۱۳۹۳/۰۶/۰۴

ئایینی ئیسلام توندوو تیژی وبێ رێرزی به‌ مرۆڤایه‌تی ئیدانه‌ ده‌کات .مه‌لاعه‌لی ره‌پوشه‌

ئایینی ئیسلام توندوو تیژی وبێ رێرزی به‌ مرۆڤایه‌تی ئیدانه‌ ده‌کات .مه‌لاعه‌لی ره‌پوشه‌


((بسم اللە الرحمن الرحیم ))

(( یریدون لیطفٶا نوراللە بأفواههم واللە متم نورە ولو کرە الکفرون ))

واتە : ئەوان دەیانهەوێ تیشکی خودا بە فوی دەمیان بکوژێنەوە و خوداش تیشکی خۆی هەر سەردەخات  ئه‌گه‌رچی بێ بڕواکانیش پێی قه‌ڵس بن.

ئەوانەی تیر بە تاریکی وەدەنێن و بە ناحەق دور لە راستی ، دژایەتی دین و موسولمانان دەکەن ، بی ئەوەی بگەرێنەوە سەر راستی و دروستی و زانین و زانستی ، فەرمودەکانی خودای مەزن و قورئان و فەرمودەکانی پێغەمبەری نازدار ، سلام و درودی خودای لەسەر بێت ، خۆیان لەسەنگەری دوژمنکاری دژ بە ئیسلام دەخەن و چاک و خەراپ وەیەك تەماشا دەکەن ، بی ئەوەی وەدوای راستیەکان بکەون .

کاتێك خودای مەزن خۆی لە یەکەم ئایەتی قورئان بە رەحمەت و بەزەی و مێهرەبانی دەست پێدەکات واتە : بسم اللەالرحمن الرحیم : خۆی بەرەکەت وبە روحم و مێهرەبانی و لێ بوردەو بەخشەندەو بەخشایەش گوشایەش بێت و دینەکەی پر لە رحمەت و مێهرەبانی و یەکتر خۆشویستن ویەکتر قبوڵکردن بێت و قورئانەکەی پراوپر لە پەندو عیبرەت و شەفاو بەرکەت بێت و پێغەمبەرەکەی سەلام وسەلاتی خودای لەسەر رەحمەت و مێهرەبانی بێت بۆ هەموو جیهان ، ئەی بۆ دەبێ ناحەزان دەست لە دژایەتی نارەوا هەڵنەگرن ، بە هۆی هەڵسووکەوتی کەسان و لایەنانێک کە خویان وەک جاڵ جاڵووکە . لە ئیسلام و ئەو دینە پیرۆزە هاڵاندووە کە سەرپێچی رێسا و بنەماکانی ئەو دینە پیرۆزەو ئەو شەریعەتە پاکە دەکەن ، لە حاڵێک دا هەگیز دین و شەریعەتی خودای مەزن بەو جۆرە نیە کە ئێستا ئەو جۆرە کەس و لایەنانە ئیسلامی پێ ناشیرین نیشانی خەڵکی دەدەن ، لە حاڵێك دا ئەوانەی کە دژایەتی ئیسلامیش دەکەن ، خۆیان باش دەزانن کە دینی ئیسلام سەرچاوەی ئەو جۆرە توندوو تیژیانەو ئەو جورە رەفتارانە نیە و بێ بەریە لێان . کاتێک دین و شەریعەت بە باشی روون و ئاشکرایە کە پاک و بێ گەردە و دوورە لە ئەو رق و قین لێ بوونەوەیە و دژی زاڵمو دیکتاتۆرو خوێن رێژو سەرەرۆکانە ، ئیسلام چ تاوان و خەتایەکی هەیە ، کە ئەوە ئینسانەکانن خۆیان رقیان لە خۆیانە و دژ و دژمن کاری یەکتر دەکەن بە ناوی دین و ئایینەوە تا بە پاساوی ئەوەی کە دین رێگایان پی دەدات کە هەرکەس بڵێ لەڕ ئەوە بە نەیاری ئیسلام و دین ئەژمار دەکریت و بە کافر و منافیق و دووروو هەڵگەراوە لە ئیسلام هەژمار دەکرێت ، لە حاڵێکدا زۆرینەی گەلەکەمان بروادارن و باوەریان بە ئیسلام و ئەو شەریعەتە جوانە هەیە ، ئەگەرچی زۆرێک لە خەڵك هەنە کە زۆر بە ناحەق دژایەتی ئیسلام دەکەن و لەو جۆرە بەهانانە بە پاساو دەهینەوە تا بڵێن ئا ئەوە دینی ئیسلامە کە ئێمە زۆر لە مێژە وتوومانە کە ئیسلام یانی تووندو تیژی و خوین رشتن و ترس و تۆقاندن . بەڵام قسەی ئەو جۆرە کەسانە لە وشەی دوژمنکاری و کینەو رق لی بونەوە لە ئیسلام شتێکی تر نییە کە چاویان بە ئیسلام و دین و ئایین هەڵ نایەت جگە لە دوژمنایەتی کردنی ئەو دینە . جا بۆیە راوبۆچوونی ئەوجۆرە کەسانە نابێ ببێتە دڵساردی برواداران لە ناو کۆمەڵگاکەماندا کە بە باشی لە دینەکەیان دەگەن ، لە همان کاتدا زانایانی ئایینی دڵسۆز و خۆشەویست ئەرکیان زیاتر لە رابردوو قورس و گرانتر بووە بۆ زیاتر رون کردنەوەو تەفسیر کردنی بنەماکانی ئیسلام و فەرمودەکانی خوداو پێغەمبەر سەلامی خودای لەسەر بیت و قورئانی پێرۆز ، کە بۆ نەوەی ئێستا لە رابردوو زۆر لازمتر و پێویست ترە کە کەوتوونەتە بەر تەوژمی دورایان کە بە داخەوە بەزەقی دیارە . 

کە باس لە رەوشی رەشەبای دژ و دژمنانی ناحاڵی لە دینەکەمان دەکەین دەبی بەگوێی ئەوانەو بروارەدارانیش رابگیەنرێت کە خەسلەتەکانی ئەو دینە چۆنە و چۆن باسی لێوە دەکرێت ، چۆن ئەوانە لێکدانەوە لە سەر فەرمودەو قورئان و سونەت دەکەن ، ئەوتا سەروەرمان رەسوڵی خودای مەزن سەلام و درودی خودای لەسەر بێت ، دەفەرموی : (( مثل ما بعثني اللە بە من الهدی والعلم کمثل الغیث )) واتە : من و ئەو هیدایەت و زانستەی کە خودا پێی ناردووم وەکوبارانی پر بەرەکەت وایە .هەروەها دەفەرمووی سەرداری پێغەمبەران سەلام و درودی خودای لەسەر بێت : (( إنما بعثت لأتمم مکارم الأخلاق )) واتە : بیگومان بۆ ئەوە نێردراوم تا رەوشتە بەرزو جوانەکان بە ئاکام بگەیەنم . خودای گەورەش دەفەرموی : (( وما أرسلنک الا رحمة للعلمین )) ئەی پێغەمبەر (ص) ئێمە تۆمان بۆ ئەوە ناردووە تا ببیە رحمەتو مێهرەبانی بۆ هەموو جیهانیان . بەراستی ئەو بۆ هەموو مروڤایەتی رەحمەت بووە ، هەروەها ریوایەت کراوە کە فەرمویەتی (( إنما أنا رحمة مهداة )) واتە : من رەحمەتێکی خەڵات کراوم ، بەڵی خودای مەزن هەموو بەرەکەت و رەحمەت و مێهرەبانیشی بە خەڵات و دیاری پێ بەخشیوە تا موسولمانان و غەیری ئەوانیش بیکەن بەسەر مەشقی ژیان و حاڵ و باری خۆیان ، کە هەمیشە سوز و بەزەی و مێهرەبانی و عەتوفەتی لێ باریوە بۆ بەرەی مروڤایەتی . خودای مەزن لە بارەی ئەو خۆشەویستەمان دەفەرموی (( وإنک لعلی خلق عظیم )) واتە : بەراستی تۆ لەسەر خورەوشتێکی ئێجگار گەورەو مەزنی : خودای کارزان و مەزن دەفەرموی (( لقد کان لکم في رسول اللە أسوة حسنة ))هەڵبەت پێغەمبەر سەرمەشقێکی چاکە بۆ ئێوە .گشت سیفەتە جوانەکانی و هەموو ئاکارە جوانەکانی وێنەی هەرەبەرزی بەرچاوان و روناکی رێبوارانی رێی چاکە خوازی بووە .

کاتێک خودای مەزن گەورەترین و دلۆڤانترین و بەروحم ترین مان بێت و پێغەمبەرمان بەسۆزترین و مێهرەبان ترین و بە ئاکارترین کردارە جوانەکان بێت و قورئانمان لێپاو لیپ لە بەرەکەت و نەسیحەت و شەفا بەخشی درونەکانمان بێت و دینەکەشمان لەسەر راستەترین رێگا بێت ، ئەی کوا ئەو دروشمە دوژمنکارانەیە کە داخ لە دڵانی ئەو دینە پیرۆزە هەڵی دەریژن بەرامبەر بە خودا و پێغەمبەر و قورئان و موسولمان کە لەسەر دینی سوڵح و ئاشتی و پێکەوەژیانن و خودا پەرەستی و دینداری تیدا دەکەن و خۆیان بۆ ئاکارە چاکەکان ئامادە دەکەن و پەیرەویان دەکەن ، جا بۆیە کینەو حەسادەت و دژو دژمنکارانی ئەو دینە جگە لە حەسادەت وخۆپەرستی شتێکی زیاتر نییە ، ئەگەر نا ئەوەتا سەراپای دینەکەمان پراو پریەتی لە خۆشەویستی بەرامبەر بەیەکتر و یەکتر قبوڵ کردن و پێکەوە سازان لە هەر نەتەوە نەژادو ئایین و ئایین زایەك بێت ، دینی ئیسلام حەسادەتی نییە و جێگای هەموو دین و کەس و لایەنێک دەبێت گەر بیهەوێت لە پای ئەو دینەدا ژیان بەرێتە سەر بی ئەوەی ئەو دینە رێگری بکات و یان تۆڵە و تاوان ئەنجام بدات و کەسەکان یان ئەدیان و نەتەوەکانی پی سەزا بدات ، چوونکە ئەوە نەلە خسڵەتی پێغەمبەر سەلامی خودای لەسەر بێت هەبووە و نە ئیسلام رەق و کینەی بەرامبەر بۆ کەس هەیە تا سەزای بۆ دیاری بکات مەگەر ئەو شتانەی کە دەبنە سنوربەزاندنی ئایینی پیرۆزی ئیسلام لە ژێر پێ نانی شەریعەتی ئیسلام .

وەرە تەماشای ئەو خسڵەتە جوانانەی پێغەمبەری ئازیز درودی خودای لەسەر بێت بکە کە کاتێك ئەویان لە مەککە ئازار دا و سوکایەتیان پی دەکردو قسەی ناشیرینو نابەجێیان پی دەوت و نێو ناتۆرەی جۆراو جۆریان بۆ هەڵدەبەستو هەرچی خەرابکاری بوو دەرحەقی کەمترخەمیان نەکرد و دواتر لە شارەکەیان دەریان کردو بە دڵ شکاوی و دڵ برینداری شارەکەیان پێ جێ هێشت و دەستیان بەسەرماڵ و سامانی ئەو و براودارن داگرت ، بەڵام لە کاتی کە شەو لەگەل یاری هەمیشەی دا ئیمامی ئەبوبەکر دەیان ویست برۆن و مەککە جێ بهێڵن ، بانگی حەزرەتی عەلی ئامۆزای دەکاتو هەرجی ئەمانەتو ماڵی خەڵکە پێی دەداتو دەڵێ ، سبەینێ پێیان بدەوە و ئەو شەو لە جێگاکەی من دا بنوو کە ئەو شەوە کافرانو موشریکەکان دەیان ویست پێغەمبەر سەلامی خودای لەسەر بێت بکوژن و پلانیان بۆ دانابووە ، بەڵام خودای مەزن نەجاتی دەداتو بەرەو مەدینە دەروات . کاتێکیش فەتحی مەککە دەکات ، بە خۆیو دەهەزار سپای سحابە دەروات بەرو مەککە و فەتحی دەکات ، بزانە هیچ تۆڵەیەکی لە دوژمنانی کردەوە : وتی:هەرکەس بچێتە ماڵی ئەبوسۆفیان لە ئەمان دایە ، هەرکەس دارگای ماڵی دابخاتو لەماڵی خۆی دابێت لە ئەمان دایە ، هەرکەس برواتە ناو بیت الحرام لە ئەمان دایە ، کاتێک ناو داخیلی مەککە بوو سەری لەسەر قەڵپۆزی وشترەکەی دانواندوو بە ویقار و خۆ بەکەم زانین و بە شوکرانە بژێریەوە چۆ بۆ ناو بیت الحرام و پاکی کردەوە لە بوت و هەرچی ناپاک بوو دواتر خەڵکی کۆکردەوە و هەموو خەڵک لە ماڵیان هاتنە دەر و هاتن بۆ لای و وتیان ئەی ئامۆزا ئێستا کە قودرەت لە دەستی تۆ دایە چی مان لی دەکەی ، کە ئیمە ئازاری تۆمان دا و سوکایەتیمان پێ کردیو لە شارەکەت دەرمان کردی .ئەگەر پێغەمبەر سەلامی خودای لەسەر بێت نەبوایە و کەسێکی تر بایە ئەوە خوێن سەری دەبردن لە تۆڵە ستاندنەوە و هەموویانی قەتل و عام دەکردنو شار بەدەری دەکردن ، بەڵام ئەو وای نەکرد چۆنکە خودای مەزن دەفەرمووی پێی ؛ (( فاصفح الصفح الجمیل )) واتە : بە شێوازێکی جوان چاو پۆشی بکەو ببورە .هەربویە لەوڵامیان دا دەڵێ و دەفەرموی (( اذهبوا فأنتم الطلقاء )) واتە : برۆن ئێوە ئازادن هەر چی دەکەن بیکەن .لە سۆفیانی کوری حارسی ئامۆزاشی خۆش بوو کە هاتە بەردەمی پێغەمبەر و وتی : سوێند بە خودا ، خودا تۆی بەسەر ئێمەدا هەڵبژردووە ئیمە هەڵەبازو تاوانباربوین .پێغەمبەریش سەلامی خودای لەسەر بێت ئەو ئایەتەی بۆ خوێندنەوە کە خودای مەزن دەفەرمووی (( قال لا تثریب علیکم الیوم یغفراللە لکم وهو أرحم الرحمین )) واتە : ئەمرۆ هیچ گلەو گازندە لەسەر هیج کەسێکتان نەماوە ، خودا خەتاتان دەپۆشێ و هەر خۆی لەهەموو مێهرەبانان مێهرەبانترە . جا ئەی کەسانێک بە هەر بیانوویەک پاساوی خەراپ بۆ ئەو دینە جوانوو پاکە و ئەو پێغەمبەرە شیرین کەڵام و رەوشت جوانە دەهیننەوە ، ئایا ئیوە دەتوانن تەنانەت لەبۆ یەك رۆژیش خو ئاکارو کردەوە جوان و لێبوردەیە کەی ئەو لە خۆتان دا بەرجەستە بکەن و بیکەنە پێوەری کارو کردارو رەفتارو هەڵس و کەوتی رۆژانەی خۆتان ، بە دڵنیایەوە ناتوان ، جا کە ناتوان وا بن بۆ لە خۆرای تیر بە تاریکی وەدەنێن و خۆتان لەوەی زیاتر گوناهکار دەکەن کە لە روی عیلم و زانست ئەوە ئینکار ناکەن بەلکوو لە بەر کینەو حەسا دەتو خۆ بەزلزانیەوە ئینکاری دەکەن ، وەرن لە هەموو سەرگوزەشتەی پێغەمبەر بکۆڵنەوە بیخوێنەوە و تەماشای ئایەتەکانی قورئان بکەن بزانن ؛ بەراستی ئەوەی ئێوە دەیڵین راستە یان خۆتانی لە راستی دەشارنەوە کە هەر واشە کە ئینکاری راستی و دروستی وشتی جوان دەکەن .

خودای کارزان و مێهرەبان دەفەرمووی (( ویضع عنهم إصرهم والأغلل التی کانت علیهم)) واتە: پێغەمبەر : ئەرکە قورسەکانیان لەسەر شانیان لادەدا ، ئەو کۆت و زنجیرەیان لێ دادەماڵێ و ئازادیان دەکات، بەراستی ئەو لەسەر رێگای راست و دروست رۆیشتوە .خودای کارزان دەفەرمووی (( وما ینطق عن الهوی )) بەئارەزۆی خۆی قسە ناکا (( ان هو الا وحی یوحی )) هەرچی دەیڵی سروشتێکە لە خواوە پێیدەگا (( إنک علی الحق المبین )) واتە ؛ ئەی محمد ، بەراستی تۆ لەسەر حەقێکی رون و دیاری . بەراستی هەر هەموو وجودی راستی و دروستی و بەخشەندەی و مێهرەبانی بێ کینەی بووە . پێغەمبەرمان دەفەرمووی سەلام و درودی خودای لەسەر بێت (( ان اللە أمرنی أن أصل من قطعني ، وأن أعفو عمن ظلمني ، وأن أعطي من حرمني )) واتە : خودا فەرمانی پێکردوم سەردانی ئەوانە بکەم کە سەردانم ناکەن ، لەوانە خۆش بم کە زوڵمیان لێ کردوم ، بەوانە ببەخشم کە دەستی یارمەتیان نەگرتووم . ئا ئەوەیە خەسڵەتی بەرزی و رەشت بەرزی پێغەمبەری ئازیزمان ، سەلامی خودای لەسەر بێت کە بۆمرۆڤایەتی جێ هێشتووە تا لە ئاکارو کار و کردەوەکانی خۆمانی دا بەر جەستە بکەین و وەك ئەو بە بەرنامەکانی ئیسلام و شەریعەتە جوانەکەی رەفتار بکەین و لەو دینە جوان و پاکە زیادو کەم نەکەینەوە کە وەك قەوم کانی رابردوو زۆر لە ئایەتەکانی خودای مەزن و قسەکانی پێغەمبەرەکانیان ، درودی خودایان لەسەر بێت جی گۆرکێیان پێ کردوون و بگرە هەر ئەو ئایات و رێنمایانەیان هەر لە ناو بردن بۆ مەرامی شەخسی خۆیان و حاکمانی جەورو ستەم و بۆ گیرفان پر کردنی خۆیان بە ماڵی فەقیر و هەژارو نەدارەکانیان ، کە زاناکانیان دەیان وت ئێمە بەر پرسیار نین لە خەڵکی هیج نەزان و فەقیر و دەرماندە کە مافیان بەسەرمانەوە بێت .بەڵام شوکربۆ خودا و سپاس بۆ زاناینی ئایینی ئیسلام کە بە باشیو بە ئاگاهیەوە دەروانە ئەو وەزعەی بەسەر گەلەکەمان و ئۆمەتی ئیسلام داهاتووە و دوژمنان لە هەموو لایەکەوە بە دروشمی جۆراوجۆر هاتونتە مەیدان و بە هەموو هیزو وجودیانەوە بەربەرەکانی لەگەل ئایینی ئیسلام دەکەن و وا خەریکە تۆپەکەش بخەنە ناو ماڵی گەلی کورد کە بە هاتنی داعش ودروست بوونی چەندین گروپ و لایەنی بە ناو ئیسلامی کە خەریکە سەر لە خەڵکی ئێمە و خۆش باوەرانی ناو وڵاتەکەمان و جیهانیش بشێوێنن کە لەسەرەتاوە ئیسلام واهاتووە هەر ئاوهاش دەبێ رەفتار بکات و بەزۆرە ملێ خۆی بەسەر هەموو خەڵك جا چ موسوڵمان و غەیری موسوڵمان بێت دەسەپێنێت . ئەوان باش دەزانن هەزار و چوارسەد ساڵە کە گەلی کورد خۆشبەختانە زۆربەی هەرە زۆری لەسەر ویست و ئیرادەی خۆی ، پاش ئاشنا بوونی بە دینی ئیسلام بە ئارەزۆمەندانە ئەو دینەیان قبولکردووە باوەریان پێ هیناوە ، تازە ئەو جۆرە کەسانە دێن ئەو دینەمان پێ رادەگەیێنن کە موسولمان بین و هەرچی ئەوان پێیان خۆش نەبێت دەبی یاساغ و قەدەغە بکرێت وئەو دینە پاکەی کە ١٤ سەدەیە خەڵك ئاشنایە پێی و کردویەتە رێنیشان دەری خۆی بۆ دونیا و قیامەت ولەسایەی ئەو دینە پیرۆزەوە کە هەموومان وەک برا دەژین لەسەر خاک و زێدو نیشتیمانەکەمان و جگە لە دوژمنانمان کە بە درێژای مێژوو غەدر لە گەلەکەمان دەکەن و کوشت و کوشتاریان بۆ گەلەکەمان بە رەواو حەق زانیوە ، حەق و مافی گەلی کوردیان بە نارەوا و بە ناحەق زانیوە کە دەبێ هەمیشە گەلی کەرد ژێر دەستە بێت و وەك کۆیلە رەفتاری لەگەڵدا بکرێت ، هیچ شتێکی تریان بۆ گەڵی کورد بە رەواتر لەوە دانەناوە ، بەڵام لە ئیسلام دا فەرقی ئینسانەکان و هۆز قەوم وعەشریت نییە ، تەنیا لە تەقواو خودا پەرستی دا نەبێت لە ئیسلام دا فەرقی رەش و سپی و سوروپێست و هیتر نییە ، ئەوتا ئەبوذری غەفاری بە کوری ژنە رەشەکە بانگی بلالی حەبشی رەش پێست دەکات ،بەلام پێغەمبەر سەلامی خودای لەسەر بێت دەفەرمووی یا ئەبا ذەر ئەوە خوو خه‌لقەتی دەورانی جاهیلیەتت بەر نەداوە کە ئەوە خو رەوشتی موسولمانان و ئیمانداران نیە .یان هەروەك بە سڵمانی فارسی فەرموو کە سلمان لە ئەهل و بە تی ئیمەیە چونکە موسلمان برای دینی یەکترن . باشە نابێ ئەوانە رونی بکەنەوە کە ئەو دینە نوقسانی لە کوێ دایە کە هەر هەموو بەخشەندەی و مێهرەبانی نواندنە بەرامبەر یەکتر و هەرگیز جێگای توندووتیژی نابێتەوە لە ناو ئیسلام دا کە دەڵرەقانی دژ بە ئیسلام ئاو ها دەیدەنە بەر تیر و توانج و روحمی بە بەزەیەکان و مێهرەبانیەکانی ئەو دینە ناکەن کە چەندە دێنێکی کراوەو سەربەستەو لە خۆ گری هەموو پێکهاتەیەکە بە بیرو بروای جیاواز مادام ئەو زەرەری بۆ ئیسلام نەبیت و دژی نەوەستێت و بیهەوێت لە ناوی بەرێت یانیش شەری پێ بفرۆشێت ، خۆ ئەودەم جگە لە دیفاع لە دینەکە هیچ شتێک نامێنیتەوە کە موسوڵمانان و براواداران ئەنجامی بدن . بەو ئایەتیەی خودای مەزن کۆتای دەهێنم کە بە پێغەمبەرمان سەلام و درودی خودای لەسەر بێت دەفەرمووی (( فاصبر علی ما یقولون )) واتە : ئەی پێغەمبەر : لەهەرچی ئەوان دەێڵێن ئارام بگرە (( فصبر جمیل )) سەبر و ئارامێکی جوانت هەبێت . لە خودای بەرزو مەزن دەپارێمەوە ، ئەوانەی تا ئێستا بە قەناعەت نەگەیشتوون لەسەر ئەو دینە ، یان رق و کینەیان هەیە بەرامبەری ، خودای مەزن تۆفقیان بدات و بەرو ئەو دینە خۆیان مل کەچ بکەن ، یان لانی کەم دوژمنداری ئەو دینە نەکەن تا سەر، بەڵکۆ لە ئاخیردا هەر بە قەناعەت بگەن و قبوڵی بکەن، ئامین یارب العالمین . 

نروێژ : مەلا عە لی رەپوشە

٢٦/٨/٢٠١٤


۱۳۹۳/۰۵/۲۴


به‌ نێوی خوڵقێنه‌ری ئازادی

به‌ بۆنه‌ی 69همین ساڵوه‌گه‌ری دامه‌زرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران که‌ یه‌که‌مین حیزبی مودڕن وخاوه‌ن پره‌نسیپێکی نه‌ته‌وه‌یی و جیهانییه‌ ، یه‌کیتی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران پیرۆزبایی ده‌کات له‌ رێبه‌رایه‌تی وکادر وپێشمه‌رگه‌کانی حیزبی دێموکرات کوردستانی ئێران وسه‌رجه‌م خه‌ڵکی کوردستان ، هیوادارین له‌ پێناو ئامانجی گه‌له‌که‌مان که‌ رزگاری له‌ ده‌ست داگیرکه‌رانی خاکی پاکی کوردستانه‌ سه‌رکه‌وتوو بن..

یه‌کێتی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران

25ی گه‌لاوێژی 1393ی هه‌تاوی

۱۳۹۳/۰۵/۲۱

ژن لە ڕوانگەی قورعانەوە بەشی دوهەم


                      ژن  لە ڕوانگەی  قورعانەوە 

                     بەشی  دوهەم 

            بەناوی  خوای   دڵاواو   دلۆڤان
لە بەشی  پێشتردا بەکورتی  باسمان  لە  بەرانبەری  ژنو پیاو لەبواری  مافی  مڕڤانە کرد چەند  ئایەتی   قورعانیشمان  کردنە   بەڵگەو  پێخۆری  باسەکە ،کە هەمویان  هەر بە ئەی  مرۆفەکان  دەستیان  پێدەکرد. واتە  خوای  مەزن  ڕوی  فەرمانەکانی  لە مرۆڤ بو بەژنو  پیاویەوەو  هیچ  جیاوازیەک  دانەنرابو . تەنانەت  لە ئەرکە  عیبادیەکانیشدا  هەر بەو  جورەیە ، وەک : نوێژ بکەن  ، زەکات  بدەن ، ڕۆژو  بگرن ، درۆمەکەن ،  خۆلە غەیبەتو  بوختان  بپارێزن . هەرچەند  بابەتەکە  زۆری هەڵدەگرێیو لێکۆڵێنەوەی  زیاتریدەوێی ، بەڵام  نامەوێی  درێژی  بکەمەوەو  زۆر  بەکورتی  لێیان دەدوێمو دەڵێم : مەست نمونەی  خەڵوارە . ئەوەی  بەلای  منەوە  جێگەی  گومان  نیە  ئەوەیە کە لە هیچ  جێگای ئەو  قورعانە دا  لە باری  مافی  مرۆڤانەدا  جیاوازیەک  لە نێوان  ژنو  پیاو  دانەنراوە.
لە روانگەی  قورعانەوە  چاکەو  خراپە  بە ژن بونو  پیاوبون  نیە، بەڵکو هەمو  شتەکان بەستراوەتەوە  بە  هەوڵو  تێکۆشانی  مرۆڤەکان و هەر کەس  پاداشتی  کردەوەی   خۆی وەر دەگرێ ( لیس  للانسان  الا  ماسعی) من بەلامەوە سەیرە کەلە باری  مرۆڤ  بونو مافەکانی جیاوازیەک  لەنێوان  ئەو دوانەدا  هەبێ ! ڕاستی  ئەوەیە  کە  ژن  لە ئیسلام دا جێگەو  پێگەو  دەوری  گرینگی  هەیە  و  کاروباری  کۆمەڵگا بەبێی  بونی  ژن  بەڕێوە ناچێی. ژنان  لە ئاوەدانکردنو  بەڕێوەبردنی دینو  دنیا  قوربانیان داوە . تێکۆشانی  ژنانهەر  کورت  نەکراوەتەوە   لەکاری  ماڵو  قەتیس کردنیان  لە ژورەوە.!
لەو  بەشەدا چەند  ئایەتێکیتر  کە باس  لە بەرانبەری  ژنو  پیاو  دەکەن ، وەک  مرۆڤ ئەرکی  یەکسانیان  هەیە . لە پێشدا  دەڵێم : بەسە  بۆ  نرخو  بایخی  ژن  کە : دایکە ، خوشکە  ، هاوسەرو   شەریکی  ژیانە ، وەدیهێنەرو  بەخێو  کەری  منداڵانە،  بەگشتی دایکی  هەمو  ژنو  پیاوانانی   ناوداری  جیهانە . بنەماڵەو  کۆمەڵگاش  پێکهاتەکەی هەر لەژنو  پیاوانە، وەک  پێشتریش  کتومە : بونی  پیاو  بەستراوەیە  بەبونی  ژن .  ئەگەر سەیری  سەرەتای  ئیسلامیش  بکەین  دەبینین  ژنان  تەنانەت  لـە شەڕو   ڕاوێژیشدا بەشداریان  کردوە وەک : (ئومو سەلەمە) لە سوڵحی  (حودەیبە ) دا.  لە بارەی  ئازایەتی ژن  لە شەڕیشدا لە (خالیدی کوڕی وەلید)  دەگێڕنەوە کە کتویە : ( سەرم  سوڕ  مابو  لە ئازایەتیو  چوستو  چالاکیو  لێزانی  شەڕوانێک ، کە دوایە  بۆم  دەرکەوت  ژنێک  بوو.) بەکورتی  لە هەمو  سەردەمێکدا   ئەرکی بەنرخو  قورسو  گرانـو  بایخداری  ژنان  بەر چاو  بـوەو  حاشای  لێناکرێیو بەردەوام  تەواو  کەری  پیاو بوە . خواش  لە قورعاندا فەرمویە : { وەک  چۆن  ژنان  ئەرکیان  لە سەر شانە  ، بەو ڕادەیەشو  زیاتریش  مافی رەوای  خۆیان  هەیە.}  ژن دەبێی  وەک  بونەوەرێکی  پلە بەرزی کە  دەبێتە  هۆی ڕێک  خستنی  کۆمەڵگاو  پێگەیاندنی گەورە پیاوانی   جیهان  حیسابی  بۆ بکرێیو  ڕێزیلێبگیرێی و  هەر  بەو  پێیەش  دەبێی ئازادیو  دەسەڵاتی  وەک  پیاوی  پێبدرێی . ئەگەر بە  پێوەری  زانستو  ئەقڵو  مەنتیق  هەڵیسەنگێنین  دەزانین  دەوری  ژن  چەندە   گرینگە وخواش فەرمویە: سوڕەی : تەوبە – ٧١ و ٧٢ { ژنو پیاوی خاوەن بڕوا دۆستییەکترن،فەرمان  بەچاکە دەکەنو پێشگیری  لە خراپە  دەکەن ، نوێژ دەکەنو  زەکات  دەدەن و  بەفەرمانی  خواو  پێغەمبەر  ڕەفتار  دەکەن ، خواش  وەبەر  بەزەیی  خۆیان  دەخا ،  هەر ئەو  دەسەڵاتداری   لە کارزانە.} ئەوەتا  خوا  بەناو ژنو  پیاو  لە کردنی  کاری  چاکو پارێز  کردن  لە خراپە دا  ناو دەبا و  مزگێنی باشترین  پاداشیان  پێدەدا.
مەسەلەی  ژن لە دنیای  سەردەم  دا  بە  بونی  زانایانی  دڵپاکو  دڵسۆز ، گەشەو پێش کەوتنی  عیلمو  زانست  لەو  بوارەدا، تا ئێستاش  نەگەیشتۆتە  ئەو  حاندە  کە  بتوانریی چارەسەریەکی هەمیشەییو  ئەقڵ  پەسندانە  بدۆزرێتەوە. بە باوەڕی  من هۆیەکەشی  ئەوخراپ  تێگەیشتنە یە لە مەسەلەی  ژنو  لادانە  لە ناوەرۆکی  مەبەستەکە ، هەر کەس بە قەدەر  تێگەیشتنو  هەڵسەناگاندنو  حەزو  ویستو   بەرژەوەندیش ، مافەکان  دیاریدەکەن . هەر  لەخراپ   تێگەیشتنەوەیە  کە   نارەوایی  دەکرێو کەسایەتی  ژن  دەشکێندرێی . شێوەی  نادروستی   پێوەندیو   تێکەڵاویو   ژیانی  هـاوبەش کارەساتی  نەشیاویانلێی دەکەوێتەوەو  گرێی  کوێرەکە  هەروا  بەنەکراوەیی  ماوەتەوە.
گۆڕەپانی  ئیسلام  گەلێک  هەراوو  پانوبەرینە دەبێی  جێگەی هەموی  ڕاو بۆ چونەکانی هەبێیو  بەردەوام  دەگەڵ  نەیارانیشی  سەرقاڵی  بـەحسو  وتـو  وێـژ بێی ،  بە پێچەوانەی ئەوەی  ئەوڕۆ  دیوارێکی  نەزانانەی  لە دەور  کێشراوە، ئەوەندەیان  گرانو حاستەم کردوە  کە موسڵمان  خۆشیان لە چەنگی  وەزاڵە  هاتون ، بەجۆرێک  کە نیوەی کۆمەڵیاندەست  بەسەر  کردوەوتەنانەت  هەر ماوە  چاویان ببەستن و هەمو  ئیرادەیەکیان   لێی قۆرغ کردون! خوێندن  کە  پایەی  ئەسڵی  ژیانی  کۆمەڵگایە و یەکەمین  وشە  کە خوا بە پێغەمبەرەکەی  دەڵێی :( اقرء ) بـخوێنە . واتە پێش  هەمـو  بـڕیارو  فەرمانی عیبادیو کۆمەڵایەتی خوا  فەرمانی  خوێندن  دەردەکا .  لەوەشدا نە  کوتراوە  هەر  پیاو  بخوێننو ژنان  مافی  خوێندنیان نیە . من نازانم بەکام   ئوسوڵی  ئایینی  ئیسلام  ئەو هەمو  شورەو دیوارە  لە دەوری  ژنان  کێشراوەو، پیاویش  بە کەیفیخۆی  پێشی  بەرەڵا  کراوە!! هەر  کردەوەیەکی  دینیو  دنیایی  ئەگەر  لە ڕوی ئەقڵەوە  بیری  لێنەکرێتەوەو هەڵنەسە نگێندرێی ، بەرژەوەندی گشتی  مرۆڤانەی  تێدا ڕەچاو  نەکرێی، ناگاتە  ئاکاموسەرئەنجامتوشی  شکست  دەبێی . هەر  هـەنگاوێکیش  کـە بـۆ  وەدیهێنـانی  مـافـی  ژن  هـەڵـدە هێندرێتەوە ، دەبێی  زانستیانەو  بیرۆمەندانەو  داد پەروەرانە  بێیو  لەڕاستیدا نیشاندەری ژیانی هاوبەشی   بەختەوەرانە بێی ، نەک  لە  ڕوی  هـەڵچونـودەمارگرژیو  نەزانانە ، کە ببێتە هــۆی   لێکترازانــو  ناکۆکیو  ناتەبایی  شێواندنی  ژیانی  هـاوبـەش و  پـساندنی شیرازەی بنە  ماڵە.  گومان  لەوەدانیە  کە ئاوەدانکردنی  هەربنە ماڵەو  کۆمەڵگایەکو وڵاتێک   لە  هەمو  بوارەکانی  ژیاندا پێویستی  بەوە  هەیە کە  ئەو  دوو چینە  واتە  ژنو پیاو بە ڕوحێکی  پاکو  بێگەرد ، بە خۆشەویستیو  دڵسۆزیەوەو  ڕێزی  بەرانبەرهاوکارویاریدەدەری   یەک  بن . لەهەر ماڵو  ئاوەدانیو وڵاتێک  کە نیوەی  هێزی  هەڵسوڕێنەری کەژنە ، ئەگەر  دەگەڵ  نیوەکەی   دیکە  لەحاڵی   دژایەتیو  ململانەی  نەخوازراو  دابێی ئەوە هەرەس  دێنێو بەرەو  پێش  ناچێێ ، لەجێگای  خۆی چەق  دەبەستێو  ئوسولەن ژیانمانای  خۆی لە دەست  دەدا. کەوابـو  ئەوە  جەبری  مێژوی  ژیانە ، ئەو  دوانە   بـونـیان هەیەو  دەبێی هەش  بن ، پێکەوەش  بژینو   تێکەڵاویش  بکەنو  نەوە  بەدوای  نەوەدا تەحویلی  کۆمەڵگای  بدەن . ئیسلام  وەک  چۆن بـونی  ژنی  بـۆ زیندوبونی  کۆمەڵگا دروست کردوە ، هەر واش  ئەرکی  کارو  تێکۆشانیشی  خستۆتە  سەر  شانو  دەبێێ لەو بوارانەدا  کە شارەزاییو  توانای  هەیە  شان  بەشانی  پیاوان   کاربکا و  ڕەو   ڕەوەی ژیان   هەڵسوڕێنێ .بۆ مەسەلەی  چاکیو  خراپیش  لە بارەگای  خوادا  کەس لە کردەوەی کەسیتر  بەر  پرسیار  نیە  تەنانەت  دایکو بابیش ، کێی ئاکار  چاکە  پاداشی  دەدرێتەوەو کێش  خەتابارە  لێی   دەپرسرێتەوە . ئیسلام   پێداگرە  لە سەر  بەرانبەری  ژنو  پیاو لە مافی  مرۆڤانەدا ، ئەو  یەکسانیە بناغەی  حەسڵێ  ژیانی مرۆڤەکانە . ئەگەر  لە  هـێندێک بـواردا  جیاوازیەک  دەبیندرێی  دەیڵێمەوە  هـیچ  پێوەندیەکی  بە ژنـو  بـون  یـان  پـیـاو بـونەوە  نیە ، بەڵكو  لە بەر  بەرژەوەندیەکە  کە ئیسلام  بـۆی  لە بەرچاو  گرتون ، خۆ ئەوەش هەر تایبەتی  کۆمەڵگای  ئیسلامی  نیە ، بەڵکو لە  هەر کۆمەڵگایەک دا هـەبـوەو دەبێی. سوڕەی ( نیساء : ٣٢و ٣٤ )  { نابێی  ئاوات  بۆ  ئەو شتانە  بخـوازن  کە  خـوا بە هێندێکانی  داوەو  بە هێندێکانی  نەداوە ! ژنـو  پیا  بە پێی  هـەوڵو  تێکۆشانی  خۆیان هەیە ، بـۆ  زێدەبەشی  لەخوا  بپاڕێنەوە ، خوا  ئاگاداری  هەمـو  شتەکانە. }  بـڕوانە  لـە بـواری  ڕێزو حورمەتەوە  خوا دیسان  جیاوازی  لەنێوان ئەو  دوانە  دانەناوە.دەفەرموێی : { لقد  کرمنا  بەنی  ادم} {للرجال  نصیب  و للنساء  نصیب . ولـهن  ما علیهن} واتە  لە بارەگای  خوادا  ڕێزو ئیحتیڕام بۆ  بنیادەمە  بەگشتیو کەسی  لێی هاوێرنەکراوە . پاشان دەڵیێ: ژنـو  پیاو  هەرکەسە  بەشێ  خۆی  هەیە و  هیچکامیان  بێبەش نەکراوە. لە ئەرکو  بەر پرسایەتیو   پاداشو  سەزاش دا  هەر  کامەیان  بە پێی  کردەوەیخۆی  بۆی  دیاریکراوە.
کۆمەڵگای  ئێمە  دەبێی  لە ژێـر کار تێکەری  دابـو نـەریتو ڕەفتاری  نامەنتیقیو نەزانانەو بـڕیاری  هـەڵنە سەنگێدراوی  دەمـار  گرژانە   بێتە  دەرو   ئەوە بسەلمێنێ کە ژنیش وەک  پیاو  دەسکری  خوایە ، لەهەمو  ئەو خۆشیو ناخۆشیو  نازو  نیعمەتانەی  خوا بۆی دروستیکردون بـەشی  خـۆی  هـەیـە ، لە بـاری  فێر کردنـو  بارهـێـنـانـودابین کردنی پێداویستیەکانی   ژیان ، دەبێی  فێر بکرێی ، ڕابهێندرێی بۆ بەڕێوە   بردنی  ژیانی  هاو بەش  کە بەداخەوە  ئێمە  کەممان  کردوەو  خۆمان  لێی بواردوەو  مافی  ژنمان  لەو بوارەدا  پێشێل  کردوە. بەپێی  ئەزمونی  ژیانم  بۆم  دەر کەوتوە  کە تائیستاش  لە ژێر باری دابو  نەریتی   نەشیاو  کەببونە  باوی  ڕۆژ   ڕزگارمان  نەبوەو ، هەر هەموشی خۆمان  دەیکەینو  دەیخەینە  ئەستۆی  ئاێینو  ئیدەکان ، لە ناو  ئەوانیشدا  ئیسلام !  بەدڵنیایەوە  لەئیسلام دا  هیچ  بڕگەو  بڕیارێک  نیە  کە بۆ  زیان  گەیاندن  بەمرۆڤەکان دەرکرابێی، ئەوە  مرۆڤەکانن  بە حەزو  ویستو  بە پێی  بەرژەوەندی  خۆیان   لێکی دەدەنەوە . بۆ وێنە کوشتن یەکێک  لەو دوشتە  خراپانەیە  کە خوا نەفرەتی  لە بکەرەکەی کردونو  بە خراپترین  کردەوەیان  دەزانێی ،کە چی  لە دنیای  ئەوڕۆدا  هەر  بەناوی ئیسلام و  بەرگری  یانپەرە پێدانی ، ڕۆژانە  دەیانو  بگرە سەدان کەسی   بێئاگاو  بێی تاوان  کە لە ناویاندا  ژنـو  منداڵیش  زۆرن  قەتـڵـو  عام دەکرێن! لە کۆماری  بەنـاو ئیسلامی  ئیرانیشدا  هەمومان  دەزانین  بە کوتنی وشەی (بسمه تعالی)  بەسەدان  کورد بێتاوانو  بەبێی  ئەوەی  تەنانەت ناویشیان بـزانن ئێعدام دەکران!!کە ئەو   بـڕیـارانە هیچ  فڕیان  بەئیسلامەوە  نیە، ئیسلام  هەرگیز  وا نەبوەو  نیە !!  لەسەرەتای  ئیسلامدا کە بە سەردەمی  نەزانی  باسی  لێدەکرێی ژنان  نەک  هەر  کاری  ئاسایی  بەڵکو  لە شەڕیشدا  بەشداریان  کردوە . لە چوار  بواردا  زۆر  چالاکو  هەڵسوڕ  بون وەک : (١) برین  پێچی  و دەرمانی  بریندارو  نەخۆشان  لە گۆڕەپانی  شەڕدا وەک دایکی سەلیم  کە ژنێکی  ئەنسارەکانبو بەشداری  شەڕی  دەکردو برینی  دەرمان دەکردن ، ئاوی  دەدا  بە شەڕوانەکان ، خواردنی  بـۆ  ساز  دەکردن . (٢) جابر دەڵێی: ژنان  لە کارو   باری فەلایی و  کشتوکاڵ  دا یارو  یاوەری  پیاوەکانیان  بـون . (٣) خێزانی  ئیبنو  مەسعود کاری  دەستی  دەکردو  بـژیوی  ژیانی  بنە ماڵەیدابین  دەکرد. (٤) فێر کردنو  فتوا دەرکردن. لەو بوارەدا  زۆرێک  لـە ژنـان  هـەڵسوڕ  بـون کە ئەودەم  ناودارترینیاندایکی  سەلمە و عایشە بـون . حەفسەی  کچی  عومەر هەمـو  قـورعانی  کۆ  کردەوەو شێوەی  خوێندنی  بـۆ دیاری کرد  کەبە (قرائة  حفسە)  بەناوبانگە. ئیستا  کە عیلمو زانست  گەشەی  کردوەو، قەدەغەو قورغ  کەمبونەتەوە ، بەربەستەکان  زۆریان نەماون،دەبینین  لە هەمو بـوارەکانی  ژیاندا  زۆریان  لە پێشەوەی  پیاوانن. بەدڵنیایەوە هـیـچ دژایەتیەکی  دەگەڵ  دین نیە . بەداخەوە  هێندێک ئەوەندە  کورت  بینو  کەم زاننو ڕەش بینو  دڵ  پیسن   وادەزانن  کە ژنـو  پیاو  هیچ  هەستو  شعـورێکیان  نیە  جـگـە لـە کردەوەی  فەساد ، هەر کە   تـوشی  یەکبون  ئەوە  وەحشیانە  هـەڵـدەکـوتنە   سەر یەکـو کردەوەی  نە شیاو  ئەنجام  دەدەن !! نا هەرگیز  وانیە  من خۆم  ژنم دیوە  حەزی  لە پیاو نەبوەو  ئامادە نەبوە   خۆی  بەدەستەوە  بدا ، سێ برینی  خەنجەری  تێکراوە  بەڵام  هەر تەسلیمی پیاوەکە نەبوە.! ئەو  شێوە  بیر  کردنەوەو  هەڵسەنگاندنانە  لە ڕوی  دڵ  پیسیو  نەزانیەوەیە . بەباوەڕی  من ژنیش  وەک  مرۆڤ  دەتوانێ  لەپیاو  باشتر  بەسەر  نەفسی  خۆی دا  زاڵ بێی ، دەتوانی  ببێتە  سەرۆکو  سەردار، دیارە  بـۆ  هیچکام  لە ژنو  پیاو  شتەکە  گشتی  نیە و  وەک  چۆن  لە پیاودا  چاکو  خراپ ، زاناو  نەزان ، ئازاو  بێغیرەت ، شوڕشگێڕو  ناشۆڕشگێڕ و.... هەیە  بـۆ  ژنیش  عەینی شتە. ئەگەر ڕوکتر  بڵێم  زێدەبەشی  بە ژن  بون  یان  پیاو بون نیە و خوا فەرمویە : { مرۆڤ هەر ئەوەی  بۆ  حیساب  دەکرێی  کە کردویەتی.} خۆ دەبێی  ئەوەش  لەبیر  نەکەین  کە خوو خدەو  دابو  نەریتو ، ژینگەو دەورو بەریش  دەوری  خۆیان هەیە و ئەوەش بەستراوەتەوەبە تاکەکانی  مرۆڤ  خۆیانو ، ئەوانن  هەڵدەبژێرن و  کاری  پێدەکەن. لە ئاخری  باسەکە دا  دەمەوێی  بڵێم :  بۆیە  لەو بەشەدا  زۆر  سەرم لە ئایەتی  قورعانی  نەداوە   ، چونکە نەم ویستوە  نیوەی  قورعان  لێرەدا  بنوسمەوە . لەدوایین  وتە دا  دەڵێم : ئەرکی  زانایانو مامۆستایانی   ئایینی   دڵسۆزە   کە  بە  سەداقەتو  بێی  سڵ کردن  لەکەس   لەو  بوارەدا بەر دەوام  بنو  هەوڵ   بدەن   ئەو بابەتە   بـەشێوەیەکی   مـەنتیقیو   ئاقڵانـەو   زانـایـانـە شیبکرێتەوە   لێک   بدرێتەوە ،  کۆمەڵگای   بە ژنو  پیاوەوە   تێبگەێندرێی ،  نـەکـرێتە دەسمایەی  گرمکردنی  بازاڕی  سەقەتفرۆشان، ئەوە  بسەلمێنن  کە هەردو  لایان مرۆفنو مافەکەیان  وەک یەکەو  بەبێی  یەکتریش  بونیان نابێی.
بەو  هێوایە  توانیبێتم  شتێکی  کورت  هەر چەند  کرچو کاڵیش  بێی  بیخەمە  بەر  چاوی  خوێنەران.
          براتان    مەلا  برایم  مەجیدپور.  ١١ / ٨ / ٢٠١٤  هولەند

۱۳۹۳/۰۵/۱۵


واعتصموا بحبل الله‌ جمیعا ولا تفرقوا


یه‌کێتی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران رایده‌گه‌یه‌نێت ده‌وڵه‌تی ئیسلامی عێراق وشام {داعش} هیچ په‌یوه‌ندی به‌ ئایینی ئیسلامه‌وه‌ نییه‌ وله‌م رێبازه‌ پیرۆزه‌دا لایداوه‌ وهه‌ر له‌ کۆنه‌وه‌ به‌ خه‌واریج واته‌ لاده‌ر ناودێر کراون هه‌ربۆیه‌ ئه‌مجۆره‌ گروپ وتاقمه‌ ترۆریستانه‌ مه‌ترسی بۆسه‌ر شکۆی ئایینی ئیسلامه‌وه‌ هه‌یه‌ چوونکه‌ هیچ لایه‌نێک بۆی نییه‌ له‌ ئیسلامدا پاکتاوی ره‌گه‌زی،ئایینی،مه‌زهه‌بی،نه‌ته‌وه‌یی وقه‌ومی بکات و  رایده‌گه‌یه‌نێت ئه‌رکی سه‌ر شانی هه‌ر کوردێکی مسوڵمانه‌ له‌ چوارپارچه‌ی کوردستان به‌ره‌نگاری ئه‌م تاقمه‌ ترۆریستانه‌ بکه‌ن وبه‌ هانای کورده‌ یه‌زیدییه‌کان وهاونیشتمانیان ترمان بگه‌ن و شه‌ر کردن له‌م پێناوه‌دا مافێکی ره‌وایه‌ .


یه‌کێتی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران


15ی گه‌لاوێژی 1393ی هه‌تاوی


۱۳۹۳/۰۵/۱۱


"به ‌نێوی یه‌زدانی پاک وبێ وێنه"

ئه‌وینداران وباوه‌رمه‌ندانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام ،مامۆستایانی ئایینی  نیشتمانپه‌روه‌ر،
هه‌روه‌ک ئاگادارن له‌م سه‌ده‌یه‌دا به‌ ده‌یان گروپ ولایه‌ن وبیرۆکه‌ی جیاوازی ئیسلامی درووست بووه‌ که‌ هه‌ر به‌ ناوی ئایینی پیرۆزی ئیسلامه‌وه‌ شکۆی ئه‌م ئایینه‌ پیرۆزه‌یان خستۆته‌ ژێر پرسیار که‌ له‌ راستیدا هیچکام له‌م گروپ وبیروبۆچوونانه‌ له‌ گه‌ڵ واقعییاتی ئایینی ئیسلام ناگوونجێت ودوورن له‌ یاسا ومانا ومه‌فهوومی ئیسلامی راسته‌قینه‌ هه‌ر بۆیه‌ بۆ ئه‌وه‌یکه‌ شکۆی ئیسلامی راسته‌قینه‌ بپارێزرێت وپێناسه‌یه‌کی درووست له‌ ئایین به‌ کۆمه‌ڵگای به‌شه‌رییه‌تدا  ببه‌خشین هاوکاری یه‌کێتی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران بکه‌ن که‌ ئه‌وه‌ ئه‌رکێکی ئایینی ونیشتمانییه‌ {اجرکم عندالله‌ }
یه‌کێتی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران

11/5/1393 ‌