۱۳۹۱/۱۱/۰۴

جێژنی لەدایک بوونی پێغەمبەرتان لێ پیرۆز بێ (مەلا برایم مەجیدپوور)

خوشک و برایانی بەڕێز گەلی بە شەرەفی کوردستان رێبوارانی ئایینی ئیسلام، بەبۆنەی لە دایک بوونی ئەو رێبەرە مەزنە پڕ بە دڵ پیرۆزبایی لە سەرجەم موسوڵمانان و بە تایبەتی خوشک و برا کوردەکانم دەکەم و هیوادارم ئەو رێبەرە بکەین بە سەرمەشق بۆ خەباتی رزگاریخوازانە و مرۆڤدۆستانەکە مان و رزگاری گەل و نیشتمان. رٶژی ١٢ی ربیعول‌ئەوەل رۆژێکی مێژویی‌یە لە ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا کە هەموو ساڵێک بەشکۆوە یادی دەکرێتەوە.



خەڵکی بە شەرەفی خاوەن ئیمان، گوێی بگرن لە بانگەوازی پێغەمبەر کەلە ساڵی دەیەمی کۆچیدا لە رۆژی ٢٥ی زیقەعیدەدا فەرموویەتی و نامەوێ دەقەکەی لێرەدا بگێڕمەوە چونکە زۆری پێدەوێ تەنیا پوختەکەی بە کورتی پێشکەشتان دەکەم کە فەرموویەتی: خەڵکینە ئێستا لە مانگی حەرام و رۆژی حەرام لە شاری حەرام دان، واتە لەوانەدا هەموو خەتا و تاوانێک قەدەغەکراوە. ئەوەش پێمان دەڵێ کە گوێ بگرن و فێر بن و بزانن خوێن و ماڵ و نامووستان لێکتر حەرامە، باش بزانن زوڵم خراپترین کردەوەیە و زاڵمیش خراپترین ئینسانە، ماڵی کەس بۆ کەس حەڵاڵ نییە و نابێ دەستی بۆ بەری مەگەر بە ئیزنی خۆی، گیانی مرۆڤ بایخدارە و نابێ بە فیڕۆ بدرێی و بکرێتە قوربانیی حەز و ویست و بەرژەوەندیی کەس. دوای من رێبازەکەم بەرمەدەن و ئەو راسپاردانە پشت گوێی مەخەن، بزانن هەوا و هەوەس و لوت‌بەرزی دوژمنی قەستە سەرتانن و مەچنە ژێرباریانەوە. بزانن ژنان لەلای ئێوە ئەمانەتی خوان نەک کۆیلە و یەخسیر، ئەوانە شەریکی راستەقینە و هاوبەشی ژیانتانن، ئەمیندار بەر پرسە لە چاک راگرتنی ئەمانەتەکان. ئەوانە دەبنە دایک و دایکیش شەریفترین هاوبەشی ژیانە. دایکی ئیوەش ژنە و رەنج و مەینەتی زۆری پێوە کێشاون و زەحمەتکێشترین و دڵسۆزتر و بەئەمەگترینن و شەو و شەونخونیان لەسەر کێشاون، پەروەردەیان کردوون و پێیان گەیاندوون و تەحویلی کۆمەڵگایان داون، هەرچەند ئەرکە، بەڵام ئەگەر بۆ قەرەبووی رەنج و مەینەتەکانیشیان بێ، پێیان قەرزدارن و دەبێ قەرزەکانیان بدەنەوە. ژن و پیاو هەردووکیان مرۆڤن و وەبەر فەرمانی {یا ایها الناس} دەکەون بەبێ کەم و زیادی، بە بڕیار و فەرمانی خوایی لێک حەڵاڵ دەکرێن و لە حاڵەتی ناچاریشدا هەر بە پێی یاسای ئیسلام لێک جیا دەبنەوە. لەدایک بوونی و چۆنیەتیی ژیانی پڕیەتی لە دەرس و ئەزموون و راسپاردە و پەیامی پڕ مانایان تێدایە. مناڵێک کە باوکی نابینێ و دایکی لە تەمەنێکی کەمدا لە دەست داوە و بە کوردی بە هەتیوی گەوەرە بووە و لەئاکام دا ئەو پلە بەرزەی لە خواوە پێدراوە،سرنجڕاکێشە و ئەوە دێنێ کە بە قووڵی بە شێوەی زانستی لێک بدرێتەوە.

پەیامی پێغەمبەر [د.خ] بۆ پەیڕەوانی پەیامی سەداقەت و راستی و ئەمینداریە، پەیامی خزمەت بە گەل و نیشتمان و هاوکاری و برایەتییە. بڕوانن: پێغەمبەر [د.خ] چۆن بۆ رزگاریی زێدەکەی چەندی جزیا کێشاوە و چۆن لەو پێناویدا دەربەدەر و تەرکە وەتەن بووە. چۆن لە ترسی دوژمنان لە پێناوی رزگاری، زێدەکەیدا خۆی لە ئەشکەوت و رەندۆڵاندا حەشار داوە، چۆن لە زیدەکەی رای کردووە و پاشان بەخەبات و قوربانی دان و فیداکاری سەر بەرزانە گەڕاوەتەوە. بزانن ئێوەش کە خۆتان بە پەیڕەوانی ئەو دەزانن، زێد و نیشتمانتان لێ داگیر کراوە، دایک و کچ، باب و کوڕ و کەس و کارتان لێک هەڵبڕاون ، بۆ داوای مافی رەواتان ئێوەش قوربانی زۆر و گەورەتان داوە، خۆشەویستتان لە زیدی خۆی یاساغ کراوە. چاڵە رەشەکانی دوژمن لە رۆڵە باشەکانتان ئاخندراوە. دەبێ خۆڕاگری و بەردەوامی پێغەمبەرەکەتان رەچاو بکەن، ئامانجتان رزگاریی گەل و نیشتمان بێ لەژێر دەستی زاڵمان، دڵنیا بن رەوا بوونی داوا و بەر دەوامی بەسەداقەتەوە زامنی سەرکەوتنە. لەدایک بوونی کەسێک بەو کەسایەتییە سرنج راکێشەوە لە سەردەمی نەزانیدا خۆی جێگای شانازی پەیڕەوانیەتی و دەشێ هەمو ساڵێک بەشکۆوە یادی بکەنەوە.


خوشک و برایانی بەڕێزم، لەو بۆنە پیرۆزەدا دەمەوێ پێتان بڵێم: خەباتەکەمان رەوایە و هیچ دژایەتییەکی لەگەڵ دینەکەتان نییە، نەکا فریوی مەکر و فێڵی دوژمنان و خۆفرۆشان بخۆن و بەناوی دین کڵاوتان بچێتە سەر و واتان تێ بگەیەنن و چەواشەتان بکەن کە گۆیا داوای مافی رەوای نەتەوایەتی و خەبات لەو بوارەدا بە دژی ئایینی ئیسلامە!، نانا هەرگیز ئەوە راست نییە و ئەو شێوە بیرکردنەوە و گوتار و کردارانە دەقاودەق بە دژی ئیسلام و لەگەڵ عەداڵەتخوازی ئەو نایەنەوە. بێ‌گومان پێغەمبەریش بۆ تێگەیاندن و پێگەیاندنی نەتەوەکەی و لایەنگرانی ئەو پەڕی هەوڵ و تەقەلای داوە. وەک لە پێشەوە باسم کرد بەپێی دەیان ئایەتی قورئان، زوڵم خراپ‌ترین کردەوەیە و زاڵمیش خراپترین و پەست و رەزیل‌ترین ئینسانە. ئەرکی ئایینیی گشت موسڵامان و ئیمانداران و لە ناویاندا  زانا و مامۆستاکانی ئایینییە بەدژی ئەو زاڵمانە هەتا رزگاری زێدەکەمان و وەدیهێنانەوەی مافە خودا پێداوە داگیرکراوەکەمان رابووەستین و بەرەنگاریان ببینەوە، ئەوە رێچکەیەکە پێغەمبەر پێیدا رۆیشتووە، چونکە ئەگەر زوڵم و زاڵم بنە بڕ بکرێن عەداڵەت بەرقەرار دەبێ، ئەگەر عەداڵەتیش حاکم بۆ مافی هەموو نەتەوە و کەسێک دیار و پارێزراوە. کەوا بوو یادی لە دایک بوونی پێغەمبەر [د.خ] بۆ لایەنگرانی دەبێ وەبیرهێنەرەوەی خەبات و تێکۆشانەکانی بێ، دەبێ رەچاو کردنی ئەرک و راسپاردەکانی بێ، کە گرینگ‌ترینیان بەر هەڵستی کردنی زاڵم و زۆردارانە، لەناو بردنی ملهۆڕان و داگیرکەرانە. شادی و خۆشی مروڤی موسوڵمان دەبێ کە وەها رێبەرێکی بۆ دیاری کراوە، ئەو کاتە بێ کە هەق بە سەر ناهەقدا زاڵ دەبێ، داگیرکەر دەستی دەبڕدرێ و بەرەو شوێنی خۆی راو دەنرێ، ئەو کاتە جێژنی راستیی موسڵمانانە کە بتوانن زۆرتر راسپاردەکانی بەڕێوەبەرن و  ئاسەواری زوڵم لە زێدەکەمان نامێنێ و ماف بە خاوەن ماف دەگاتەوە. موسوڵمان دەبێ دوای بەجێ هێنانی راسپاردەکانی خوایی، جێژن بگرن. جێژن رزگاریی هەژاران و چەوساوانە، ئەگەر سرنجتان دابێ خەباتی پێغەمبەریش [د.خ] لە رزگاریی بەندە و نۆکەراندا دەستی پێکرد، زۆرینەی گیانبازانی ئەو چینی هەژار و مام ناوەندی بوون بەدەگمەن دەوڵەمند و دەسەڵاتداری لەگەڵ دەکەوتن، چونکە پێیان وابوو شەرمە لەگەڵ عەبد و نۆکەران و فەقیر و نەداران نەک هاوڕێ بن بەڵکوو لەگەڵیشیان دانیشتیان بە شوورەیی دەزانی!!


جێژنی مەولوود تەنیا خورما خواردن و نوقڵ و نەبات بەخشینەوە نییە، جێژنی فێربوون و دەرس وەرگرتنە لەو رووداوە پڕ ئەزموونە مێژوویی‌یە ، جێژنی لەدایک بوونی رێبەرێکە کە پەیڕەوەکانی بەردەوام دەبێ لە بەر چاویان بێ، ئاکارەکانی بەوردی رەچاو بکەن، پەیامەکانی وەک خۆی وەر بگرن بۆ مەبەستی خۆی دەکاری بێنن، کەلە راستیدا دەبنە هۆی بەختەوەری ئەنجام دەران و رێزلێنان لە مافی مرۆڤەکان بەو هیوایە لەو بۆنانەدا بەخۆماندا بچینەوە و لە کردەوەدا بیسەلمێنین کە رێبەر و راسپاردەکانیمان فەرامۆش نەکردەوە.


دوبارە جیژنتان پیرۆزبێ

پەیامی بەڕێز مستەفا هیجری بە بۆنەی جێژنی مەولوود

یزاکا: بەڕێز مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران، بەبۆنەی لەدایک بوونی پێغەمبەری موسڵمانان، پەیامی پیرۆزبایی خۆی بڵاو کردەوە.


بە بۆنەی جێژنی مەولوود رۆژی لەدایک بوونی حەزرەتی محەممەد (د)، پێغەمبەری موسوڵمانان، پیرۆزبایی خۆمان پێشکەش بە هەموو موسوڵمانانی جیهان بە تایبەت خوشک ‌و برا کوردە موسوڵمانەکانمان لە سەرانسەری ئێران دەکەین.


بە هیوای رۆژانێکی پڕ لە خۆشی ‌و ئارامی بۆ هەموو لایەک.


حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران
سکرتێری گشتی
مستەفا هیجری
٤ی رێبەندانی ١٣٩١ی هەتاوی

سەرچاوە: ماڵپەڕی کوردستان میدیا

پەیامی پیرۆزبایی یزاکا به‌ بۆنه‌ی له‌دایک بوونی پێغه‌مبه‌ر حه‌زره‌تی محه‌ممه‌د (د)

یزاکا: یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران بەبۆنەی لە دایک بوونی پێغەمبەری ئیسلام، پیرۆزبایی سەرجەم موسڵمانان دەکات.


به‌ نێوی خوای گه‌وره‌

بڕواداران و رێڕه‌وانی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام، به‌ بۆنه‌ی ساڵڤه‌گه‌ڕی له‌ دایک بوونی خۆشه‌ویستی خوا و پێغه‌مبه‌ری ره‌حمه‌ت، حه‌زره‌تی محه‌ممه‌د سڵاوی خوای لێ بێت پیرۆزبایی خۆمان ئاراسته‌ی سه‌رجه‌م موسڵمانانی دونیا و به‌ تایبه‌ت موسڵمانانی کوردستان ده‌که‌ین و له‌ خوای مه‌زن هیواخوازین داکۆکی‌کارێکی راسته‌قینه‌ و رێبوارێکی به‌ وه‌فای ئه‌م رێبازه‌ ببین و به‌ ته‌یار کردنی خۆمان به‌ چه‌کی زانست له‌ به‌رانبه‌ر ناحه‌زانی ئیسلامی راسته‌قینه‌ و هه‌نگاو نان له‌ پێناو هاتنه‌ ئارای ئایینێک که‌ ماف ویستی هه‌ر تاک و کۆمه‌ڵێک له‌ به‌رچاو گیراوه‌ و ده‌گرێت.


هه‌ر بۆیه‌ خه‌باتی پێغه‌مبه‌ریشمان له‌م به‌ستێنه‌دا به‌ روونی هه‌ستی پێ ده‌کرێت و حه‌قپه‌روه‌رینمان ده‌فه‌رموێ: "ئێمه‌ بۆیه‌ تۆمان ره‌وانه‌ کرد که‌ ببی به‌ هێمای خۆشی و ره‌حمه‌ت بۆ هه‌مووان".



به‌ڵام ئه‌م هه‌ڵسوکه‌وت و پێشلکاری مافی مرۆڤ که‌ له‌ کۆماری به‌ ناو ئیسلامی ده‌رحه‌ق به‌ خه‌ڵکی ئێران به‌ گشتی و گه‌لی کورد به‌ تایبه‌تی ده‌کرێ له‌گه‌ڵ فه‌رمووده‌کانی پێغه‌مبه‌ری موسڵمانان ناته‌بایه‌ و ئه‌رکی هه‌موو مامۆستایانی ئایینی ئیسلامه‌ که‌له‌ ساڵڤه‌گەڕی له‌ دایک بوونی رێبه‌ری مه‌زنی ئیسلام دا کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک ئاگادار که‌نه‌وه ‌کە چی دیکه‌ به‌رانبه‌ر به‌ ئه‌و نادادپه‌روه‌رییه‌ بێ ده‌نگ نه‌بن.

جارێکی‌تر جێژنتان پیرۆز بێت و بڕواتان به‌م رێبازه‌ پته‌وتر.


یه‌کیه‌تیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران

٤ی رێبەندانی ١٣٩١ی هەتاوی

۱۳۹۱/۱۱/۰۲

پەیامی پیرۆزبایی یزاکا، بەبۆنەی ساڵڤەگەڕی دامەزرانی کۆماری کوردستان

بەنێوی خوای گەورە و دلۆڤان

هاونیشتمانانی بەڕێز و کورد و کوردستانییانی خۆشەویست، بەبۆنەی بەبۆنەی ساڵـڤەگەڕی کۆماری کوردستان پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەیی سەرجەم گەلی کورد و بەتایبەت میراتگرانی و رێڕەوانی رێگەی راستەقینەی کۆمار واتە حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران دەکەین و لە خوای مەزن هیواخوازین کەلە پێناو گەیشتن بە هەموو مافێکی خۆڕسک و سروشتیمان هەتا وەدیهاتنی سەرجەم ئاواتەکانی کۆمار سڵ نەکەینەوە و بۆ مسۆگەریی دادپەروەری و یەکسانی لێبڕاوانە هەوڵ بدەین و تێبکۆشین.


گەر روانینیکی راستەقینە و بە دوور لە درمارگرژیمان سەبارەت بەو کۆمارە ساوایە هەبێت و شرۆڤەی زانستییانەی ئەم بابەتە بکەین، ئەم راستییە روون دەبێتەوە کە کۆماری کوردستان نەک هەر جێی خۆی بەرحەقە، بەڵکوو دەگاتە رادەی واجب بوونیش، بەتایبەت لەسەر دەستی کەسایەتییەکی لە یەک کاتدا تەواو عەیار ئایینی و بە تەواو مانا نەتەوەیی و میللیی وەکوو پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێیانی، چونکە ئایینی راستەقینەمان فیر دەکات کە داکۆکی لە مافی چەوساوان و هەژاران کە ئەرکی سەرەکیی هەر تاکێکمانە و خۆ دەدزینەوە و بە تەنگەوە نەهاتن بەڵگەی هەرە لاوازی ئاینییە هەروەک لەم بەستێنەشدا خوا دەفەرمی، کەسی بڕوامەند کەسێکە کە بێ لەبەر چاو گرتنی بەرژەوەندیی خۆیی و تەنانەت نانەوەی سەریش لە بەرابەر ناعەداڵەتیی دەسەڵاتی نادادپەروەردا هەڵوێست دەگرێت و دەبێتە نمادی راستەقینەی فەرمایشی پێغەمبەریشمان کە دەفەرموێ، گەورەترین جیهاد ئەوەیە کەلە بەرابەر سوڵتانی زاڵمدا مەتەرێز بگرن.


هەر ئەم بەڵگە ئایینییانەش وایان کردووە ئێمە وەکوو یزاکا رێبەرمان پێشەوا قازی محەممەد وەکوو سەرقافڵەی شەهیدانی دۆزی رەوای گەلەکەمان ئەژمار بکەین و رێزی لێ بگرین.


ئێمە لە کاتێکدا رێز لەم رۆژە دەگرین کە دوای تێپەڕینی حەوت دەیە لەو کاتە، نەک هەر رۆژ بە رۆژ چەوسانەوە و نەحەسانەوەمان لە پەرەسەندندا بووە و حاکمانی وڵات سەرەڕۆ و دیکتاتۆرتر بوونە و ئەوەی جێگای داخە ئەمڕۆ لەژێر سایەی حکوومەتێک دەچەوسێینەوە کەبە ناوی ئیسلام و ئایینیی خوا و دەرفەت وەرگرتن لە یاسای ئاسمانی، هەر جۆرێک حەز بکەن بەبێ سڵ کردنەوە هەوڵی قەڵاچۆ و نکۆڵیمان دەدەن کە بە رۆژانە شاهیدی تاوان و جینایەت کەچی بەداخەوە پیاوانی ئایینیشمان کەمتر دەنگیان لێوە دێت، یان باشترە بڵێین هەموو دەنگێک هەر لە نوتفەدا خەفە دەکرێت. کەسانی ئایینیمان پێویستە زۆیان بەرپرسیاری گەلەکەیان بزانن هەر وەکوو زانیویانە و بۆ لەقاو دانی ئایینی دوور لە راستیی کۆماری ئیسلامیی ئێران تێبکۆشن.


بەرز و پیرۆز بێت ٢ی رێبەندان
سەرکەوێ بزووتنەوەی رەوای گەلەکەمان
و سلام علیکم و رحمة اللة و برکاتة