۱۳۹۲/۰۷/۱۸

قوربانی کردن لە ئایینیی ئیسلامدا (مەلا عەلی سێڵاو)

بسم اللە الرحمن الرحیم
الحمد للە الذی فرض الحج علی من استطاع الیە سبیلا و نشهد ان لا الە الا اللە و أن محمد عبدە و رسولە، اللهم صل و سلم علی سیدنا محمد و علی الە و اصحابە اجمعین
مانگی پیروزی قوربانە و حاجییەکان لە ماڵی خودا خەریکی بە جێ گەیاندنی ئەو ئەرکانەن کە پێویستە ئەنجام بدرێن و حەجەکەیان بە جێ بگات. لە کۆتاییدا دەچن بۆ منا و قوربانی دەکەن و پاشان کۆتایی بە فەریزەکان دەهێنن، ئێمەی موسڵمانیش هەروەکو ئەوان ئەو سوننەتە بەجێ دەگەیەنین و ساڵانە بە هەزاران مەڕ و ماڵات سەر دەبرین و بەشی هەژاران و دەست کورتانی لێدەدەین.




ئازیزان قوربانی کردن لەسەر پێغەمبەران واجب بووە و لە سەر ئێمەش سوننەتە، بەڵام کاتێک کەسێک لەسەر خۆی نەزر بکات ئەوا قوبانییەکەی لەسەر واجب دەبێت، قوبانی سوننەتە بۆ کەسێکی خاوەن ماڵ و سەروەت و سامان گیانلەبەرێک وەک مەر و بزن و وشتر و رەشە وڵاخ سەر ببرێت و بیدات بە هەژاران و نابێت مننەت لەسەر خەڵک بکات، ئەگینا قوربانییەکی دروست نییە و قەبووڵ ناکرێت، کەسێک بە تەنیا دەتوانێت مەڕێک، یان بزنێک، یان گەورەتر قوربانی بکات و تا ٧ کەسیش دەتوانن رەشەوڵاخێک بە شەراکەتی قوربانی بکەن بەڵام چەند کەس ناتوانن مەر یان بزن قوربانی بکەن بە شەراکەتی، هەر حەیوانێک دیاری بکرێت بۆ قوربانی گۆڕین، یان فرۆشتنی دروست نییە، کاتی قوربانی لە یەکەم رۆژی جەژن کاتێک خۆر هەڵدێت و دوو رکاعەت نوێژی جەژن و وتارەکان دەخوێندرێنەوە دەست پێ دەکات و تا ٣ رۆژی جەژن بەردەوام دەبێت تا خۆر ئاوابوونی رۆژی ٣ـەمی دوای رۆژی جەژن کە سەر جەم دەکاتە ٤ رۆژ، بۆ سەربرینی قوربانییەکە باشتر وایە قوبانیکەر خۆی سەری ببرێت، یان وەکیل بگرێت و هەر چەند کەس پێی خۆشە خێریان پێ بگات ناویان بێنێت واجیبیشە لە کاتی سەربڕینی نییەتی قوربانی بهێندرێت، ئەوحەیوانەی سەری دەبڕن لە رەشەوڵاخ وەک گا  دەبێت دوو ساڵی تێپەراندبێت و پێی نابێتە ٣هەم ساڵی تەمەنی. وشتر ٥ ساڵی تەواو کردبێت پێی نابێتە ٦ساڵی. مەڕ ساڵێکی تەواوکردبێت پێی نابێتە ٢هەم ساڵ، حەیوانە قوربانییەکان نابێت عەیبدار بن وەک ئەوە نەخۆش بن نابێت کوێر و شەڵ، یان  زۆر لاواز یان شێت، یان پارچەیاک لە گوێچکەی بڕابێت یان دووگی نەبێت یان زۆر هەنگی هەبێت ئەوانە بۆ قوربانی نابن، تا بکردرێت قوربانییەکە نابێت ئاوس بێت بەڵام {ابو مخرمە و سمهودی} فەرموویانە بەشەرتێک ئاوس بوونەکە زەرەری بۆ گۆشتەکەی نەبێت دروستە، هەر قوبانییەک سوننەت بێت واتە واجب نەکرابێت لە سەری دروستە خاوەنەکەی ٢ لەسەر ٣ی گۆشتەکەی بۆخۆی ببات، بەڵام ئەگەر قوربانییەکە واجب بێت دروست نییە نە بۆ خۆی نە بۆ ئەوکەسانەی ئەو نەفەقەیان پێ ئەدات لێی بخۆن و نابێت بیدات بە کەسی دەوڵەمەندیش تەنیا هەمووی بۆ هەژارانە، هەروەها حەرامە قوربانی بکات لە پێناو مرۆڤێک یان بەرپرسێک و حەرامە خەڵکیش لەو گۆشتە بخۆن، زۆر کەس باس لەوە دەکات مریشک و قەل و قاز بۆ قوربانی دەبێت یان نا ئێمەش دەڵێن جگە لەوانەی باسمان کرد گیان لەبەریتر وپەلەوەر بۆ قوربانی نابێت.
هیوادارم ئەو کورتە بابەتە سەبارەت بە قوربانی و چۆنیەتیی قوربانی کردن دەسکەوتێکی زۆری بۆ ئیمانداران هەبێت و لە خودای مەزن داواکارم زیارەتی هەموو حاجییەکان و قوربانیی هەموو قوربانیکەرەکان قەبووڵ بکات ئامین.
و السلام علیکم و رحمة اللە و برکاتە


مەلا عەلی سێڵاو

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر