۱۳۸۷/۱۰/۱۲

درووست بوونی‌ به‌سیج له‌ راستای‌ سه‌قامگیريی‌ رێژیمه‌

ن: مه‌لا سمكۆ

عومه‌ر كوڕی‌ خه‌تاب ده‌فه‌رمێ‌: "لاتنظر الرجل فی‌ طنطنة‌ الصلاة‌ الخ" واته‌ مه‌ڕواننه‌ تاكی‌ موسوڵمان له‌كاتی‌ نوێژخوێندن به‌ڵكوو بڕواننه‌ حاڵی‌ ئه‌و كاتی‌ دیتنی‌ دیرهه‌م‌و دیناردا.
هاووڵاتیانی‌ به‌ڕێز
دانیشتووانی‌ كوردستانی‌ ئێران
وه‌ك ئاگادارن رێژیمی‌ به‌ناو كۆماری‌ ئیسلامیی‌ ئێران له‌م كات‌و ساته‌دا كه‌ خه‌ڵكی‌ به‌شه‌ره‌ف‌و دینداری‌ كوردستان له‌ هه‌موو كات‌و زه‌مانێكی‌ تر به‌ ته‌واوی‌ بۆیان روون بۆته‌وه‌ كه‌ سیستمی‌ ئیستبدادی‌ بۆ پیاده‌كردنی‌ ئیدئۆلۆژی‌‌و به‌رژه‌وه‌ندی‌ تایبه‌ت به‌ خۆی‌‌و به‌نێوی‌ حوكمی‌ خوا خه‌ڵك به‌ لاڕێدا ده‌به‌ن‌و بۆ پاراستنی‌ ئیستراتژیك‌و سه‌ركوت كردنی‌ ئازادیخوازان درێغی‌ ناكه‌ن. بێ‌گومان كاردانه‌وه‌ی‌ ئه‌و هه‌ڵسوكه‌وته‌ دووركه‌وتنه‌وه‌ی‌ ئایینی‌ ئیسلامی‌ به‌دواوه‌ ده‌بێ‌ وه‌ك قوڕئان ده‌فه‌رمێ‌: "وجعلناكم امة وسطا" موسوڵمانانم گێراوه‌ به‌ ئومه‌تێكی‌ مام ناوه‌ندی‌ له‌ هه‌موو بوارێكی‌ ژیاندا. ده‌یهه‌وێ‌ بۆ ده‌ربازبوون له‌ ده‌ریای‌ پڕ له‌ ته‌لاتم‌و شه‌پۆلی‌ تووڕه‌یی‌ نه‌ته‌وه‌كانی‌ ئێران به‌گشتی‌‌و نه‌ته‌وه‌ی‌ دین دۆست‌و تینووی‌ ئازادیی‌ كورد به‌تایبه‌تی‌، په‌نا بۆ به‌سیج كردنی‌ تاقمێك لاو، كه‌ به‌ پێی‌ سیاسه‌تی‌ كۆنه‌په‌رستانه‌ی‌ خۆیان بێكاریان كردوون‌و بۆ وه‌ده‌ست هێنانی‌ بژێوی‌ به‌ناو ژیان په‌نا ده‌به‌نه‌ به‌سیج. به‌و چه‌شنه‌ به‌شێكی‌ به‌رچاو له‌ رۆڵه‌كانی‌ گه‌لانی‌ وڵاته‌ به‌ڵا لێدراوه‌كه‌مان‌و یه‌ك له‌وان گه‌لی‌ كورد ناچار به‌ په‌نابردن بۆ ئه‌و حه‌ره‌كه‌ته‌ دزێوه‌‌و دژی‌گه‌لییه‌ ده‌به‌ن‌و وه‌ك ده‌ڵێن "الغریق یتثبت بكلی‌ حشیش" ئه‌و كه‌سه‌ی‌ كه‌ ده‌خنكێ‌ په‌نا ده‌با بۆ هه‌ر پووش‌و پڵاشێك.
یه‌كیه‌تیی‌ زانایانی‌ ئایینیی‌ كوردستانی‌ ئێران (یزاكا) خه‌ڵكی‌ به‌شه‌ره‌فی‌ كوردستان ئاگادار ده‌كاته‌وه‌ كه‌ رێژیمی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران زه‌خت‌و گوشارێكی‌ زۆری‌ بۆ مامۆستا ئایینی‌یه‌كانی‌ كوردستان هێناوه‌ به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی‌ كه‌ له‌ ناوچه‌كانی‌ مه‌هاباد‌و میاندواودا نیشته‌جێن‌و بۆ چه‌واشه‌كاری‌ موسڵمانان ده‌ڵێت ئێمه‌ به‌سیجێكمان پێویسته‌ كه‌ سه‌ر به‌ سوجده‌‌و كڕنۆش بێ‌. "یزاكا" له‌ رێگای‌ حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێرانی‌ خه‌مخۆرو خه‌ڵك ویست راده‌گه‌یه‌نێ‌ كه‌ هاوكاری‌‌و ته‌نانه‌ت بێ‌ده‌نگی‌ له‌ به‌رانبه‌ر رێژیمی‌ ویلایه‌تی‌ فه‌قیهی‌ كۆماری‌ ئیسلامیدا به‌ واتای‌ مۆری‌ ته‌ئید‌و رازی‌ بوونه‌‌و به‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ سیاسه‌تی‌ له‌سێداره‌دان‌و حه‌پس كردن‌و پته‌و‌و به‌هێزكردنی‌ حكوومه‌تێكی‌ تیۆكراسی‌ ئاخوندسالاری‌‌و كلیساسالاری‌ كه‌ دژایه‌تی‌ هه‌یه‌ ده‌گه‌ڵ‌ دینداری‌‌و خواپه‌ره‌ستی‌ راسته‌قینه‌دا.
له‌م فه‌رمووده‌یه‌ی‌ پێغه‌مبه‌ری‌ ئیسلام بڕوانن، "افضل الجهاد كلیمة‌ حق عند سلطان جائر"، واته‌ گه‌وره‌ترین‌و به‌هێزترین جیهاد‌و تێكۆشان، ده‌ربڕین‌و وتنی‌ وشه‌ی‌ حه‌قه‌ له‌ به‌رانبه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ زاڵم‌و زۆرداره‌دا. رێژیمی‌ كۆماری‌ ئیسلامیی‌ ئێران به‌نێوی‌ دین شێوازێكی‌ تایبه‌ت به‌خۆی‌ هه‌یه‌ بۆ نموونه‌ ته‌قیه‌‌و خۆپاراستن واته‌ دوو روویی‌‌و نیفاق، ئیمام سازی‌، باوه‌ڕبوون به‌ عیسمه‌ت‌و بێ‌هه‌ڵه‌یی‌ بۆ پێشه‌وایانی‌ دین‌و له‌ ئاكامدا ته‌حریف‌و چه‌واشه‌كاری‌ له‌ دیندا.
1ـ موفسید فی‌ الرچ 2ـ وه‌ك ئه‌رازل‌و ئه‌وباش‌و زۆر شتی‌ دیكه‌ی‌ له‌و بابه‌ته‌ش به‌نێوی‌ دژه‌دینی‌ سه‌ركوت‌و له‌ سێداره‌ ده‌دا. ئه‌گه‌ر ئاوڕێك له‌ هێندێك له‌ فه‌رمووده‌كانی‌ قوڕئان بده‌ینه‌وه‌ بۆمان ده‌رده‌كه‌وێ‌ ئه‌م هه‌ڵسوكه‌وته‌ بێ‌رێوشوێنه‌ ئایینی‌یانه‌ش له‌ به‌رانبه‌ر نه‌ته‌وه‌كانی‌ ئێراندا ره‌وای‌ ده‌بینێ‌ له‌ روانگه‌ی‌ ئیسلام به‌ نیسبه‌ت ئه‌هلی‌ كیتاب‌و ته‌نانه‌ت له‌ پێوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ‌ بێ‌ بڕواكان‌و موشریكان ره‌وا نیه‌. بۆ نموونه‌ قوڕئانی‌ پیرۆز ده‌فه‌رمێ‌: "لاینهاكم الله‌ عن الذین لم یقاتلونكم فی‌ الدین و لم یخرجونكم من دیاركم ان تبروهم و تقسطوا الیهم ان الله‌ یحب المقسطین انما ینهاكم الله‌ عن الژین قاتلوكم فی‌ الدین و اخرجوكم من دیاركم و ظاهرو اعلی‌ اخراجكم ان تولوهم و من یتولهم فاولئك هم الظالمون"، واته‌ خوا نه‌هی‌‌و به‌رگریتان لێ‌ ناكا له‌و خه‌ڵكانه‌ی‌ كه‌ ناتانكوژن‌و سه‌ركوتتان ناكه‌ن، له‌سه‌ر ئایین‌و له‌ خاك‌و زێدی‌‌و باب‌و باپیرانتان ده‌رناكه‌ن، چاكه‌‌و دادپه‌روه‌ریان له‌به‌رانبه‌ردا بكه‌ن. به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ خوا پێشتان پێ‌ ده‌گرێ‌ له‌و كه‌سانه‌ی‌ به‌هۆی‌ ئایین‌و جیاوازیی‌ بڕوا سه‌ركوتتان ده‌كه‌ن‌و له‌ زێد‌و نیشتمانتان ده‌رتان ده‌كه‌ن‌و به‌ تێكڕا هاوكاری‌ ده‌كه‌ن له‌سه‌ر راوه‌دوونان‌و ده‌ركردن كه‌ دۆستایه‌تی‌‌و پشتیان پێ‌ ده‌سپێرن‌و ئه‌و خه‌ڵكه‌ی‌ هاوكارییان ده‌كه‌ن هه‌ر هه‌موویان چ چه‌وساوه‌‌و چ چه‌وسێنه‌ر حوكمی‌ وه‌ك یه‌كیان هه‌یه‌. هاوئایین‌و هاونیشتمانان‌و بیرمه‌ندانی‌ به‌ڕێز جیاوازی‌ ئایین‌و زمان ناكۆكی‌ كۆمه‌ڵگا‌و ته‌نانه‌ت كێشه‌‌و دژایه‌تی‌ نه‌ته‌وه‌كان یا تاكه‌كان نابێته‌ هۆی‌ دادپه‌روه‌ری‌ نه‌كردن له‌ هه‌مبه‌ر یه‌كتر به‌تایبه‌ت نابێته‌ هۆكارێك بۆ ده‌سه‌ڵاتداران. ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتداران‌و ژماره‌یه‌ك له‌ به‌سیج‌و دین فرۆشان بۆ سه‌ركوت كردن كۆكراونه‌ته‌وه‌. خه‌ڵك مافی‌ خۆیانه‌ ئه‌م ده‌سته‌ له‌ خۆفرۆش‌و خۆنه‌ناس‌و خوانه‌ناس به‌ دوور له‌ دین‌و ئینسانیت بزانن. ده‌بێ‌ وه‌ك گاندی‌ ده‌س بدنه‌ خه‌باتی‌ مه‌نفی‌‌و بێ‌زاری‌ ده‌رببڕن. ئه‌بێ‌ ئه‌م جۆره‌ كه‌سانه‌ له‌ كۆمه‌ڵگای‌ كورده‌واری‌دا جێگه‌‌و بوونیان بێ‌هێز بكرێ‌‌و ته‌نانه‌ت له‌ درگای‌ خواشدا بێجگه‌ له‌ رۆژ ره‌شی‌ هیچیان بۆ نامێنێته‌وه‌.
ئێمه‌ وه‌ك زانایانی‌ ئایینیی‌ كوردستان داوامان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌وه‌ زیاتر فریوی‌ كاربه‌ده‌ستانی‌ پاوانخوازی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ مه‌خۆن، به‌سیج وه‌ك ئۆرگانێكی‌ جاسووسی‌ بۆ تێكدانی‌ ریزه‌كانی‌ ئێوه‌ دانراوه‌. وه‌ك كاری‌ جاسووسی‌ كردن‌و خه‌ڵك له‌ یه‌ك دوردۆنگ كردنه‌، ئه‌وانه‌ ده‌یانهه‌وێ‌ به‌و كارانه‌یان ئێوه‌ وه‌ك له‌مپه‌رێك له‌ به‌رانبه‌ر خۆتان‌و هاودین‌و ‌وهاونیشتمانانی‌ خۆتان قه‌را بده‌ن. جاسووسی‌ كردن له‌ دژی‌ هه‌ر هاونیشتمان‌و هاودین‌و هاوره‌گه‌زێكی‌ خۆتان له‌گه‌ڵ‌ شه‌ریعه‌تی‌ پیرۆزی‌ ئیسلام ناته‌بایه‌‌و خوا له‌و كرده‌وانه‌تان خۆش نابێت.
والسلام علی‌ من اتبع الهدی‌
مه‌لا سمكۆ، ئه‌ندامی‌ "یزاكا"

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر