۱۳۹۲/۰۶/۲۵

پەیامی یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستان بەبۆنەی ٢١ـەمین ساڵـڕۆژی شەهید بوونی د. سەعید




 

یزاکا: یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ٢٦ی خەرمانان ٢١ـەمین ساڵڤەگەڕی تیرۆرکرانی دوکتور سادق شەرەفکەندی، سکرتێری پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هاوڕێیانی راگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە.


یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ٢١ـەمین ساڵڤەگەڕی شەهید کرانی سکرتێری پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دوکتور سادق شەرەفکەندی و هاوڕێیانی کە بە تیرۆری میکۆنۆس ناسراوە جارێکی دیکە وێڕای دەربڕینی بێزاری خۆمان لە رێژیمی تیرۆریستپەروەری کۆماری بەناو ئیسلامیی ئێران ئەو کارەساتە بە خاسارێکی مەزن بۆ گەلی کورد بە گشتی و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە تایبەتی دەزانێ.

بیروڕای گشتیی جیهان ئاگادار دەکینەوە کە سیستەمی کۆماری بەناو ئیسلامیی ئێران بۆ مانەوەی دەسەڵاتی نگریسی خۆی بە ناو ئیسلامەوە لە هەموو کردەوەیەکی نامرۆڤانە کەڵکی وەرگرتووە، بەڵام بەداخەوە دوای ئاشکرا بوونی کردەوەی تیرۆری میکۆنۆس و ریسوایی ئەم رێژیمە دەستی لە تیرۆر و گرتن و ئەشکەنجە و ئیعدامی ئاشکرا و نهێنی هەڵنەگرت، قەتڵە زەنجیرەیی‌یەکان و دەیان تیرۆری دیکەی بە کارنامەی رەشی ئەم رێژیمەوە زیاد کردووە.

ئەگەر لە روانگەی ئیسلامی پیرۆزەوە بڕوانین و کردەوەکانی کۆماری بەناو ئیسلامیی ئێران هەڵسەنگاندن بکەین، ئەوا ئەو راستییە دەر دەکەوێ نەک هەر رێژیمی رەشەکوژ دەکەوێتە خانەی دژبەری ئایینی راستەقینەوە کە لەودا مافی ژیان بۆ هەر تاک و کۆمەڵێک دیاریکراوە، بەڵکوو کارەسات لەوێ دایە کە کاربەدەستانی رێژیمی ئێران بە عەباوە و  عەمامەیی ئایینەوە لەژێر ناو و سێبەری قورئانی پیرۆز و ئیسلامەوە لە هیچ خەیانەتێک سڵیان نەکردووە.

ئێمە وەک یەکیەتیی زانایانی ئایینی، کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بەگشتی و خەڵکی کورد بەتایبەتی هوشیار دەکینەوە کە بە هاتنە سەرکاری رووحانی هیچ چەشنە ئاڵوگۆڕێک لە پێکهاتەی کۆماری بەناو ئیسلامی ئێران نەهاتووە و تەنانەت هاتنە سەر کاری رووحانی بە مەبەستی قەوام و دەوامی کۆماری بەناو ئیسلامی و درێژکرنەوەی تەمنی نگریسی ئەو رێژیمەیە.

لە کۆتاییدا، پشتگیری خۆمان لە جووڵانەوەی رزگاریخوازانەی خەڵکی کوردستان دووپات دەکەینەوە و جارێکی دیکە هەر چەشنە تیرۆر و رەشەکوژییەک مەحکووم دەکەین و پرسە و ماتەمین بۆ کارەساتی میکۆنۆس هاوخەمیی خۆمان لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەردەبڕین.

یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران
٢٥ی خەرمانانی ١٣٩٢ی هەتاوی

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر