۱۳۸۷/۰۸/۳۰

راگه‌یاندنی‌ دامه‌زرانی‌ یه‌كیه‌تیی‌ زانایانی‌ ئایینیی‌ كوردستانی‌ ئێران

راگه‌یاندنی‌ دامه‌زرانی‌ یه‌كیه‌تیی‌ زانایانی‌ ئایینیی‌ كوردستانی‌ ئێران 
به‌ناوی‌ خوای‌ دلۆڤان
"و اعتصموا بحبل الله جمیعاً ولا تفرقوا"
(هه‌موولاتان ده‌ست ده‌رشته‌ی‌ خوا وه‌رێنن وه‌ بڵاو مه‌بن)
سڵاو بۆ گیانی‌ پاكی‌ رێبه‌ری‌ ئیسلام (حه‌زره‌تی‌ محه‌ممه‌د، ره‌حمه‌تی‌ خوای‌ له‌سه‌ر بێ‌)
سڵاو بۆ هاونیشتمانانی‌ به‌ڕێز له‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستان!
مامۆستایانی‌ ئایینی‌‌و خه‌ڵكی‌ به‌شه‌رف‌و تێكۆشه‌ر‌و ماندوونه‌ناس!
سه‌باره‌ت به‌ ئایینی‌ پیرۆزی‌ ئیسلام، ئاشكرایه‌ كه‌ گه‌لی‌ كورد په‌یوه‌ندییه‌كی‌ مێژوویی‌ زۆر قووڵ‌‌و حاشاهه‌ڵنه‌گری‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌و ئایینه‌ پیرۆزه‌دا هه‌یه‌‌و له‌ مێژووی‌ خۆیدا ده‌ستوورات‌و یاساكانی‌ ئیسلامی‌، پێوانه‌ی‌ هه‌ڵسوكه‌وتی‌ خه‌ڵك بووه‌. ئێستاكه‌ش جێگای‌ خۆیه‌تی‌ وه‌ك ئایینی‌ زۆرینه‌ی‌ گه‌لی‌ كورد ده‌بێ‌ رێزی‌ لـێ‌ بگیرێ‌‌و به‌گشتی‌ وه‌ك دیارده‌یه‌كی‌ پیرۆز‌و له‌ لایه‌كه‌وه‌ وه‌ك بنه‌مای‌ ره‌وشتی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ پێویستی‌ به‌وه‌ هه‌یه‌ رۆڵی‌ خۆی‌ له‌ كۆمه‌ڵگادا ببینێت.

هه‌روه‌ك ئاگادارن، بزووتنه‌وه‌ی‌ نه‌ته‌وایه‌تیی‌ كورد له‌ ژێر كاردانه‌وه‌ی‌ زوڵم‌و مافخواردن‌و له‌به‌رچاونه‌گیرانی‌ مافه‌ ره‌واكان، له‌ پرۆسه‌یه‌كی‌ مێژوویی‌دا سه‌ری‌ هه‌ڵداوه‌ وه‌ له‌ پێشه‌نگی‌ كاروانی‌ ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌شدا، پیاوانی‌ سه‌ربه‌رز‌و رێبه‌رانێكی‌ ئایینیی‌ وه‌ك "شێخ عوبدیدوڵڵای‌ نه‌هری‌، شێخ سه‌عیدی‌ پیران، شێخ مه‌حموودی‌ حه‌فید، مامۆستا سه‌عیدی‌ نه‌وڕه‌سی‌، پێشه‌وا قازی‌ محه‌ممه‌د‌و مه‌لا مسته‌فا بارزانی‌‌و ..." له‌ رێزی‌ چالاكانی‌ ئه‌م بواره‌شدا ده‌یان‌و سه‌دان تێكۆشه‌ری‌ كۆڵنه‌ده‌ر‌و ماندوونه‌ناس بۆ دابینكردنی‌ مافی‌ زه‌وتكراوی‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ كورد چالاكانه‌ هاتوونه‌ته‌ مه‌یدان‌و ته‌نانه‌ت گیانی‌ خۆشیان له‌و پێناوه‌دا داناوه‌. هه‌رچه‌شنه‌ هه‌وڵێكی‌ دڵسۆزانه‌ له‌ لایه‌ن رۆڵه‌كانی‌ گه‌له‌وه‌ كه‌ یارمه‌تی‌ بدا به‌ سه‌قامیگیریی‌ دادپه‌روه‌ری‌‌و مافی‌ چاره‌نووس وه‌كوو هه‌موو گه‌لانی‌تر (یزاكا) رێزی‌ تایبه‌تی‌ بۆی‌ هه‌یه‌‌و له‌ چوارچێوه‌ی‌ بار‌ودۆخی‌ خۆیدا‌و به‌ پێی‌ توانا ئاماده‌ی‌ هه‌رچه‌شنه‌ هاوكارییه‌كه‌.
له‌ روانگه‌ی‌ (یزاكا)وه‌ دینداربوون، نه‌ك هه‌ر نابێ‌ به‌ له‌مپه‌رێك له‌سه‌ر رێی‌ داكۆكی‌كردن له‌ مافه‌كانی‌ مرۆڤ‌و مافه‌ نه‌ته‌وایه‌تی‌‌و ئیتنیكییه‌كان به‌تایبه‌تی‌، به‌ڵكوو شێلگیرانه‌ پشتگیری‌ ده‌كا له‌ هه‌رچه‌شنه‌ هه‌وڵێكی‌ ره‌وا بۆ چه‌سپاندنی‌ ئه‌و مافانه‌. شاهیدمان بۆ ئه‌و باوه‌ڕش هێندێك ده‌قی‌ قورئانی‌ پیرۆزن‌و له‌وانه‌ش ئایه‌تی‌ 13ی‌ سووره‌ی‌ "حوجورات". (یاایهاالناس انا خلقناكم من ذكر و انثی‌ و جعلناكم شعوبا و قبائل لتعارفوا ان اكرمكم عندالله اتقاكم ان الله علیم خبیر)
"واته‌: ئه‌ی‌ خه‌ڵكینه‌ هه‌ر له‌ نێر‌و مێیه‌كه‌وه‌ ئێوه‌مان وه‌دی‌ هێناوه‌‌و كردوومانن به‌ چه‌ند گه‌لێك‌و چه‌ند هۆزێك هه‌تا یه‌كتری‌ بناسن، به‌ڕێزترینتان لای‌ خودا پارێزگارتره‌كانتانن. خوا زانایه‌‌و ئاگاداره‌."
وه‌ هه‌روه‌ها ئایه‌تی‌ 22ی‌ سووره‌ی‌ "رۆم" كه‌ خوا ئه‌فه‌رموێ‌: (و من ‌وایاته‌ خلق السموات والارض و اختلاف السنتكم و الوانكم ان فی‌ ذلك لایات للعالمین)
"واته‌: له‌ نیشانه‌كانی‌ خوایه‌ داهێنانی‌ ئه‌م ئاسمان‌و زه‌مینه‌‌و وێكنه‌چوونی‌ زمانی‌ پێ‌ئاخافتن‌و ره‌نگ‌و رووتان كه‌ له‌مه‌دا به‌ڵگه‌ زۆرن بۆ زانایان."

كۆمه‌ڵگای‌ ئێران، وه‌ك هێندێك كۆمه‌ڵگای‌ دیكه‌ فره‌ڕه‌گه‌زه‌‌و فره‌كولتووره‌. (یزاكا) ئه‌و فره‌ره‌گه‌زییه‌‌و چه‌ند مه‌زهه‌بییه‌ به‌ نیشانه‌یه‌ك له‌ نیشانه‌كانی‌ خوا ده‌ناسێت‌و پێی‌ وایه‌ هیچكام له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كان نابن به‌ لابه‌ر یا خود راكێشه‌ری‌ مافێكی‌ تایبه‌ت.

به‌ سه‌رنجدان به‌ بارودۆخی‌ ئێران (یزاكا) پێی‌ وایه‌ "یه‌كگرتوویی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌" پێویستییه‌كی‌ سه‌ره‌كیی‌ كۆمه‌ڵگایه‌‌و بۆ چه‌سپاندنی‌ ئامرازی‌ سه‌ره‌كی‌ "داكۆكی‌كردن له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی‌ هاوبه‌ش" له‌ هه‌موو بواره‌كانی‌ ژیانی‌ سیاسی‌، كۆمه‌ڵایه‌تی‌‌و ئابووریدا، به‌ جۆرێك رێگه‌ له‌و گیر‌وگرفت‌و كێشانه‌ ده‌گرێت كه‌ له‌ هه‌وڵی‌ بێ‌سه‌رئه‌نجامی‌ سڕینه‌وه‌ی‌ بنه‌ڕه‌تیی‌ كێشه‌ی‌ نه‌ته‌وایه‌تییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرن. (یزاكا) ئه‌وه‌ وه‌ك خاڵێكی‌ ستراتیژیك چاو لـێ‌ ده‌كات. (یزاكا) له‌و باره‌وه‌ بایه‌خێكی‌ زۆر ده‌دا به‌ په‌روه‌رده‌‌و راگه‌یاندن‌و پێی‌ وایه‌ به‌و ره‌وشته‌ ئاستی‌ زانیاریی‌ گشتی‌‌و به‌تایبه‌ت ئه‌ندامان‌و لایه‌نگرانی‌ ده‌چێته‌ سه‌ره‌وه‌‌و ده‌بێته‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌ری‌ قه‌یران‌و پشێوی‌‌و ئاڵۆزی‌‌و دوودڵی‌ له‌ ناو خه‌ڵكدا كه‌م ده‌بێته‌وه‌.

(یزاكا) هیواداره‌، مامۆستایانی‌ ئاینییی‌ نیشتمانپه‌روه‌ر‌و ده‌روه‌ستی‌ كورد له‌ رێگای‌ په‌یوه‌ستبوون به‌ "یه‌كیه‌تیی‌ زانایانی‌ ئایینیی‌ كوردستانی‌ ئێران"ـه‌وه‌، به‌رپرسایه‌تییه‌ ئایینی‌‌و نه‌ته‌وایه‌تییه‌كانی‌ خۆیان وه‌ئه‌ستۆ بگرن.
به‌ هیوای‌ رۆژێك كه‌ ئامانج‌و مافه‌كانی‌ گه‌لی‌ كورد، وه‌كوو هه‌موو گه‌لانی‌تر‌و ئاواتی‌ سه‌دان‌و هه‌زاران شه‌هیدی‌ هه‌رگیز نه‌مری‌ رێگای‌ ئازادیخوازیی‌ كوردستان بێته‌ دی‌‌و (یزاكا)‌و هه‌موو خه‌ڵكی‌ موسوڵمانی‌ كوردستان رێگای‌ ئه‌م شه‌هیده‌ به‌رزانه‌ بگرنه‌به‌ر‌و تاكوو له‌ رۆژی‌ دوایی‌دا له‌ مه‌حكه‌مه‌ی‌ خوادا شه‌رمه‌زار نه‌بین.

یه‌كیه‌تیی‌ زانایانی‌ ئایینی‌ كوردستانی‌ ئێران
30ی‌ خه‌زه‌ڵوه‌ری‌ 1387ی‌ هه‌تاوی‌
20ی‌ نوامبری‌ 2008ی‌ زایینی‌

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر