۱۳۹۲/۰۱/۱۱

کۆنگرەی پازدەمی حیزبی دێمۆکرات و ئامانجەکانی، (ن: مامۆستا کاوە)

کۆنگرەی پازدەهەمی حیزبی دێمۆکرات و ئامانجەکانی

پاش ٦٩ ساڵ خەباتی بێ وچان لەپێناو ئازادی و پێکهێنانــی پازده کۆنگره و دەیان کۆنفڕانس و پلینۆم، بێ گومان کۆنـــگرەی پازدەی حــدکا له کەش و هەوایەکی تەواو دێمۆکراسی و ئازادی و له هەلومەرجێکی ناسکدا پێک هات.




راپورتی کۆنگره و باس و خواستەکان و وردەکارییەکانی و بەتایبەت بۆ یەکەم جار بەشداریی زۆرێک له رووناکبیران و رۆژنامەنووسان و چاودێرانی سیاسی له دەرەوەی بەدەنەی حیزب، یەکێک له گرینگترین دەسکەوتەکانی کۆنگره بوون.


ئەوەی من دەمهەوێ باسی لێ بکەم دروشمی کۆنگرەیه: "ههوڵدان بۆ یهکڕیزی لهپێناو سهرکهوتندا".


به بڕوای من ئەم دروشمه له تیۆریه و وردە ورده دەبێ به پراکتیک. به واتایەکی دیکە دەتوانم بڵێم وەرچەرخانێکە له سیاسەتی حدکا به لەبەرچاو گرتنی هەلومەرجی هەستیاری هەنووکەیی و ئەو گۆڕانکارییانەی که به خێرایی بەسەر ناوچەکەدا هاتۆته ئاراوه. بەشێک لەم سیاسەتە نۆێیه ستراتیژی  و چۆنیەتیی هەڵسوکەوت لەگەڵ هێزه سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانه کەله وتەکانی سکرتێری ئەم حیزبه له جێژنی کۆنگرەی پازدەدا بەدی دەکرێ. هەڵبەت ئەم سیاسەته له پێش کۆنگره پلانی بو داڕێژرابوو که رێکەوتننامەی مێژوویی نێوان حدکا و کۆمەڵەی لی کەوتەوه و بوو به جێگای دڵخۆشیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان. پیش کۆنگره هێندێک کەس و لایەن که هەمیشه نیوەی بەتاڵی پەرداخەکه دەبینن، پێیان وابوو ئەوه تاکتیکی حدکایه بۆ بەستنی کۆنگره و زۆر بۆچوونی سەیر و سەمەرەی‌تر، بەتایبەت بۆ رای گشتی. بەڵام ئێمه دیتمان لە دەس پێشخەرییەکی بێ وینەدا هەیئەتێکی پایەبەرزی ئەم حیزبه بۆ یەکەم جار پاش جیابوونەوەکەی سێپتامبری ٢٠٠٦ بەرانبەر به سەرماوەزی ١٣٨٥سەردانی هاوڕێیانی پێشووی خۆیان کرد و جارێکی دیکه سەلماندیان بەرژەوەندی گەل له سەرووی هەموو شتێکه و توانییان ئەم تابۆیه بشکێنن و دەرگای وتووێژ له هاوڕێیانیان بکەنەوه بۆ یەکڕیزی و تەنانەت یەکگرتنەوه.


ئەم دەست پێشخەرییەی حیزبی دێمۆکرات بوو به جێگای خۆشحاڵی خەڵکەکەمان. هەڵبەت ئەم هەنگاوه سەرەڕای ئەوەی گەورەیی و لەخۆبردوویی و راستگۆیی حیزبی، به کۆمەڵانی خەڵکی نیشان دا له هەمان کاتدا له حیزبێکی وەک حدکا که خۆی به ئاڵا هەڵگری بزووتنەوەی میللی دێمۆکراتیکی گەلەکەمان لەم بەشە دەزانێ هەر ئەوەش چاوەڕوان دەکرا. ئەم سیاسەته به خوشییەوه له کۆنگره پەسند کرا و چەسپا.


دوای کۆنگرەش درێژەی هەبوو، چاوپێکەوتنی رێبەریی ئەو حیزبه لەگەڵ هێزه سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان به بێ‌جیاوازی، نیشاندەری ئەم راستییەیه، تەنانەت له درێژەی ئەم سیاسەتەدا سکرتێری حیزب به هاوڕێیەتیی جێگر و  بەشێک له ئەنداماتی رێبەری، به دڵێکی فراوان و به باوەڕمەندییەکی قووڵ، به هەموو بەهاکانی مرۆڤایەتی و به لە بەرچاو گرتنی ویست و داخوازییەکانی گەلەکەمان بۆ جارێکی دیکه سەردانی هاوڕێیانی پێشوەی خۆیانیان کرد و بەو کردەوه ئیدی تووی ناهۆمێدیان له دلی ناحەزانی میللەتەکەمان چاند و لە هەمان کاتدا هیوا و هۆمێدیان خسته ناو دڵی کۆمەڵانی خەڵک.


ئەم حەرەکەته خۆشەویستیی حیزب و سکرتێر و باقی ئەندامانی رێبەریی له ناو خەڵکەکەماندا چەندقات کرد. کەوا بوو دەتوانین بڵێین حیزبی دێمۆکرات هەنگاوی جیدیی بۆ وەدی هێنانی ئامانجەکانی کۆنگرەی پازده دەنی، هیوادارین لایەنەکانی دیکه و هێزه سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە نیازپاکییەوه بڕواننه ئەم سیاسەته و به پیرییەوه بچن.


نووسین: مامۆستا کاوه لە نێوخۆی وڵات

۱۳۹۲/۰۱/۰۳

مەلایەکی ئایینیی کوردی لایەنگری رێژیمی بەشار ئەسەد کوژرا


یزاکا: مەلایەکی ئایینیی کورد، خەڵکی کوردستانی سووریە لە تەقینەوەیەکدا کوژراوە و هەتا ئێستا هیچ لایەنێکی سووری ئەو کوشتنەی وە ئەستۆ نەگرتووە.

دوکتور محەممەد سەعید رەمەزان بووتی بەرپرسی یەکیەتیی زانایانی سووریە کە پاڵپشتیی لە رێژیمی بەشار ئەسەد لە دژی ئوپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە دەکرد، رێکەوتی ١ی خاکەلێوەی ١٣٩١ی هەتاوی بەهۆی تەقینەوەیە لە مزگەوتی ئەمەویدا لە کاتی وانە وتنەوەدا کوژرا.

محەممەد سەعید رەمەزان بووتی



لەم تەقینەوەدا ٤٢ کسی دیکەش کوژراون و ٨٨ی دیکەش بریندار بوون.

تەلەفزیۆنی دەوڵەتیی سووریە قامکی تاوانی بۆ دژبەران درێژ کردووەتەوە و لە هەمبەریشدا ئوپۆزسیۆن، بەشار ئەسەد و رێژیمەکەی بە تاوانبار لەقەڵەم دەدەن.

دوکتور محەممەد سەعید رەمەزان بووتی لە ساڵی ١٩٢٩ لە گوندی "عەین دیوار"ی کوردستانی رۆژئاوا لە دایک بووە.

بووتی مانگی رابردوو داوای لە خەڵکی سووریە کردبوو کلە دژی ئوپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە راپەڕن و لە پێناو بەشار ئەسەددا گیانیان بەخت بکەن.

پێشتریش لە مەجلیسێکی حافیز ئەسەددا، مژدەی بەهەشتی بە کوڕێکی کۆچکردووی ئەسەد دابوو.

رەمەزان بووتی دژبەرانی سووریە بە کافر و دژبەری ئیسلام وەسف کردبوو.

۱۳۹۱/۱۲/۲۹

پەیامی نەورۆزیی یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران


یزاکا: بەبۆنەی ساڵی نوێی کوردی و هاتنی نەورۆزی کوردەواری، یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران پەیامێکی بڵاو کردەوە.



دەقی پەیامەکە:

بەناوی خوای بەخشەندە و مێهرەبان
پەیامی یەكیەتیی زانایانی ئایینیی كوردستانی ئێران بەبۆنەی جێژنی نەورۆزی ٢٧١٣ی كوردی

خەڵكی تێكۆشەری كوردستان
خوشك و برایان و موسلمانان
ساڵی ٢٧١٢ی كوردی بە هەموو كەند و كۆسپەكانییەوە كۆتایی پێ هات و لاپەڕەیەكی نوێ بە دەسپێكی ساڵێكی نوێ‌ لە ژیانی هەموان دەست پێ دەكاتەوە، بەبۆنەی ساڵی نوێ‌ پیرۆزبای خۆمان ئاراستەی هەموو خەڵكی ئێران بەگشتی و كوردستانی خۆشەویست بەتایبەتی دەكەین، هیوای شادی و سەرفرازی و بەختەوەری لە ساڵی نوێ‌ بۆ هەموو لایەك بە ئاوات دەخوازین، ساڵی ١٣٩١ بۆ خەڵكی ئێران پڕبوو لە تەنگ و چەڵەمە، گرتن و زیندانی كردنی ژنان و لاوان و پیاوانی كورد و ئێعدام و ئەشكەنجە و ئازار، فەقیری و نەبوون و گرانی، پەرە پێدانی مادە هۆشبەرەكان بۆ ئیزۆلە كردنی هەستی لاوان لە دیارییەكانی ساڵی رابردووی كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ خەڵكی ئێران بوو. هیوادارین ساڵی نوێ‌ سەرجەم هێز و لایەنەكان بە گوتارێكی هاوبەش، وێڕای پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی نەتەوەكەمان بەلەبەرچاوگرتنی ئاڵوگۆرەكانی ناوچە لە راستای دابین بوونی مافە نەتەوەیی‌یەكانمان هەنگاوی كاراتر هەڵبگرن.
نەورۆزی كوردان بۆ خەڵكی هەر چوار پارچەی كوردستان پڕ لە خێر و خۆشی و سەركەوتن بێت.

جارێكی دیكە پیرۆزبای خۆمان پێشكەش بە هەموو خەڵكی كوردستان بەگشتی و زیندانیانی سیاسی و بنەماڵەی بەرێزی شەهیدان دەكەین.

هەموو رۆژتان نەورۆز و نەورۆزتان پیرۆز
یەكیەتیی زانایانی ئایینیی كوردستانی ئێران
٢٩ی رەشەمەی ١٣٩١ی هەتاوی

۱۳۹۱/۱۲/۲۷

لە ئێران خوێندکارانی سوننە مەزهەبی قۆناغی دوکتۆرا لە درێژەدان خوێندن بێ‌بەش کران


یزاکا: ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە لە رێگەی حەراسەتی زانستگای کوردستانەوە، پێش بە خوێندنی، خوێندکارێکی قۆناغی دکتۆرای بیریکاریی کردووە و دواتریش دەر کراوە.

بەڵگەی تۆمەتەکانی چەشمە کەبوودی

ماڵپەڕی "مەکتەب قورئان" بڵاوی کردەوە، بەرپرسی زانستگا وەکوو بڕیاردەر، هیچ چەشنە لێدوانێکی لەو پێوەندییەدا نەداوە و تەنیا رایگەیاندووە کە هیچ کارێک ناتوانێت ئەنجام بدات.

ئەم ماڵپەڕە نێوی خوێندکارێکی قۆناغی دوکتۆرای وەکوو نموونە هێناوەتەوە و کە پاش دەرکران لە مامۆستایەتی، لە خوێندنیش بێ‌بەش کراوە.

ئەسما چەشمە کبوودی، هاوکات لەگەڵ وانە وتنەوە توانیویەتی لە قۆناغی کارناسیی باڵا سەرکەوتن بەدەست بێنێت و وەکوو خوێندکاری قۆناغی دوکتۆراش لە زانستگای کوردستان وەربگیردرێت، بەڵام بە تۆمەت‌گەلێکی جۆراوجۆر لە خوێندن لەو قۆناغەدا بێ‌بەش کراوە.

تۆمەتەکانی ئەسما لەلایەن ماڵپەڕی مەکتەب قورئانەوە بە "هەڵخراندنی قوتابیان و مامۆستایان بە مەبەستی چێ کردنی دووبەرەکیی مەزهەبی و بڵاو کردنەوەی تراکتی تەبلیغاتی لە قوتابخانەکان" راگەیەنراوە.

۱۳۹۱/۱۲/۱۶

کەسایەتییەکی ئایینی و نیشتمانپەروەر، لە ناوچەی شنۆ کۆچی دوایی کرد



یزاکا: مامۆستا سەید تاهیر فەهمی کەسایەتیی ئایینی و نیشتمانپەروەری ناوچەی موکریان، بەهۆی پیری لە تەمەنی ٨١ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

 
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١٤ی رەشەمەی ١٣٩١ی هەتاوی "مامۆستا سەید تاهیر فەهمی" کوڕی سەید عەبدولحەکیم، کەسایەتی ئایینی و نیشتمانپەروەری کورد لە ناوچەی پیرانشار کۆچی دوایی کرد.


مامۆستا سەید تاهیر لە ساڵی ١٣١٠ی هەتاوی لە ئاوایی" گەسگەسک" سەربە شاری پیرانشار لە دایک بووە و لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا وەک هەموو کەسێکی نیشتمانپەروەر بۆ ئامانجەکانی کۆماری کوردستان تێکۆشاوە.


لە ساڵی ١٣٣٩ی هەتاوی بەهۆی وەفادار بوون بە رێباز و ئامانجەکانی کۆماری کوردستان و درێژەدان بە ئەرکی نەتەوەیی خۆی، لەلایەن رێژیمی پەهلەوییەوە بۆ ماوەی زیاتر لە ٣ ساڵ دەسبەسەر زیندانی کراوە.


سەید تاهیر پاش ئازاد بوونی لەسەر رێبازی کوردایەتی بەردەوام دەبێت و هەتا ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی دیسان و بۆ جارێکی دیکە لەلایەن دەزگا سیخورییەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەتۆمەتی هاوکاری کردن لەگەڵ حیزبێکی دژبەری رێژیمی ئێران بۆ ماوەیەک دەسبەسەر و رەوانەی زیندان کراوە.


مامۆستا سەید تاهیر فەهمی وەک کەسایەتییەکی ئایینی لە کوردستانی باشوور و کوردستانی رۆژهەڵات و لە "پەسۆێ‌ و سێڵوێ" درێژەی بە خوێندنی وانە "ئایینی و نیشتمانی"یەکان داوە و پاشان بە کاری مەلایەتی خەریک بووە و بۆ ماوەی چەندین ساڵ لە شاری شنۆ و لە ئاوایی‌یەکانی "پرداوێ‌، خانلەر، سەوجە" وەک مامۆستایەکی ئایینی خەریکی خزمەت بە کۆمەڵگای کوردستان بووە و بەردەوام لەم رێگایەوە بۆ بە هێز کردنی بیری نەتەوەیی و تێکۆشان لەو راستایەدا، هەوڵی وشیار کردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵگای داوە.


مامۆستا تاهیر رۆژی دووشەممە ١٤ی رەشەمەی ١٣٩١ی هەتاوی، لە ئاوایی "سەوجە"ی سەربە شاری شنۆ کۆچی دوایی کرد و لە نێو ئاپۆرای گەرمی خەڵکی شاری شنۆ و لە گۆرستانی "سوڵتان مستەفا" ئەو شارە بە خاک سپێردرا.



رۆحی شاد و جێگای بەهەشتی بەرین بێت

۱۳۹۱/۱۲/۱۳

لە شاری پیرانشار مامۆستایەکی ئایینیی کورد دەسبەسەر کرا

یزاکا: هێزەکانی ئیتلاعاتی رێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە پیرانشار مامۆستایەکی ئایینیی ئەو شارەیان دەسبەسەر کرد.
 

رۆژی شەممە رێکەوتی ١٢ی رەشەمە مامۆستایەکی ئایینیی خەڵکی گوندی "گردە بن"ی سەربە ناوچەی پیرانشار بەناوی "عوسمان ئاژ" و تەمەن ٣٥ ساڵ، لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە.

هەواڵدەریی کوردپا وێڕای پژڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە رایگەیاندووە، ئەو مامۆستا ئایینییە پاش نوێژی هەینی لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر و بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمی راگوێزراوە.