۱۳۹۲/۰۲/۲۳

ئیسلام و مافی نەتەوایەتی، ئیسلام و دێموکراسی


باوەڕمەندان به ئایینی پیرۆزی ئیسلام و لێکۆڵەرانی ئایینی، زۆر به باشی له ئەهداف و خواستەکانی ئایین سەبارەت به پرسی نەتەوایەتی و به شێوەیەکی گشتی دێموکراسی شارەزان. من لەم بابەتەدا دەمهەوێت به زمانێکی ساده و ساکار و ئەو جۆرەی من له ئیسلام تێگەیشتووم بدوێم، دەڵێم هەر کات بتهەوێت ئیسلام بناسی، بزانه ئیسلام ئایینی ئاشتەوایی و پێکەوه ژیانی هەموو بیر و باوەڕێکی جیا، ئایینی رێزگرتن له مرۆڤایەتی، ئایینی رەحم و بەزەیی و شارستانییەته. له ئیسلامدا هەموو مرۆڤەکان وەک یەکن بێ جیاوازی رەگەز و نەتەوە لای خودای گەوره کەس له کەس گەوره‌تر، یان بەڕێزتر نییه تەنیا به تەقوا نەبێت که دەفەرمێت (انا خلقناکم من ذکر وانثی و جعلناکم شعوبا و قبائل لتعارف ان اکرمکم عندالله اتقی کم)، واته ئیمه مرۆڤمان له ژن و پیاوێک خەلق کردووه و به شێوەی تاییفه و عەشیره و نەتەوه دیاریمان کردوون هەتا یەکتر بناسن و دەرک بکەن لای منیش ئەو کەسه رێزدارتره که تەقوای هەبێت. که واته بۆمان دەر دەکەوێت ئیسلام دژایەتیی هیچ نەتەویەک ناکات ئەو کەسانەی دەڵێن نەتەوەی عەرەب بەرتەری هەیه بەسەر نەتەوەکانی دیکە که واته دژایەتی ئەم ئایەته دەکەن ئەوانەی حەدیسێکی ساز کراو به زمانی پێعمبەر هەڵدەبەستن که گوایه فەرموویەتی (العرب افضل علی سایر امم) ئەوه دوور له راستییە چونکه منافی ئەو ئایەتەی سەرەوەیه. ئەوانەی دەڵێن له ئیسلام نەتەوه بوونی نییه که واته بۆ چی خودا دیاری کردوون و ناویان دەبات؟ هەروەها ئیسلام سەبارەت به ئازادی و رادەربڕین ئەمر به رێبەرمان دەکات: (و امروهم شورا بینهم) واته ئەی محەممەد له کارەکانتدا مەشوەرەت به خەڵک بکه. که واته دێموکرات به الدمقراطیه بمعنی الاشتراک و الاشتراک و شورا. له کۆمەڵگایەکی ئیسلامیدا مافی تاک، ژن، پیاو، منداڵ، موسڵمان و غەیره مسڵمان دیاری کراوه له ژێر پەرچەمی ئیسلامی واقعیدا هەموو کەس مافی هەیه و دیاری کراوه بەڵام کەس، یان کەسانێک له ئیسلام بۆ بەرژەوەندیی خۆیان وەک ئامرازێک به کاری دێنن و لەم راستایەدا حیزب و رێکخراوه پێک دێنن. بۆ وێنه بوونی ئەحزابی ئیسلامی سیاسیی رادیکاڵ، یان دەتوانین کۆماری به ناو ئیسلامیی ئێران ناو بەرین، له راستیدا هیچکامیان بۆ ئایینی پیرۆزی ئیسلام هەوڵ نادەن. له دەورانی ئێستادا که عەسر، عەسری ئینترنێته و مودێڕنیته بوونی بەرچاوه، پێویست ناکات ئیسلام تداخولی سیاست بکەین با ئایین له ناو دڵ و دەروونمان به پاکی بمێنێته و کەسیش قامکی تاوان بۆ ئیسلام درێژ نەکات، ئەوه هەتا کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەلقاعیده ئەوەندەیان خەڵکی بێ تاوان به نێوی دیفاع له ئیسلام کوشت که ئێستا ئیسلام وەک تیرۆریست دەناسرێت لە حاڵێکدا ئیسلام بەرییه لەو هەموو توندوتیژییه و ئیجازه نادات بێگوناح، چ کافر بێت چ موسڵمانی بێ تاوان بکوژرێت.


قاله تبارک و تعالی یقول {من قتل نفسا متعمدا کما قتل الناس جمعا و من احیا نفس کما احی الناس جمیعا} کەسێک نەفسێک بێ تاون بکوژێت وەک تەواوی خەڵکی کوشتبێت وایه، کەسێکیش نەفسێکی له مردن رزگار کردبێت وەک ئەوه وایه گیانی دابێت به هەموو مرۆڤایەتی، سەیر کەن ئیسلام دژی رەشەکوژییه، بەڵام به ناوی ئیسلام چەنده ژن و منداڵی بێ تاوان دەبنه قوربانی بەرژەوەندییەکانی ئەو به ناو ئیسلامییانه، رۆژی قیامەت خودا بەو منداڵه بێ تاوانانه دەفه رمێت (بای ذنب قتلت) واته به چ تاوانێک کوژران؟، ئاخۆ دەبێت وەڵام چی بێت؟ هەتا ئیسلام سەبارەت به ئاژەڵ و درندەکانیش رەحم و بەزەیی هەیه. (کسی که با سگی نیکویی گم نکرد/ کجا گم شود نیکی با نیک مرد،) له ناو ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا هەموو نەتەوەکان به مافی رەوای خۆیان دەگەن و هانیان دەدات بۆ و دەست هێنانی مافی رەوایان تێ بکۆشن. رێبەرمان دەفەرمێت (حب الوطن من ایمان). خۆشەویستیی نیشتمان له ئیمان دایه. دەبێت تێ بکۆشین بۆ وه دەست هێنانی مافی نەتەوایەتیمان، هانمان دەدات دۆستایەتیی ئەهلی کتێب و کافرانیش بکەین [ان احد من المشرکین استجارک فاستجره] کافر ئەگەر دۆستایەتی و جیرانەتی کردی تۆش بیکه. ئەو دێموکراسیەی له ئیسلامدا هەیه هیچ جیاوازییەک له نێوان ژن و پیاودا نییه، مافی هەر دوو دیاری کراوه (هل یستوی الذين يعلمون والذین لا یعلمون، قال رسول الله العلم فریظة علی کل مسلم ومسلمه)، یان له بەینی ژن و پیاو دەفەرمێت، هن لباس لکم وانتم لباس لهن، واته ژن و پیاو تەواوکەری یەکترین. لیباسی بەر یەكترن. که واته با ئێمه موسڵمانان جارێکی دیکە به خۆدا بچینەوه به باشی ئیسلام بناسین و نه کەوینه داوی به ناو ئیسلامییەکان پێغەمبەرمان رحمة للعالمین بووه نەک هەر رحمة للمسلمین. با ئێمەش نیسبەت به خێزان، نیشتمان، مرۆڤایەتی، هتد ... ، به رەحم و بەزەیی بین هەتاکوو خودای مەزن رەحممان پێ بکات، خودا هەموو کەرەستەیەکی هەموو ئیمکاناتێکی وەک مزگەوت، مەلایکە و فریشته، دین، بۆ بەرژەوەندیی مرۆڤایەتی دروست کردووه با به جوانی کەڵکی لێ وەرگرین، تاکوو به مانای مرۆڤایەتی بگەین، به هیوای ئەو رۆژه.


مەلا عەلی سێلاو

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر