پڕۆسەی هەڵبژاردن بۆ گشت بووارەکانی ژیانی مرۆڤ یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی چەمکی دێموکراسییە بەو مەرجەی ئەم پڕۆسەیە بە شێوەیەکی ئازاد و دادپەروەرانە بەڕێوە بچێت.
ئاشکرایە هەڵبژاردن لە چووارچێوەی نیزامی دژە مرۆیی بەناو کۆماری ئیسلامی ئێراندا، شانۆگەرییەکی چەواشەکارانە و فریودەرانەیە و تەنیا مەبەست لە هەڵبژاردن شەرعییەتدانە بە شێوەیەکی هەڕەمەکی لەناو جیهانی دەرەکیدا کە گۆیا لەوها نیزامێکی داخراو و ئایدەلۆژیەکی چەقبەستووی مەزهەبیدا بڕگەکانی دێموکراسی پەیرەو دەکرێن!
لە سیستمی ئاخووندەکانی ئێراندا بەربژێرەکان دەبێ لە فیلتێری ویلایەتی فەقیهی ئێران دەرچن دەبێ گوێ لە مستی ڕێبەری و سیستمی داخراوی ویلایەتی تیڕۆریست بن دەبێ بە تەواوی باوەڕمەند و فیدایی ئەو سیستمە دژە گەلییە بن.
بەشداری کردنی خەڵک بۆ هەڵبژاردنی بەربژێرەکان بگرە ئەو جەمعە بەربژێرانەی دەستنیشانکراوی ڕژیمیشن کاریگەر نییە و بەربژێر پێش ئەوەی بەشدارانی ئەو شانۆیە دیاری بکەن ئەوە سیستم دیاری کردووە و کۆتایی هاتووە و ئیتر دەنگ و ڕای بەشداربووانی شانۆکە هیچ کاریگەر نییە.
ئەم شانۆ بە ناوهەڵبژاردنەی پاش مەرگی سەرۆک کۆمارە کوژراوەکەی ئێران واتە ئیبڕاهیم ڕەئیسی کە ڕێگەدراوە شەش بەربژێر خۆیان بدەنە بەر دەستی بەشداربووان لە سەرەتاوە براوە و کەسی سەرکەوتوو دیاری کراوە بەڵام بۆ ئەوەی ڤیدۆی بەشداری خەڵک بەردەست بێت ڕژیم کەوتۆتە حاڵەتی داواکاری و پەنابردن بۆ چینەکاریگەرەکانی ناو کۆمەڵگا تاکو سەرنجی خەڵکی وەزاڵەهاتوو بۆ بەشداری زیاتر لەم شانۆیە ڕابکێشن، یەک لەو چین وتوێژە کاریگەرەی کە دەتوانێ بۆ ڕژیم پڕ سوود و بەرهەم بێت توێژی زانایانی ئایینی واتە مامۆستاکانی کوردستانن، هەربۆیە ناوەندی ئیداری زانستە ئیسلامییەکانی گشت پاڕێزگا و شارە کوردنشینەکان، داوایان لە مامۆستایانی ئایینی کردووە تاکو زیاتر گرنگی بەو بابەتە بدەن و خەڵکی ڕابکێشن بۆ سەر سندووقە خوێناویەکەی بە ناو هەڵبژاردن! و لە کۆڕ و کۆبوونەوەکان و نوێژ و خووتبەی هەینی ئەم بابەتە شڕۆڤە بکەن.
ئێمە وەک یەکیەتی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران شانۆی بە ناو هەڵبژاردنی ڕژیم بایکۆت دەکەین و داواش لە هەموو مامۆستا دڵسۆز و نیشتیمانپەروەرەکان دەکەین بە هیچ جۆرێ نەکەونە داو و پیلانی کۆماری کوردکوژی بەناو ئیسلامی ئێران و ئەم سیاسەتە چەپەڵەی ڕژیم پووچەڵ بکەنەوە و بانگەشەی هەڵبژاردن تاکو لە لایەنی ئەوانەوە بانگەشەی بۆ نەکرێت، هاوکات داوا لە سەجەم خەڵکی کوردستان بە هەموو چین و توێژەکانی کۆماڵگای وەزاڵەهاتووی گەلەکەمان دەکەین بایکۆتی ئەم شانۆیە بکەن و بەشدار نەبن لە ڕژانی خوێنی زیاتری لاوانی نیشتمان و خۆیان لە تووڕەیی شەهیدان و پەروەردگاری مەزن بپارێزن..
بەشداری نەکردنتان بەواتای مەرگی کۆماری خوێنڕێژی ئیسلامی ئێرانە.
بڕووخێت ئەم ڕژیمە دژە مرۆییەی بەناو کوماری ئیسلامی ئێران.
سەرکەوێت دادپەروەری و ئازادی بۆ ڕزگاری گەڵانی چەوساوەی ئێران.
یەکیەتی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر