۱۳۹۲/۰۶/۱۲

تاوانە گەورەکان لە روانگەی ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا (مەلا عەلی سێڵاو)


یەکێک لەو تاوانەی کە ئایینی پیرۆزی ئیسلام دژایەتیی دەکات و داواکارە باوەڕمەندان خۆیان لێ دوور بگرن خیانەتە.






موسڵمانان!

خیانەت گەورەترین بێ ئەمرییە بە دەستووراتی خودا و پێغەمبەری خودا هەر مرۆڤێکی باوەڕمەند، ئەگەر خیانەتکار بێت و بەردەوام بێت لەسەر خیانەتەکەی ئەوە ناکرێت ناودێر بکردرێت بە موسڵمان و ئەو کەسە جێگە و پێگەیەکی لەناو ئایینی ئیسلامدا نییە، هەر چەند خۆی بە موسڵمان بزانێت. هەروەها ئەگەر موسڵمانانیش ئەگاداری خیانەتی خیانەتکار بن و بێدەنگ بن لە ئاست ئەو خیانەتەدا ئەوانیش تووشی ئەزییەت و ئازار دەبن لە رۆژی دواییدا. کە واتە موسڵمان کاتێک دیتی کەسێک ئەوا خیانەت بەخۆی و گەڵ و نیشتمان و ئایین و نامووسی دەکات، دەبێت لە ئاستیدا بوەستێت و رازی نەبێت بەو کارە نەشیاوە و دوور لە مرۆڤایەتییە.

''انا انزلنا الیک الکتاب بالحق لتحکم بین الناس بما اراک اللە ولا تکن للخائنین خصیما''، واتە ئێمە ''قورئان''مان بە حەق بۆ تۆ نارد، هەتا لە بەینی باوەڕمەنداندا حوکم بکەیت و نابێت بە نەفعی خیانەتکاران کە (پشتیان لە ئایین و نیشتمان کردوە و پشتیوانی لە زاڵم و فاسدان دەکەن) حوکم بدەی.

کەسێک حازر بێت بۆ وەدەستهێنانی بڕێک پووڵ وپارە، نیشتیمان و ئایینی خۆی بفرۆشیت، خودای گەورە تووشی عەزابێکی گەورەی دەکات لە قیامەتدا و لەم جیهانەش رووڕەشی دەکات و لەناو خەڵکدا رێز و پایەکی نابێت. [ان اللە لایحب الخائنین] خودا خیانەتکاری خۆش ناوێت و رووی لێوەر دەگێرێت و کەسێکیش خودا رووی تێ نەکات، عەزابی جەهننەم چاوەڕوانیی دەکات، ئەو کەسەی خیانەت بە ئایین و نیشتمان، نەتەوە، نامووس، بنەماڵە، جیران و هتد بکات، هەر هەموویان خودا وەک یەکی ئەژماردوون و سزایان وەک یەکە. بێدەنگیش لە ئاست بێ رێزی کردن بە باوەڕ و خاک و گەلەکەت جۆرێک خیانەتە، کە واتە دەبێت لە بەرانبەر ئەو هەموو ناعەداڵەتییە کە بەناوی ئیسلامەوە بەتایبەت کە کۆماری ئیسلامی دەیکات، رۆژانە سەدان خەڵکی بی تاوان دەکوژێت و زندانی دەکات، نابێ بێدەنگ دانیشی و دەست لەسەر ئەژنۆت بگری و خۆت کڕ کەی و واهەست بکەی کە هیچت نەبیستوە، ئاخر رۆژی دوایی مەگەر لێت ناپڕسنەوە بۆچی بێ دەنگ بووی؟ مامۆستایانی ئایینی باش دەزانن کۆماری ئاخووندیی ئێران چەندە دژایەتیی نەتەوەی کورد و باوەڕی ئایینیی ئەو گەلە دەکات، من پێم سەیرە ویلایەتی فەقیهـ هەموو بیر و بۆچوونەکانی موسڵمانانی سوننی مەزهەب رەت دەکاتەوە و دژایەتیی دەکات و زۆر جار سووکایەتیشی پێ دەکات، بەڵام مامۆستایانی ئایینی لە ئاست ئەو هەمووە بێ رێزییە بێدەنگن، بۆچی؟ ئایا پێتان وایە خودای گەورە ئەوەی قەبووڵە؟! لە پێش چاوی هەموو مامۆستایانی ئایینیی کوردستانی ئێران چەندین مامۆستای ئایینی نیشتمانپەروەر و باوەڕمەند تووشی ئازار و ئەزییەت و زیندانی و بێ رێزی کردن بوون، کە چی هیچکام لە مامۆستایانی ئایینی دەنگیان لێوە نەهات و خۆیان بێدەنگ کرد کە ئەوەش تووڕەیی خودای مەزنی بەدواوە هەیە، ماوەیەکە مامۆستایەکی ئایینیی سەردەشت بەناوی ''عبدالسلام گولنواز'' هەر بە تۆمەتی ناوهێنانی پێشەوای مەزن ''قازی محەممەد'' و کۆمەک کردنی هەژاران، جلوبەرگی ئایینیی لێ ئەستێندراوە و ٦ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا، ئەوە ئەرکی سەرشانی مامۆستایانی ئایینییە بێدەنگ نەبن و ناڕزایەتی خۆیان دەرببڕن و پێشی ئەو کارە دژە مرۆییە بگرن. هەتا چیتر سووکایەتی بە باوەڕی نەتەوایەتیی و ئایینیمان نەکردرێت.

خودای گەورە دەفەرمێت: راستییەکان بڵێن ئەگەرچی بە زەرەری خۆشتان بێت. هەر وەک یەزدانی گەورە داواکارە کۆمەڵگای بەشەرییەت بەگشتی و باوەڕمەندان بەتایبەتی خۆیان لە خیانەت و خیانەتکاری دژ بەیەکتر بە دوور بگرن. منیش هیوادارم خەڵکی وڵاتەکەم لەئاست ئەو هەمووە خیانەت و چەواشەکارییە کە بەناوی ئیسلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەکردرێت بێدەنگ دانەنیشن و بە دەنگ بەرزیی خۆیان بەگژیاندا بچنەوە و ئیزن نەدەن جارێکیتر خۆفرۆشان و فریودراوان و خائینان بە فریودانی ئێمەی کوردی موسڵمان تەمەنی نگریسی بەناو کۆماری ئیسلامی درێژ بکەنەوە. مرۆڤێک حازر بێت لە پێناو وەدەستهێنانی بڕێک پارە خیانەت لە گەل و نیشتیمانی بکات بەگوێرەی فەرمایشتی قورئان لە قیامەتدا هیچ پێگەیەکی نییە و بێبەشە لە کەرەم و رحمەتی خودا کە دەفەرمێت {من کان یرید حرث الاخیرة نزید لە من حرثە و من کان یرید حرث الدنیا نوئته و ماکان فی الاخرة من النسیب } بە یەکرێزی و بە پشتیوانیی خودا سەردەکەوین کە ئەوەش مزگێنی خودایە کاتێک خیانەتکاری بنبڕ بکردرێت دوژمن هەرچەند زۆر و زەمەند بێت بەچۆک دادێت.

بەو هیوایە کۆمەڵگای موسڵمان خۆیان لەو تاوانە گەورەیە بپارێزن.

و السلام علیکم و رحمة اللە و برکاتە


مەلاعەلی سێڵاو

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر