لینکەکان

۱۳۹۴/۰۵/۰۹

زوڵم وسته‌م به‌ نێوی ئایین گه‌ره‌ترین تاوانه‌ له‌ روانگه‌ی ئیسلامه‌وه‌:مه‌لا عه‌لی سێڵاو

بسم الله‌الرحمن الرحیم
زوڵم وسته‌م به‌ نێوی ئایین گه‌ره‌ترین تاوانه‌ له‌ روانگه‌ی ئیسلامه‌وه‌
به‌ پێی ده‌قی قورئانی پیرۆز و فه‌رمایشته‌ جوانه‌کانی نوێنه‌ری خودا هه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارێک زوڵم وسته‌م له‌ گه‌له‌که‌ی وخه‌ڵکانیتر بکات ده‌که‌وێته‌ به‌ر رق وتووره‌یی یه‌زدانی مه‌زن وسه‌زاکه‌ی ئاگری به‌تینی رۆژی دواییه‌،
خوداوه‌ند له‌م باره‌وه‌ ده‌فه‌رموێت{انما السبیل علی الذین یظلمون الناس ویبتغون فی الارض بغیر الحق أولئک لهم عذاب ألیم}سوره‌ی شورا ئایه‌تی 42
واته‌" به‌ڵکو عه‌زاب وتۆڵه‌ی خودا ئه‌و که‌سانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ که‌ سته‌م له‌ خه‌ڵک ده‌که‌ن و به‌ ناحه‌ق له‌ سه‌ر گۆی زه‌وی سته‌مکاری ده‌که‌ن ئه‌وانه‌ له‌ چ عه‌زابێکی ناخۆشدا ده‌بن رۆژی دوایی.
هه‌روه‌ها خۆشه‌ویستمان له‌م باره‌وه‌ فه‌رموویه‌تی{أیما راع غش رعیته‌ فهو فی النار}بخاری له‌ کتێبی المظالم به‌ شماره‌ی 2447ومسلم له‌ کتێبی البر به‌ شماره‌ی2579 ئاماژه‌یان پێ کردووه‌"
واته‌" هه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارێک وفه‌رمانره‌وایه‌ک زوڵم وسته‌م له‌ ژێر ده‌سته‌کانی خۆی بکات وفریویان بدات جێگایی ئه‌و جه‌هه‌نه‌مه‌،
هه‌روه‌ها پێغه‌مبه‌ر دروودوسڵاوی خودای له‌ سه‌ر بێت له‌ فه‌رمایشتێکیتردا ده‌فه‌رموێت{أشدالناس عذاب یوم القیامة امام جائر}طبرانی له‌ کتێبی الکبیروالاوسط به‌ شماره‌ی46
واته‌" قورس وگرانترین عه‌زابی خودا رۆژی دوایی له‌ سه‌ر پێشيوایی سته‌مکاره‌.
هه‌روه‌ها ده‌فه‌رموێت{سیکون أمراء فسقة جورة، فمن صدقهم بکذبهم وأعانهم علی ظلمهم فلیس منی ولست منه‌ ولن یرد علی الحوض}حاکم له‌ المستدرک ج 4 شماره‌ی 422
واته‌" ده‌سه‌ڵاتدارانی فاسد وسته‌مکار [له‌ ناو ئاییندا] ده‌سه‌ڵات به‌ده‌سته‌وه‌ ده‌گرن هه‌ر که‌سێک شاهیدی درۆکانیان بدات و له‌ سته‌مکاری یاریده‌ده‌ریان بێت ئه‌و که‌سانه‌ له‌ ئێمه‌ نین واته‌" مسوڵمان نین" و منیش له‌وان نیمه‌ وله‌ گه‌ڵ ئێمه‌ له‌ سه‌ر کانی که‌وسه‌ر دانانیشن"
به‌ڵێ ئه‌وه‌ چه‌ند به‌ڵگه‌یه‌که‌ بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی مسوڵمان ئاگاداری ئه‌وه‌ بێت که‌ سته‌مکاران دوژمنانی خودا وپێغه‌مبه‌ری خودانه‌ وهاوکاری کردنیان ده‌بێته‌ هۆی تووره‌یی وعه‌زابی خودا له‌ رۆژی دوایی ، سته‌مکار هیچ پشت وپه‌نایه‌کی نییه‌ و ئاخیره‌ت له‌ ده‌ست ده‌دات، کاتێک سته‌مکار به‌ نیوی خودا وده‌سه‌ڵاتی ئایینی سته‌م له‌ گه‌له‌که‌ی وخه‌ڵکیتر بکات سه‌زادانه‌که‌ی قورستر وگرانتره‌ له‌ خه‌ڵکانیتر. من داوا له‌ هه‌موو خه‌ڵکی مسوڵمان ده‌که‌م به‌ هیچ جۆرێک یاریده‌ده‌ری سته‌مکاران وزاڵمانی به‌ نێو ئایینی نه‌بن ودژیان بوه‌ستنه‌وه‌ بۆ پوچه‌لکردنه‌وه‌ی پیلانه‌کانیان وفریوی پیلان وپیلانگێرییه‌کانیان نه‌خۆن بۆ نمونه‌ کۆماری به‌ نێو ئیسلامی ئێران که‌ ساڵانێکی دوورودرێژه‌ خه‌ڵکی وڵاتی ئێرانی به‌ گشتی وکوردستان به‌ تایبه‌تی له‌ ژێر سته‌مکاریدا چه‌وساندۆته‌وه‌ وهه‌ر جاره‌ وبه‌ پیلانێکی فریوکارانه‌ خه‌ڵکی هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنێت، به‌داخه‌وه‌ش زۆر که‌س به‌ تایبه‌ت هیندێک  به‌ نێو مامۆستای ئایینی یاریده‌ده‌ری ئه‌م چه‌واشه‌کاری وسته‌مکارییه‌ی کۆماری دژه‌ ئایینی ومرۆیی به‌ نیو ئیسلامی ئێران بوونه‌ که‌ به‌ پێی فه‌رمایشتی خودا وپێغه‌مبه‌ر ئه‌و که‌سانه‌ش خودا تۆله‌ێ تووندیان رۆژی دوایی لێده‌ستێنێته‌وه‌. هیوادارم به‌ سه‌رنجدان به‌ ئایه‌ته‌کان وفه‌رمایشته‌کانی پێغه‌مبه‌ر{ص} چیتر فریوی زاڵمان وسته‌مکاران نه‌خۆن.

مه‌لا عه‌لی سێڵاو

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر