۱۳۹۲/۱۲/۱۳

ئەخلاق و رەوشتی جوان گەورەترین سەرمایەی مرۆڤایەتی

بەها پیرۆزەکانی مرۆڤایەتی گرێدراوە بە هێندێک هەڵوێست، کاتێک مرۆڤ لە دەستیان بدات لەگەڵ قەیرانێکی گەورە بەرەوڕوو دەبێت و ئەم مرۆڤە دەبێتە مرۆڤێکی رووخاو و بێ بایخ و بێ ئەرزش لە ناو کۆمەڵگادا و هاوکات ...






رەنگە کۆمەڵگاش تووشی سەرلێ‌شێواوی و قات و قڕی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی بێت و بە جێگای بەرەوپێشچوون قۆناغێک بەرەو دواوە بگەڕێتەوە، هەر بۆیە ئێمە دەبێت وەکوو تاک،لایەن، حیزب، رێکخراو، سازمان و دەسەڵاتدار بەهەر نرخێک بێت ئەم یاسا سروشتییە نەبەزێنین و لە چوارچێوەی لا نەدەین، چونکە لە راستیدا سەکەوتن و سەربەرزی تەنیا بە بەدەستهێنانی ئەم یاسا سروشتییەیە ئەم گرووپ و لایەنانەی باسمان کرد کاتێک توانیان بەدەستی بێنن لە ژیانی رۆژانەیاندا سەرکەوتوو دەبن ئەم یاسایەش پێی دەوترێت ئەخلاق و رەوشتی جوان.

خوو و خدە و رەوشتی جوان، مرۆڤ لە ئاژەڵ و درەندە جیا دەکاتەوە، زۆر کەس پێیان وایە ئەخلاق لە ئایینەوە سەر چاوەی گرتووە و تەنیا دەبێت مرۆڤی باوەڕمەند ئەم خسڵەتەی هەبێت، بەڵام لە راستیدا ئەم رەوشتە جوانە تەبیعەتی مرۆڤە ئایین تەنیا هاندەرێکە بۆ بەجێگەیاندەن وپەرەسەندنی ئەم یاسایە کە دەبێت مرۆڤ بیبێت، هەروەک خوداوەند لە فەرمایشتەکانیدا بە پێغەمبەری ئیسلام محەممەد دروود و سڵاوی خودای لە سەر بێت دەفەرمێت {انک لعلی خلق عظیم} واتە بەراست ئەی محەممەد تۆ لەسەر رەوشتیکی جوانی مرۆڤایەتی، هەروەها پێغەمبەریش دەفەرمێت {بعثت لاتمم مکارم الاخلاق} واتە بووم بە نوێنەر تاکوو خوو و خدەی جوان نیشانی مرۆڤایەتی بدەم کە واتە ئایین گرنگێکی تەواو بە رەوشتی جوان دەدات، بەداخەوە هێندێک کەس هەن ئازادی و دێموکراسییەت دەکەنە بیانوویەک بۆ ئەوەی لە رەوشتی جوانی مرۆڤایەتی دوور بکەونەوە و پێیان وایە ئازادی و دێموکراسی ئەوەیە هەرچی پێیان خۆشە بیکەن و بیڵێن بێ ئەوەی لێپرسینەوەیان لێ بکردرێت کە ئەوەش راست نییە ئەم جۆرە کەسانە لە مانای راستەقینەی ئازادی و دێموکراسی تێ نەگەیشتوون نازانن خۆیان لەگەڵ ناوەڕۆکی ئازادی رێک بخەن زۆر کات پێیان وایە زۆر زانان و دەبێت هێرش بکەنە سەر بیروباوەڕی جیاواز وەک ئەوە هێرش دەکەنە سەر ئایینی ئیسلام و مەسیحییەت و یارسان و بەهائی و هتد... بەڵام بە دڵنیایی‌یەوە ئەم جۆرە تاقم و کەسانە دوورکەوتوونەتەوە لە ناوەڕۆکی مرۆڤایەتی و لە واتای ژیان و ئازادی هیچ تێ نەگەیشتوون، ئەگەر سەرنج بدەینە سەر ئەم بابەتە کە خوداوەند بە چ جۆرێک مرۆڤی دروست کردووە وەک زمانی جیاواز، رەنگ و روخساری جیاواز، رەگەزی جیاواز و کولتووری جیاواز هەر بەم شێوەیەش ئازادی و دێموکراسی جیاوازە دێموکراسییەتێک کەلە وڵاتانی ئورووپی هەیە لەگەڵ کولتووری ئەو جێگایە رەنگە یەک بگرێتەوە، بەڵام لە ناو فەرهەنگی ئێمەدا ناگونجێت بۆیە ئەم دێموکراسییەتە سەرکەوتوو دەبێت کە هاوتەریب و هاودەنگ بێت لەگەڵ فەرهەنگ و کولتووری ئێمەدا پاراستنی هیندێک داب و نەریت هیچ کێشەیەک بۆ ئازادی مرۆڤ دروست ناکات، پاراستنی کولتوور و داب و نەریت و خوو و رەوشتی مرۆڤانە زامنی سەرکەوتن و خۆشەویستی هەر حیزب و لایەنێکە، بۆ وێنە هێژموونی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەر کۆمەڵگای کوردستانی ئێراندا هەر ئەوە بووە کە ئەم حیزبە توانیوییەتی بچێتە ناو قووڵایی دەروونی هەر تاکێکی کورد، بێ رێزی بە هیچ ئایین و ئایینزایەکی نەکردووە لە مەیدانی کردەوەدا نیشانی داوە حیزبێکی مودێڕن و ئازادیخواز و بە ئەخلاق و رەوشتی جوانە، لە کاتی خەباتی چەکداریدا چەندە لێبوردە و خۆڕاگر و بە بەزەیی‌یە بە چ جۆرێک مامەڵەی مرۆڤانەی لەگەڵ دیل و بریندارەکاندا کردووە چلۆن برینەکانیانی سارێژ کردۆتەوە و ئازادی کردوون لە کاتێکدا کە دژمنەکەی چەندە بێ بەزەیی و دڕندە و دوور لە پڕەنسیپی مرۆڤایەتی بووە ئەوانە هەر هەموویان فاکتەر بوون بۆ خۆشەویستی ئەم حیزبە و لە ناو خۆشیدا سانترالیزمی دێموکراتیکی پەیڕەوی دەکات بە بێ خۆ بەزڵ گرتنی سەرکردەکانی کە دەکرێت بڵێن ئەم سانترالیزمەش لە راستیدا هەڵقوڵاوی ئەخلاقی بەرزی شۆڕشگێرانەیە، هیچ حیزبێک و کەسایەتییەکی سیاسی و حکوومەتێک لە پڕۆژە و تەرح و بەرنامەکانیدا سەرکەوتوونابێت تاکوو ئەخلاقی جوان و رەوشتی مرۆڤانە لە ناو خۆیدا پەرە پێ نەدات.
رێز لێک دانان و یەکتر خۆشەویستن و ئەخلاقی جوان شەرەفێکی گەورەیە بۆ مرۆڤایەتی و گەورەترین سەرمایەی ژیانی هەر تاکێکە هەرکەس و کەسانێک بە ئەخلاق بن لە هەموو کاروبار و سیاسەتەکانیاندا بە دڵنیایی‌یەوە سەرکەوتوو دەبن.
هیوادارم لە یادمان نەچیت کە ئەخلاق جیاکەرەوەی مرۆڤە لە گیانلەبەرانی‌تر

مەلاعەلی سێڵاو

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر