۱۳۹۲/۱۱/۱۷

خەتەنەی ژنان لە روانگەی ئیسلامەوە

بە نێوی خودای مەزن
ئاخۆ خەتەنە کردنی رەگەزی مێینە ئەرکێکی ئایینییە یاخود پێویستە لەم سەردەمەدا ژنان خەتەنە بکردرێن؟
پێش ئەوەی وەڵامی ئەم پرسیارانە بدەینەوە دەبێت ئێمە پێشتر زۆر بە باشی ئایینی بناسین و هۆکاری رەوانەکرانی ئایین بۆ سەرکۆمەڵگای بەشەرییەت بزانیین؛


رەنگە کەم کەس لە ناو کۆمەڵگای ئیسلامیدا هەبێت نەیبستبێت کە خودا بەگوێرەی هێندێک سەرچاوە ١٢٤هەزار نوێنەری خۆی رەوانەی سەر ئەم کۆمەڵگایە کردووە. یەکەم جار مرۆڤ لەگەڵ ئەم پرسیارە بەرەوڕوو دەبێت بۆچی خوداوەند ئەم هەمووە پێغەمبەرەی دروود و سڵاوی خوایان لەسەر بێت رەوانە کردووە، بۆمان دەردەکەوێت لە کۆنەوە مرۆڤ لە هەرچی زانست و عیلم بووە بێ بەش بووە نەیتوانیوە راست و ناڕاست لێک جیا بکاتەوە و پێویستی بەبوونی کەسێک بووە وریای بکاتەوە، ئەی کاتێک مرۆڤ خۆی بگات بە عیلم و زانست و توانیی بەرژەوەندیی دونیا و ئاخیرەتی بدۆزێتەوە ئاخۆ پێویستی بە کەسانی‌تر دەبێت هۆشیاری بکەنەوە؟ رەنگە وەڵام ئەوە بێت نەخێر.هەر بۆیە پاش تەواو بوونی ئەرکی سەرشانی نوێنەری ئاخری زەمان و هاتنی دەستووراتێکی تەواو و کەماڵ پێش بە دووپاتە بوونەوەی پێغەمبەرێکی‌تر گیراوە لە لایەن خوداوە و خوداوەند هەمووی دەستوورات و یاساکەی لە ناو کتێبێک بە ناوی قورئان داڕشت و دایبەزاندە سەر کۆمەڵگای بەشەرییەت. بەڵام هەمووی ئەم ئایات و دەستووراتە بەپێی هەلومەرجی مەکانی و زەمانی ئەو کات واتە ١٤٠٠ ساڵ پێش ئێستا دابەزاند و یەکێک لە مووعجیزە و مەزنایەتی قورئان لەوە دایە بۆ هەموو دەورانێک و سەردەمێک دەگونجیت، واتە خۆی رێک دەخاتەوە و هەمیشە تازەیی پێوە دیارە واتە کاتێک بڵین قورئان تازەیە دەبێت هەست بەوە بکەین کە پێغەمبەریشمان دروود و سڵاوی خودای لەسەر بێت زیندووە، کەواتە ئایەتەکان بەپێی هەلومەرجی ئێستا مانا و مەفهوومی خۆیان دەبێت نەک هی ئەو سەردەم. لە راستیدا دەبێت خوێندنەوەیەکی تا زەمان هەبێت دەبێت باردۆخی ئێستای کۆمەڵگای بەشەرییەت و بەرچاو بگیرێت لە بابەت رەوانی و دەروونی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتووری و ژینگە و تەندورستی و هتد. بەڵام سەبارەت بە باسەکەمان هیندێک کەس ئەم خەتەنەیە تەنیا دەگەڕێنێتەوە سەر ئایینی ئیسلام و دەڵین ئەوە ئیسلامە ئەمری بە ئەنجامدانی ئەم کارە کردووە راستییەکەی ئەوەیە ئێمە لە قورئاندا هیچ سەرچاوەیەکمان نییە کە باسی لە خەتەنە {خفض} کردبێت هەرچەند ئیمامی شافیعی خەتەنەی بۆ رەگەزی نێر و مێ بە پێویست دەزانێت و دەڵێت پێویستە پێستی رووکەشی ئالەتی شەهوانی {تناسولی} ژن و پیاو ببڕدرێت، و ابن تیمیە لە کتێبی مجموع الفتاوی لە جلدی ٢١ لاپەرەی ١١٤ و قاضی ابوبکر و مامۆستا محەممەد رەبیعیش بە پێویستی دەزانن و فەرمایشتێکی پێغەمبەرمان حەزرەتی محەممەد دروود و سڵاوی خودای لەسەر بێت دەکەنە مەبنای فتواکەیان کە پێغەمبەر پێشی بە خەتەنەکردنی ژنان نەگرتووە، بەڵام با بزانیین ئەمە کام حەدیسە کە پێغەمبەر {د.خ} ئەمری پێ فەرمووە دەگێڕنەوە سەردەمی ئیسلام ژنێک بوو بە ناوی ام عطیە کە ژنانی خەتەنە دەکرد واتە پێستی ئالەتی شەهوانی ژنانی {کلیتوریس} دەبڕێ کە پێغەمبەر پێی فەرموو لە بڕینی زیادە رەوی مەکە کەواتە ئەمە نابێتە دەستوور تەنیا ئەم کارەی لەو سەردەمەدا رەت نەکردۆتەوە و پێشی پێ نەگرتووە لە بەر هێندێک هۆکاری نەریتی و کۆمەڵایەتی ئەو دەم کە بە تایبەت لە دێر زەمانەوە نەریت بووە هەر لە سەردەمی حەزرەتی ئیبراهیم و یەهوودییەکانەوە و هاوکات زۆریش لە پسپۆرانی بواری ئایینی ئەمە بە ناڕەوا دەزانن و پێشی پێ دەگرن بۆ وێنە دوکتور مستەفا زەڵمی بە حەرامی دەزانێت و دەفەرمێت نابێت ئەم خەتەنەیە لەسەر ژنان ئەنجام بدرێت و زۆری دیکە دەڵین کاتێک لە مەسڵەحەتی ژن دانەبێت باشتر وایە خەتەنە کردن نەبێت. مفتی گەورەی الازهری میسر محەممەد تەنتاوی دەفەرمێت بە جێگای خەتەنە با زیاتر کار لەسەر ئەخلاق و رەوشتی پاکی مرۆڤایەتی بکردرێت. کەواتە شەرعی ئیسلام زۆر کات بابەتەکان عەواڵەی سەر پسپۆران دەکات بە تایبەت دوکتوران و پزیشکان کاتێک ئەوان ئیزنی ئەنجامدانی ئەم کارەیان نەدا لە راستیدا خود بەخود حەرام دەبێت و لەم سەردەمەدا جایز نییە خەتەنەی ژنان و نابیت هەمووی بگەڕێنەوە سەر ئایین بەڵکوو زیاتر ئەمە نەریتی کۆمەڵایەتییە بەتایبەت کۆمەڵگای جیهانی سێهەم و لە کۆتاییدا دەڵیم هیچ ئایەتێک یان حەدیسێک کە راستەوخۆ باس لە خەتەنەی ژنان بکردرێت لە ئایینی ئیسلامدا بەدی ناکرێت هیوادارم ئەم خەتەنەیەش کە ئیستا لەلایەن مافی مرۆڤەوە رەت کراوەتەوە لە جیهاندا نەمێتنێت
مەلا عەلی سێڵاو

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر