۱۳۹۲/۰۵/۲۱

تاوانە گەورەکان لە ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا


بە نێوی خوداوەندی بەرەحم و دلۆڤان

ئیسلام وەک ئایینێکی ئاشتیخواز و مرۆڤدۆست ناسراوە مەبەست لە هاتنی ئایین و یاسا لەلایەن خوداوەندەوە هەر ئەوە بووە کە مرۆڤ بۆ پێکەوەژیان و ئارامش و خۆشگوزەرانی لە دنیا و دواییدا یاسایەکیان هەبێت کە ببێتە هۆکاری دوور بوونەوە لە دژایەتی و شەڕ و بێ رێزی بە یەکتر کە ئەو یاسایەش بەناوی ئیسلام ناودێر کراوە.


ئیسلام بە مانای وشە یانی تەسلیم و خۆبەدەستەوە دانە، واتە لەژێر ئەمر و ئیرادەی خودا نابێت مرۆڤ دوور بێتەوە. ئەو ئایینەش رەوانەی کۆمەڵگای بەشەرییەت کراوە بەگشتی بێ سەرنجدان بە زمان و رەگەز و نەتەوە زۆر کەس پێیان وایە ئەو ئایینە هی نەتەوەی عەرەبە، ئەو جۆرە کەسانە بێ ئەوەیکە زانیارییەکیان لەسەر ئیسلام هەبێت و ئاگاداری مانا و مەفهوومی ئیسلام بن بێ بەزەیی‌یانە هێرش دەکەنە سەر ئیسلام بەڵام خۆ خوداوەند بۆ جارێکیش لە قورئاندا باسی لەوە نەکردوە کە ئیسلام بۆ نەتەوەی عەرەب هاتووە بەڵکوو نوێنەرەکەی واتە پێغەمبەری ئیسلام محەممەد دروودی خودای لەسەر بێت لە ناو نەتەوەی عەرەبدا هەڵبژێردراوە کە ئەوەی شارەستانییەت بوو نەیانبوو راشکاوەش یەزدانی پاک و بێ وێنە لە قورئاندا بە پێغەمبەر دەفەرمێت کەوا من ئەتۆم لە ناو نەفامترین و نەزانترین نەتەوەدا هەڵبژارد تا ببێتە سەرمەشق بۆ خەڵکانی‌تر، کەواتە قودرەت و ئیرادەی خۆی نیشانی بەشەرییەت دا. عەرەب پێش ئەوەیکە پێغەمبەر بێتە ناویان لە راستیدا وەحشی و نەزان و نەفام بوون ئەوەی رێز بوو لە مرۆڤایەتی نەیاندەگرت ژن وەک کەرەستە بە کار دەهێندرا، مناڵی مێینە ژێر چاڵ دەکردرا، ماڵی یەکتریان تاڵان دەکرد، فەقیر بەدەستی دەوڵەمەندەکان دەچەوساوە، زۆردار زوڵمی لەخەڵک دەکرد، فەسادی و بێ ئەخلاقی باڵی بە سەرکۆمەڵگادا کێشابوو، ژن وەک میرات دابەش دەبوو، زۆر شتی دیکە کە باس کردنیان پێویست نییە. بەڵام کاتێک پێغەمبەر هات خەڵکی لەو هەمووە ناعەداڵەتییە رزگار کرد. ئاشتەوایی و سەربەرزیی مرۆڤی بەدی هێنا، چینی چەوساوەی لەژێر دەستی زاڵمان رزگار کرد،پێشی بە رەگەزپەرەست و خۆبەزڵزانینی گرت، ژنی لەژێر کەرەستەبوون رزگار کرد و رایگەیاند هیچ جیاوازییەک لە بەینی ژن و پیاودان ییە، سەروەت و سامانی بە شێوەیەکی عادڵانە دابەش کرد، خۆشەویستی و لێبووردەیی باو کرد، ئیتر مرۆڤەکان لە ئاسایش و متمانەدا ژیانیان بەسەر دەبرد.

رێزگرتن لە مرۆڤایەتی بێ سەرنجدان بە بیری جیاواز و ئایینی جیاواز و رەگەزی جیاواز جێگای و پێگەی خۆی دیتەوە، هەربۆیە لە سەرتاسەری جیهان خەڵک بە پیلی ئەو ئایینە تازەوە هاتن و باوەڕیان پێ هێنا، عەداڵەت سەقامگیر بوو، مرۆڤایەتی مانای خۆی دۆزییەوە، ئیسلام بوو بە ئایینی ئاشتەوایی و پێکەوەژیان. بەڵام پێویستە بۆ مانەوەی ئەو ئایینە هێندێک دەستوور و یاسا هەبن کە مرۆڤەکان نەتوانن هەر چی بۆ خۆیان پێیان خۆش بێت بێ سەرنجدان بە خەڵکانی‌تر بیکەن وجارێکی‌تریش سەردەمی نەفامی بگەڕێتەوە. هەر بۆیە خوداوەند هێندێک هەڕەشە و تەهیدی لەسەر بەشەرییەت دانا کە ناودێر کراوە بە تاوانە گەورەکان. یەکێک لەو تاوانە گەورانە کوفرە، واتە باوەڕ نەبوون بە بەدیهێنەرێک کە ئەوی خەلق کردووە کەسێک باوەڕی بەخۆدا نەبێت لە زۆر شتێش ناترسێت و رەنگە زۆر کاری نەشیاو بکات و مرۆڤایەتی لەگەڵ کێشە بەرەوڕوو بکات هەر بۆیە دەفەرمێت [انە من یشرک و باللە فقد حرم اللە علیه الجنة و مئاواە النار] واتە کەسێک باوەڕی بەخودا نەبێت و هاوبەشی بۆ دیاری بکات خودا بەهەشتی لێ حەرام دەکات و جەهەننەم جێگای دەبێت. لەسەر ئێمە پێویستە رێز لەو هەمووە نیعمەتانە بگرین کە خودا پێی بەخشیوین کە لە سەرەوە ئاماژەم پێکرد. تاوانێکی‌تر کوشتنی مرۆڤێکی بێ تاوانە جا ئەو مرۆڤە چ باوەڕمەند بێت بە ئایینی ئیسلام چ باوەڕمەند نەبێت. باسمان کرد کە ئایین بۆ بەرژەوەندیی مرۆڤ هاتووە کە واتە ئیزنی کوشتنی مرۆڤیش نادات بە هیچ بەهایەک هەر کەس مرۆڤێک بکوژێت چ ژن چ پیاو چ مسوڵمان چ کافر لە هەر شەرایەتێکدا، خودا لێپڕسینەوەی لێ دەکات ئەگەر تاوانبار بێت بە توندی سزای دەدات کە دەفەرمێت [و لا یقتلون النفس التی حرم اللە الا بالحق] واتە مەکوژن هیچ کەسێک بە بێ هۆکار کە خودا کوشتنی مرۆڤی حەرام کردووە، بەڵام بەداخەوە لەو سەردەمە کە ئێمە تێیدا دەژین رۆژانە بەسەدان کەسی بێ تاوان بەناوی ئایین دەکوژرێت و زۆرن ئەو کەسانەش کە پێیان وایە ئیسلام ئیزنی ئەو کارەی داوە بەڵام ئاخۆ ئەو وتانە راستن ئەگەر چاوێک بەسەر دەستوور و یاسای ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا بخشێنین بۆمان دەردەکەوێت کە دوور لە راستییە، وتمان ئیسلام کێشەی لەگەڵ هیچ ئایینێک نییە بە پێچەوانە رێز لە ئایینە جیاوازەکان و هەموو نەتەوەکان دەگرێت و مافی وەک یەکیان بۆ دادەنێت و هیچ نەتەوەیەک بەسەر نەتەوەیتردا ناسەپێنێت کە دەفەرمێت [یا ایها الناس انا خلقناکم من ذکر وانثی وجعلناکم شعبا وقبائل لتعارفوا ان اکرمکم عنداللە اتقی کم] واتە ئەی بەرەی ئادەمیزاد ئێوەمان لە ژن وپیاوێک دروست کردووە و گێراومانن بە نەتەوە و قەبیلە و تایفە و زمانی جیاواز و فەرهەنگی جیاواز تا یەکتر دەرک کەن و بناسن لای ئێمە ئەو کەسە بەرزترە کە خوداترسترە. کەوایە کوا جیاوازیی بەینی نەتەوەکان کە تاقمێک دەڵێن ئەو ئایینە هی عەرەبە و تەنیا بەرژەوەندیی ئەوانی گەرەکە، کوا جیاوازیی بەینی ژن و پیاو کە دەڵێن پیاو سالارە و ژن بێ دەسەڵات، کوا جیاوازیی بەینی زمانەکان و هتد ... ئەگەر کەسانێک بەنێوی ئیسلام خوێنی خەڵکانیتر دەڕێژن تەنیا بۆ بەرژەوەندیی خۆیان درۆزنانە پەنا بۆ ئیسلام دەبەن کە گۆیا ئیسلام ئیزنی ئەوکارەی پێ داون و وشەی جیهاد بەسەر خەڵکانیتردا دەسەپێنن، باشە کەس نییە بپرسێت جیهاد چەند مانای هەیە و ئەگەر یەکێک لەو مانایانە بۆ شەڕ کردن بێت بۆ چ تاقم و لایەنێک دانراوە و چۆن دەبێت کەڵکی لێ وەرگیرێت؟ مانای تەواو و راستەقینەی جیهاد یانی زەحمەتکێشانە و کۆشش کردنە بۆ وەدەست هێنانی هێندێ تایبەتمەندیی خودا باس لە جیهاد لەگەڵ نەفسی خۆتدا دەکات کەواتە یانی خۆت بکوژە؟! نەخێر یانی سەعی بکە خۆت رێک بخە، بەڵام ئەگەر بەمانای شەڕیش بێت دەفەرمێت لە ئاست زوڵم و زۆری و داگیرکاری دەستاودەست دامەنیشە و سەرشۆر مەبە راپەڕە و مافەکەت بەدەست بێنەوە هەر ئەو ئەندازەش شەڕ بکە تا مافەکەت بەدەست دەهێنیەوە زیادەڕەوی مەکە با شەڕ و کوشت و کوشتار زۆر بەردەوام نەبێت. کەسێک هێرش بکات ئایینت لێ زەوت کات، وڵاتت داگیر کات، نامووست بستێنێت، تەماع دە خاک و نیشتمانت بکات لە ئەستۆتە جیهاد بکەی نەک بەو مانایەی کە خومەینی و ئیسلامییە سیاسییە رادیکاڵانە جیهاد بە نیسبەت خەڵکی موسڵمان و بێ تاوانی کورد دەریدەبڕن. ئەوە لە ئیسلامەتی دوورە و دوور لە ئایینی راستەقینەی ئیسلامە هەر بۆیە ئەو کەسانەی خوێنی خەڵک بەناوی ئیسلام دەڕێژن نە موسڵمانن نە باوەڕیشیان بە ئیسلام هەیە و ئەوە یەکێک لە گەورەترین تاوانە کە بەناوی ئیسلام لەسەر مرۆڤایەتی دەکردرێت. تاوانێکی دیکەی کە ئیسلام داوا دەکات کۆمەڵگای بەشەرییەت خۆی لێ دوور بگرێت و خۆی لێ بپارێزێت ئاژاوەگێرییە، وتمان کەسانێک بەنێوی ئیسلام خەڵکی دەکوژن کە راست نییە، بەڵام لەو نێوەشدا کەسانێکی دیکە هەن ئاژاوەگێڕن دەگەڵ ئەوەی بۆیان باس دەکردرێت کە ئەو جۆرە کارانە رەبتی بە ئیسلامەوە نییە دیسان هەر دەڵێن ئەوەتا ئیسلام چی بەسەر مرۆڤایەتی دێنێت بێ ئەوەی لێی حاڵی بن ئەو جۆرە کەسانە لە ناو ئیسلامدا بە ئاژاوەگێر ناودێر کراون ئەو جۆرە کەسانە هیچ جیاوازێکییان لەگەڵ ئەو بکوژانە نییە و بگرە خرابتریشە کە قورئان دەفەرمێت [الفتنة اشد من القتل] واتە ئاژاوەگێڕی خرابترە لە کوشتن، چونکە دەبێتە هۆکاری مانەوەی کوشت و کوشتار و فەساد. کەس، یان کەسانێک فیتنە یان ئاژاوەگێڕی دەکەن خۆیان پێ مرۆڤە، بەڵام راستییەکە ئەوەیە ئەوانە دژایەتییان لەگەڵ مرۆڤایەتیدا هەیە. تاوان چ گەورە چ بچووک خودا ئیزنی پێ نادات هەر بۆ ئەوەیکە بەرەی ئادەمیزاد هەمووی تەمەنی بەخۆشی و شادی و دوور لە ناعەداڵەتی بەسەر بەرێت بۆ ئەوەیە مرۆڤ ترسی لە مرۆڤی‌تر نەبێت کەبە داخەوە ئێستا بەپێچەوانەیە ئەوەندەی مرۆڤەکان لە یەکتر دەترسن لە گیان لەبەرەکانی‌تر ناترسن خودا لەو هەمووە تاوانەی کە دەکردرێت بێ بەرییە بۆ خۆمان تاوان بارین کە نازانین چۆن رەفتار لەگەڵ یەکتردا بکەین باچیتر هێرش نەکەینە سەر ئایین بەجێگای هێرش کردنە سەر ئەو و ئەم نەهێڵین تاوان بار چیتر تاوان بکات بە ناوی ئایین یان هەر شتێکی‌تر بکات. ئیسلام هەر هەمووی ئاشتییە، خۆشەویستییە، برایەتییە، لێبوردنە، ئیسلام سەر بەرزی مرۆڤی بۆ هەر دووک دونیا دەوێت زمانی نەرم و سڵامەت بە کار دێنیت نەک شمشێر [وادع الی سبیل ربک بالحکمة و الموعظة الحسنة] بە رێبەرمان دەفەرمێت بە زبانی خۆش و بە حیکمەت بانگەوازی بکە بۆلای خودا نەک بە توندوتیژی [لا اکراە فی الدین] زۆری لە ئاییندا نییە [قول الحق من ربک فمن شاء فل یوءمنوا ومن شاء فل یکفر] تۆ ئەی محەممەد بانگەوازی خەڵک بکە کەس پێی خۆش بوو با باوەڕت پێ بکات یان پێی خۆش بوو با نەیکات زۆری نییە. ئەوە بنچینەی راستەقینەی ئیسلامە نەک ئەو هەمووە تاوانە کە دەکردرێت. ئەو ٣ تاوانە گەورەترین تاوانن لە روانگەی ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا کە کۆمەڵگا و بەشەرییەت دەبێت خۆی لێ بپارێزێت هیوادارم مرۆڤەکان و باوەڕمەندان بە ئایینی راستەقینەی ئیسلام بەخۆیاندا بچنەوە و رێگا نەدەن دژمانی ئەو ئایینە چ بە ناوی ئایین و چ بەهەر ناوێکی‌تر بێ رێزی بە مرۆڤایەتی و ئایین بکردرێت چونکە زۆر لە مێژە دژمان لە کەمین و بۆسەدا بوونە کە روخساری پیرۆزی ئیسلام بشێوێنن هەر دژمنان سەدان حیزب و رێکخراوەیان بە ناوی ئیسلامیی سیاسی دروست کردوە بۆ لە ناو بردنی ئیسلام، بەڵام با باش بزانن لە کۆتایدا هەر ئیسلام سەر دەکەوێت ئەوان زەلیل دۆراون ئیسلام لە ناو دڵ و دەروون دایە باوەڕێکە کە باوەڕمەند لە خۆی جیا ناکاتەوە ئیسلام نە بۆ حیزب دەبێت نە بۆ مەرامی چەپەڵ و گەندەڵ کە هێندێک کەس و لایە بەکاری دێنن.

خودا لەگەڵ راستان دایە بەو هیوایە خوداوەند لە هەموو ناعەداڵەتی و ئەو بێ رێزییەی کە بە مرۆڤایەتی دەکردرێت رزگارمان بکات.

ئامین

مەڵا عەلی سێڵاو

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر