لینکەکان

۱۳۹۴/۰۷/۲۱

راگه‌یاندراوی یه‌کێتی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران له‌ مه‌ڕ ئالۆزییه‌کانی ئه‌م دوایانه‌ی هه‌رێمی کوردستان

به‌نێوی خودای مه‌زن
واعتصموا بحبل الله‌ جمیعا و ڵا تفرقوا
به‌داخه‌وه‌ بارودۆخی ئێستاکه‌ی هه‌رێمی کوردستانی باشوور، بارودۆخێکی ناخۆش ودوور له‌ پڕه‌نسیپی نیشتمانپه‌روه‌رانه‌و کوردایه‌تییه‌، ئه‌م ئالۆزی و ناسه‌قامگیرییه‌ که‌ له‌م به‌شه‌ی کوردستان پێک هاتووه، ته‌نیا دووژمنانی نه‌ته‌وه‌که‌مان دڵخۆش ده‌کات و دڵی ئه‌ویندارانی ئازادی وسه‌ربه‌ستی کوردستان زیاتر له‌ جاران ده‌هه‌ژێنێت،
دیاره‌ دووژمنانی دڵ له‌ قینی گه‌له‌که‌مان هه‌ر له‌ رۆژی سێبه‌ری ئازادی کورد له‌ کوردستانی باشور خه‌ریکی پیلانگێری وئاژاوه‌نانه‌وه‌ بوونه‌ که‌ پێشی پێشوه‌چوونی زیاتر له‌ گه‌له‌که‌مان و حکومه‌تی هه‌رێم بگرن‌.
هه‌ر بۆیه‌ یه‌کێتی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران داوا له‌ هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانی کوردستان له‌ سکۆلار وئیسلامی وجه‌ماوه‌ری به‌شه‌ره‌فی کورد ده‌کات که‌ به‌هه‌ستێکی کوردانه‌ وبوێرانه‌ هه‌رچی زووتر ئه‌م بارودۆخه‌ ئارام بکه‌نه‌وه‌ وپارته‌ سیاسییه‌کان بگه‌رێنه‌وه‌ سه‌ر دیالۆگ و دانیشتن بۆ چاره‌سه‌ر کردنی ئه‌م قه‌یرانه‌ که‌ سه‌ری هه‌ڵداوه‌.
یه‌که‌م: پێویسته‌ هه‌ر پێنج پارته‌ سیاسییه‌کان که‌ به‌شدارن له‌ پێکهێنانی حکومه‌ت دانیشتن بکه‌ن بۆ هێور کردنه‌وه‌ی ئاڵۆزییه‌کان.
دووهه‌م: پێویسته‌ گرنگی به‌ داخوازییه‌ ڕه‌واکانی جه‌ماوه‌ر بدرێت وبه‌ڵێنی چاره‌سه‌رکردنی قه‌یرانه‌کان بدرێت.
سێهه‌م: داوا له‌ پارته‌کانی هه‌رچوار پارچه‌ی کوردستان ده‌که‌ین هه‌وڵی نێونجیگه‌ری بده‌ن بۆ ئاشته‌وایی نێوان لایه‌نه‌کانی هه‌رێمی کوردستان.
چواره‌م: داواکارین جه‌ماوه‌ری تێکۆشه‌ری کوردستان داخوازییه‌کانیان به‌ شێوه‌یه‌کی مه‌ده‌نیانه‌ وشارستانیانه‌ بگه‌یه‌ننه‌ به‌رده‌ستی ده‌سه‌ڵات وخۆیان به‌دوور بگرن له‌ تووندوتیژی وئاژاوه‌نانه‌وه‌ وهێرش نه‌که‌نه‌ سه‌ر هیچ بنکه‌ وباره‌گایه‌کی حیزبی وحکومی.
پێنجه‌م: داوا له‌ مامۆستایانی ئایینی ده‌که‌ین که‌ تریبوونی مزگه‌وته‌کان بۆ هێوه‌ر کردنه‌وه‌ی ئه‌م قه‌یرانه‌ زیاتر به‌کار بێنن.
پاراستنی ده‌سکه‌وته‌کانی کورد له‌م به‌شه‌ی کوردستان که‌ به‌ خوێنی ده‌یان هه‌زار شه‌هید پێکهاتووه‌ ئه‌رکێکی ئایین وئه‌خلاقی ونیستمانییه‌ که‌ هه‌مووان ده‌بێت به‌ هه‌ستێکی نه‌ته‌وه‌یی هه‌وڵی بۆ بده‌ین ونه‌هێڵین ته‌بایی ویه‌کرێزی نه‌ته‌وه‌ییمان له‌ ناو بچێت. به‌هیوای هه‌رچی زووتر چاره‌سه‌رکردنی ئه‌م گرفت وئالۆزییانه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان. والسلام علیکم ورحمةالله‌ وبرکاته‌.
یه‌کێتی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران

13ی 10ی 2015ی زایینی

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر