۱۳۹۱/۰۲/۰۹

رەخنەی توندی مەولانا عەبدولحەمید مەولەوی لە بەرپرسانی رێژیم

یزاکا: لە دانیشتنێکی مەولانا عەبدولحەمید مەولەوی، پێش‌نوێژی هەینیی مەزهەبی سوننە لە شاری زاهیدان لەگەڵ خوێندکاراندا، رەخنەی توندی لە رێژیمی ئێران گرت و گوتی: دیکاتۆری  و سەرەڕۆیی لە دونیا دا بەقای نییە و ئێمە بە توندی مەحکوومی دەکەین.



بەگوێرەی راپۆرتی ماڵپەڕی سونی ئانلاین، مەولانا عەبدولحەمید، پێش‌نوێژی مەزهەبی سونەی شاری زاهیدان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ خوێندکاران، بۆ جارێکی دیکە رەخنەی لە چەوساندنەوەی هاووڵاتیانی سونە مەزهەب گرت.

مەولانا عەبدولحەمید، لە کاتێکدا ئەو رەخنەیەی هێنایە ئاراوە کە هەر لەو دانیشتنەدا لەگەڵ خوێندکارانی سوننە، لەگەڵ گوشار و ئاستەنگی هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بەرەوو بوونەوە.

پێش‌نوێژی مەزهەبی سوننە لە زاهیدان، لەو دانیشتنەدا گوتی: لە هیچ شوێنێکی دونیادا شتێکی بەو جۆرە نییە کە هاووڵاتییان بۆ گەڕان لە نێو وڵاتەکەی خۆیاندا، پێویستییان بە رەگەزنامە و مۆڵەت بێت.

ناوبراو لە درێژەدا دەڵێت: سەرەڕۆیی، چەوساندنەوە و دیکتاتۆری، هەتا سەر بەردەوام نییە و مەحکووم بە تەفروتوونا بوونە.

۱۳۹۱/۰۱/۳۱

مامۆستایەکی ئایینیی نیشتمانپەروەر و کەسایەتییەکی ناوداری شاری شنۆ، کۆچی دوایی کرد

یزاکا: بەپێی هەواڵێک کە به‌ ده‌ستی یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران گەیشتووە، رێکەوتی ٢٩ی خاکەلێوەی ١٣٩١ی هەتاوی، مامۆستا مەلا "سەید مستەفا تیشی" ناسراو بە "واژی" کوڕی برایم، مامۆستا و کەسایەتیی ناسراو و خۆشەویستی ناوچەی شنۆ، لە تەمەنی ٧٤ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

مەلا مستەفا کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر و خۆشەویستی خەڵک ناوچەی شنۆ بوو. تەرمی ناوبراو لە نێو ئاپۆرای گەرمی خەڵکی ئەو ناوچەیە و ئاشنایانیدا بە خاک سپێردرا.

یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران (یزکا) پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی بنەماڵە و کەس و کاری مامۆستا مەلا مستەفا و خەڵکی شاری شنۆ و هەروەها یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران دەکات و خۆی بە شەریک و بەشداری خەمیان دەزانێت.

۱۳۹۱/۰۱/۲۸

روون کردنه‌وه‌

به ناوی خودای بەخشندەی میهرەبان
روون کردنه‌وه‌
قال الله تبارک وتعالی:
( وتعاونوا علی البر والتقوی ولا تعاونوا علی الإثم والعدوان ) صدق الله العظیم.
خزمەت به دین و میللەت ئەرکی سەرشانی هەر کەسێکە و تەنیا واجبی سەرشانی چەند کەسێکی دیاری نێو کۆمەڵگا نییە. جا ئەگەر ئەم ئەرکە لە وڵاتێکی موسوڵمانی داگیرکراوی وەک کوردستان بێت، ئەوە زیاتر ئەم ئەرکە قورسایی دەخاتە سەر شانی تاک تاکی ئەو کۆمەڵگایە و لە سەرووی هەموویانەوە مامۆستایانی ئایینی کە هەمیشە ڕێبوارانی ئەم ڕێگایە بوونه.
مامۆستایانی ئایینی کوردستانیش به پێی ئەو جێگە و پێگەیەی کە لە نێو کۆمەڵگای کوردەواریدا هەیانه لە لایەکەوە و هەمیش وەکوو تاکێکی کورد و هەمیش وەکوو موسوڵمانیک کە دینەکە پێیان دەڵێت کە یارمەتیدەری مەزڵومان و ستەم‌لێکراوان بن، پشکی شێریان بەر دەکەوێت.
زۆر جێگای خوشحاڵییە کە مامۆستایانی ئایینیش شان وە بەر ئەم ئەرکە بدەن‌و واجبی دینی و نەتەوەیی خۆیان بە جێ بگەیەنن کە لەم حاڵەتەشدا هەم ڕەزامەندی خوای گەورە بە دەست دێنن و هەمیش لای گەلە چەوساوەکەیان خۆشەویست دەبن.
وەکوو خۆم سەرەڕای تەنگ و چەلەمەی ڕۆژگار تا ئەو جێگایەی بۆم کرا بێت، لە خزمەت به دین و نەتەوەکەم درێغم نەکردووەو ئەگەر شتێکم لە دەست هاتبێت نە تەنیا منەت نییە لە سەر هیچ کەسێک، بەڵكو به وەزیفەی خۆمم زانیوە.
لە کاتی ڕاگەیاندنی دامەزرانی یەکێتی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران به داخەوە هەندێک زانیاری هەڵە و ناڕاست به ئێمە درا کە بوو به هۆی هەڵوێستێکی نه‌گوونجاو و  درووست بوونی دڵ ئێشەیەک لە نێوانماندا و دڵی چەندین کەس لە دۆستانمان لێ‌ڕه‌نجا. بۆیه بۆ کۆتایی هێنان بەو کێشە، ناوی ڕێکخراوەکەمان که وێکچوونێکی ته‌واو وه‌ک یه‌کیشیان نه‌بوو، گۆڕی و لە دوای ئەوە تاریخه‌وە هیچ چالاکیەکمان لە ژێر ناوی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان ـ ئێران دا نەما.
ئەویش لە بەر چەند هۆکارێکی وەکوو:
ـ له‌به‌رچاو گرتنی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی ئیسلام، موسوڵمانان و گه‌له‌که‌مان.
ـ وازهێنان له‌و ناوه‌، ئه‌ویش به‌مه‌به‌ستی دووری گرتن له‌کێشه‌و ته‌فره‌قه‌و دووبه‌ره‌کیی له‌نێوان موسوڵمانان‌به گشتی‌و مامۆستایانی ئایینی کوردستان به‌تایبه‌تی.
هەر بۆیە دوای ئەو ماوە دوور و درێژە و به پێداچوونەوەیەک بۆ کار و چالاکیەکانم، سه‌ره‌رڕای گه‌ردن‌ئازایی و داوای لێبوردن، بە قەناعەتەوە ڕادەگەیەنم که دەستخۆشی دەکەم لەو بەڕێزانە لە یەکێتی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران  و لە هەر کەس و لایەنێک کە بە جۆرێک دەیەوێت خزمەت به گەلی چەوساوەی کوردی موسوڵمان بکات.
هەروەها لەم ڕۆ بە دواوە ئامادەگی خۆم هەم وەکوو تاکێکی کورد و  هەم وەکوو مامۆستایەکی ئایینی بۆ هاوکاری لە گەڵ یەکێتی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران دەردەبڕم و به‌م هاوکاریه شانازی ده‌که‌م. هیوادارم بە هاوکاری و هاوفیکری یەکتر بتوانین زیاتر خزمەت به دین و میللەتەکەمان بکەین.
والله بما اقول شهید
بچووکی هەموو لایەک
مەلا ئەحمەد سماعیلی
٢٧ی خاکەلێوەی ١٣٩١ی هەتاوی