بە ناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
"كل نفس ذائقە الموت "
خەڵكی خەباتگێری كوردستان
خوشك و برایانی موسوڵمانی نەتەوەی كورد لە كوردستانی ئێران
ئەندامان و لایەنگرانی یەكێتی زانایانی ئایینی كوردستان
بە داخ و پەژارەیەكی زۆرەوە كاتژمێر 50/23 خولەكی شەوی پێنج شەممو لە سەر هەینی 21لەسەر 22 ی رێبەندانی ساڵی 1389 ی هەتاوی تێكۆشەری ماندونەناسی نەتەوەی كوردو كەسایەتی ئایینی خەڵكی كوردستان مامۆستا شێخ عێزەدینی حوسینی لە نەخۆشخانەی ئاكادیمیای زانستی لە شاری ئۆبسالای وڵاتی سوید دڵە گەورە و پر لە ئەوینەكەی بۆ كوردستان و كورد لە لێدان كەوت و درێژەی رێگای پر لە شانازی خەبات بۆ نیشتمان و بنەماكانی ئیسلامی راستەقینەی بە رێبوارانی رێگا پیرۆزەكەی سپارد.
مامۆستا شێخ عیزەدینی حوسینی ساڵی 1300 ی هەتاوی لەی شاری بانە لە بنەماڵەیەكی گەورەی نیشتمانپەروەرو ئایینی لە دایك بووەساڵی 1322 ی هەتاوی دەبێتە ئەندامی كۆمەڵەی ژ-ك و وەك لاوێكی نیشتمان پەروەر لە رەوتی بەرەوپێشچوونی خەباتی نەتەوەی كورد و رێزگرتن لە دینی ئیسلامی پیرۆز لە كۆمەڵەی ژ-ك دا وێرای باقی هاوسەنگەرانی ئەركی پیرۆزی خزمەت بە نیشتمان بەرێوە دەبەن.
بەرێز مامۆستا شێخ عیزەدین حوسینی لە ماوەی تەمەنی خۆی دا لە بەرامبەر زوڵم و زۆری هەردوو رژیمی پاشایەتی و كۆماری ئیسلامی لێبراوانە خەباتی كردوەو وەك كەسایەتی یەكی ئایینی باوەری قوڵی بە پارێزگاری لە خاكی نیشتمان و دابین بوونی دیموكراسی و جیایی دین لە دەوڵەت و یەكسانی نێوان ژن و پیاو هەبووە.
حەزرەتی موحەممەد دروودی خوای لێ بێ دەفەرمێ "موت العالم موت العالم " واتە فەوتی زانایەكی ئایینی وەك و فەوتی خەڵكێك وایە، لەو روانگەوە یەكێتی زانایانی كوردستانی ئێران كۆچی دوایی مامۆستا شێخ عیزەدینی حوسینی بە خەسارێكی گەورە لە بزووتنەوەی نەتەوەیی – دیموكراتیكی خەڵكی كوردستان دەزانێ و لەو باوەرەدایە درێژەدەرانی ئیسلامی راستەقینە كەسایەتی یەكی مەزنی لە دەست داوە كە جێگاكەی هەر وا بە ئاسانی پر نابێتەوە.
یەكێتی زانایانی ئایینی كوردستانی ئێران سەرەخۆشی گەرمی خۆی لە بنەماڵەی بەرێزیان و سەرجەم خەڵكی كوردستان دەكا و خۆی بە بەشداری خەم و پەژارەی لەدەست دانی بەرێز مامۆستا شێخ عیزالدینی حوسینی دەزانێ .
رۆحی شاد و رێگای پڕ ڕێبوارەو جێگای بەهەشتی بەرین بێ
"انا للە وانا الیە راجعون"
یەكێتی زانایانی ئایینی كوردستانی ئێران
22ی رێبەندانی 1389ی هەتاوی
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر