۱۳۹۲/۰۵/۱۱

ئاگاداریی یزاکا سەبارەت بە چالاکیی ژمارەیەک دەستە و تاقمی ئیسلامیی سیاسی لە شارەکانی کوردستان


بسم اللە الرحمن الرحیم
{و المئومنون و المئومنات بعضهم اولیاء بعض، یامرون بالمعروف وینهون عن المنکر}
هاونیشتیمانیان بەڕێز وخوشک و برایانی موسڵمان
مامۆستایانی ئایینی، زانایانی هێژا
ئاگادارن کە ماوەیەکە دەستە و تاقمێک بە نێوی ئیسلامی سیاسی لەجۆری رادیکاڵ و توندئاژۆ، خۆیان خزاندۆتە ناو خاکی کوردستان. 



مەبەستیان فریودانی ئێوەی خۆشەویستان و لاوە تازە پێگەیشتووکانمانە بۆ گەیشتن بە مەرامی چەپەڵی خۆیان. بەنێوی گێڕانەوەی خەڵک بۆ سەر ئیسلامی راستەقینە لە مزگەوت و تەکیە و خانەقاکاندا نیشتەجێ بوونە و خەریکی پیلانگێڕانن بەدژی گەلەکەمان و ئایینی پیرۆزی ئیسلام، ئەوجورە تاقمە بە نێو ئیسلامی سیاسییانە نە لە راستای بەرژەوەندیی ئیسلام کار دەکەن و نە باوەڕیشیان پێیە ئەوانە چ جیاوازییەکیان لەگەڵ ''موسەیلەمەی کەززاب'' نییە، مەبەستی راستەقینەی ئەو بەناو ئیسلامی سیاسی رادیکاڵانە شکاندن و ناحەز کردنی روخساری ئیسلامی واقعییە کە بە داخەوەش تا ئێستا سەرکەوتوون هەرچەند ئیسلامی واقیعی دوورە لەهەر چەشنە بێ‌ڕێزی کردنێک بە مرۆڤایەتی بەڵام بەو کردوە دزێوانە روخساری ئیسلام چووەتە ژێر پرسیار و لێپرسینەوە، ماوەیەکە بەنێوی کۆ کردنەوەی یارمەتی بۆ فەقێکانی رۆژهەڵاتی ئێران دەیانهەوێت لاوەکانمان فریو بدەن و بیاننێرن بۆ خۆتەقاندنەوە لەپاکستان و ئەفغانستان کە بە راستی جێگای داخە تا ئێستا چەند لاوی کورد لە نەغەدە، سەقز، جوانڕۆ، و شارەکانی‌تر خۆیان تەقاندۆتەوە، کورد بە درێژای تەمەنی خزمەتێکی زۆری هەم لە بواری فیقهی و هەم لەبواری زانستی و هەم لە بواری دیفاع کردن لە ئیسلامدا بەجێ گەیاندووە کە خۆتان ئاگادارن، ئەو ئیسلامییە توندئاژۆیانە بۆچی لە کوردستان بە نێوی دۆستی کورد دەژین لە حاڵێکدا خوێن و نامووس و ژنی ئێمەیان حەڵاڵ کردووە،خۆتان ئاگادارن چەند رۆژ لەمەوبەر زۆر راشکاوانە توندئاژۆ ئیسلامییەکان لە سووریە ژنی کوردیان حەڵاڵ کرد، ئایینی پیرۆزی ئیسلام ئایینی پێکەوەژیانی هەموو بیر و باوەڕێکی جیاوازە کە ئەو ترۆریستانە بەسەر برین و تەجاوەز و تەقینەوە و خوێن رشتن دەیانهەوێت مرۆڤایەتی بگێڕنەوە سەردەمی بەربەرییەت و قروونی وستایی. یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران داوا لە مامۆستایانی ئایینی و خەڵکی هوشیاری کوردستانی ئێران دەکات، بە وریایی‌یەوە بڕواننە ئەو بابەتە، ئەو بەناو ئێسلامییە رادیکاڵانە لە قاو بدەن و لەمزگەوت و تەکیەکان دەریان کەن و ئیزن مەدە چیتر لاوەکانمان فریو بدەن و بیانکەنە قوربانی مەبەستە نگریسەکانیان.
هیوادارین بەپیر بانگەوازی ئێمەوە بێن و گەل و ئایینمان لەدەست تیرۆریستان رزگار بکەین کە مەبەستیانە کوردستانیش بکەنە مەیدانی تەقینەوە و ئاژاوەگێڕی.
و السلام علیکم و رحمة اللە و برکاتە
اجرکم عنداللە
یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر