ئیسلام چیەو موسوڵمان کێیە ؟
بەناوی خوای دڵاوای دلۆڤان
وەک دەزانن لە دنیای ئەوڕۆدا هەم زانست چۆتە سەرو هەم بەرژەوەندەکان زیادیان کردوەوهەم بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات تەنگی بە مرۆڤایەتی هەڵچنیەوە، چونکە مرۆڤەکان بۆ دابینکردنی بەرژەوەندیەکانیان ، زۆرتر لـە ئـایینو ئیدەی سیاسی کەلک وەردەگرن. نەفسیان بەسەریاندا زاڵەوبـۆتە تانەی سەرچاویانو راستیەکان بەجۆرێک دەبینن کە تۆڕی بەسەر دادراوە، ئەسڵەکە وەک خۆی نەماوەو بەچەند جۆرلە چەند کونەوە دەبیندرێو لـە مـەبـەستو ناوەرۆکی ئەسڵی خۆی لایداوە.
من کە موسوڵمانمو لە مەڵبەندێکیش هاتومە دنیا کە زۆرینەی موسوڵمانەو دینی ئیسلامیان قبوڵکردوە ، بەڵام بەداخەوە توشی برشو بڵاویو ناتەباییەک هاتون کە لەناویدا گیریان کردوە. بەرژەوەند خوازی وای لێکردون هەر یەکەی بەلایەکدا لایداوەو ئەوەندە لێک نامۆ بون یەکتر ناناسنەوە . پێوەندیەکان ئەوندە ئاڵۆزو ناڕێکو دور لەمەنتیقن نەک یـەکتر بە بـرا نازانن بـەڵکو دژایـەتـیـو دوژمنایەتیو تەنانەت شەڕی خوێناویشی لێی وەبەر هاتوە. بۆیە هاتمە سەر ئەو بڕوایە کە بەقەدەر زانستو تێگەیشتنی خۆم بابەتەکە شیکەمەوەو بەبەڵگەی قورئانی ڕونی بکەمەوە : ئیسلام چیەو موسوڵمان کێن .
ئیسلام چیە ؟
وشەی ئیسلام یانی : بەئازادیو دڵخوازی خۆت ، بەبێی زۆرو ناچاری ملکەچی ئەمرو فەرمانە کانی خوابیو خۆتی تەسلیم بکەی ، جەوهەری ئیسلام تـەسلیم بونە بەخوا بەدڵخوازی خۆت. ئیسلام مەنهەجێکی خواییە ناردویەتی بۆمحەممەد (ص) و فەرمانی پیداوە ڕای بگەێێنێ . دینێکە کۆمەڵێک نەزمو قانونی خوایی لە خۆیدا جێکردۆتەوە کە هەمویان لەمەسڵەحەتو بەرژەوەندی عەبدانی خوادان.
ئیسلام ناوێکە بۆ ئەو قانونو یاسایانەی کە خوا بە پێغمبەرەکەی محەممەد دا ناردویەتیو لە کتێبێکدا بەناوی قورئان کۆ کراوەتەوە . ئەسڵی ناوەکەش مرۆڤ لێینەناوەو بەڵکووخوای مەزن لەئایینی پەیامبەرەکانی پێش ئەویشدا ناوی هێناوە. وشەی ئیسلام لە ( سلم )ڕا هاتوەو دەتوانین بڵێین : (١ ) یانی سڵامەتو بێبەری لە هەمو ئافەتێکی زاهیریـو دەرونی . ( ٢ ) سوڵحو ئـاسایشو ئـەمینی. ( ٣ ) دان پێدانانو بەگوێکردن . مانا شەرعیەکەی واتە : تەسلیم بونو ملکەچبون بۆ خوای تاکی بێهاوتایە. ئەو قورئانە بۆ ئەوانەی بڕوایان بەو دینە هێناوە قانونێکە بە گشتی باسی هەمو بوارەکانی ژیانی مرۆڤایەتی تیدا نوسراوەو ئەرکو مافی هەمو تاکەکانو کۆمەڵگاشی تێدا هێندراوە. کە وابولە ڕوانەگی ئیسلامەوە دینەکە کەموکوڕی نیە، تەواوی تەواوە، ئەوە دیندارەکانن شێواندۆیانەو تێکیان داوە. خوای مەزنیش لە قورئاندا مزگێنی تەواو بونەکەی داوەو فەرمویە : { الیوم أکملت لکم دینکم وأتممت علیکم نعمتی ورضیت لکم ألإسلام دینا . مائیدە : ٣ } لەوڕۆڕا دینەکەم بـۆ تەواو کردون بـە بێی کەمـو کەمایەسی ، چاکەم دەگەڵ کردونو بەوەڕازیم کە ئیسلام دینی ئێوە بێی. ئەو ئایەتە پێمان دەڵێی: کەس بۆی نیە شتێک لەو دینە زیادو کەم بکا، کەوابو هەرچی لەو قورئانەدا باسی نەکرابێی یان شتێکی لێی زیاد بکرێی کەدەگەڵ دەقەکانی قورئان یەک نەگرێتەوە ئەوە دینی ئیسلام نیەو دەبێی ڕەد بکرێتەوە . دیارە بۆ موسوڵمانان دیاریکراوە ( ٣) بەڵگەی بـڕوا پێکراویان بـۆ هەمـو کارو کرداریـان هەبێی وەک :(١ ) قورئان.(٢) حەدیس.( ٣) ئیجماع .دیارە ( ٢و٣) کاتێک ئیعتیباریان دەبێی ئەگەر دژایـەتیان دەگەڵ دەقەکانی قورئـان نـەبێی.کەوابو دەتوانین بڵێین: دینی ئیسلام پوختەو تەواوکەری هەمو دینەکانی پێش خۆیەتیو دەگەڵ هەمـوشیان جیاوازی هەیە، بەو مانایە زۆرشتی کوتوەو کردوە کە لەوانی پێشخۆیدا نەبوە. چونکە دینێکی کامڵەو گشت حوکمو قانونی بۆ سەرجەم پێداویستیەکانی دینیو دنیایی لە خۆیدا جێکردۆتەوەولە لایەنێکی تایبەتدا کورت نەکراوەتەوە. بۆهەمو کاتو سەردەمێک بەکەڵک دێو گونجاوە. دینێکە مرۆی لە پەرستنی غەیری خوا نەجات داوە . زێدەبەشی ، لێبوردەییو ، سەبرو ، چاوپۆشیو ، هاسانکاریو ،چاکە کردنی بە بەژنی بڕاوە . توندو تیژیو خوێن رێژیو خۆ بواردن لە ئوسولەکانی قەدەغە کردوە. یـەکێک لە ئەسڵە گرینگو نەگۆڕەکانی ئایینی ئیسلام ئەوەیە : بڕوای پتەوت بەوە هەبێی کە پەروەرندەی تۆ تاقی بێهاوتایە. هەر موسوڵمانێک ئەوەی نـەبێی لـەئیسلام لایـداوە . خوا فەرمویە : { بڵێی : داخوا دەتانەوێی لە خوا زیاتر کەس یان شتێکتر بپەرستمو بەسەروەری خۆمی بزانم ؟ئەوخوایەی من بڕوام بێیەتی عاسمانەکانو زەوی داهێناون ، ڕۆزی بەزیندەوەران داوەو خٶشی نیازی بەبژیوی نیە . بڵێی : فەرمانم پیدراوە کە یەکەمین بەر فەرمان بم . تۆ قەت لەوانە مەبە شەریک بۆخوا پەیداکەی. ئەنعام: ١٤} لە ئیسلامدا پەرستن جگە لە خوا ، تەنانەت فرشەتەو پەیامبەرانیش ناڕەوایەولەدین لادانە ، بۆیە خوافەرمویە: { فەرمان بەئێوە نەدراوە فرشتەو پێغەمبەران بپەرستن . ئاخر چۆن دەبێی کاتێک ئەو دینەتان قبوڵکردوە پێتان بڵێن : لەدین وەرگەڕێن ! ئالی عیمڕان : ٨٠ } زۆر جار کتومەو دیسانیش دەیڵێمەوە عەیبی کاری ئێمە لە دینەکەماندا نیە کە ئیسلامە ، خەتاو تاوانەکە لـە خۆمانە ، یـان تێی نەگەیشتوین یان بۆ مەبەستێکیتر بامانداوە. بڕوانن هەمومان ئەسڵەکانی دینەکە وەک خواو پەیامبەرو قورئانو ئەرکە عیبادیەکانمان هەر یەکن بەڵام ئاکارو کردارمان ئەوەندە لێک جیاوازن کە دەگەڵ ئەو ئەسڵانە یەک ناگرێتەوە .بۆیە پێویستیەکی ئایینیو ئینسانیو ویژدانیە جارێکیتر بەخۆمانو وتەو ڕەفتارەکانماندا بچینەوەو زەڕەبینی ئەقڵو مەنیتیق بکەینە چاومانو ڕاستیەکان بدۆزینەوەو دان بەهەڵەو خەتانکانی پێشومان دابینێینو لێیان پەشیمان بینەوەو بـەڵێن بەخواو ویژدانی خۆمانو شەڕافەتی گەل بدەین کە هەر گیز دوپاتیان نەکەینەوە . زۆر باشە بە واقیعی لەوە تێبگەین دینەکە چیەو چ ئەرکێکمان لەسەر شانە . ئەوەنیە خوای مەزن فەرمویە :{ بەلای خواوە دین هەرئیسلامە ، ئەوانەی ئەهلی کتێبنو ڕاستە قینەکان دەزانن جیاوازیان نیە ، بەڵام لەبەر ئیرەیی بردن کە لـەناو خۆیاندا هەیە پێک نەهاتون .هەر کەس بەهەر شێوەیەک لە نیشانەکانی خواحاشا بکا ، باجوان تێبگەن خوا لە لێپرسینەوە زۆر بەلەزەو پێڕادەگا. ئالی عیمڕان ١٩} بەڵێ ئەوەی ئەو ئایەتە باسی لێەوە کردوە ئەمڕۆ لە کۆمەڵگای ئێمەدا بـە ئایینیو سیاسیەوە بەزەقی دەبیندرێی . دژایەتیو ئێرەیی پێکبردن چـاوی هەق بینی کوێر کردوین ،ئەو ڕوداوە نەشیاوو دورە مەنتیقانەی لە نیو ماندا دێنە ئاراوە هەمومان دەزانین خراپنو زیانیان بۆ کەمەڵگا بـەمـوسوڵمانـو غەیـرە موسوڵمانیەوە هەیە، بۆ ئەوەی تەڕەفی بەرانبەرمانی پێبشکێنین یان لە مەیدان دەریکەین ، بەڵگە خواییو زانستیەکان بەراوەژو دەکەینو راستیەکان لە خەڵک دەشێوێنین.لەهەموی ئەوانەش گرینگتر ئەوەیە کە :خۆمان بە ڕێبەرو پێشەواو ئیمامی خەڵک دەزانین بەڵام لەبەرانبەریاندا تۆزقاڵێک هەست بەبەرپرسایەتی ناکەین . ئەوەی ئێمەی موسوڵمان بەناوی دینەکەمانەوە دەیکەین زۆرتر خۆمان زیانمان لێدیوە تا دوژمنانی دینەکەمانو دەگەڵ ناوەرۆکی زانستیانەی ئیسلام لێک دورو نامۆو نەگونجاوە. هیوادارم مـامـۆستایانی ئـایینی کە خۆیان بـە میراتگری پێغەمبەر دەزانـن یـەک هـەزارومی پـێـغەمبەرەکەیـان فیداکارو نەترسو لەخۆ بردو بن بۆخزمەتی دینەکەیان .مەگەر لەبیرتان نیە چۆن پەیامبەر (ص ) لەتایف بە بەەردەباران دەریانکرد ، چۆن لەئەشکەوتو قەڵەشتە بەردان خۆی حاشار دەدا، چۆن لە بەر پیلانی کوشتنی لە مەکە ڕایکرد . نە تفەنگ دەست بدەنێیو نە بۆمب بتەقێننەوە ، نەبسوتینێنن نە وێران بکەن ، بەڵکو بڕوای بەکردەوە بە فەرمودەی خوا { إنما ألموء منون إخوة } بێننو برایانە ببنە ئـاوێنەی بـاڵانـوێنو ڕاسـتە قینەی دینەکە بنوێینن. بە زمانی عەقلو عـیلمو قـەڵـەم کار بکەنو لەبیرتان نەچێ یەکەمین وشەی وەحی خوایی بۆ پەیامبەر ( إقرء ) بوو، نـەک سەربـڕینو سـوتـاندنو وێرانکردن .
بەشی یەکەم واتە ئیسلام چیە بەکورتی دوایی پێدێنمو بەشی دوهەمی واتە موسوڵمان کێن لەداهاتوی نیزیکدا دەیخەمە بەر دیدی بەڕێزتان .
براتان مەلا برایمی مەجید پور ٣١ / ٨ / ٢٠١٧
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر