۱۴۰۲/۱۲/۲۳

گەورەیی ڕەمەزان و ئەرکی ڕۆژووان

کە مانگی ڕەمەزان هات مسوڵمانان لە سەرجەم جیهان خۆیان بۆ ئەنجامدانی ئەم ئەرکە گرنگ و پیرۆزە ئامادە دەکەن و هەر تاک و کۆمەڵ و نەتەوەیەکی مسوڵمان بە شێواز و نەریتی خۆی پێشوازی لە ئەو میوانە خۆشەویستە دەکات:

بە پێی دەقی قورئان ڕۆژوی مانگی ڕەمەزان فەرز و واجیبە لە سەر مسوڵمانی باڵغی بێ کێشە هەروەک پەروەردگار لە قورئانی پیرۆز سووڕەتی بەقەڕەدا دەفەرمووێت( يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا كُتِبَ عَلَيْكُمُ الصِّيَامُ كَمَا كُتِبَ عَلَى الَّذِينَ مِن قَبْلِكُمْ لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ (183) واتە ئەی ئەوکەسانەی باوەڕتان هەیە بە پەروەردگار ئەوە لە سەر ئێوەمان نووسی ڕووژووی مانگی ڕەمەزان هەروەک چۆن لە سەر نەتەوەکانی پێش ئێوەمان نووسیبوو بۆ ئێوەیە تەقوا و خودا پەرەستی...
کەواتە مانگی ڕەمەزانیش یەکێک لە ڕووکنە سەرەکییەکانی ئایینی پیرۆزی ئیسلامە و پێویستە مسوڵمان لەو مانگەدا بە درووستی بەڕۆژوو بێت و خێر و چاکەکاری بۆ خۆی بە دەست بێنێت.

باوەڕداران، خۆشەویستمان موحەممەد سڵاوی خودای لە سەر بێت، دەفەمووێت[ اذاجاء رمضان فتح ابواب الجنة وغلفت ابواب النیران، و صفدت الشیطان] واته گەر ڕەمەزان هات،  دەرگای بەهەشت دەکرێتەوە و دەرگای دۆزەخ دادەخرێن و شەیتان زەنجیر دەکرێت.
ئەوە بە واتای گەورەیی و ڕێزی تایبەتی ئەو مانگە پیرۆزەیە و ڕۆژووان کۆمەڵێک دەسکەوتی باش بەرهەم دێنێت.
ڕەمەزان مانگی ڕەحمەت و خۆشەویستی و بەخشش و ئاشتەوایی و تۆبەکردنە، مانگی سەردانی کردن و بیرهێنانەوەی ژیانی هەژارانە، مانگی دەستگرتن و بەهاناوەچوونی لێقەوماو و نەدارانە، مانگی ئازاد کردن و لێخۆشبوونی ئازاردەرانە...

ڕەمەزان نۆیەم مانگی کۆچییە، بە کۆتایی مانگی شەعبان و بە بینینی مانگی ڕەمەزان دەست پێدەکات و بە بینینی مانگی شەوال کۆتایی پێدێت.
گەورەیی ڕەمەزان ئەوەیە قورئان لەو مانگەدا بۆ پێغەمبەرمان درود و سڵاوی خودای لە سەر بێت نازڵ بووە بە ڕەحمەت، کە بۆتە سەرچاوەی ژیان و گووزەرانی تاکی مسوڵمان.
ئەبو هوڕەیڕە لە پێغەمبەر ڕیوایەت دەکات[ فاذا كان احدكم صائم فلا یرفث ولا یجهل، فان امرو قاتله و شاتمه فلیقل انی صائم انی صائم]
لە ڕەمەزاندا ئەرکی مسوڵمانی ڕۆژووان ئەوەیە خۆی لە کردەوەی نادرووست بپارێزێت و لە شەڕکردن و زمان شڕی و گوێڕایەڵ کردن بۆ قسە و وتەی نابە جێ و بابەتی لەهو لەعب و بێ مانا بپارێزێت ئەگەر کەسێک جوێنی پێدا یانیش ویستی شەڕ بکات لە وەڵامدا بڵێ من بەرۆژووم من بەڕۆژووم، پێویستە و ئەرکی سەر ئەستۆی ڕۆژوووانە ڕەحم و بەزەیی بە نیسبەت خزم و دۆستان و ئاشانایان زیاتر بکات و بە بە جێهێنانی سیلەی ڕەحم لەو مانگەدا نیشان بدات کە بەڕاستی بۆ خودای دلۆڤان بە ڕۆژوو بووە!

مسوڵمانان: ڕۆژووان لە ڕەمەزاندا هەم ئەرکی هەیە هەم مافی هەیە،، ئەرکی سەر شانی ڕۆژووان ئەوەیە خۆی بپارێزێت لە کردەی نەشیاو کە خودای نەخواستە لە پێش ڕەمەزان ئەنجامی دەدان و بە جێ بگەیەنێت ئەو دەستووراتەی لەومانگەدا پێی ئەسپێردراوە، و مافیشی ئەوەیە لەبەرانبەردا خودای گەورە لێی خۆش بێت و بیبەخشێت بێ گوومان ڕۆژووانی ڕاستگۆ و تۆبەکار دەکەوێتە بەر ڕەحمەت و بەخششی خودا..

بەڕێزان: ڕۆژوو خاوەنی فەلسەفەیەکی گرنگە کە دەبێ ڕۆژووان ئەو فەلسەفەیە ئەنجام بدات، یەکێک لە فەلسەفەی ڕۆژوو ئەوەی ئاگادار بوونە لە وەزعی هەژاران و نەداران دەبێ برسیەتی و نەداری هانی بدات بۆ هاوکاری هەژاران و هاوکاریان بکات نەک تەنیا لەو مانگەدا بەڵکو ئەو مانگە بیانوویەک بێت بۆ هەمیشە تاکو دەستی بەخششی هەبێ و لانیکەم بتوانێت دەرکی ئەم حاڵەتە ناخۆشەی هەژاران بکات کە بەردەوام تیا ئەژین...

هەروەها بۆ ئاگاداریتان:
ڕۆژوو فەڕزە لە سەر مرۆڤێکی خاوەن مێشک و باڵغ و ساخ و ڕێگە دراوە کە ئەوانەی لە سەفەرن و نەخۆشن و یان کارێکی شەرعی قورسیان هەیە نەتوانێت بەم هۆیەوە بەڕۆژوو بێت یان ئافرەتێکی دووگیان یان خاوەن مناڵی شیرەخۆرە لەو مانگەدا بەم هۆکارانە دەتووانن بەڕۆژوو نەبن جگە لەو حاڵەتانە هەرکەس ئیفتاری ڕۆژوو بێ بیانوو بکات تاوانبارە و خەجاڵەتباری پەروەردگار دەبێ..
هەروەها هەر کەسێک بە ڕۆژوو نەبێ و بێ ڕێزیش بکات بە مانگی ڕەمەزان و مڕۆڤی ڕۆژووان، مرۆڤێکی بێ نرخ و تاوانبارە پێویستە لانیکەم ڕێزی مانگ و ڕۆژووان بگرێت و لە شوێنی گشتی و یانیش لە بەرچاوی ڕۆژووان ئیفتار نەکات و یان گەڵتە بە ڕۆژوگر نەکات، لەوها حاڵەتێکدا پێویستە ڕێگری لێ بکرێت. والسلام علیکم و رحمةالله و بركاته.

یەکیەتی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران
٢٣ی ڕەشەمەی ١٤٠٢ی هەتاوی







هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر