۱۳۹۲/۱۲/۲۸

نەورۆز جێژنی کۆنی کوردەواری (مەلا عەلی سێڵاو)

هەر وەک ئێرانییەکان وهیندێک وڵاتانی‌تر بە گشتی ونەتەوەی کورد بەتایبەتی نوێ‌بوونەوەی ساڵێکی دیکە لە رۆژێکی تایبەتدا کە دەبێتە یەکەم رۆژی ساڵی تازە جێژن دەگرن و خۆشی و شادی دەگێڕن ئەم رۆژە بۆتە نەریتێک کە هەر بە درێژایی مێژووەکەمان لە گەڵمان بووە و ئێمەی کورد شانازی بەم رۆژەوە دەکەین.









نەورۆزیەکەم رۆژی فەسڵێکی بەهاری، یەکەم رۆژی ساڵێکی نوێ، ژیانەوەی گوڵ وگوڵزارەکان و هاتنی نەسیمێکی خۆش و دڵڕەفێن و زیندووبوونەوەی خاک و سەوزایی و مەرگی نەدامەتی و سەخت و سەهۆڵ و سەرما و سۆڵەیە.
ئەم رۆژە هەرچەندە لای تاکی کورد بە رۆژێکی مێژوویی و خۆشی و شادی پێناسە کراوە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا بێ دەردەسەری و چەرمەسەری نەبووە، بۆ وێنە ٩٥ لەسەدی کۆمەڵگای کوردەواری باوەرمەندە بە ئایینی پیرۆزی ئیسلام و خەڵکانێک هەن بەنێو مامۆستای ئایینی کە ئەم رۆژە واتە جێژن و شادی و بەڕێوەبردنی رێوڕەسمی نوێ‌بوونەوەی ساڵی تازە بە حەرام دەزانن و دەڵین ئەمە هی زەردەشتەکان بووە، رەوا نییە موسڵمان ئەم جێژنە بەڕێوە بەرێت وهیندێکیش دەڵێن ئەمە بیدعەیەکی قەبیعەیە و دروست نییە و هەر چەند هیچ پاساوێکی شەرعی بۆ حەرام کردنی لە قورئانی پیرۆز و فەرمایشتەکانی خۆشەویستمان محەممەد دروود و سڵاوی خودای لەسەر بێت راستەوخۆ لەهەمبەر حەرامبوونی لەبەردستدا نییە، بەڵام هەر کەسە و ئیجتیهادێکی بۆ خۆی کردووە و روانگەی خۆی خستۆتە روو وکێشەیەکی زۆری پێکهێناوە، هیندێک حکوومەتیش بەڕێوەبردنی ئەم بۆنەیان کردۆتە مەسەلەیەکی سیاسی و کەڵکی پێویستی لێ وەردەگرن لەوانە دەتوانین ئاماژە بە وڵاتانی توورکیە و ئێران بکەین هەر کات لە بەرژەوەندییاندا بوو ئیزنی بەڕێوەبردنی دەدەن و کاتێکیش مەترسییان لە بەڕێوەچوونی ئەم بۆنەیە بوو بە هەڕەشە و گوڕەشە پێشی پێ دەگرن لە ترسی سەرهەڵدان و راپەڕین، راستە کە نەورۆز دەگەڕێتەوە سەردەمی کۆن و پێش هاتنی ئایینی ئیسلام خۆ بەڵام ئەوە بەم مانای ئەوە نییە کە هەرچی لە ئیسلامدا نەهاتبێت حەرامە و دروست نییە. بۆ وێنە کاتێک ئیسلام هات دەورانی جاهیلییەت بوو سەردەمی نەفامی و بی بەند و باری بوو، بەڵام لە هەمان کاتدا ئیسلام ئەو هەمووە یاسا و داب و نەریتەی حەرام نەکرد بگرە جگە لەباوکردن و مانەوەی هێندێک نەریت، بوو بە هۆکاری پەرەسەندنیشیان لە نەورۆزدا بوو کە خوداوەند پەیمانی لەگەڵ مرۆڤ گرێ دا کە هەر ئەو بپەرەستن و کڕنۆش بۆ ئەو بەرن، لە نەورۆزدا بوو کە کەشتیی نووح دروود و سڵاوی خودای لەسەر بێت لەسەر پاکترین خاک واتە خاکی کوردستان کێوی جودیدا ئارامی گرت، هەر مرۆڤێک ئەگەر بە چاوێکی کراوە بڕوانێتە ئەو بۆنەیە دەبینێت کە ئەم رۆژە وانەی خوداپەرەستی و یەکتاپەرەستییە ئاڵوگۆڕی وەرزێکی جیاوازە ئەگەر مرۆڤ بیهەوێت وانەی لە وەربگرێت، کە واتە پێشگرتن بە شێوەیەکی رەمەکی و بە بێ بەڵگەیەکی باوەڕ پێکراو کارێکی رەوا نییە، من دەڵیم هەر کات بە دوور لە خورافات و بێ بەند و باری و بەد رەوشتی و کاری پڕ و پووچ بەڕێوە بچێت نەک دژی ئایین نییە بگرە زۆریش گرنگە و رەوا پێدرواوە، خۆشەویستمان دەفەرمێت هەموو کردەوەیەکی مرۆڤ بە دەروونییەتی، کاتێک دەروونت لەگەڵ خودا رێک بوو ئیتر هیچ شتێک ناتوانێت لە خودا دوورت بکات، کەواتە داگیرساندنی ئاگر و خۆشی و شادی بە مانای ئاگرپەرەستی نییە و نابێت، سەرەڕای ئەمە ئەم رۆژە دەبێتە مایەی بەسەرکردنەوەی خزمان و دۆستان و بنەماڵەی شەهیدان و لێ قەوماوانی نەتەوەکەمان کە ئەوەش کارێکی خوداپەسەندانەیە هەموو کات نەورۆز بۆتە زەمزی یەکگرتن و یەکتر قەبووڵ کردن و لێکتر خۆشبوون هەر بۆیە دەڵێم ئەمڕۆژە لە هەموو ئەویندارانی رێگای رزگاری و سەرجەم گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و زندانیان سیاسی و تێکۆشەرانی خەباتگێڕی گەلەکەمان پیرۆز بێت بەو هیوایە ببێتە هۆکاری یەکگرتنی هەرچی زیاتری پارتە سیاسییەکانی کوردستان بە گشتی و بنەماڵەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەتایبەتی.
مەلا عەلی سێڵاو


هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر