۱۳۹۰/۱۱/۰۲

پەیامی یەكیەتی زانایانی ئاینی كوردستانی ئێران بە بۆنەی 2 ی رێبەندان ساڵرۆژی دامەزرانی كۆماری كوردستان



هاونیشتمانانی بەرێز و كوردستانیانی هێژا بە بۆنەی 2ی رێبەندان ساڵرۆژی دامەزراندنی كۆماری كوردستان لەسەر دەستی پێشەواو هاوبیرانی، پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی سەرجەم كوردانی هەر چوار پارچەی كوردستان و كوردستانی رۆژهەڵاتی خۆشەویست دەكەین، هەروەها پیرۆزبایی تایبەتی خۆمان ئاراستەی "میراتگرانی بەرحەقی قازی و كۆماری كوردستان واتە حیزبی دێموكراتی كوردستان دەكەین و لە خوای گەورە داواكارین كە ئەم رۆژەمان لەو هەلومەرجە هەستیار و حەساسەی ئێستا دا بۆ بكات بە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی و دەرچون لەژێر هەموو نابەرانبەری و نا عەداڵەتی یە كۆمەڵایەتی یەكان. كۆماری كوردستان لە كاتێكدا هاتە ئاراوە كە خەفەقان و نابەرانبەری كۆمەڵایەتی وڵاتی لەژێر هەیمەنەو سێبەری قورسی پاشایەتی دا تەنیبوو، بە جۆرێكی وەها كە هەموو دەنگەكان لە گەرودا خپ دەكران و رەنگەكان لەبەر چاو نەدەگیران. بە تایبەت ماشینی سەركوت لە كوردستانی بەڵا لێدراودا بە میكانیزم و پلانی دارێژراو لە بەرژەوەندی تاقمێكی هەل پەرەست كەوتبوە كایەوە و هەر چەشنە بیرێكی ئازاد و هەڵبرینی دەنگی نارەزایەتی بە تاوان مەزەندە دەكراو سزا دەدرا. تا ئیستاش ئەم پیلانە شومەی نەیارانمان هەروا بەردەوامە و رۆژ بە رۆژیش لە هەڵكشاندایە، بە جیاوازی ئەوە كە مەخابن حاكمانی ئێساتای وڵاتمان لەژێر ناوی پیرۆزی ئیسلام بونەتە مەنشئە و سەرچاوەی هەموو چەوسانەوە و ستەم كاری و زایە كردنی هەموو مافەكانی نەتەوەكەمان. گەر لە روانگەی ئایینیەوە سەیری كۆماری كوردستان بكەین بە حەق حەقانیەتی ئەم كۆمارەمان بۆ دەردەكەوێ بە تایبەتی لەسەر دەستی پیاوێكی بە تەواو مانای میللی مەزهەبی وەك قازی محەمەدی نەمر، چونكە بە پێی هەموو بەڵگە ئاینی و پرەنسیبە دینیەكان وا پێویست بوو كە كۆمارێكی ئەوتۆ بەدی بێت بۆ ئەوەی رێگر بێت لە چەوسانەوەی زیاتری كۆمەڵایەتی و رێگە نەدان بە پاوان خوازی و دیكتاتۆری كە لەم بەستێنەشدا خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێ " كەسانێك هەن ستەمیان لێكراوەو داوای تۆڵە ئەكەن رەخنەیان لەسەر نیە بەڵكو رەخنەو سزادان لەسەر كەسانی ستەم كار و ئەو كەسانەیە كە بە ناهەق زۆری لە خەڵك دەكەن كە لە دوارۆژیشدا عەزابی توندی خوا چاوەرونیانە"

گەر لە دەلاقەی نەتەوەیی دەروانینە كۆمار دوبارە پێك هاتن و پێویستی هاتنە ئارای كۆماری كوردستان سەد چەندانە و بەڵكو دەگاتە رادەی واجب بون بەتایبەتی لە كۆمەڵگای كوردەواری بە درێژای مێژوو لەژێر سەیتەرەی حاكامنی سەردەم لەو پەری چەوسانەوەدا بوون. تەنانەت كەوتونەتە بەر هێرشی نكۆڵیو حاشاكردن و بە ماڵی خۆمان رەوایان نەدیوین، دیسانەوەش ئەگەر لە روانگەی نەتەوەی و ئاینیەوە براوانینە زەرورەتی پێكهاتنی ئەم كۆمارە كە ئەم دوو تەوەرە لە روانگەی ئێمەوە لێك جیا نین بۆمان ئاشكراو رون دەبێ كە قازی و هاوبیرانی هەڵویستیان گرتوەوە بێ لەبەرچاوگرتنی هەموو خەتەرەكان و ترس لە هەر چەشنە فەوتان و مردنێك، بەوپەری ورەوە بۆ دەربازبوونی نەتەوەكەمان لەژێر چەپۆكی ئەو هەموو ستەم و دادپەروەریە كۆماری كوردستان پێك دێنن. بە حەق دەبنە میسداقی فەرمودەی خوای مەزن كە دەفەرموێ "ئەی كەسانێك كە باوەرمەند بە ئاینین، تێبكۆشن لە رێگای سەقامگیر بوونی دادگەری و بەرانبەری. هەرچەندە ئەم هەوڵدانەتان بە زیانی گیانی خۆتان و ماڵ و مناڵ و كەسوكارتان كۆتای بێت، نەكەن لەم پێناوەدا سڵ بكەن و لابدەن چونكە بێ هەڵوێستیتان مایەی لە حەق لادانەو بەوەی دەشیكەن خوای پەروەردگار ئاگادارە". ئەم هەڵوێستە ژیرانە و بەجێیەش وای كردوە كە هەردەم ناو یادی كۆمارو رێبازی تەژی لە گەورەی و پیرۆزی قازی ببێتە وانەو دەرسێك بۆ نەتەوەو وەچەی یەك لە دوای یەكی گەلەكەمان و ببێتە رێنیشاندەری رێگەی بەختەوەری نەتەوەیی. بە هەموو پێوەرەكانی ئاینیش دەبنە سەرقافڵەی شەهیدانی گەل و جێگای رێزی پەروەرینمان. لە خودای گەور داواكارین جێگەیان بەهەشتی بەرین و رێبازیان هەروا پڕ رێبوار بێت.

وسلام و علیكم و رحمە الله

یەكیەتی زانایانی ئاینی كوردستانی ئێران
2ی رێبەندانی 1390ی هەتاوی

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر