگ نه‌بن وخه‌ڵکی زیاتر له‌ مه‌ترسی ئه‌م به‌ڵایه‌ ئاگادار بکه‌نه‌وه‌ و پێش به‌ زۆری به‌ مێرد دانی کچان بگرن وبیکه‌نه‌ یاسایه‌کی مه‌ده‌نی وحکومی4-به‌جێگای بڵاوکردنه‌وه‌ی فیلم و دیکۆمێنتی بێگانه‌ له‌ فیلم و نمایش ومێژووی کورده‌واری که‌ڵک وه‌ر بگرن5-په‌ره‌دان وته‌شویقی لاوانی کورد به‌ پۆشینی جل وبه‌رگی کورده‌واری و ناساندنی فرهه‌نگی جوانی خۆمانه‌ نه‌ک هی بێگانه6-وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ ئه‌رکی سه‌ر شانی بێت له‌ راهێنانی منالانی نێرو مێ وبایخدان به‌ کلتور و فه‌رهه‌نگی خۆمان دوور خستنه‌وه‌یان له‌ کلتووری بیگانه‌ چ عه‌ره‌بی و چ فارسی وچ تورکی وئوروپی7-دایک وبابانی دڵسۆز ده‌بێت ته‌بایی له‌ ناو خێزاندا په‌ره‌ پێ بده‌ن تاکو منداڵان له‌م نه‌ریته‌ جوانه‌ بۆ دوارۆژ که‌ڵکی پێویستی لێ وه‌ربگرن،
بۆ بوونی کۆمه‌ڵگایه‌کی جوان وبێ ده‌رده‌سه‌ر و کێشه‌ و بن بڕ کردنی رێژه‌ی ته‌ڵاق ئه‌رکی سه‌ر شانی هه‌موو لایه‌که‌ هه‌ر چی له‌ ده‌ستی دێت به‌ کاری بهێنێت ئه‌گیان هه‌ر هه‌موومان مه‌سئولین له‌ هه‌مبه‌ر تێکچوونی ته‌بایی کۆمه‌ڵگادا و هه‌روه‌ ها رۆژی دوایی ده‌که‌وینه‌ به‌ر پرسیاری خوداوه‌ندی مه‌زن هیوادارم که‌ ئه‌م دیارده‌ دزیوه‌ی که‌ به‌م دووایانه‌ له‌ کوردستان په‌ره‌ی ئه‌ستاندووه‌ له‌ ناو بچێت و کۆمه‌ڵگایه‌کی خاوێن و پڕ له‌ خۆشی و شادی وبه‌خته‌وه‌ی پێکه‌وه‌ بنێین.مه‌لا عه‌لی سێڵاو‌ ‌‌‌‌‌‎

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر