۱۳۸۸/۰۹/۰۷

په‌یامی‌ پیرۆزبایی‌ یه‌كیه‌تی‌ زانایان به‌بۆنه‌ی‌ جه‌ژنی‌ قوربان

بسم الله الرحمن الرحیم
و لله علی‌ الناس حج البیت من استطاع الیه سبیلا
هاووڵاتیانی ئازادیخواز!
بڕوادارانی به‌ڕێز!
ئێمه‌ وه‌كوو یه‌كیه‌تیی زانایانی ئایینیی كوردستانی ئێران، به‌ بۆنه‌ی هاتنی جێژنی پیرۆزی قوربان، رۆژی وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی فیداكاری‌و تێكۆشانی بێ‌وێنه‌ی له‌ تاقه‌ت نه‌هاتووی حه‌زره‌تی ئیبراهیم، پیرۆزبایی خۆمان به‌ ئێوه‌ی ئایین دۆست‌و نیشتمانپه‌روه‌ر راده‌گه‌یه‌نین.
هاونیشتمانانی به‌ڕێز!
وانه‌ی قوربانی هانمان ده‌دا له‌ پێناو ره‌زامه‌ندیی په‌روه‌ردگار ئاماده‌ی هه‌موو شێوه‌كانی خه‌بات بین ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌ به‌های خوێنی رۆڵه‌ چاوگه‌شه‌كانیشمان ته‌واو بێت.
بێ‌گۆمان خه‌بات بۆ رزگاریی نه‌ته‌وه‌كه‌مان‌و به‌ربه‌ره‌كانی دژی سته‌مكارو داگیركه‌ر گه‌وره‌ترین جیهادو تێكۆشانه‌ له‌ رێگای خوای مه‌زن. هه‌ر وه‌كوو دیمه‌نی حاجی‌یه‌كان له‌ كاتی ته‌واف‌و سووڕانه‌وه‌یان به‌ ده‌وری ماڵی خوا راسته‌قینه‌ی یه‌كتاپه‌رستی‌و یه‌كسانی‌و بێ‌جیاوازی نیشان ده‌داو، به‌ هه‌ر تاك له‌ هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك ده‌رسی ئازادی‌و یه‌كسانی خوازی ده‌به‌خشێ‌، هه‌ر بۆیه‌ پێویسته‌ ئێمه‌ی نه‌ته‌وه‌ی كورد به‌گشتی‌و كوردستانی ئێران به‌ تایبه‌تی، ره‌گه‌زپه‌رستی‌و سته‌می نه‌ته‌وایه‌تی‌و ئایینی له‌ سیستمی ئیستبداديی به‌ڕه‌واڵه‌ت جمهوری ئێسلامیی ئێران به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك قبووڵ‌ نه‌كه‌ین‌و چیدی ئیزن نه‌ده‌ین له‌وه‌ زیاتر سووكایه‌تی به‌ ئایینی پیرۆزی ئیسلام بكه‌ن‌و بۆ هه‌ر جۆره‌ جینایه‌تێك كه‌ڵكی لێ‌وه‌رگرن.
وێڕای مه‌حكووم كردنی له‌ سێداره‌دانی رۆڵه‌ تێكۆشه‌ره‌كان، زیندانی كردنی خه‌باتگێڕان‌و چالاكانی سیاسی گه‌له‌كه‌مان، پیرۆزبانی جێژنی قوربان ئاراسته‌ی سه‌رجه‌م خه‌ڵكی كوردستانی ئێران ده‌كه‌ین.
یه‌كیه‌تیی زانایانی ئایینیی كوردستان
7/9/1388ى هه‌تاوی‌

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر