۱۳۹۲/۰۲/۳۱

دیاردەی خۆکوژی (ن: مەلا عەلی سێلاو)


دیاردەی خۆکوژی

سەرەتا با بزانین ئیسلام لەبارەی مرۆڤەوە چیی پێیه و چیی دەوێت و مەبەستی خودا له پەیدایشی مرۆڤایەتی چی بووه. خواوەندی میری مەزن که مرۆڤی خەلق کرد داوای له فریشته و پەرییەکانی کرد کڕنۆش بەرن بۆ مرۆڤ هەر ئەو کاته شەیتان حەسوودیی به مرۆڤ برد و زوو زانیی کە مرۆڤ لای خودا زۆر پله و پایەی هەیه و بەڕێزه، کەوته ململانێ و خودا فەمووی ئەو مرۆڤه له رۆحی خۆم پێ بەخشیوه و جێنشینی منه له سەر گۆی زەوی هەر کەس دژایەتیی بکات ئەوه دژایەتیی من دەکات دیاره خودای گەوره بێهووده ئێمەی خەلق نەکردووه له هەمبەر ئەو هەموو رێزگرتنه‌دا، داواکاریشه ئێمەش هەم رێز له ئەو و هەم رێز له خۆمان بگرین که واته ئەو گیانەی ئەو پێی بەخشیوین له واقعدا هی ئەوه و نابێت بێهووده له ناوی بەرین و تەنانەت نابێت ئەزیێەت و ئازاریشی بدەین و نابێت هیچ مرۆڤێکیش ئازار بدەین بەڵکوو له بەرانبەر گیانی خۆمان و خەڵکانی‌تریش هەست به مەسئوولیت بکەین هیچکات له هیچ شەرایەتێکدا نابێت پێمان وابێت ئیتر کەڵکمان نەماوه و نا هومێد بین.

له راستیدا مرۆڤ دەبێت تاڵی و شیرنی بچێژێت جا له مانای واقیعی ژیان تێدەگات. هەر کەس لەژێر هەر ناوێک و لە هەر هەلومەرجێکی نالەباری ژیاندا خۆ بکوژێت ئەوه کەسێکی زۆر زەعیف و بێ وره بووه، خودای مەزن هەروەک ئیجازه نادات مرۆڤ مرۆڤی‌تر بکوژێت هەرواش ئیزنی خۆ کوژیش نادات و دەفەرمێت [و لاتلقوا بایدکم الی التهلکه] واته بە دەستی خۆتان، خۆتان له ناو مەبەن چونکه ئەگەر ئەو کاره بکەن ئەوه منیش سزاتان دەدەم واته قاتیل حیساب دەکرێن و سزای قاتڵیش جەهەننەمه جا ئەو کەسانەی هەم خۆیان دەکوژن و هەم خەڵکانێکی زۆریش به خۆیانەوه لەناو دەبەن بە هەر مەرامێکی تایبەت بێت ئەوه سزایان دەبێت، ئاخۆ چەند قات بێت؟ کوشتن، یان خۆکوژی له ئیسلامدا حەرامه نابێ بێلین شەیتان وەسوەسەمان بکات و ئەو گیانه خۆشەویستەمان له دەست بدەین. هەر کەس. یان کەسانێک ببنه هۆکاری خۆکوژی، گوناهبارن و خوداوەند تۆڵەیان لێ دەستێنێتەوه هەتا زیاتر له خودی کوژراوەکەش چونکه ئەو کاره به فیتنه حیساب دەکرێت و فیتنه له ئیسلامدا له قەتڵ گەورەتره [الفتنه اشد من القتل] به داخەوه هەر چند ئایین سەبارەت بەو مەسەلەیه دەدوێت بەڵام خۆکوژی زیاتر پەرەی سەندووه، به تایبەت له ناو ژنان و ئەوەش زیاتر له وڵاتانی جیهانی سیێەمدا که هۆکارەکەش دەگەڕێتەوه سەر شێوازی پەروەرده لەو وڵاتانەدا. ژن له وڵاتانی جیهانی سێیەمدا غەدرێکی زیاتری لێ دەکرێت وەک به زۆر به شوو دان، ژن به ژنه، جیاوازیی تەمەن، نەبوونی ئازادی، دەست کورتی و ... هتد. له ناو کۆمەڵگایەکی دواکەوتوو به نێوی ئایینەوە زۆرێک له ئازادییەکان بۆ ژنان دەستەبەر نابێت، ژن وەک مرۆڤی زەعیف، کەم عەقڵ، بێ توانا، چاو لێ دەکرێت و به داخەوە رەبتیشی دەدەنه سه ر ئایین که ئەوەش دوور له راستییه و هیچ جیاوازی له نێوان ژن و پیاودا نییه چونکه خوداوەند هەر خەتابێک که داویەتی بێ جیاوازیی رەگەزی دەری بڕیوه، که واته ژن زیاتر له پیاو غەدری لێ کراوه. ژن به زۆر به شوو دان تەنیا له ناو کۆمەڵگای دواکەوتوو باوی ماوه و زۆربەی ئەو ژنانەی پەنا بۆ دیاردەی خۆکوژی دەبن ناچار دەکرێن که ئەو کاره نابەجێیه بکەن کاتێک که تووشی گوشاری رۆحی و دەروونی دەبن پەنا بۆ ئەم و ئەو دەبەن وەک باوک و برا و خزم و کەس و کار کاتێک هیچ وەڵامێک یان هیچ پشتیوانێک نادۆزنەوه خۆکوژی به تەنیا رێگا دەبینن که ئەوه زۆر نادروسته، لێرەدا هەم حکوومەت هەم یاسا هەم پەروەرده هەم کۆمەڵگا هەم مامۆستایانی ئایینی بەرپـرسن لەو جۆره دیاردەیه، هۆکارێکی‌ دیکەش بۆ دیاردەی خۆکوژیی ژنان وشەی شەرەفه مرۆڤەکان پێیان وایه شەرەف له دامێنی ئافرەت دایه و ئەوان دەبێت وەک گلێنەی چاویان بپارێزن هەر ئەوەش بۆتە دەلیلێک بۆ خۆ دزینەوه له راستییەکان که له راستیدا زۆر کات له زۆر وڵاتان وشەی شەرەف پێشێل کراوه بەڵام کەس مرتەقی له بەر نایه وەک مافەکانی که داگیرکەران پێشێلی کردووه بەڵام کاتێک کیژەکەی، ئەوه بۆ هه ڵبژاردنی هاوسەری ژیانی لەگەڵ کورێک دەدوێت شەرەفی وەجووڵه دەکەوێ، یان کیژه بەسته زمانه دەکوژێت، یان کیژەکه خۆی پەنا بۆ خۆکوژی دەبات به پێچەوانه کاتێک کورەکەی لەگەڵ کیژێکی دیکە دەبینێت ئیدی ئەوه بۆی شەرەف نییه بەڵکوو شانازیشی پێوه دەکات. له نەبوونی هوشیاری و پەروەردەیەکی دروست و بێ دەسەڵاتی حکوومت ئەو جۆره دیارده دزێوانه پەره دەگرێت. سالانه چەندین کەس دەبنه قوربانی که جێی خۆیەتی رۆژانه باسی لێوه بکردرێت تاکوو بنبڕ دەکرێت، هەر ژنێک به هەر دەلیلێک دەکوژرێت یان خۆکوژی دەکات ئەوه هەموومان لێی بەرپرسیارین، هیچ رەبتی به ئاییندا نییه، ئایین به هیچ جۆرێک ئیزنی کوشتن یان خۆکوژیی هەر جۆرێک بێت به مرۆڤ نادات بەڵکوو ئەوه دواکەتوویی ئەو کۆمەڵگایەیه که ئەو دیاردەیه سەری هەڵداوە.

هەمومان به جوانی و زۆر به باشی دەزانین ئیسلام سەبارەت به شێوازی هەڵسوکەوت لەگەڵ یەکتری لەگەڵ ژن لەگەڵ منداڵ و هەروەها دابین کردنی مافەکانیان چۆن بۆ ئێمه دواوه. سەبارەت به ژن و شێوازی بەرخوردمان لەگەڵیان دەفەرمێت [و من ءایاته ان خلق لکم من انفسکم ازواجا لتسکنوا الیها و جعل بینکم مودة ورحمة] واته له نیشانەکانی خودا ئەوەیه له نيفسی خۆتان ژنی خەلق کرد تاکو میهر و سەفاتان هەبێت و دەبێت هەموو کات لەگەڵیان به رەحم و بەزەیی بن بەداخەوه له ناو کۆمەڵگای ئیسلامیدا بێ گوێ گرتن له دەستوور و یاسای ئیسلامی، مافی ژن پێشێل دەکرێت نائاگاهانیش بێ ئەوەی له ئیسلام تێبگەن هێرشێکی بێ بەزەیی‌یانە دەکەنه سەر ئیسلام، یەزدانی پاکمان سەبارەت به رێز لێنان له یەکتر و به تایبەت دایک واته ژن به گشتی دەفەرمێت [و و صینا الانسان بوالدیه حملته امه وهن و فصاله فی عامین ان اشکرلی و لوالدیک الی المصیر] واته وەسیەت بێت بۆ مرۆڤ که رێز له دایک و بابی بگرێت به تایبەت دایک چونکه دایک رەنجێکی زیاتر له پیاو دەکێشێت ٩ مانگ منداڵ له ناو زگ و ٢ ساڵ شیر دان پێی ئەو باره قورسه جێگای خۆیەتی به راستی رێزێکی تایبەتی لێ بگیرێت به داخەوه بێ سەرنج دان به فەرموودەکانی خودا رۆژانه دیسان دەبینین و دەبیسین که ئەوه به نێوی دیفاع له شەرەف و نامووس ژنان تووشی چ بەڵایەک دەکەن که به راستی ویژدانی مرۆڤەکان دەهەژێنێت، ئایا مرۆڤی پیاو ئاگاداره ژن و پیاو به ئەندازەی یەک مافیان لەسەر یەکتر هەیه [ولهن مثل الذی علیهن] واته ژن به ئەندازەی پیاو مافی هەیه بەسەریدا [واتقواالله الذی تسألون به والارحام] بترسن لەو خودایه که بەناوی ئەو لێپرسینەوه دەکەن. به راستی که نەبوونی ئاگاداری چ بەڵایەکی مەزنه که تووشی کۆمەڵگایەکی دواکەوتوو دەبێت. کوڕان و خوشکانی بەڕێز ئەی ئەو کەسانەی له ژێر گوشاری رۆحی و دەروونی دان ئێوه نابێت ناهۆمێد بن، نابێت بوەستن هەموو کات به جێگای پەنا بردن بۆ ئه و دیارده دزێوه له هەمبەر ناعەدالەتی بوەستن و تەسلیمی ئەو گوشارانه مەبن که بەسەرتان چەسپاوه جا به هەر نێوێک و هەر  یاسایەک بێت چونکه مرۆڤ زۆر لەوه بەرزتره که بەسەریدا دێت بە ورەی بەرز و پشت و پەنا به خودا دڵنیا بن به سەر هەموو کەند و کۆسپەکانی سەر رێگادا زاڵ دەبن. هیوادارم ویژدانی مرۆڤایەتی هوشیار بێتەوه و ئەو دیارده نامۆ و دزێوه بنبـڕ بێت.

مەلا عەلی سێلاو

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر