۱۳۹۲/۰۵/۰۳

قەیران خۆڵقێنی و ئاژاوەگێری لە ناوچە و جیهاندا رەمزی مانەوەی کۆماری ئیسلامی ئێرانە

کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر بە هاتنە سەر کار و وەدەستهێنانی دەسەڵات شیعاری "لا شرقیە لاغربیە" واتە نە سوسیالیزم و نە لیبرالیزم و دێموکراسیی کردە شیعاری سەرەکی بۆ بەرەو پێش بردنی سیاسەتە چەپەڵەکانی خۆی، یانی ئەگەر کەسانێک بە دوای سوسیالیزم یان دێموکراسیدا بن مۆری خیانەت و دەست نیشاندەی غەرب یان شەرقیان لێدەدرێت کەواتە لەناوبردن و قەڵاچۆ کردنی رەوایە.




هەر بۆیە لە یەکەم رۆژەکانی هاتنە سەر کاری دەستی کرد بەشەڕ کردن و لە ناو بردنی حیزبە چەپ و سکۆلار و دێموکراتەکان، لەو راستایەش بە هەزاران مرۆڤی بێ دیفاع و نیشتیمانپەروەری لە هەموو نەتەوە سەرەکییەکانی ئێرانی کردە قوربانی کە جیهادی خومەینی بە نیسبەت کورد و ئیعدامی ئازادیخوازانی ئێرانی لە ساڵەکانی ١٣٦٦ و ٦٧ی هیجری لە زیندانەکانی ئەو رێژیمە وەک نموونەیەکی ئاشکرا دەکرێت باسی لێوە بکەین، کۆماری ئیسلامی زۆر باش دەزانێت لە نەبوونی شەڕ و کێشە و ئاژاوە لە ناوچەکەدا ناتوانێت درێژە بە تەمەنی نگریسی خۆی بدات هەر بۆیە شەڕ کردن و قەیران سازکردن بە نێوی دیفاع لە وڵات و ئایینی ئیسلام لە سادەگی و باوەڕمەندی کۆمەڵگای ئێرانی کەڵک وەردەگرێت بەو بیانوویەش دژبەرانی ئازادیخوازی خۆی لە ناو دەبات لە ماوەی ٣٥ ساڵ تەمەنی خۆیدا لە زۆر تاکتیک و سیاسەتی گەندەڵ پەیڕەوی دەکات وەک تیرۆریزمی دەوڵەتی و پێکهێنان و پشتیوانی کردنی گرووپی ترۆریستی وەک حیزبوڵڵای لوبنان و حەماسی فەلستینی و لەو دوایانەش حوسیەکانی سوودان و یەمەن دەیهەوێت ئامانجەکانی خۆی بپێکێت ،لەناو بردنی کەسایەتییە زاناکان و سیاسییە نیشتمانپەروەرەکانی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات کردۆتە ئامانج کە تیرۆری شەهیدان دوکتور قاسملوو و شەرەفکەندی و هاورێیانی نموونەیەکی روون و ئاشکرایە بۆ هەموومان و بە بەخشینی سەرمایەی گشتیی وڵات سەر پۆش لەسەر ئەو تیرۆرە ناجوامێرانەیە دادەنێت وەک شەهید کردنی رێبەری ناوداری کورد شەهید دوکتور قاسملوو لە وڵاتی نەمسا کە چەندە بێ شەرمانە ئەو وڵاتە کە خۆیی بە وڵاتێکی دێموکراتیک و مرۆڤ دۆست دەزانێت بەوەرگرتنی نەفت و پارە لە وەها رێژیمێکی مرۆڤکوژ چاوپۆشی دەکات و حازر نییە بکوژانی بداتە بەر دەست دادگا، ماوەی چەندین ساڵە بۆ وەدەستهێنانی چەکی ناوەکی خەڵکی ئێرانی لە ژێر تەحریمەکانی وڵاتانی ٥ کۆ ١ دا هێشتۆتەوە ودەیهەوێت بە وەدەستهێنانی ئەو چەکە مەترسی لەسەر جیهان بەگشتی و دژبەرانی خۆی بەتایبەتی دابنێت، بە بڵاو کردنەوەی مادە هۆشبەرەکان و ئیدز و فەسادی ئەخلاقی و پەرەپێدانی دیاردەی دزێو و ناشارستانییەت دەهەوێت هزری ئازادیخوازان و مافی نەتەوایەتی بنبڕ بکات و لە وقیعدا یەکەتازی مەیدان بێت، بۆ شکست پێهێنانی ئوپۆزسیۆنی دژبەری خۆی زۆر حیزب و سازمانی بە نێو دژبەری خۆی پێک هێناوە کەلە راستیدا هەموویان لە بەرژەوەندیی کۆماری ئیسلامی ئێران دایە وەک ئەحزابی سیاسیی ئیسلامی بە تایبەت لە کوردستان کە مەکۆی خەبات و سەرهەڵدانە لەهەمبەر پێشێکارییەکانی ئەو دیکتاتۆرە دژە مرۆیە، بەداخەوە هەتا ئێستاش لە نەبوونی یەکڕێزی و یەکگرتوویی ئێمە توانیویەتی بە هێندێک ئامانج بگات لە نەبوونی یەکڕێزی ئەحزابی کوردی دڵەڕاوکێ و ترس و ناهومێدی دەبێتە دیاردەیەکی مەترسیدار لە ناو کۆمەڵگای کوردەواریدا، بە باوەری من ئەگەر ئەوها بچێتە پێش بەرەندەی ئەو کێبڕکێیە کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، بەڵام بە یەکگرتوویی و یەکدەنگی ئێمە لە دوارۆژدا ئەوە رێژیمە بە چۆکدا دێت، ئێمە نەک هەر دەتوانین رێژیم بە چۆکدا بێنین دەتوانین لە هەمبەر ئوپۆزسیۆنی شوینیزمی ئێرانیشدا و لە هەمبەر دۆستان و دژمنانی دەرەکیشدا خۆمان بنوێنین و ئیمتیاز وەدەست بێنین، کۆماری ئیسلامیی ئێران تاکتیک و سیاسەتەکانی بەرۆژ دەکات ئێمەش دەبێت گۆڕانکاری بەسەر خۆمان دابێنین و ئەو هەمووە فێل و کەڵەکانە و ئەو هەمووە دیاردە دزێوانەی کە لە سەرەوە هاتوون پووچەڵ بکەینەوە، گەلی چەوساوەی کورد بە یەکڕێزی خۆیی و پشتیوانی خەڵکی کورد سەردەکەوێت ئەگەر چاوەڕوانی دەستێکی دەرەکی بێن رەنگە دۆڕاوی مەیدانەکە بێن چونکە مێژوو نیشانی داوە وڵاتان تەنیا بەدوای بەرژەوەندیی خۆیان دان و بەس،هیوادارم گەلی کورد بتوانێت جاورێکتریش ناوماڵی خۆی رێک بخاتەوە و بەرەیەکی نیشتیمانی پێک بێنێت کە بە راستی ئەوە مەبەستی سەرەکی هەر تاکێکی کوردە، بەو هیوایە

مەلاعەلی سێڵاو

۱۳۹۲/۰۴/۲۷

شیرکەتی موخابرات لە رێگەی ئیرانسێڵەوە، بێ‌ڕێزی بە لایەنگرانی مەزهەبی سوننە دەکات

یزاکا: شیرکەتی ئۆپراتۆری ئێرانسڵ (Irancell) سەربە سپای پاسدارانی رێژیمی ئێران، لە رێگەی ناردنی پرسیارنامە بۆ بەشدارانی ئەو ئۆپراتۆرە، بێ‌‌حورمەتیی بە لایەنگرانی مەزهەبی سوننە و خەلیفەی دووهەمی موسڵمانان کردووە.

بەپێی هەواڵێک کە بە ناوەندی هەواڵی یەکیەتیی زانایانیی ئایینیی کوردستانی ئێران گەیشتووە، ئەو شیرکەتە موخابراتییە لە قاڵبی پرسیارنامەیەکدا و ناردنی بۆ بەشداربوانی ئێرانسێڵ، بێ‌حورمەتیی بە حەزرەتی عومەر کوڕی خەتتاب خەلیفەی دووهەمی موسڵمانان کردووه.




ئێرانسێڵ ئەو بێ‌حورمەتییەی بە ناردنی پرسیارنامەی "فریوخواردووی شەیتان کەلە قازییەکانی ئیمام عەلی بوو، ناوی چی بوو؟   ئــ) شەریح قازی     ب) عومەر کوڕی خەتتاب" ئەنجام داوە.

دەرهێنەری ئەم پرسیارە سەرەڕای ئەو هەموو بێ‌ڕێزییە، ئاگای لە رووداوەکانی سەردەمی خولەفای راشیدین نییە و لەوەش بێ‌ ئاگایە کە لە سەردەمی دەسەڵات و خەلافەتی حەزرەتی علی‌دا، خەلیفەی دووهەمی موسڵمانان لە ژیاندا نەبووە.

لەم پێوەندییەدا مامۆستایەکی ئایینیی لایەنگرای مەزهەبی سوننە رایگەیاندووە، رێژیمی بەناو ئیسلامیی ئێران بە مەبەستی دووبەرەکێ و ئاژاوە نانەوە لە نێو موسڵماناندا، ئەو کردەوەگەلە ئەنجام دەدات و دەیهەوی کردەوە دژە مرۆیی و دژەئایینییەکانی خۆی بەو شێوەیە سەرپۆش بکات.

پاش ئەم رووداوە و ئەو بێ‌حورمەتییەی کە شیرکەتی موخابراتیی ئێرانسڵ بە حەزرەتی عومەری کردووە، چالاکانی ئایینیی سوننە مەزهەب کەمپەینێکیان بە مەبەستی تەحریمی ئەو شیرکەتە پێکهیناوە. لەو کەمپەینەدا داوایان لە تێکرای بەرنوێژانی مزگەوتە سوننییەکان کردووە، ناڕەزایەتیی خۆیان لەهەمبەر ئەم کردەوەیە دەرببڕن.

کەمپەینی تەحریمی شیرکەتی ئیرانسڵ رایگەیاندووە: میدیا فەرمییەکانی رێژیمی ئێران، ناوەندە دەوڵاتییەکانی ئێران و تەنانەت ناوەندەکانی ئابووریش، خۆیان لە هیچ چەشنە بێ‌حورمەتی پێ کردنێک بە موسڵمانانی سوننە مەزهەب ناپارێزن.

چەند ساڵ پێش ئێستاش بانکی سادراتی ئێران لە سیستان و بەلووچستان، بەهۆی بێ‌حورمەتی پێ کردن بە مەزهەبی سوننە، لەلایەن خەڵکەوە تەحریم کرا و زۆربەی خەڵک بە داخستنی حیسابەکانیان ئەو بانکەیان تەحریم کرد.

۱۳۹۲/۰۴/۲۳

برووسکەی ماتەمینی یزاکا بەبۆنەی ٢٤مین ساڵوەگەری تیرۆری رێبەری نەتەوییمان دوکتورقاسملوو



یزاکا: یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٢٤مین ساڵـڕۆژی شەهید بوونی دوکتور قاسملوو، پەیامێکی بڵاو کردەوە.


به نێوی خوای مەزن

هاو نیشتمانانی بەڕێز
کوردستانیانی هێژا
بەبۆنەی ساڵوەگەڕی تیرۆری رێبەری نەتەوییمان دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو، جارێکی دیکە وێڕای زیندوو راگرتنی ئەم کارەساته و کوسته گەورەیه پرسەی خۆمان ئاراستەی هەموو کوردستانیان و لە سەرەوەی ئەوانیشەوه تاکه یادگارییەکەی واتا "حدکا" دەکەین و له خوای مەزن داواکارین به هێنانه ئارای هەرچی زووتری ئایینی راستەقینه مافویستی هەموو گەلان بێته ئاراوه و ریشەی تیرۆر و خودایانی تۆقاندن تەقاندن و تیرۆریش بخاته سەراولێژیی نەبون و زبڵدانی مێژووه.



دوکتور قاسملوو له کاتێکدا له وڵاتی نەناسیاو له هەندەران به دەستی تیرۆریستانی رێژیمی ئێران دەدرێته بەردڕندانەترین هێرش و بەزۆر گیانی لێ دەستێنن که بەڕێزیان شیاوترین و گونجاوترین رێگه  له هەمبەر چارەسەریی کێشەی نەتەوەیی نەتەوەیەک دەگرێته بەر که ئەویش دانوسان و حەلی هەموو کێشەکانه له سەرمێزی وتووێژ وحیوارکردندا هەر له بەر ئەم باره مرۆڤ ویستی و تەنانەت ئایینخوازیشەوه بەو پەڕی ورەوه هەنگاو دەنێت وبه شوێن گونجاوترین رێگەدا به کەمترین خەسارەت و زۆرترین دەسکەوت بۆ گەلەکەی دەگەڕێ و شیاوترین گوزینه واته وتووێژهەڵدەبژێرێ کە ئەمەش بەڵگەی هەره پتەو و تۆکمەیه لەسەرئاشتیخوازی و شەڕنەویستیی ئەم مەزنه پیاوه گەرچی دەیتوانی رێگەی دیکەش له هەمبەر ئامانجەکانیدا هەڵبگرێ که هەروەک ئایینیش لەم بەستێنەدا ئاماژەی راستەوخۆ دەکا، که دەفەرموێ له بەرانبەر نەیاردا به باشتر له کردەوەی ئەوان وڵامدانەوەتان هەبێت و دانوسان له پێناو ئاشتەوایی و ئاشتەوای له پێناو بەدیهاتنی مافەکان به شیاوترین رێگه ئەژمار دەکا. بەڵام کاتێک دەسەڵات به دەستانی کۆماری به ناو ئیسلامی نەک هەر زراویان له ئایینی راستەقینه چووه و باوەڕیان به هیچ چەشنه مافێکی گەلەکەمان نییه بەڵکوو کاتێک دەزانن به بەڵگه و مەنتیقی بەهێز وهێزی ئاشتیخوازانەی دوکتور قاسملوودا ناتوانن خۆ بگرن و دەبێ تەسلیم بن و بەڵکوو ئایینی بۆنەکەشیان دەچێته ژێرهێمای پرسیارەوە و هەربۆیه له هەموو پیلان و درۆیەک جگه له وتووێژ و مەسڵەحەت بۆ قەڵاچۆ و له ناو بردنی گەلانی تر له سەرووی هەموان گەلی کورد بیردەکەنه و له هەرچەشنه دژکردەوەیەکی قیزەون و نەک هەر دژبه ئایینی پیرۆزی ئیسلام بەڵکوو نامۆ به هەموو پڕەنسیپەکانی مروڤایەتی بۆ قۆرخ کردنی دەسەڵات کەڵک وەردەگرن هەر وەک له ماوەی چەند ساڵی رابردوودا ئەم راستییه بۆ هەموو کەس ئاشکرا بووه که فەلسەفەی بوونی کۆماری ئیسلامی مانەوه لەسەر دەسەڵاته و بۆ پاراستنیشی هەرچەشنه مێتۆدیک بەرەوا دەزانێ هەر بۆیەشه هێندێک تیرۆریستی رێژیمی ئێران له پیستیی وتووێژکەردا بەوپەڕی دڕندەیی‌یەو لەسەرمێزی وتووێژ دوکتور شەهید دەکەن که مەخابن له بەرهێندێک سات و سەودای بازرگانی لەگەڵ وڵاتی ئوتریش لێپرسینەوەش له تیرۆریستان ناکرێ ئەمەشیان غەدرێکی دیکە و گەورەتر بوو کەلە گەلەکەمان کەوت. گەر له دەلاقەی ئایینییەوە بڕوانینه تیرۆر و له گەڵ حکوومەتی به ناو ئیسلامیی ئێراندا رایان گرین و خوێندنەوەیەکی زانستییانه و بێ دەمار گرژییانەمان هەبێت ئەم راستییه دەردەکەوێ که نەک هەرتیرۆر و رەشەکوژی دەکەوێته خانه دژبەری ئایینی راستەقینه کە لەودا هێمنی و حەواوەی و رەچاو کردنی مافی ژیان بۆ هەر تاک و کۆمەڵێک بەرجەسته کراوه بەڵکوو به سوتر و بە ژان‌تر ئەمەیه که رێژیمی ئێران له ژێر سێبەری ئیسلام و به عەبا وعەنگالەی ئایینییەوه بوونەته خێوی خەڵک و جێگری بێ ئەملاولای خوا و خولقێنەری جینایەت به هەزاران بەرابەر له تیرۆر خرابتر و تەنیا تا ئەو کاته ئایین دەوری هەیه کەله بەرژەوەندیی ئەوان و له سەرووی هەمووشیان ویلایەتی بەرەڵای فەقیهـدا بێت و واتا بکرێت که پێویسته خەڵکی کوردستانیش که زیاد له نەوەدوپێنج له سەدی بڕوامەنده به ئیسلام باش بزانن ئەم کۆمارەی که پاشکۆی ئیسلامییە و شوێن خۆی داوه، فڕی به ئیسلامی راستەقینەوه نییه و بەڵکوو راست له پێچەوانەی ئیسلامی راستەقینەدا هەنگاو دەنێت و کۆمەڵگای گشتی بەلاڕێدا دەبات و خەڵک چەواشه دەکات. بەڵام دەبێ دڵنیا بین که ئایین خۆی وادەی داوه و ستەم و ناداپەروەری و به لاڕێدا بردن له ژێرهەر ناوێکدا بێت تاسەر نایخوا و رۆژێک دەبێت چەوسێنەران نەک هەر له بەرانبەرخوای عەداڵەتدا وڵامدەربن بەڵکوو سزای هەموو جورم و جینایەتێک بدەنەوە هەروەک لەم چەند ساڵەی رابردوودا دیتمان چۆن دیکتاتۆران و چەوسێنەران بوونه وێردی زمان و له گۆڕ نران که بێ گومان مەرگی رێژیمی ئێرانیش نزیکه و ئەم قەدەره چاوەڕوانییانه. جاریکی دیکە وێڕای پرسەمان بۆ خەڵکەکەمان له خوا داواکارین کەله پێناو وەدەست هێنانی هەموو مافه نەتەوەیی و ئایینییەکانمان که خوا خۆی دیاری داوه و بمان بداتێ و تێبکۆشین چونکه پیغەمبەر دەفەرموێ کوژران له پێناو دادپەروەریدا شەهید بوونه و کوشتن له پێناو نادادپەروەری به فیڕۆ چوونه.

وسلام علیکم و رحمت الله و برکاته
یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران
پووشپەڕی ١٣٩٢ی هەتاوی

۱۳۹۲/۰۴/۱۴

بەیاننامەی یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران، بەبۆنەی هاتنی مانگی پیرۆزی رەمەزان

الحمدللەالذی انزل القران فی شهررمضان و فرض علی المٶمنین صیامه و جعله احد ارکان الاسلام و شعب الایمان

هاونیشتیمانان و مسلمانانی خۆشەویست
هاتنی مانگی پڕ لە بەرەکەت و خۆشبەختی مانگی چاکەکردن و تۆبەکردن لە هەڵەکانمان لە هەموو لایەک پیرۆز بێت هیوادارم ئەو مانگە پیرۆزە مانگی رزگاریی گەلە چەوساوەکەمان بێت لەژێر دەسەڵاتی داگیرکەرانی جەهل و نەفامیدا، و هەر لەسەر دەستوور و ویستی خوداوەندی گەورە و مەزن بە پێشوازیی ئەو مانگە خۆشەویستە بچین و رێزی لێ بگرین، هەروەها ئێمە دەبێت بزانین کە مرۆڤی باوەڕمەند بە چ جۆرێک دەتوانێت رێز لەو مانگە بگرێت [هوالذی کتب اللە علینا صیامە و اوجب تعظیمە و احترامە] واتە خودا رۆژووی لە سەر ئێمە واجب کردووە پێویستە ئێمەش رێز و حورمەتی بگرین.
رێزگرتن لەو مانگە هەر ئەوە نییە کە ئێمە زارمان لە خواردن ببەستین و هیچیتر دەبێ بزانین فەلسەفەی رۆژوو چییە بۆچ خالقی مەزن دەفەرمێت [کل عمل ابن ادم لە الا الصیام فانە لی وانا اجزی بە و الصیام جنة] واتە هەموو کردەوەیەکی مرۆڤ هی خۆیەتی جگە لە رۆژوو ئەو هی منە خۆشم پاداشی دەدەمەوە و رۆژوو قەڵغانە بۆ ئاگری جەهەننەم. چوونکە تۆی رۆژووڤان لەو مانگەدا دەبێت ئاوڕ لە خەڵکی فەقیر و هەژار بدەیتەوە یارمەتیان بدەی دەستیان بگری بۆ ئەوەی هەر نەبێت تۆزێک لە گیر و گرفتیان چارەسەر بکەیت و بزانی خەڵکی هەژار هەمو کاتی ساڵ ئەوها وەک کەسێکی رۆژووڤان ژیان تێپەڕ دەکات فەلسەفەکە ئەوەیە خودا لەواقیعدا تۆ تاقی دەکاتەوە کە ئاخۆ ساڵ دوازدەی مانگ دەخۆی و دەخەوی پێت وایە هەمووی مرۆڤایەتی بەو شێوەیە ژیان دەبەنە سەر؟ گەر تۆ هەستت بەو راستییە کرد و هاتی یارمەتی بێ دەرەتانانت دا ئەوە رۆژووەکەت خودا قەبووڵی فەرمووە ئەگینا لە کۆتایدا جگە لە زار بەستن چیت بۆ نامێنێ، هەر بۆیە داواکارین لە هەمووی موسڵمانان بەتایبەت گەلی کورد بە بانگەوازی ئەو مانگە پیرۆزە بچن و فەلسەفەی رۆژوو بەجێ بگەیەنن، هیوادارین مانگێکی پڕ لە شادی و ئازادی و رزق و رۆژی بێت بۆ هەموو لایەک.

و السلام علیکم و رحـمةاللە و برکاتە
یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئیران

٨ هاووڵاتیی سوننە مەزهەبی ئێرانی، ئەگەری لە سێدارەدانیان لە ئارا دایە

یزاكا: حوکمی ئیعدامی ٨ هاووڵاتیی لایەنگری مەزهەبی سوننە لە ئێران، رەوانەی دیوانی بەرزی ئەو وڵاتە کراوە.

هەواڵدەریی کوردپا بڵاوی کردەوە، حوکمی ئیعدامی ٨ کەس لە زیندانیانی لایەنگری مەزهەبی سوننە بەناوەکانی "پووریا محەممەدی، ئومید پەیوەند، موختار رەحیمی، بەهمەن رەحیمی، محەممەد یاور رەحیمی، شەهرام ئەحمەدی، محەممەد غەریبی و فەرامەرز شانەزەری" رەوانەی دیوانی بەرزی ئەو وڵاتە کراوە.










ئەو سەرچاوە بڵاویشی کردەوە، ئەو ٨ هاووڵاتییە، ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەسبەسەر کراون و لەلایەن دەزگای قەزایی رێژیمی ئێرانەوە بە تۆمەتی "دژایەتیی خودا و پێغەمبەر" حوکمی ئیعدامیان بۆ بـڕاوەتەوە.

هەنووکە لە زیندانی رەجایی شاری کەرج ١٤٩ گیراوی پەیڕەوی مەزهەبی سوننی زیندان کراون کەلە کۆی ئەو رێژەیە ٢٠ کەسیان بەتاوانی بانگەشە بۆ مەزهەبی سوننە بە ئیعدام مەحکووم کراون.

پێشتریش لە رێکەوتی ٧ی رێبەندانی ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی، ٦ زیندانیی لایەنگری مەزهەبی سوننە و خەڵکی شاری سنە بەناوەکانی "هوشیار محەممەدی تەمەن ٢٣ ساڵ، بەهرام ئەحمەدی تەمەن ٢١ ساڵ، کەیوان زەند کەریمی تەمەن ٢٤ ساڵ، ئەسغەر رەحیمی تەمەن ٢٤ ساڵ، محەممەد زاهیر بەهمەنی تەمەن ٢٣ ساڵ و بێهنام رەحیمی تەمەن ٣١ ساڵ" بەبێ ئاگاداریی بنەماڵەکانیان لە زیندانی "قەزڵحەسار"ی کەرەج لە سێدارە دران.

۱۳۹۲/۰۴/۱۲

رێژیمی ئێران هه‌م له‌ باری نه‌ته‌وه‌یی و هه‌میش له‌ باری ئایینییه‌وه‌ خه‌ڵکی کوردستان ده‌چه‌وسێنێته‌وه‌

خەڵکی ئێران بەگشتی و نەتەوەی کورد بەتایبەتی لەمێژساڵە بەدەستی حکوومەتە دیکتاتۆرە پاوانخوزە یەک بەدوای یەکەکاندا چەوساوەتەوە و هەرجار بەجۆرێک مافی تاکەکەسی و نەتەوەیی‌یان لێ زەوت کراوە، پاش رووخانی حکوومەتی پەهلەوی [پهلوی] و سەرکەوتنی شۆڕشی ساڵی 57 چاوەڕوانیی ئێرانێکی دێموکراتیک و ئازاد و دوور لە ملهۆڕی دەکرا، بەڵام بەداخەوە بەهاتنە سەرکاری کۆماری بەناو ئیسلامیی ئێران زۆر زوو دیاری کرا کەوا ئەو شۆڕشە بەئاکام نەگەیشتووە و بگرە قۆناغێکیش بەرەو دواوە گەڕاوەتەوە، ئەوجار لەگەڵ رێژیمێک بەرەوڕوو بووینە کە جگە لە مەسەلەی نەتەوایەتی و تاکەکەسی، مەسەلەی ئایین و مەزهەبیش لە ئارا دایە، ئەو رێژیمە تازە پێگەیشتووە هەربەهاتنە سەر کاری و بەگرتنە دەستی دەسەڵات هەموو جۆرەجووڵانەوەیەکی ئازادیخوازانەی بن بڕ دەکات و رێز لە هیچ بیروباوەڕێکی جیاواز ناگرێت و بگرە بۆ لەناوبردنی ئەو بیر و بۆچوونە جیاوازانە ئەوەی لەتوانایدا بێت وەگەڕی دەخات و باوەڕی بە هیچ ئایین و مەزهەب و بۆچوونێکی جیاواز لە وڵایەتی فەقیهـ نییە لەو پێناوەشدا هه‌تا ئێستا ئەوەی لەدەستی هاتووە کردوویەتی و دەیکات. گەلی قارەمانی کورد کە بە درێژایی مێژووی دەسەڵاتی رێژیمە چەوسێنەرەکان زۆر بوێرانە لە ئاست زوڵم و زۆر راوەستاوە و بە بەخت کردنی خوێنی رۆڵە بەئەمەگەکانی خۆی سەری بۆ دیکتاتۆرەکان دانەخستوە و نای بە داگیرکەران گوتووە زیاتر کەوتۆتە بەر پەلاماری دڕندانەی ئەوحکوومەتانە، کۆماری ئیسلامیی ئێران بەهاتنە سەرکاری گەلی کوردی لە ئاست بەرژەوەندییەکانی خۆی وەک لەمپەر دەبینێت هەر بۆیە بێ بەزەیی‌یانە دەیداتە بەر پەلاماری دڕندانەیەی خۆی وسووکایەتی بە بەها پیرۆزەکانی دەکات، رێژیم بە دوو حاڵەت کورد دەکوژێت و بێ‌ڕێزیی پێ دەکات یەک بە عینوان نەتەوەی کورد، دوو بەعینوان ئایین و مەزهەبی جیاواز، خمینی فتوای جیهادی لەهەمبەر گەلەکەمان دا، جیهاد وشەیەکی عەرەبییە بە مانای تێکۆشان و شەڕ کردنە بەڵام شەڕکردن لەگەڵ دژمنانی ئیسلام واتە کافر، خومه‌ینی گەلی قارەمان و بوێری کوردی وەک کافر ناساند و کوشت و کوشتار وتەجاوزی بە ئەرکێکی ئایینی زانی و دەستیان کرد بە قەڵاچۆ کردن و لە ناوبردنی گەلەکەمان بە هەزاران شەهید لە منداڵ و ژن و پیر وگەنج بوونە قوربانیی ئەوفتوا نا بەحەقەی خومه‌ینی، ئەو نەک هەر بێ‌ڕێزیی بە هزری نەتەوایەتی کرد بەڵکوو بێ‌ڕێزیی بە مەزهەب و ئایینی جیاوازی ولایەتی فەقیهـ کرد، هەر بۆیە خوێنی رۆڵەکانی ئێمە بۆ وان حەڵاڵ بوو چونکە لەواقیعدا ئێمەکافر ناودێر کرابووین ،ئێستاش بەتێپەڕبوونی ٣٥ساڵ لە تەمەنی نگریسی ئەو رێژیمە هەروا بێ‌ڕێزی بە گەلی کورد هەم لەروانگەی نەتەوەیی وهەم لەروانگەی مەزهەبی دەکردرێت، بەڵام بەشێوازێکیتر،کۆماری بەناوئیسلامی ئێران کە داوای وەحدەتی ئیسلامی دەکات وبەها پیرۆزیەکانی ئایینی ئیسلامی لا گرنگە بۆچی لەروخان وپێشگرتن ونوژەن کردنەوەی مزگەوتی سووننەکان[سنی]خۆی نابوێرێت.بۆوێنە لە ساڵی ١٣٧٠ی هەتاوی لەشاری سەڵماس سەر بەپارێزگای ورمێ لە گەرەکی تەزبیت کەخەڵکەکە دەیانویست مزگەوتێک بەخەرجی خۆیان بەبێ یارمەتی رژیم درووست کەن رێگری کردو تێکی رووخاند کە تائێستاش لە شاری سەڵماس کە زیاترلە ٧٠%ی شارەکەکوردن جگە لەدەورو پشتی لە ناوشاردا ئیزنی درووست کردنی مزگەوت نادات ،شاری نەغەدە کەزۆرینەی کوردن چەندساڵە خەڵک دەیان هەوێت لەکۆلانی شەهید قادری مزگەوتێک درووست کەن ئیزنیان پێ نادرێت،هەروەها ماوەیەکە مزگەوتی حاجی خدری بۆنۆژەن کردنەوە راگیراوە ورژیم پێشی پێ گرتوون،بەهاوکاری خەڵکی کوردستان قووتابخانەی صلاح الدین لە پیرانشار درووست کرا بەڵام رژیم پێشی بە کۆبوونەوەی گشتی مامۆستایانی ئایینی گرت لەرۆژی ئیفتتاعی ئەو مەدرەسەیە،ساڵی١٣٧١ مامۆستاحسێن سیاوانەیی بانگهێشتی ئۆرگانی ئاسایش[اطلاعات]کرا پاش بێرێزێکی زۆر ولێدانی دەرزی کوشەندە پاش٣رۆژ دوای ئازادکردنی گیانی لەدەستدا هۆکاری دەسگیرکردنەکەشی هەر ئەوەبوو لەقسەکانیدا سەبارەت بەدایکی مسڵمانان حضرتی عایشە وعمری کوری خطاب دوابوو،٣٠%ی خەڵکی تاران ومەشهەد سنی مەزهەبن بەڵام ئیجازەی دروست کردنی تەنیا یەک مزگەوتیان نییە بە پێچەوانە لەهەموو شارە سنی نشینەکان مزگەوت وحسینیەی شیعە بوونی هەیە،رۆژ نییە فیلم ودیکۆمێنتی دروست نەکات کە بێرێزی بەمەزهەبی سنی بێت لەوانە درووست کردنی فیلمی امام علی کەزۆر راشکاوانەوبێ شەرمانە سووکایەتی بە باوەری ئێمە دەکات هەر لەو راستایەشدا مامۆستا محمدربیعی کەداوای کرد پێش بەبڵاوکردنەوەی بگیرێت زۆر بێرەحمانە کەوتە بەر پەلاماری پیاوکوژەکانی رژیمی چەپەڵی ئاخوندی وشەهیدکرا،سەدان کتێب وپەرتۆک لەسەر بێرێزی کردن بە بەها پیرۆزەکانی ئێمە چاپ وبڵا دەبێتەوە چەندین شەبەکەی تلویزیونی هەن کە کۆماری پەت وسێدارە پشتیوانی ماڵی ومەعنەویان دەکات بۆ سووکایەتی کردن بە مەزهەبی سنی ،هەمووی ئەوانە لەحاڵێکدا دەکردرێت کە ئەورژیمە چەپەڵە داوای وەحدەتی ئیسلامی وعەدڵی ئیلاهی دەکات وخۆشی بەئایینی ئیسلامی ناوی محمدی گرێ داوە ودەیهەوێت ئیسلام بۆوڵاتانی دیکەش سادر[صادر]بکات بەڵام چ جۆرە ئیسلامێک تەنیا ئیسلامی شیعی اثنا عشری معتقد بەولایتی فقیه جگە لەوە هەموو مەزهەبووئایینێکی جیاواز بەکافردەزانێت ولەناو بردنی بەئەرکی سەر شانی خۆی دەزانێت ،ئێمەی کورد بەهەر بەهانەێک بانگهێشتی ئۆرگانی اطلاعات بکردرێن جگە لەبێرێزی کردن بە جل وبەرگی کوردایەتیمان زۆریش هێرش دەکەنە سەر باوەری ئایینیمان بە تایبەت ئەگەر بانگهێشت کراو کەسێکی ئایینی بێت هەرچی بە زاریاندا دێت بۆ سووکایەتی کردن بە ئایینەکەمان دەیکەن کە من خۆم ێکێک بووم لەو کەسانە بانگهێشت کرام وئەشکەنجە درام بەلام ئەوەی زیاتر عەزابی دەدام بێرێزی کردن بە مەزهەبەکەم [مذ‌هب]بوو کە من وەک مامۆستایەکی ئایینی بە عەرەبی لەگەڵـم دەدوان وسووکایەتیان بە باوەرەکەم دەکرا.ئەوە ماهییەتی کۆماری بەناو ئیسلامە کە لە راستیدا بێ ئاینەکان زۆرلەوانە بەئیسلام باوەرمەندترن.
برووخێت رێژیمی دژە گەلی ئاخووندیی ئێران

مەلاعەلی سێڵاو