۱۳۹۱/۰۳/۱۱

بانگهێشت کردنی کەسایەتییەکی مەزهەبی سوننە بۆ ئیدارەی ئیتیلاعات

یزاکا: حەسەن ئەمینی کەسایەتیی مەزهەبیی شاری سنە، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە و دادگای تایبەتی مامۆستایانی ئایینیی هەمەدان کرا.

بەگوێرەی راپۆرتی کوردپا، رێکەوتی ٩ی جۆزەردانی ١٣٩١، حەسەن ئەمینی، موفتی و حاکم شەرعی خەڵک و بەرپرسی شۆرانی مەکتەب قورئانی کوردستان بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات و دادگای تایبەتی رووحانییەت کراوە.

نابراو لە ئیدارەی ئیتلاعات سەبارەت بە پرسگەلێکی جۆراوجۆر وەکوو پڕوپاگەندە بۆ ئایینی ئیسلام، دەرکردنی فتوا، دەربڕینی بیرورا سەبارەت بە پرسە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان لێپرسینەوەی لێ کراوە.

حەسەن ئەمینی دوو رۆژ پاشتر بۆ دادگای تایبەتی رووحانییەتی هەمەدان بانگ کراوە.

بانگهێشتنی ناوبراو بۆ دادگای تایبەتی مامۆستایانی ئایینیی لە هەمەدان پیوەندیی بە بانگێهشتی ئیدارەی ئیتیلاعاتی سنەوە هەبووە.

۱۳۹۱/۰۳/۰۴

راگه‌یاندراوی یه‌کیه‌تیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران بەبۆنەی چەوساندنەوەی نەتەوەی بەلووچ لە ئێران

یزاکا: یه‌کیه‌تیی زانایانی ئایینیی کوردستان ئێران به‌بۆنه‌ی چه‌وساندنه‌وەی نه‌ته‌وەی به‌لووچ له ئێران راگه‌یه‌ندراوێکی بڵاو کردەوە.


خه‌ڵکی موسڵمان و ئازادیخوازی ئێران
موسڵمانانی به‌ڕێزی ئه‌هلی سوننه‌ت

مامۆستایانی ئایینیی سوننه‌ مه‌زهه‌ب له‌ زاهیدان له‌ژێر سته‌می مه‌زهه‌بی نه‌ته‌وایه‌تیدا له‌لایه‌ن کۆماری ئیسلامیی ئێرانە ده‌چه‌وسه‌وێنه‌وه‌ که‌ به‌گوێره‌ی زانیاریه‌کان ده‌سبه‌سه‌ر کردنی مامۆستایانی ئایینی له‌لایه‌ن هێزه‌ دژی مرۆییه‌کانی کۆماری ئیسلامی له‌ زاهیدان درێژه‌ی هه‌یه‌. ئه‌م کرده‌وه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که‌ پێشێلکاریی ئاشکرای مافی مرۆڤه‌ له‌ بواری ئایینه‌وه‌ و بێ‌حورمه‌تی به‌ مه‌زهه‌بی سوننه‌یه‌. کۆماری ئیسلامی ئێران بێ‌ ره‌چاو کردنی مافی که‌مینه‌ مه‌زهه‌بییه‌کان له‌ ئێران رۆژانه‌ به‌ بیانوی جۆراوجۆر په‌لاماری خه‌ڵکی موسڵمانی به‌لووچستان و زاهیدان و رێبه‌رانی ئایینیی ئه‌هلی سوننه‌ت  ئه‌دات، یه‌کیه‌تیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران، بیروڕای گشتیی جیهان به‌تایبه‌تی جیهانی ئیسلام ئاگادار ده‌کاته‌وه‌ که‌  کۆماری ئیسلامی سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌ هه‌موو شار و ناوچه‌کان له‌ دانانی  به‌ربه‌ست و زه‌بر و زه‌نگ و توندوتیژی دژی نه‌ته‌وه‌کانی دانیشتوی ئێَران هیچ کۆتاییه‌ک ناکات، به‌ردەوام به‌ بیانوی جۆراوجۆر په‌لاماری مامۆستایانی ئاینی ئه‌هلی سونه‌ت له‌ زاهیدان و به‌لووچستان ئه‌دات.

یه‌کیه‌تیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران داوا له‌ موسڵمانانی ئه‌هلی سوننه‌ت و مامۆستایانی ئاینی له ‌ئێراندا ده‌کات دژی ئه‌م کرده‌وه‌ دژه‌ مه‌زهه‌بیه ‌و مرۆییه‌ی کۆماری ئیسلامی ئێران هه‌ڵوێست بگرن و رێگا نه‌ده‌ن چی دیکه‌ بێ رێزی به‌ که‌سایه‌تییه‌ ئایینییه‌کان بکرێ‌. هه‌ڵوێستی ئێوه‌ دژی ئه‌م رێژیمه‌ له‌ پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ گرتن و بێ‌ڕێزی کردن به‌ مامۆستایانی ئایینیی ئه‌هلی سوننه‌ت ئه‌رکی مه‌زهه‌بییه‌ که‌ ده‌توانێ‌ پاشه‌کشه‌ به ‌رێژێمی به‌ناو کۆماری ئیسلامیی ئێران بکات.


یه‌کیه‌تیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران
٤ی بانەمەڕی ١٣٩١ی هەتاوی

۱۳۹۱/۰۲/۲۷

مامۆستایەکی ئایینیی سوننە مەزهەب بانگهێشتی دادگای تایبەتی مامۆستایانی ئایینیی ورمێ کرا



یزاکا: مامۆستایەکی ئایینیی سوننە مەزهەب بەناوی مامۆستا "سەلام گوڵنەواز" خەڵکی گوندی "شێوە ئیبراهیم"ی سەربە ناوچەی سەردەشت، لەلایەن دادگای ورمێ بانگهێشت کراوە.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی موکریان، مامۆستا "سەلام گوڵنەواز" مامۆستای ئایینیی سوننە مەزهەب و پێشنوێژی گوندی "شێوە ئیبراهیم" لە ناوچەی سەردەشت، بە نامەیەک لەلایەن دادگای تایبەت بە مامۆستایانی ئایینیی ورمێ‌وە بانگهێشت کراوە.

لەو نامەیەدا هیچ ئاماژەیە بە تۆمەت و هۆکار، یان هۆکارەکانی بانگهێستی ناوبراو نەکراوە.

۱۳۹۱/۰۲/۲۶

لە مەریوان هێرش كرایە سەر مامۆستایەكی ئایینی

یزاکا: لە شەوانی رابردوودا مامۆستایەكی ئایینی لە یەكێك لە مزگەوتەكانی مەریوان كە سەرقاڵی قسە كردن بۆ خەڵك بووە، لەلایەن چەند كەسێکی ئیسلامیی توندڕەوەوە هێرشی كراوەتە سەر و شەڕ و پێكدادان ساز بووە.
بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، شەوی 24 لەسەر 25ی بانەمەڕ لە یەكێك لە مزگەوتەكانی شاری مەریوان مامۆستایەكی ئایینی كە سەرقاڵی قسە كردن بۆ خەڵك بووە، لەلایەن چەند كەسی سەر بە رێكخراوە ئیسلامییە توندڕەوەكانەوە هێرشی كراوەتە سەر و لە ئەنجامدا لە نێوان خەڵك و ئەو چەند كەسەدا توندوتیژی و پێكدادان هاتۆتە ئاراوە.


سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەش داوە كە دواتر شێرزادی ئیمام جومعەی مەریوان دەستێوەردانی لەو رووداوەدا كردووە و بە نیشانەی پشتیوانی لەو چەند كەسە ئیسلامیە توندڕەوە، بەدژی ئەو مامۆستا ئایینە و خەڵكەكە قسەی كردووە.

بە وتەی دانیشتوانی مەریوان چەند ساڵێكە هێندێ‌ لایەن بە تەمای لابردنی کۆمەڵێک مامۆستای ئایینی و پێش نوێژی خۆشناون و بەم چەشنە رەوتێك لە هەڵاواردنی مەزهەبی دەستی پێكردووە.


ماوەیەك لەمەوپێش چەند ئیسلامییەكی توندڕەو لەناو شاری جوانڕۆ بە بیانووی نوێژ نەكردن هێرشیان كردە سەر هاووڵاتییەك و سووكایەتی و بێحورمەتییان پێكرد و لایەنە پێوەندیدارەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانیش هیچ هەڵوێستێكیان نەبوو.

سەردانی هەیئەتێکی حدک ئێران، لە یەکیەتیی زانایانی ئایینیی هەرێمی کوردستان ــ لقی سلێمانی

یزاکا: هەیئەتێکی حدک ئێران بە سەرپەرستیی بەڕێز مستەفا هیجری، سەردانی یەکیەتیی زانایانی ئایینیی هەرێمی کوردستانیان لە سلێمانی کرد.


رێکەوتی ٥ی بانەمەڕی ١٣٩١ی هەتاوی، هەیئەتێکی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران، بە سەرپەرستیی بەڕێز "مستەفا هیجری" سکرتێری گشتیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان، سەردانی "یەکیەتیی زانایانی ئایینیی هەرێمی کوردستان ــ لقی سلێمانی"یان کرد و لەلایەن هەیئەتێکی ئەو یەکیەتییە بە سەرپرستیی بەڕێز "مامۆستا نەجمەدین قادر" بەرپرسی لقی سلێمانی بە گەرمی پێشوازییان لێکرا.


لەم سەردانەدا مامۆستا نەجمەدین قادر، خۆشحاڵیی‌ خۆیان و ئەندامانی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی زانایانی ئایینیی هەرێمی کوردستانی بۆ ئەم سەردانەی بەڕێز کاک مستەفا هیجری دەربڕی و لە درێژەدا ئاماژەی بە خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێمۆکرات و رێزگرتنی رێبەرانی حیزب، لە کەسایەتییە ئایینییەکانی کوردستان بەرز نرخاند و هەروەها باسی هەڵوێستی بەرز و پیرۆزی رێبەرانی ئایینیی لە جووڵانەوە نەتەوەیی کوردستان کرد.


دواتر بەڕێز مستەفا هیجری سپاسی ئەو پێشوازییە گەرمەی یەکیەتیی زانایانی ئایینیی هەرێمی کوردستان ــ لقی سلێمانیی کرد و باسێکی لەسەر رۆلی‌ مامۆستایانی خەباتگێڕی کوردستانی کرد و لەباسەکەیدا وتی: "رۆڵی‌ مامۆستایانی ئایینیی کورد لە خزمه‌ت بە ئامانجە نەتەوایەتییه‌کانی کورد لە کەس شاراوە نییە و ماموستایانی نیشتمانپەروەری کوردستان لە تەواوی رووداوە مێژووییەکانی جووڵانەوەی رزگاریخوازیی کوردستان، بانگەشەی ئاشتی و ئازادی و پێکەوەژیانی هەموو پێکهاتەکانی کوردستانیان کردووە و دژی توندوتیژی راوەستاون".


بەرێز هیجری، لە درێژەی باسەکەیدا ئاماژەیان بە جەنایەتەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران و دەستە و تاقمە تیرۆریستییەکانی ئەو رێژیمە کرد کە بەناوی ئایینی پیرۆزی ئیسلامەوە بێ‌بەزەییانە خەڵکی مەدەنی و بێ‌تاوان و مافخوازی ئێران و کوردستان شەهید دەکەن و لەو بارەوە هەڵوێستی نەتەویی و مرۆڤدۆستانەی ماموستایانی ئایینیی کوردستانی ئێرانی بە لەقاو دانی سیاسەتە دژەمرۆییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانی کرد و وتی: "زۆر لە کەسایەتییە ئایینییەکانی کورد، ئێستا لەژێر بێ‌بەزەییانەترین ئازار و ئەشکەنجەی ئەم رێژیمە کۆنەپەره‌ستە دان".







سەرچاوە: کوردستان میدیا           
وێــنە: کوردستان میدیا

۱۳۹۱/۰۲/۱۷

رێژیمی ئێران، کەسێکی هاوشێوەی ئیمام عەلی دروست دەکات

یزاکا: رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە پێکهێنانی تیمێکی زانستیی تایبەت، هەوڵی کۆپی کردنی هاوشێوەی ئیمام عەلی دەدات.


بەگوێرەی لاپەڕەی فەیس‌بووکی سادق مووسەوی، سیاسەتڤانی سەربەخۆی عێراقی، کۆمەڵەی خۆشەویستان و ئۆگرانی ئیمام عەلی ــ خەڵیفەی چوارەمی موسڵمانان ــ کە بارەگاکەی لە ئێران دایە، لە هەوڵی دروست کردنی کەسێکی  هاوشێوەی ئیمام عەلی دان.


بۆ ئەو مەبەستەش دوکتورێکی فەڕانسەیی بە ناوی خاتوو "بریجیت بواسۆلییە" بەڕێوەبەری زانستیی کۆمپانیای کلۆن ئیدی کیمیاوی هاریکارییان دەکات هەتا بە پێکهێنانی تیمێکی زانستی، هاوشێوەی عەلی کوڕی ئەبووتالیب کۆپی بکات.


هەروەها ئەو هەواڵە لەلایەن ماڵپەڕی تایبەت بە "کۆمەڵەی خۆشەویستانی عەلی"یەوە پژڕاست کراوەتەوە.


ئەو تیمە پزیشکییە لە پشکنینەکانیدا لەمەڕ دۆزینەوەی ئاسەواری "DNA"ی ئیمام عەلی هەوڵێکی چڕی گرتۆتە بەر و هەتا ئێستاش کۆمەڵێک شتی بەکەڵکیان دۆزیوەتەوە کە لە کۆپی کردنی خێرای ئیمام عەلی یارمەتیدەر دەبێت.

بەرگری لە ئامادە بوونی دوو دەزگای چاپەمەنیی مەزهەبی سوننە

یزاکا: لە ٢٥مین پیشانگای نێودەوڵەتیی پەرتووک لە شاری تاران پێش بە دوو دەزگای چاپەمەنیی سوننە مەزهەب گیرا.

بەپێی راپۆرتێک کەلە ماڵپەڕی "سوننی ئانلاین"دا بڵاو بۆتەوە، دوو ناوەندی چاپەمەنی بەناوەکانی "سەدیقی" و "فارۆقی ئەعزەم"، وەکوو دوو دەزگای چاپەمەنیی چالاکانی بواری مەزهەبی سوننە، لە بەشداری لە پیشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە شاری تاران پێش‌گیرییان لێکراوە.


ئەو دوو ناوەندە سەرەڕای ئەوەش کەلە رێکەوتی دیاریکراوی ناونووسی لەمەڕ بەشداری لە ٢٥مین پیشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە تاران ناونووسییان کردبوو، پێشگیرییان لێکرا و ئیزنی بەشدارییان پێ نەدرا.

کاری سەرەکیی ئەو دوو چاپەمەنییە، چاپ و بڵاو کردنەوە پەرتووکی قوتابخانەکانی مەزهەبی سونەیە.