کورد و کۆماری ئیسلامی ئێران
بە ناوی خوای دڵاواو
دلۆڤان
ئەوبابەتەی لە خوارەوە دەیخوێنیەوە بریەتیە لە باسیکی
تێکەڵاو لەدین و سیاسەت، چونکە لە ئێراندا شێوەی بەڕیوەبەری شتێکە لەو
تێکەڵاوە دروستکراوە . مەسەلەی کورد و کۆماری ئیسلامی ئێران لە دوای
هاتنەسەر کاری ئەو کۆمارە گەلێک کارەسات و ڕووداوی دڵتەزێنی بەخۆیەوە دیوە. بە
باوەڕی من ئەو بابەتە لە باری سیاسی و بە ئەدەبیاتی سیاسی زۆری لە سەر کوتراوەو
نوسراوە ، ئەو ڕەوتە تا ئیستاش بەر دەوامە گومانیتێدا نییە کۆماری ئیسلامی ئێران
سیاسەتێک پەیڕەو دەکا دەگەڵ هەمو سیستمەکانی ئەم جیهانە نەک جیاوازە بگرە
دژایەتیشی هەیە . حکومەت و دەسەڵات و دام و
دەزگا ئیداریەکان و سەرکۆمارو پاڕلمان و ... هەیە، هەڵبژاردن بە ڕواڵەت دەکرێ و ڕای خەڵکیش وەر دەگیرێ ، بەڵام لە
پەنا ئەوانە ، یان باشتر بڵێم لە پێشەوەی ئەوانە مەجلیسی خوبرەگان و ، تەشخیسی مەسڵەحەت و لەسەرەوەی هەموی ئەوانە وەلی فەقیه
هەیە . لـەڕوانـگـەی شیعەی ١٢ ئیمامە وەلی
فـەقیـه لـە ڕاستیدا ئەو کەسەیە کە نوێنەرایەتی خوای بەدەستەوەیە ، بریارەکانی واجبی دینین و لادان
لەو بریارەش وەک لادان لەمەزەبە ووەک کوفر حیسابی بۆ دەکرێی.
ئەگەر پاڕلمان و حکومەت و سەر کۆمارو دەستەی وەزیران و
بەگشتی سەرجەم خەڵکی ئێران لەسەر شتێک بریار بدەن ، وەلی فەقیه دەتوانێ
ڕەدیکاتەوە و پێی ڕێخا و بیخاتە زبڵدانەوە، کەسیش بۆی نیە متەقی لێوەبێ
چونکە وەلی هەر لەبەرانبەر خوادا بەرپرسیارە. لەسەر پێشێلکردنی مافی مرۆڤو شتی لەو
بابەتە گەلێکی لەسەر کوتراوەو نوسراوە،
بەڵام بەهۆی ئەوەی ناوی کۆماری ئیسلامیە لە روانگەی ئایینەوە یان نەکوتراوە ، یان
زۆر کەم باسی لێکراوە. پێم وایە زانایانی
ئایینی کورد وەک پێویست بەرەو ڕوی نەبونەوە، ئەوەش وەک خاڵێکی لاواز لەسەرمان کەوتوە وکۆماری ئیسلامیش قازانجی خۆی
لێوەر گرتووە،چونکە ئێمە بەچەکی خۆی بەرەنگاری
نەبوینەوە. لێرە دا بەجێێە ڕوو بکەینە
ڕێبەرانی ئایینی کورد ڕەخنەشیان لێبگرین وگلە
و گازندەی زۆریشیان لیبکەین و بڵێین : بەڕێزان ئێوە کە لە مەسایلی ئایینی شارەزان و ئەرکی سەرشانیشتانە نەک بە لایەنگری
لە هیچ ئیدەو ئایینێک و کەسایەتیەک ، بەڵکو تەنیا وەک دەربڕینی ڕاستە قینەیەکی ئایینی و خوایی وڵامی ئەو پرسیارانەمان بدە
نەوە وەک: داخوا ئێوە بڕواتان بەوەهەیە کە زۆرینەی خەڵکی کورد موسوڵمانە ؟؟.
داخوا حوکمی جیهاد دەبێ بە دژی کافرانی
شەڕ فرۆش بێ ،یان بۆ گەلێکی موسوڵمانی خوا پەرست دەر بکرێێ ؟؟ . داخوا فتوای جیهاد
دەرهەق بەگەلی کورد لە ڕۆژ هەڵاتی کوردستان ڕەوایە ، یان بە پێچەوانەی فەرمانەکانی
قورئان و خوایە ؟؟ داخوا هە ڵ وێستنەگرتن لەو بوارانەداخۆ شاردنەوە نیە
لەبەر پرسایەتی خوایی ؟؟ .دا خوا پێتان
وایە لەو جێگایەی کە مەسەلەی بە
کافر کردنی گەلێکی موسوڵمان وکوشتن و قەڵاچۆکردنیان لە گۆڕێدایە
بێدەنگی شتێکی شەرعی و ڕەوایە ؟؟
داخوا ئەو فتوای جیهادانە ڕۆژێک لە تاران و ڕۆژێکیتر لە سولەیمانی و ڕۆژێکیتر لێرو
لەوێی کە زۆربەی نیزیک بەتەواوی خەڵکەکانیان
موسوڵمانن دەردەچێ چۆنی هەڵدەسەنگێن و لێکی دەدەنەوە؟؟ پێتان هەڵەیە یان وەک ڕاست ورەوای دەقەبڵێنن ؟؟ زۆرترین بەرهەڵستکاری
ئەوچەشنە فتواو بڕیارانە بەزمانی سیاسی کوتراونو
بە ئەدەبیاتی سیاسی نوسراون، نەیانتوانیوە وەک پیویست لەباری ئایینیەوەو بەزمانی دین ئەو هەموو خەتاو
تاوانانەی دەرهەقبەکورد بەناوی دینو بە
فەرمانی ڕیبەرانی ئایینی بەڕێوەچون و دەچن بۆ خەڵک ڕوون بکرێنەوەو بەرپەرچ بدرێنەوە، بۆیە هاتمە سەر ئەوبـاوەڕە
بە قەدەر زانین وتێگەیشتنی خۆم لە دین هێندێک لە هەڵس و کەوتو کردەوەکانی ئەو
کۆمارە بۆخوشکوبرا کوردەکانم و
دانیشتوانی کوردستان وئەوانەی لێم
تێدەگەن ڕوون بکەمەوە، بۆ هەڵسەنگاندن و لەبەر یەک ڕاگرتنی فتواو کردەوەکانی ئەو
کۆمارە دەگەڵ دەقەکانی قورعانی پێکیان دەگرم ، یان لەڕاستیدا ڕەدیان دەکەمەوە . دیارە مەبەستی من لەجێدا ئەو
ڕووداوانەن کە پیوەندیان بە کوردستانەوە هەیە . بۆ ئەو مەبەستەش کورتە ئاوڕێک لە کەمێک لە کۆیەکی کردەوەکانی ئەم کۆمارە دەرهەق بەگەلی کورد دەدەمەوە،دەگەڵ ئسوول و پڕنسیپەکانی ئیسلامی
پێکیان دەگرم هەڵیان دەسەنگێنم ولێکیان
دەدەمەوە.
کەسمان نیە نەزانێ کە ئیمام خومەینی ڕێبەری
شیعە مەزەبەکانی ئێرانە، دەگەڵ ڕیزم بۆ هەموو مەزەبەکان ولەو بوارەوە کێشەیەکم
دەگەڵیان نیە. ئیمام خومەینی زۆر زیرەکانە سواری شەپۆڵی ڕق و قینی گەلانی ئێران بوو،
ئەو شەپۆڵە ڕێژیمی پاشایەتی ڕاماڵی، ئیمام جڵەوی کەشتی شۆڕشی گرتە دەست ، ئەو
تۆفانە سامناکە تاج و تەختی پاشایەتی هەڵ لووشی،تۆفانێکی کە لەسەرجەم گەلانی ئێران
بە گشت ئیدە و ئایین وتیرەو تۆرەمە جیاوازەکان پێک هاتبوو . سروشتی بوو کە هەموو
ئەوانەی بەشداری بون بەقەدەر خۆیان پێی ببڕێ، یان باشتر بڵێم: شۆڕش گەل کرد بووی
دەبوو بەروو بۆکەشی هەر بۆ گەل بێ. لەو شۆڕشەدا کورد ، تورک ، عەڕەب ، فارس، ڕاست،چەپ،
دیندار ، بێ دین لە دەوری یەک کۆببونەوە، بەتێکڕا
مەرگی شاو، ڕمانی سەڵتەنەتەکەیان دەویست،
سەڵتەنەت ڕووخا، شا ڕایکردوو مرد، ئاسەواری جگە
لە کۆشکەکانی لە ناوبـران و ئەوانیش بەمیرات بـۆ ئاخوندەکان
بەجێمان ، تەنانەت گۆڕی پەهلەویش دەگەڵ زەوی ڕێک کرا. تا ئێرە چونکە ئامانجەکە ڕوخانی ڕێژیمی پاشایەتی بو زۆر
سەرکەوتوانە چووە پێش، بەڵام کەهاتە سەر دامەزراندنی قانونو یاساو دەسەڵاتێکی بەڕێوەبەری
خەڵکی بۆ وەدیهێنانی ئامانجە کانی شۆڕش ،
دیتمان لەبەر نەبونی پڕۆسەیەکی هاو
بەشی هێزە بەشدار بووەکان !
ئیمام بەناوی حیزبی خواو کەڵک وەرگرتن لە
هەستی ئایینی، کە شاراوە نیە بەشی هەرە زۆری خەڵکانی ئێران خاوەن باوەڕی ئایینین،
ئاساییە لەو گەرمە هەرایەدا وەشوێنی دەکەون
. ئیمام سواری ئەسپی شۆڕش بوو، بەو ئاقارەی دا برد کەبۆ خۆی دەیهەویست . ڕاستو
چەپ و...هەبون، هەمویان کڵاوی
سەریان بابردی و بێکڵاو مانەوە، هەمویان دەم لەپوش
کران و دەستەو ئەژنۆ دامانو رەنج بەخەسار بــون .
من خۆم بڕوای ئاێینیم هەیە، دژی ئیسلام نیم
هیچ بەڵکو ڕێرەوێکی بڕوا بەهێزم و زۆریشم بەلاوە گرینگە، بەقەدەر ئەوەندەی لێی تێگەیشتوم
تا ئێستا باوەڕم نەکزبووەو نەگۆڕاوە. من بەتەواوی هۆگری ئازادی
بیرو باوەڕم جا چ ئایینیو چ غەیرە ئایینی
بەو مەرجەی ئازادی کەسانیتر پێشێل نەکرێ، دژی هەر چەشنە دیکتاتۆریو ملهوڕیەکم چ بەناوی ئیسلام و چ بەناوی پرۆلیتاری و چ بەهەر
ناوێکیتر بێ. هۆگری هەموو چە شنە هەڵوێستو
کردەوەیەکی زانستیانەو هێمنانەو
مەنتیقیم ، جنێودان و بێحورمەتی بە بیرو باوەڕو داڕوشاندنی هەستی
کەسانیتر بە کردەوەیەکی نەشیاوو دوور لە پڕنسیپ و ئەخلاقی مرۆڤانەو شۆڕشگێڕانەی دەزانم .پێموایە قسەی
سووک و ڕق وهەڵچون وخۆبادان مەنتیقی بێمەنتیقانە.با ئەوەش بڵێم ئێمەی کورد
هیچ کێشەیەکی ئایینیمان نیە،خەباتە کەشمان لەژێر
ناوو چەتری ئایینی نیە ، باوەڕی
قوڵمان بەئازادی و دێمۆکڕاسی و مافی مرۆڤ هەیە وڕێزی تەواویان لێدەگرین ولە وبوارەدا هـەر گیز تـوشی دەمارگرژی
نەبوین ونابین. خەباتەکەشمان بەهەمو پێوەرەکان دژی هیچکام لە ماف و
ئازادیەکان نیە کە باسمکردن.
شاراوە نیە ئیسلامی راستەقینەش دژی هەر چەشنە
بێحورمەتی کردن و زوڵم زۆرێکەو ئەوپەری
ڕێزیش بۆ مرۆف دادەنێ دەفەرموێی:( ئەو زەوی و عاسمانەو هەرچی تێیان دایە بۆ ئێوە
مرۆڤەکانم چێکردووە). من لەو بڕوایە دام هەر ئیدەو ئایینێک ئەگەر تەنیا بەپێوەری
خۆی بیپێوێی بە پێڕەوو پڕۆگڕامی خۆی
حکومەت بکا بیگومان ناتوانی حوکمەکانی عادڵانە بن ، چونکە گومانی تێدانیە هەموو
کەس ئەو پێڕەوە بەڕاست نازانێ و باوەڕی
پێ ناکا. ڕنگە ئەو پرسیارەم لێبکرێ کە دەبی بابەتەکەم ئایینی بێ، کەچی من سیاسەتی پێوە دەکەم؟! ڕاستی ئەوەیە چ
بمانەوێ و چ گەرەکمان نەبێ ، دینی ئیسلام ئەگەر لە باسی کردەوە عیبادیەکانی وەک
نوێژو ڕۆژوو ........ بەولاوەتر بچین
دەکەوێتە باری ژیانی تاکو کۆمەڵ ، لە وڵاتێکدا کە زۆرینەی نیزیک بەتەواوی باوەڕی
ئایینیان هەیەو حکومەتەکەش بەناوی دین
حوکم دەکا ، ناتوانی باس لە چۆنیەتی ژیانی خەڵکەکە بکەی و ژیانی کۆمەڵایەتیان بەقانون ڕێکبخەی و شێوەی بەڕێوە بردنیان بۆ دیاری بکەی و
بشڵێی سیاسەت نیە!! من کوردم و خەبات بۆ ڕزگاری گەلو نیشتمان و وەدیهێنانی ئازادی
دەکەم . لەهەر لایەنێکەوەدەست بەسەرمافی گەلەکەم دابگیرێ بەرەنگاری دەبمەوە .خەباتی
ڕزگاری خوازانەی گەلی کوردیش
بەئەرکێکی ئایینی خۆمی دەزانم بۆیە میحڕابی مزگەوتم بەجێی هێشتوەو لەگۆرەپانێکی
بەرینتردا ئەرکی ئایینیم بەجێدەگەیێنم. کە ئەوەش بابەتێکە زۆر هەڵدەگرێو لێرەدا جێی
نابێتەوە، بۆیە دێمە سەر ئەسڵی مەسەلەکە کەباس
لە کوردو کۆماری ئیسلامی ئێرانە.
لە قانونی بنەڕەتی ئیسلام دا کە قورعانە
زۆرێک لە بڕیارو گوتارەکان ڕوویان لە سەرجەم
مرۆڤ و مافەکانیەتی، لەو دا دەقاو دەق بە هەموو ئەو گیان لەبەرانەی بەشکڵ و شێوەی منو تۆ دروست کراون دەکوترێ مرۆڤ، هیچ پاشتەرک و پێشتەرکێکی بۆ دانەنراوە، نەڕەنگ ، نەزمان ، نەتیرە ، نەتۆرەمە ،
نەشوێنی نشتە جێبون ، نە پلەو پایەو نە هیچ شتێکی لەو بابەتە نابنە هۆی ئەوەی
مرۆڤێک خۆی لە وانیتر هەڵاوێرێ و بەزیاتر
یان کەمتریان بزانێ، ئەوەی دەبێتە هۆی بەرزیو
نزمی کەسایەتیو پلەوپایە تەنیا
کردەوەی مرۆڤ خۆیەتی. کە دێتە سەر ئیمان و بڕواش خوا هەمویان بەناوی
بڕوادار بانگ دەکاو دەفەرموێ:( ئەی گەلی ئیمانداران ئیوە هەمووتان بران)
یاسای برایەتی شەراکەتی هاوبەشە ، بێگومان شەریک مانای تایبەت بەخۆی هەیە و هیچکامیان
ناتوانێ ئەویتر بێبەش بکا ، کەوابو ئەگەر
بڕوامان بەمرۆڤایەتی و برایەتی قورعان هەبێ گومانی تێدا نیە نابێ بەشی یەکتر
بخۆین، دزی لێک بکەین ، مافی یەکتر داگیر
بکەینو یەکتر بکوژین، بەڵکو دەبێ خەمخۆرو، دڵسۆزو پارێزەری مافی یەکتر بین. بەوپێوەرە
ڕەفتارو کرداری کۆماری ئیسلامی ئێران دەگەل ئێمەی گەلی کورد نەدەگەڵ ئایەتی(
یاایهاالناس) یەک دەگرنەوەو نەدەگەڵ ئایەتی ( یاایهاالمومنون) دەیخوێنیتەوە، بگرەدژایەتیشی دەگەڵیان هەیە .
لەلایەکیتر ئەسڵەکانی ئیمان برێتین لە:( بڕوا بەخوا، بەفرشتەکانی
خوا بەکتێبەکانی خوا، پێغەمبەرەکان و بەڕۆژی سەڵاو لێپرسینەوەو پاداش و سەزادان)هەرکەس
بەدڵ بروای بەوانە هەبێ و بەزمان ئیقراریان پێ بکا ئەو کەسە
ئیماندارەوکەس بۆی نییە بە بێ بروای لەقەڵەم
بدا. بۆ مرۆیەکی ئیمانداری موسوڵمانیش
دەبێ ئەو ئەسڵانەی خوارەوە وەک ئەرکی ئایینی
بەکردەوە بەڕێوەیان ببا کەبرێتین لە : (
بروا بەخواو پێغەمبەرەکەی ، بەنوێژو زەکاتو رۆژوو حەج ئەگەر بۆی بلوێ) ئەوەانەی
لەسەرەوە باسمانکردن بناغەکانی ئیمان و ئیسلامن ، ئەو ئایینە لەسەر
ئەو بنەمایانە دامەزراوەو هەرکەس
بڕوای پێیان بێ لەبەڕێوە بردن و نەبردنیاندا خۆی بەرپرسیارە،کەسێک کە موسوڵمانی
ئیمان دارە ، هیچ ڕێبەرێکی
ئایینی لەهەر پلەو پایەیەک دابێ ناتوانێ
حوکمی کافرو بێ ئیمانی لەسەر دەر بکا . لێرەدا چەند پرسیارێک دێنە ئاراوە
کەبرێتین لە : (١) داخوا مرۆفی موسوڵمان بە وڵامنەدانەوەو ڕەدکردنەوەی فەرمانەکانی خوا کافر دەبی، یان
بە نەچونە ژێر فەرمانی کەسێک یان کەسانێک
ئەگەر پلەی ئایینیشیان هەبێ؟؟ (٢) داخوا ڕەدکردنەوەیقسەی مرۆیەکی ئایینی کە لەدەرەوەیبازنەیفەرمانەکانی خواش بێ،بەکوفر
دەژمێردرێی ، یان ڕەدکردنەوەی فەرمانی خوا؟؟(٣) داخوا لە فەرمانی جیهادی ئیمامدا کە
بۆسەر کورد دەرکراوە، ئەم حەدیسە ڕەدناکاتەوە کە دەڵێی: (
گیانو ماڵوناموسی گشت موسوڵمانێک لێکتر حەرامە). لە ئایینیئیسلام دا تاک جێگەو پیگەو ڕێزی خۆی هەیە ،
بەڵام نە خوانو نە پێغەمبەرن ،
خۆشەویستیان پێویستە بەڵام یەکێک لە پایەکانی ئیسلام
نیە ، هیچ مرۆفێک شیاوی پەرستنو کڕنۆش بۆ بردن نیە. ئەوەی
دەبی مرۆڤ لە بەرانبەریدا ملکەچو خۆی
بەدەستەوە بدا هەر خوایەو بەس. پێغەمبەران
بۆیە جێیی ڕێزو باوەڕن چونکە خوا فەرمانی وەدوا کەوتنو ڕێزلینانی بۆ دەر کردون . واتە بەگوێکردنی ئەوان لەڕاستیدا گوێدان بەفەرمانی خوایە. ئەوان لە
کەسانیتر باشتر ئەمری خوایان بەجێهێناوە ،
لەڕای خوادا ماندوترو جزیای
زیاتریان کێشاوە، لێهاتوبونولە خۆبردوو لە بەڕێوە بردنی فەرمانەکانی خو ا دا. نەک لەبەر
خزمایەتیو دۆستایەتیو خۆشەویستیو... لە
ئیسلام دا باشترینو بایخدارترین بەڵگە بۆ چاکیو خراپی ، بەرزیو نزمی ، پلەو پایەی مرۆفەکان تەنیا کردەوەکانیانەوهەر ئەوەشیانبەکەڵک دێێو
حیسابدەکرێی. خوا لەو بـوارەدافەرمویە:( ئەوەی بەکەڵکی مرۆڤ دییی تەنیا تێکۆشانو کردەوەکانیەتی).بڕوانن ئەبو لەهەب
مامی پێغەمبەر بوو بەڵام خوا وەک خراپترین مرۆڤ باسی دەکا و سورەتێکی قورعانیشی لەبارەی خراپیئەوو ژنەکەی دا
ناردوە . بیلالی
حەبەشیشبەردەیەکی ڕەشی زەنگی
بوو ، بو بەیەکێک لە یارانو هاوکارانی گەلێک نیزیکیپێغەمبەر[ص].
شۆڕشی گەلانی ئێران بەدژی ڕێژیمی پاشایەتی بەبەشداری سەرجەم چینو توێژەکانی کۆمەڵگای ئێرانی بەڕێوەچوو،
چاوەڕووانی ئەوە دەکراسیستمێک جێی بگریتەوە کە بتوانی مافی سەرجەم گەلانی ئیراندەستەبەربکا، کەچی بەداخەوە بەهۆی نەبونی یەکگرتوییو
بەرنامەیەکی هاوبەشی چینە جیاوازەکانی ئێران ، ئیمام لە هەستی ئایینی خەڵکو
نەبونیپڕۆسەیەکی ڕێکخراوی هاوبەش کەڵکی وەرگرتو بەپەلە کەوتە سەرکوتو لەمەیدان دەرکردنی دژبەرانیو
دابەزاندنی بیرۆکە مەزهەبیەکەی خۆی، کتوپڕ
دەستی کرد بە بەڕێوەبردنی ڕاپرسیەک بۆ
شەرعیدان بە بیرۆکەکەیو دابەزاندنی کە لە قالبی کۆماری ئیسلامیدانیشانی دا . کەس
ناوەرۆکی ئەو کۆمـارەی بـەلاوە ڕوون
نەبوو کە لەڕاستیدا دامەزراندنی دەسەڵاتێکی ویلایەتی فەقیهی بوو، یان باشتر بڵێم: ڕواڵەتەکەی هەرچی
بوبێ ناوەرۆکەکەی حاکم کردنی دەسەڵاتی وەلی فەقیه بوو کە لە خۆمەینیدا دەبیندرا. بێگومان پێش بەڕێوەچونی ڕاپرسیەکە وڵامەکە ڕوون بـو ، چونکە ئەو خەڵکەی ڕێژیمی پاشایەتی
ڕماندبوگەلێک قوربانی لەڕێیدا دابو تازە ناچیێ بیگێڕێتەوە ! لە لایەکیتر زۆرینەی
هەرە زۆری خەڵکەکە باوەری ئایینی هەیە ، بێگومان
ناکرێی دەنگ بە ئیسلام نەدا کە باوەڕێشی
پێیەتی، چونکە پێیوایە ئەوە بەزیانی دینەکەی تەواو دەبێ! لێرەدا بەشداری نەکردنی گەلی
کورد لەو ڕا پرسیەداو ڕاگەیاندنی ئەو بەشداری نەکردنە بەشیوەی ڕەسمی لە لایەن حیزبی
دێمۆکڕاتی کوردستانەوە بڕیارێکی لە جێدا حیساب
بۆکراو بوو ، نیشاندەری ئەو ڕاستیە
بووکە گەلی کورد دوور بینو ورد بینە ،
دەنگ بەکۆمارێک نادا کە نازانێ ناوەرۆکەکەی چیە . ئەگەر دەنگ نەدانەکە بەقسەی
هێندێکان بەزیانی تەواو بوە! لەوەدا گرینگە ،کەسی بەهەڵە نەبردوەو
لەبەرانبەرخەڵکدا ڕووسورە کە لەحاند
برپرسایەتی هەڵوێستی گرتوە.
بە بەڕیوە بردنی ئەو راپرسیە ئیمام
دەسەڵاتێکی ڕەهای دەبێ و لەبەرانبەر خوا دا
نەبێ لە بەرانبەر کەسیتر دا خۆی بە بەرپرسیار نازانێ . جێگری خوایە لەسەر زەوێو
هەرچی حەزی لێبێ دەیکا!! حیزب تەنیا حیزبوڵایە و
ڕێبەر تەنیا ڕووحوڵایە!
ئیمام خۆی لە لوتکەی بەرزی هێزو دەسەڵاتدا دەبینێ ، دەبێ گشت کەندو کۆسپەکانی سەر ڕێگای ڕاماڵێ، بۆ ئەو مەبەستە
زەختێکی قورسی خستە سەر هەمو حیزبو سازمانە
ئێرانیە کان بەڕاستو چەپو ئایینیو بێی ئایین .پەلاماری دانو لەهەموو شوێنێکی
ئێران پاکیکردنەوەوهەموویان لە کوردستان
خۆیان گرتەوە. ئێستا ئیمام لە ناو خۆ دڵنیایەو دەستی ئاواڵەیە بۆ دابەزاندنی
بیرۆکەی پاکتاوی کورد بە گشتی ، هەموو هێزو توانای مادیو مەعنەوی خۆی بۆ سەرکوتو
قەڵا چۆ کردنیان وەگەڕ خست. لێرەدا لە
بیرمان نەچێی ئیمام ڕێبەرێکی شیعە مەزەبەو لە جێی خۆی بەلای ئەوانەوەجێی ڕێزە،
بەڵام ناکرێی وەک ڕێبەری دنیای ئیسلام بەگشتی چاوی لێبکرێیو ڕەواش نیە خۆی
بەڕێبەری دنیای ئیسلام بزانێ، بەڵكو ڕێبەری یەکێک لە مەزەبەکانە ، وەک چۆن سوننی
مەزەبەکان شافعی ، حەنەفی، ماڵکیو
حەنبەڵییان هەیە شیعەش جەعفەری و.. . یان هەیە، لە ناو خودی شیعەشدا جیاوازیان هەیەو هەمویان وەلی فە
قیهیان قبوڵ نیە. کەوابو ناوی ڕێبەریدنیای ئیسلامی بۆ دروست نیە و ڕێبەری شیعەی ١٢
ئیمامەیە .ئێستا کوردستان خۆیلە ڕوانگەی ئیمامەوە
مەحکوم بە سەرکوتو نەمانوبەچۆکداهێنانە
، پەنا بردنیسازمانو تاقمە سیاسیە ڕاونراوەکانیئێرانیشی
لێبۆتە سەر بارو بیانویەکی باشە بۆ کورد
کوشتنو کوردستان وێران کردن ، ئێستا کاتی ئەوە هاتوە میراتەکەی شا لەکورد کوشتندا کە بەنا تەواوی
بەجێماوە دەبێ جێبە جێی بکرێی ،پیاو هەق بڵێێ شا بۆخۆی
ئاوای بۆ نە دەکرا، بۆ ئەو مەبەستە باشترین کەرەسەو ئامرازی قە ڵا چۆو سەرکوتی
بەناوی دینوشەڕ دەگەڵ کۆماری ئیسلامیبە
دەستەوەگرت،دەبوایەگەلەکە بەکافر لەقەڵەم
بداو ڕێبەرایەتیەکەشی کە حیزبیدێمۆکڕاتبو
بەهەڵوە شاوە ڕابگەیێنێ. بۆ ئەو مەبەستە سیاسەتێکی پڕلە فڕو فێڵو فریوی گرتە پێش،
ڕێگەی دەدا نوێنەرانی کورد بچنە تارانودەگەڵ کاربەدەستانو تەنانەت خودی ئیمام خومەینیش دا بنیشنو داواکانیان بێننە گۆڕێ، دەستەی
نوێنەرایەتیشی دەناردە کوردستان،کە لە ڕاستیو ناوەرۆکدا نەبڕوای بامافینەتەوایەتی کورد هەبو
نەپڕۆسەیەکی بۆ داواکانیان لە بەر دەست دابوو، تەنیا کات کوشتن بۆ خۆ بەهێز کردنو ڕێگە کردنەوە بۆ ئەوەی
ڕەخنە بکاتە ناو کوردستان ،هەم هێزی کوردان هەڵسەنگێنێو هەم تۆوی ناکۆکیودوبەرەکی
بەشکڵو شێوەی جۆراو جۆر لە ناویاندا بچێنێ ، کە چاندیشی!! کاتێک دیتیان ڕەوتی دژایەتی
ناوخۆیی کورد بەتوندیلە ئارا دایە ، ململانەی نەرێنی ناوخۆ لە دژایەتیدەگەڵ
حکومەتی ئاخوندەکان بەهێزترەو لاوازتر نیە ! بۆیە بە نەرمیو لە سەرەخۆو بەقونە شەڕ
دەستیکرد بە دابەزاندنی نەخشەوپیلانەکانی بۆکوردستان، بۆ وێنە: شەڕی سنە
کە بە بەهاری خوێناوی ناویدەرکردلە
بەرەبەری نەورۆزی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاویدا هەڵاییساند را ، ئەو شەڕە
هەر چەندهەڵەی خۆماڵی هەبون، بەڵام فەرمانیخۆمپارەوتۆپ بارانی بێبەزەییانەیئەرتەش
بەسەر شارو خەڵکی بێدفاع و کوشتاری ژن
ومنداڵو پیرو پەککەوتەو وێران کردنی ماڵو
حاڵی خەڵک بەناوی شەڕی یاغیبوە کاننیشانی دا لە ڕاستیدا لە شەڕی کورد کوشتنوکوردستان
وێرانکردن زیاتر شتێکیتر نیە!.
ڕێکەوتی ٣١ی خاکە لێوەی هەمان ساڵدیتمان چۆن
شەڕی نەغەدە هەڵاییسێندرا
کە جگە لە کورد کوشتنو هەڵکردنی
ئاگری ناکۆکیو دووبەرەکی
لەنێوان کوردو ئازەری هیچ مەبەستو
پاساوێکی دیکەی نەبوو ، چونکە کورد لەشکری بۆ سەر کەس نە کێشابو، بەڵکو حێزبێکی
سیاسی کوردی کە پاشتەرکێکی ئێرانی بونیشی بەدوای خۆیدا
دەکێشا دەیەویست لەوشارە
کوردستانیە مێتینگێک بەڕێوەبەرێیوبەر پرسەکەی لە پەیامی خۆیدا برایەتی کوردو ئازەری بەگشت لایەک
ڕابگە یێنێ . ئەو مەسەلە بەهەر پێوەرێک پێوانەی
بکەیو بەهەر بارێکدا هەڵیسەنگێنی نە تاوانەو نە خەتاو نە کردەوەیەکی نەدیتراوو دژی یاساو
قانون بوو. سەپاندنی ئەو شەڕە بەندێکی ئەو زنجیرە پیلانانە بو کە کۆماری ئیسلامی
ئێرانلە پڕۆسەی تواندنەوەو حاشا لە کورد کردندا دایڕشتبون . ئەوانە و زۆری تریش
ڕوداو گە لێک بون بۆ ڕیگا خۆشکردن بۆ گەیشتن بە قۆناغی ئەسڵی کەلەستڕاتیژی کاری
کۆماری ئیسلامیدا لە پێشەوەی هەموانبوو، بۆیە ئیمام ئەو پیلانەی کە لە دڵیدا بۆکورد
دایڕشتبوو لە مێشکیدا نەخش کرابو، دەری دەخاو بێپەردەوبەڕاشکاوی لەڕێکەوتی ٢٨ی گەلاوێژی
١٣٥٨ دا فتوای جیهاد بەدژی کورد دەردەکا.
بە باوەڕی من ئەو فتوایە بەهێزەوە هەر ماوە بەڵام شێوەکەی گۆڕاوە. تا ئیستاش لە هیچ ئۆرگانێکی مەزهەبیو حکومی بریاری هەڵوەشانەوەی
ڕانەگەێیندراوە. حیزبی دێمۆکڕات کە وەکڕیبەرو
هاندەری خەڵکی کورد بۆ داوای مافی ڕەوای نەتەوایەتیدەناسی بە هەڵوە شاوە
ڕادەگەێینێو ئەو بڕیارە
بەهێزەوە هەر ماوە.
ئەوەی دەمەوێی لێی بدوێمو لە ڕوانگەی
ئیسلامەوە لێکی دەمەوەو بە دەقی قورعانی بە
ڕوونی ڕەدیشی کەمەوە ، ئەوەیە کە: فتوای
جیهاد بەدژی گەلی کورد لە بنەڕەتدا لە
ڕاستی دورەو ناڕەوایە ،چونکە جیهاد هەر
گیز بەدژی موسوڵمانان
نەبوەو نیە، بۆیە بەباشی دەزانم
کورت لە ماناو هێندێک لە جۆرەکانی جیهاد
بدوێمولە دواییشداچەند ئایە تێک لە پێوەندی دەگەڵ جهاد وەک نمونە بێنمەوە.
لە پێوەندی دەگەڵ شەڕ لەڕای خوادا لە قورعاندا
هاتوە: ( وقا تلهم فی سبیل الله الذین یقا تلونکم ولا تعتدوا ان الله لا یحب
المعتدین) واتە لە ڕای خوا دا دەگەڵ
ئەوانە بەرەو ڕوو ببنەوە کە شەڕتان پێدەفرۆشن ، دەستدرێژیش مەکەن چونکە خودا تەجاوەز
کاری خۆشناوێن. هەروەها دەفەرموێی: ( لە
بەرانبەر دین دوژمنانی شەڕ فرۆشدا ،بەرەنگاری
ئەرکی ئایینیتانە، ئەوەش کارێکی قورس و گرانە ، بەڵام زۆر شتی واهەن ئێوە لە
بەرتانگرانە وبە زیانی خۆتانی دەزانن ، کەچی بە قازانجتانە، زۆری واش هەن پێتان
قازانجە کە چی بە زەرەرتانە، زۆر شت هەن ئێوەنایزانن بەڵام لە لای خوا ڕوون و عەیانە)بێگومان ئەوانەی مڵک و ماڵ و
زێدو مافی گەلێک
داگیر دەکەن ئەوانە تەجاوەزکارن ،خواش دەستدرێژکەری خۆشناوێن.بەرەنگاری داگیرکەرانیش
ئەرکی ئایینیە. ئێمەی کوردیش دەست درێژی
بۆ خاک و مافی نەتەوایەتی و
ئینسانیمان کراوەو بەڕەنگار
بۆنەوەی داگیر کەران ئەرکی
ئایینیمانە.ئوسولەن کورد شەڕی
ئایینی ناکا.
وشـە ی جـیـهـاد
جیهاد وشەیەکی عەڕەبیەو مانای زۆری
لێدراوەتەوە، کورتەو پوختەکەشی بە مانای
تێکۆشانە ، بۆیە نابێ لە شەڕدا کورت بکرێتەوە، بەڵکوبەدەقی قورعانی و بە قسەی زانایانی بەرزی ئایینی
بواری جیاوازی هەن کە ئێمە ئەوەندەی بکرێی دەیخەینە بەر چاووڕای خوێنەران، لە ئاکامیشدا
فتوای جیهادی ئیمام دەرهەق بەگەلی کورد
لەڕۆژ هەڵاتی کوردستان هەڵ دەسەنگێنین ولە ڕاستیدا ڕەدی دەکەینەوە. لێرە دا
بەوتەکانی شێخی جامعول ئەزهەری میسر ڕێزدار( شێخ ئەحمەد تە یب) دەست پێدەکەم کە
دەڵێ: (جیهاد لە ئیسلامدا بەرگری و
پاراستنی مافە، بەر پەرچدانەوەی دەستدرێژیە بۆ سەر مافی مرۆڤەکان، نەک سەپاندنی
بیرو باوەڕ. ئیسلام ددان بەگشت دینەکانیتردا دێنێ، ئەو جیاوازیەش تا ڕۆژی سەڵا هەر بەردەوامە.ناسینوناساندنی
ئیسلام لە سەربنەمای وادار کردنی بەزۆری خەڵک بۆ قبوڵکردنی باوەڕێک یان مەزەبێک
یان دینێکی دیاریکراو کردەوەیەکی نە شیاوو نا ڕەوایە. خواش لە قورعاندا فەرمویە: {لا
اکراە فی الدین}، واتە لە دیندا زۆر نیە .یان ئەوەی بەزۆر بسە پێندرێ دین نیە !
جیهادی ئیسلامی پشتگیری کردنە لە
ڕەواکان نەک بەزۆر سەپاندنیان، ئیسلام
نابێ بە شێوەی توندوو تیژی بێبەزەیانە دەگەڵ لایەنگرانی هیچ
ئیدەو ئایینێک بجوڵێتەوە هەر چەند
جیاوازیشیان دەگەڵی هەبێ. گەورەترین شتی کە ئێمە بە دەستیەوە گیرۆدەینو پێوەی دەناڵێنینو دنیاش بەدەستیەوە گرفتارە دڵڕەقی ئێمەیە بەناوی دینو دڵڕەشیدژبەرانی دینە دەگەڵ دین).لە دنیای
ئەمرۆدا ئەزهەر یەکێک لە کۆنترینو
گەورەترین زانکۆی ئیسلامیە کانە ، سەرۆکەکەی بەو پێیە دەبێ یەکێک لە شارەزاترین
زانایانی ئایینی بێی. ئەگەر بەوردی
سرنجی قسەکانی بدەینو
بەهەست بە بەرپرسایەتیو بێدەمارگرژیدەکاریان بێنین ڕەنگە زۆر کێشەی ناڕەوا
لە کۆڵ خۆمان بکەینەوەو لە دوژمنانی ئیسلامیش کەم بکەینەوە.
وەک لە پێشەوە ئاماژەم پێکرد جیهاد هەر
بەمانای شەڕ نیە ، شەڕ جۆرێکیەتی لە حاڵێکدا کە هیچ رێگایەکیتر نامێنێ. وەک کوتم
مانای زۆرن وەک : شەڕ دەگەڵ نەفسی خۆت بۆ ئەوەی سەرکێشی نەکاو حەزو ویستی خرا پو ناڕەوای تێدا بمرێنی. تێکۆشانە بە دژی
درۆ ، دوو ڕوویی ، فزولی ، شۆفاری ، نە خوێندەواری ، بە دژی فەسادو بێی ئەخلاقیو هەژاری و دەستەنگی و نەداری .تێکۆشانە بۆ لایەنگری و
یاریدەی لێقەڵماوان و بەشخوراوان. بۆ دابینکردنی ژیانێکی بەختەوەرانەی هێدیوهێمن
بۆ کۆمەڵگا، بۆ دۆزینەوەی ڕاستیەکان، بۆ خۆڕاگریو
بەرخودان بۆ دابینکردنی
ئازادی و ژیان ، بۆ بەرەنگار بونەوەی زاڵمان و دەست درێژ کەران، بۆ
پاراستنی مافی گشت مرۆفەکان، بەگشتی تێکۆشانە بۆ هەر چی پێویستە بۆ ژیانێکی سەر
بەرزانەی گشت تاکەکان . بە وتەیەکیتر جیهاد
بە مانا ئەسڵیو گشتیەکەی تێکۆشانە
بۆ باشتر کردنی ژیانی تاکو کۆمەل بە هەموو لایەنە جیاوازیەکانیانەوەلەبواری فکری ،
ئیدەیی ،کۆمەڵایەتی ، سیاسیو ئابوری ، لەڕاستیدا
ململانەیەکی زانستیانە و مە تیقیانەیە لە
نێوان حەزو ویست و ئاوات و ئارەزوی مرۆفەکان ، تێکۆشانە بۆ ڕاگرتنی هاو سەنگی لە
نێوان ویستو واقعییەتەکان .ڕاستی ئەوەیە
ئایینیئیسلام کە پێغەمبەرئەرکی بەر پرسایەتی ڕاگەیاندنی لە سەر شان بوە خواش پێی دەڵێێ: ( وما علی الرسول الا البلاغ)
نێردراو ئەرکی ئەوەیە ڕاسپاردەکە بگەێینێ .واتە خوا دەفەرموێی : محەممەد ئەتو ئەوەندەت لەسەرە من چێم پێکوتوی تۆش بەخەڵکی بڵێێو مەجبوریش نی کە بەزۆر پێیان بسەلمێنی.هەر
وەها لە حەجی ماڵ ئاوایی دا خوا دەفەرموێ: (الیوم اکملت لکم دینکم و...) ئەمرۆ
دینەکەم بۆ تەواو کردن. کەوابو ئایینی ئیسلام پیویستی بەوەنیەو کەسیش بۆی نیە نە لێی زیاد بکا و نەکەم ! لە هیچ دەقێکی قورعانیداو
لە هیچ وتەیەکی پێغەمبەر داجهاد بە دژی
موسوڵمانان نە نوسراوەو نە بیستراوەو نەدیتراوە! کوشتاری بە کۆمەڵی
مرۆڤەکان بەگشتیو موسڵمانان بە تایبەتی بە جینایەت لە قەڵەم دراوە نەک جیهاد! بەو
پێیە ئەو فتوای جیهادەی بەسەر کورد دا
دەرکرا هیچ یاسایەکی ئیسلامی بەڕاستی نازانێو بە هەر
پیوەرێک بیپێوی تاوانێکی ناڕەوایە.
مـن بـەش حاڵی خۆم
بۆم
نەزاندراوە بەکام بەڵگە دینی کورد وەک کافر حیسابی بۆ کراوەو ، ئیمام ئەو فتوایە ناڕەوایەی
بەسەردا دەرکردوە!!
جیهادی لەڕای خوادا کە وەک ئەرکی ئایینی دەژمێر
درێی لە کاتێکدایە کە هێرش بکرێتە سەر
وڵاتی موسوڵمانان و بۆ
بەرگری لەزێدو پاراستنی کەڕامەت و بەرز
ڕاگرتنی داد پەروەری و عەداڵەت بێ، نەک بەدژی گەلێکی موسوڵمانی خوا پەرستی
عەداڵەتخواز! لێرەدا بەزمانێکی ساکار دەمەویی بڵێم: ئەگەر ئیمام و ڕێبەرانی
ئایینی لە دنیا دا خەڵک لەسەر کردەوەکانیان کە بەتاوانیان دەژمێرن بەتوندترین شێوە
سەزایان بدەن ، بیان کۆژن بەندیان بکەن ، جزیاو جەزرەبەیان بدەن، ئەدی پێم ناڵێن
لە قیامەتی لێپرسینەوەو سەزای جەهەندەمو چیوچی لەسەر چیەو بۆ چیەو بۆ کێیە ؟! داخوا لە دادگای
عەدڵی خواییدابۆ یەک بوختانی سابیت نەکراوی بەتاوان ئەژمێردراو دوو جار سە زادان ڕەوایە؟؟! داخوادەکرێێ یەکێک
لە سەر تاوانی نەکردوی کەسێکیتر سەزا بدرێ
کە ئەوە دەگەڵ کورد زۆر کراوە؟؟ داخوا ئەگەرمن لە سەر تاوانێکی ناڕەوای بەزۆر سەپاو لە دنیا سەزادراملە قیامەتیش هەرلەسەر
ئەو تۆمەتە نارەوایە بەبێی لێکۆڵینەوە سەزا دەدرێمەوە ؟؟! بێگومان ناو هەزار جاریش نا
!! لە ئیسلامدا بەبێ لێپرسینولێکۆڵینەوەو
سابیت کردنیتاوان لە لایەنحاکمانی شەرعی و قەزایی هەرگیزسەزا رەوا نیە ، چونکە
هەمومرۆڤێک لە بنەڕەتداپاکە ، هەمو گومانلێکراوێکبێتاوانە هەتا تاوانەکەی لەسەر
سور نەبێتەوە.پێم ناڵێن : کوشتنی بەکۆمەڵیکورد،
حوکمیئێعدامتەنیا بەوتنی بسمەتعالا ، لە داردانوبەندکردنی بێتاوان، ڕاونان لەسەر داوای مافێکی ڕەوای خوا
پێداو، کە کورد خویخاوەنیمافو مێژویەکی بەرزوڕوونە ،لەکام ئایەتی قـورعانیداوبەکام
وتەی پێغەمبەر ئەوشتانە نوسراوو کوتراون؟؟ئەگەر بێپەردەو دەقو دۆغریو بەبیێ هیچ پێچوپەنا بروانینە ڕاستە
قینەی ئیسلام کە بەداخەوە دۆزینەوەشی کارێکی هاسان نیە ،فتوایجیهاد دەرهەق بە کورد
نەکجیهادنیە بەڵکو جەریمەیە. جەریمەبەکردەوەیەکدەکوترێی کە ئەنجام دانی لە لایەنئیسلامەوە قەدەغە
کراوەو سەزای توندیشی بۆ لە بەرچاو
گیراوە. ئیسلام خاوەنی نـەزمونیزام ویاساو قانونێکە کە هەر هەموی بـۆ ڕێكخستنو دابینکردنیژیانێکی پڕلە ئاسایشوبەختەوەری شیاوی مرۆڤ دانراوە. لەو
یاساو ڕاسایانەداکوشتنی مرۆڤ بە یەکێکلە گەورە تاوانەکان دانراوە. هیچشارەزایەکی
ئایینی نیە نەزانێلە ئیسلامدادوو کردەوە
بەتاوانی هەرە گەورە ناویانبراوە کە یەکیان کوشتنی بێتاوانانە . خوا لە
قورعاندا فەرمویە؛ ( قەدەغەیە مرۆڤ گیان لەمرۆڤیتر بستێنێ
وکارێکی بەتەواوی ناڕەوایە.) دەبێ ئەو پرسیارە لەکۆماریئیسلامی ئێران بکەین داخوا ئەستاندنی گیانی ئەو هەمو ژنو منداڵو پیرو پەک
کەوتەیکوردستان ئەو قەدەغەو قۆرغەی قورعان نایان گرێتەوە؟؟ با هەمو کەس
بزانێیکورد دەستیبۆ ماڵوگیانی کەس درێژ نەکردوە ، هەر لەماڵی خۆیدا هێرشی کراوەتە سەرو ماڵو حاڵی کاولو بەتاڵان براوە، نەکدژایەتیەکی دەگەڵ
دین نەبوە بگرە لە هەمووگەلانی مەسوڵمانیتر
لە ڕایئیسلامداماندو بوەو جزیای کێشاوە ، بەردەوامیش لەلایەن فارس و تورک و
عەڕەبی موسڵمان هێرشی کراوەتێ وقەڵاچۆکراوە.بڕوانە دوای خەڵیفەکانی ئیسلام ،سەلاحەدینی
ئەیوبی کورد لە هەمووکەس زیاترخزمەتی بەو دینە کردوەو پەرەی پێداوە.
بە باوەڕی من ئەگەر خەبات و تێکۆشانی
ڕێبوارانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان دەگەڵ
شٶڕشەکانی ڕزگاری خوازانەی دنیا هەڵ بسەنگێنی دەبینی شێوەی شۆڕشەکەی گەلی کورد زۆر لە خەباتەکەی پێغەمبەر
دەچێ و دەکرێی بڵێی وەک چۆن ئەو بەدژی
نەزانی و زاڵمان و دەوڵەمەندان
ڕاست بۆوەو بەردەو تاجرو هەژارو دەوڵەمەندیشی لە دەوری خۆی کۆ کردەوە ،
شۆڕشەکەی کوردیش پێکهاتەکەی هەمو چینو
توێژی کوردستانەو بەدژی زاڵمان و داگیر کەران و ملهوڕان خەبات دەکا. وەک چۆن ئەو
لە ئەشکەوت و ڕەندۆڵان پەنای دەگرتو خۆی بۆ بەردەوامی ئامادە دەکرد ،شۆڕشگێڕانی
کوردیش یارو پەنای بەهێزیان چیا بەرزە کانی کوردستانە. وەک چۆن یارانی پێغەمبەر
خۆبەخشو تەنیا لە ڕای دابەزاندنی فەرمانەکانی خوا گیانیان بەخت دەکرد، پێشمەرگەی کوردیش بەسەخاوەتەوە بەبیێ موچەو چاوەڕوانی بۆ وەرگرتنەوەی
مافە مرۆڤانەوخواییە کەیان خۆیان دەکەنە قوربانی . داوا لە هەمو موسوڵمانانی کورد دەکەم
لە ماموستا ئایینیە کانیان بپرسن :
لە کام ئایەتی قورعانیدا باس لە کافر بونی کورد کراوە؟؟ بەپشت بەستن بەکام سەر چاوەی قورعانی و
ئایینی فتوای جیهاد بە دژی کورد بە ڕەوا زاندراوە؟؟ من بەش بەحاڵی خۆم بەلامەوە سەیر نیە ، ئەوکەسانەی بڕوایان بە
ئیسلام نیە چۆن دەڕواننە ئیسلام و
موسوڵمانان ، بێگومان ئەوان ئیسلامیان
قبوڵ نیەو رەدیشی دەکەنە وە وبەکۆن و شتی لەو بابەتەی دەزانن. بۆ من ئەوە
گرینگە کە ئێمە ڕادەی بڕواو موتمانەمان بە ڕێبازەکەمان چۆنەو ئامادەین لەو ڕێگایە دا تا کوێی بڕۆین!.
ئەوەندەی گلەو گازندەم لەکۆماری ئیسلامی ئێران هەیە ئەوەندەو زۆرتریش گلەییم لە
مامۆستایانی کورد هەیە کە بۆچی لە بەرانبەر فتوای جیهاد بەدژی موسوڵمانان هیچ
هەڵوێست و کاردانەوەیەکیان نیە؟ داخوا
بەڕەوای دەزانن و قبوڵیانە بۆیە دژکردەوەیەکیان
نیە، یان نەخێر زۆرێک لە تێبینی ڕەچاو دەکەن و لە بەر هێندێک بەرژەوەندی تایبەت
بەخۆیان ڕای خۆیان دەر نابڕن؟؟! خۆیان لەمن باشتر دەزانن لە هێندێک حاڵەتدا
بێدەنگی تاوانی نەبەخشراوە ئەگەر مەترسی مەرگیش هەڕەشە بکا. تۆ بڵێی لە وڵاتێکدا کە لە ژێر ناوی کۆماری ئیسلامیداحکومەتدەکا
لە سەر گوتنی ڕاستیەکانو لێکدانەوەو ماناکردنی فەرمانەکانی خوایی مرۆڤ ئازار بدرێو بکوژرێێ؟؟!! خۆ ئەگەر فتوای
جیهاد بە دژی موسوڵمانانی کورد بە بڕیارێکی شەرعی و ڕەوای دەزانن ، دەبا ئەوەیان بۆ خەڵک ڕوون کەنەوەو لێک
دەنەوە!! دە با
دنیا بزانێ ئەوانەی ئەرکی ڕێبەرایەتی
ئایینیان لە ئە ستۆیەو ناوی پێشەوای دینیان لە خۆیان ناوەو ئەوانەش کە ئەرکی ڕێبەرایەتی سیاسیان
لە سەرشانە دەبێ دەگەڵ گەلەکەیان ڕاست بنو واقعیەتەکانیان لێنە شارنەوە، هەست بەوەبکەن کە لە باری ئایینی وئینسانیو ئەخلاقی کۆمەڵایەتیو
سیاسیەوە ئەوانن بەر پرسیارن.
بە داخەوە ئیسلام بە جۆرێک شێوێندراوەو خراوەتە
ژێر ڕکێفی دەسەڵات داران و سیاسەتی پێوەدەکەن ،کە مرۆی موسوڵمان
سەریان لێشێواوە، نازانن ڕوو لەکام
لا بکەن و بەدوای کام ئیمام دابڕۆن
و لە کوێی ڕاستە قینەکان بدۆزنەوە. بەرژەوەندی تاکی و گروهی وەک چۆن سیاسەتی
چەواشە کردوە، هەر ئاواش ئایینی بۆ گەیشتن
بە ویستەکانی خۆیان لە ڕێچکەی خۆی لاداوە. ئەوە کە فتوای جیهاد بە سەر گەلێکیموسوڵمان
دا دەدرێی، بڕیارێکی سیاسیەو ناوی دینی
لێنراوە، ئەگینا لە ئیسلام دا هەرگیز شتی
لەوبابەتە نەدیتراوەو نە بیستراوە.زۆر ڕوونە ئەو دینە دەسەڵاتداران لە خزمەتی خۆیانو بۆ بەرژەوەندی خـۆیان
دەکاریان هێناوە.
واتـە هـەر بـەناوی
دیـن کڵاویان لـەسەر دیندارانو خەڵکیتیرش
ناوە.
خوێنەرانی بەڕێز مەبەستی من لە نوسینی ئەو وتارە نە فتوایەو نە
پڕوپاگەندە، باڵام چونکە من کوردو موسوڵمانم مافی خۆمە هەم لە بواری نەتەوەییو هەم
لە ڕوانگەی ئایینی لە سەر ئەو بابەتە بدوێم ، چونکە ئەوانەی حوکمی جیهادیان بە سەر دا
دراوە ،خوشکو برای نەتەوەییو ئایینیو هاو
زمانو هاو نیشتمانی منن، ئەرکی ئایینی
و مرۆڤانەی خۆمە بە هەر شکڵ و شێوە یەک لە
دەستم بێ بەر گری لە گیان و کەرامەتی گەلەکەم بکەم وەک لە پێشەوە باسم کردوە جیهاد
بەمانای تێکۆشانە لە هەموو بوارە کانی ژیانی تاکو کۆمەڵداو پێویستی مێژویی هەیەو
ڕەوایە. ئێمە کە دژی زاڵم
خەبات دەکەین لە ڕاستیدا
جیهاد دەکەین.جیهاد بە مانای شەڕ تەنیا
دەگەڵئەوە کاسانە ڕەوایە کە هێرش دەکەنە
سەر گیانو ماڵو ناموسی
ئینسانەکان ، دەیانەوێی لە زێدی
خۆیان دەریان بکەن و مافە
خوا پێداوەکانیان لێزەوت بکەن . بەڵام فتوای جیهادی بە جۆری شەڕ لە مێژوی ئیسلامدا بەو شێوەیە
کە کۆماری ئیسلامی
ئێران دەیکا نەدیتراوە .
ئەوە خۆی تاوانێکی گەورەیە هێرش
بکەیە سەر موسوڵمانانو
قەڵاچۆیان بکەیو ناوی لێبنێی جیهاد
. لێرە دا بۆیە ڕەخنە لەو بڕیارە دەگیرێو ڕەد دەکرێتەوە چونکە دەر هەق بەگەلێکەزۆرینەیهـەرە
زۆری مـوسوڵمانە ، مـنیش کە یەکێکم لـەو گەلە ودەشزانـم کردەوەیەکی ناڕەوایە ، بە مافی خۆمی دەزانم هەموو ئەو
کردەوە نارەوایانە ڕەد کەمەوە کە بەدژی گەلەکەم دەکرێن. ئەوەی گەلێک پـرسیاری لـە
سەرە ئـەوەیە کە
دەسە ڵاتدارانی وڵاتانی داگیر کەری کوردستان کە خۆی لە : ئیران
، تورکیە ، ئێراق وسوریە دا دەبینێتەوە،
ئەوانە خۆیان بە وڵاتی ئیسلامی دەزانن زۆر باشیش ئاگادارن کە
کورد
بەزۆری موسوڵمانەو هەر گیز دژی ئیسلام نەبوەو نە وێستاوە. گومانی تێدا نیە کە کوردیش وەک هەموو
نەتەوەکانیتر کەسانی واشی هەن کە بروادار نین . بەڵام بروانە لە هەموو شارو ، شارۆچکەو گوندەکانی کوردستان
ئاسەواری ئیسلامەتی بە زەقی دێنە بەرچاو، دەگەڵ هەمووی ئەوانە کورد بە ئاشکراو
بە نهینی لە لایەن برا موسوڵمانە کانیەوە قەڵا چۆو قەڵت و بڕ کراوە! تە نانەت ئەو
دەوڵەتانە بە پێچەوانەی هەموو یاسا ناودەوڵەتیەکانیش لە حاڵی وتو وێژیشدا هەر مەرگیان بە دیاری بۆکورد
هێناوە!! یان باشتر بڵێم: لە فەرهەنگو
ئایینی ئەوانەدا کورد
مەحکوم بەنەمانە . بـەلای بـڕوا دارانەوە وایە ئەوانەی خاوەن باوەڕی راستە
قینەنو لە و بوارەدا کاریان کردوەو جەوریان کێشاوە چاوەروانی ڕوحمو بەزەییو لێبوردەیی
خوایان کردوەو دڵنیاش بون کە خوا
گەلێک بەخشندە و لێبوردەیە، تۆ بڵێێ ئەو هەمو
ڕوحمو بەزەییوعەداڵەتی خوایی بەتورە
بوونی ئیمام و ڕێبەرێک خەتێکی بەسەردا
بهێندرێ و پشتگوێی بخرێ ؟!! ئەوانەی
شارەزای ئایین و زانیاریان لە سەر قورعان و حەدیس هەیە زۆر باش دەزانن : خوا دەڵێ: ( خلق لکم ما فی
السمواة والا رض) هەر چێ لە و زەوی و عاسمانانە دا هەیە هەمووی بۆ ئێوە دروست
کراوە. لە قورعاندا زیاتر لە ٣٠ ئایەت باس لە جیهاد بە هەموو جۆرەکانیوە دەکەن کە
لێرە دا هێنان و باسکردنیان جێی نابێتەوە، بەڵام ئەوەی لێیان وەر دەگیرێی ئەوەیە
هەرگیز ئەوەی فتوای جیهادی
بەدژی دەدرێی موسوڵمان نیە بۆیە دەڵێم: فتوای جیهاد بە دژی
کورد هیچ پێوەندیەکی بە دینەوە نیە بڕیارێکی سیاسی دژە کوردەو کراسی مەزهەبیان لە بەر کردوەوبەسەر کوردیاندا سەپاندوە.
بۆیەش بەناوی دین بۆ بەلاڕێدا بردنی بیرو
ڕای گشتیو موسوڵمانی لابەلا
تێگەیشتوو!بزواندنی هەستی مەزەبی برا شیعەکان بەدژی کوردو لێدانی کورد بەهەموو شکڵو شێوەیەک.
پێم خۆشە خوێنەرانی بەڕێز باش بزانن گەلێ
کورد بە درێژایی مێژو چەوسێندراوە تەوە بەڵام چەوسێنەر نیە، خەباتی بۆ وەدەست
هێنانەوەی مافە زەوت کراوەکانی کردوە دەست درێژکەر نیە، لە خاکی خۆی دا بێگانە
کراوە. کورد خاوەنی باوەڕی ئایینیەو زێدو نیشتمانی داگیر
کراوە. فەرهەنگو زمانو کەلە پوری
لێقەدەغەیەو بەتاڵان براوە. بۆ گێڕانەوەی هەموو مافو سەروەریەکانی لە بواری
مرۆڤانەو ئایینیش نەک ئیزن بەڵکو
خەبات لەو بوارەدا ئەرکەو لە سەری واجب کراوە. ئەگەر لە بواری ئایینی لێی ڕامێنی
بروا بەخواو بە پێغەمبەریش هەر ئەوەت پێدەڵێی. موسوڵماندەبێ رەفتاری پێغەمبە رەکەی ڕەچاو بکا کە فەرمانە کانی خواش
لە کردەوەکانی ئەودا خۆیان دەنوێنن. بروانن
پێغەمبەر(ص) بۆ ڕزگاری زێدەکەیو گەیشتن
بەئامانجە کەی چەندی جزیاو دەر بە دەریو
کوێرەوەری کێشا ، چۆن نەسرەوتو کۆڵی نەدا ، هەتا سەر ئەنجام ئاواتو ڕاسپاردەکانی خوایی بەدەست هێنا. خوادە
فەرموێی: ( ئەوانەی بە زۆر کۆچیان پێکراوەو لە زێدیخۆیان ڕاونراونو لە ڕای خوادا
ئازار دراونو کوژراون، خوا بۆیان قەرەبو دەکاتەوەو زەحمەتە
کانیان
بەفیڕۆ ناداو لە هەڵەو خەتایان خۆش
دەبێ گەورەترین پاداشیان دەداتێ لە بەهەشت جێگایان دەکاتەوە، خوا باشترینو
جوانترین پاداشی لە لایە .) سەیر کەن ئێمەی کورد بەزۆر لە زێدی خۆمان دەرکراو یان
دەسبەسەر کراوین، زۆرمان بۆ شوێنیتر هەڵوەداو ئاوارە
کراوین ، لە ماڵی خۆماندا هەست بەهێمنیو ئارامی ناکەین، خاوەن ئیرادەی خۆمان نینو بەر دەوام لە ژێر
چاوە دێری داین، تۆ بڵێی زوڵمو نارەوایی لە وەش خراپترو گەورەتر هەبێکە دەگەڵ کورد کراوە؟؟
داخوا ئەگەر لە ژێر ئەو بارەگرانەدا هاوار بکەین و بناڵێنین و هەوڵی خۆ ڕزگار کردن بدەین ، پێیی
کافر دەبین ودەبێ فتوای جیهادمان بۆ دەر
بکرێی؟؟! خوا لە سوڕەی
نیساء دا دەفەرموێی: ( ئەوانەی توانای ڕاوەستان لە
بەرانبە هێرشی زاڵمانیان دا نەبوو، دەبیێ
بڕۆن، ئەگەر نەڕۆیشتنو کوژران فرشتەی گیان کێشان پێیان دەڵێ :مەگەر سەر زەوی
خواهەر ئەوەندە بوو کە ئێوەی لێبون، کۆچتان نەکرد بۆ جێگایەکیتر؟؟!!) ئەو ئایەتە
ئەوە دەگە یێنێ کە ئەگەر هیزی راوەستان
لە بەرانبەر دوژمنت دانە بوو، ڕامەوەستە دەست بەر مەدە وە، خۆت بە دەستەوە مەدە ، بڕۆ بو جێگایەکی ئە مینو خۆت رێک خەوەو تەیار بکەو لە کاتی گونجاودا بەرەنگاریببە وە.
خوا حاکمی بێ ئەملاو ئەو لای دیندارانە ،
قانونو یاسا بۆ پێوانەی کردەوەی هەر
تاکێک قورعانە. دەر بڕێنو دەرکردنی هەر چەشنە بڕیارو بۆ چونو هەڵوێستە کردنی هەر تاکێکی
موسوڵمان لەدەرەوەی ئەو یاسایانە ئیزن نەدراوەوبگرە تاوانە. فەرمانی جیهاد بە جۆری شەڕ تەنیا دەگەڵ ئەو کافرانەئیزن
پێدراوە کە دەگەڵیان لە حاڵی شەڕ دانە. کورد هەرگیز شەڕی ئایینی نەکردوەو نایکا ، چونکە باوەڕی وایە هەڵبژاردنی ئاێینو ئیدە دڵخوازەو مرۆف بە هەڵبژاردنی خۆی دەکرێی
بڵێی موسوڵمانە. خۆ ئەگەر ڕێبەرانی ئایینی لە بیری نەکەن زۆر باش دەزانن یەکەم مەرجی
گرینگی قبوڵبونی هەر برواو کردەوەیەکی ئایینی ئازادیە ، تەنانەت خوا عیبادەتی بە
زۆری لە کەس قبوڵ ناکا . بۆ کورد ڕزگاری گەلو نیشتمانو بەرەنگاری
زاڵمانو داگیر کەران یەکیک لە ئەرکە
پیرۆزەکانی ئایینە کەیانە. کورد ئەو ئایەتەی کردۆتە سەر مەشقو
کاری پیدەکا کە دەڵێی: ( واعبدواڵله ولا تشرکوا به شیئا) بەڵیێ کورد هەر خوا دەپەرستی
وکڕنۆش بۆ هیچ کەسو شت نابا، خوای بەخالقی خۆی
دەزانێو دەسکری کەسیتر نیە، کە دەڵێم کورد مەبەستم خاوەن باوەڕەکانە کە
زۆرینەی نیزیکی هەموانن، ئەوانەشیانکە بروای
ئایینیان نیە بڕوایان
بەمافی نەتەوایەتیو ئینسانی
هەیەو شان بەشانی برا
موسوڵمانەکاینان بۆ مافی
هاوبەش هاو خەباتن . ئەوەی خەباتی بۆ دەکەن مافی خوایی خۆیانەو منەتبار کەس نابن ،نیشانەی ڕەواییوبەهێزی باوەڕی کورد ئەوەیە کە بەدرێژایی
مێژو هەر لە لایەن موسوڵمانان غەدری
لێکراوە، بەڵام لە ڕیبازی ئایینی خۆی لای نەداوە.
لە ئیسلامدا تاک پەرستیوخۆ بەزلزانی بە
توندیمەحکومە ، خوا بۆ ئەوەی ناردراوە کەی لە خۆ بایی نەبیێ پێی دەفەرموێی: ( قل انما انا بشر مثلکم)
محەممەد بەو خەڵکە بڵێی منیش مرۆیەکم وەک ئێوە، تەنیا ڕاسپاردەیەکم بۆ هێناونو پێتان
دەڵێمو بەس .( وما علی الرسول الا البلاغ ولله یعلم ما تبدون وما تکتمون)
تۆ ئەوەت لە سەرە ڕاسپاردەکەت بگەێێنیوخواش ئاگای لە ئاشکراو شاراوەکانە .ئەو
کەسانەیزانستیانە لە جیهاد تێگەیشتبن بێیغەرەزو
مەرەز لێیدەدوێن لایان وایە جیهادی ڕاستە
قینەی ئیسلامیبانگەوازە بـۆ نـاساندنو تـیگەیاندنیکـۆمەڵانی
خـەڵکلـە پـڕۆسەو بـەرنامەکانیئیسلامبە
شێوەیەکی ئەقڵ پەسندو مەنتیقیو هیچ
پێویستی بەشیرو تیرو شمشیر نیە. ئازادی وەک کوتمان بناغەی ئەسڵی بروا پێکراوی
خاوەنباڕوەڕەکانە. زۆر بە هەر ناوێک بکرێی مەحکومە ، زۆرترین
ئایەتی قورعانیش دەقاو دەق باس لە خراپیوناڕەوایی
زاڵموزوڵم دەکەن ، بەرەنگار بونەوەی زاڵمان بە بایخدارترین ئەرکەلە سەرشانی
هەر خاوەن باوەڕێک دانراوە.
بەڕێزان: یەکێک لە ڕەفتارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کە دەگەڵ دروشموهەلسوکەوتەکانی یەک ناگرنەوە ، ئەوەیە کە
لە جیاتی برایەتیو هاوکاری دەگەڵ برا هاو بیرو باوەڕەکانی کە خواش فەرمویە {موسوڵمانان هەموبران} لەم
دنیا پانو بەرینەدا دەبینی دەگەڵ زۆربەی وڵاتانئیسلامی ڕاستەو خۆو ناڕاستەو خۆ کیشەو دەرگیری هەیە دەگەڵ وڵاتانی کومونیستو
کۆنە کمونست کە ئوسولەن بڕوایان بەخواو
دینو شتی لەو بابەتە نیە ، دۆستایەتیو هاوکاری گەرمو گوری هەیە!! ئەوەش بەباوەڕی من ئاساییە ، بەڵام سەرنج ڕاکێشە دەگەڵ
برات شەڕ بکەی بەڵام دەگەڵ دین دوژمنەکەت دۆستایەتی
وهاوکاری بکەی!!بەکوردیو بەکورتی هەر
زانایەکی ئایینی ئەگەر سادقانە و لێزانانەقورعانو مێژو بخوێنێتەوە بۆی دەر دەکەوێیکە مافی نەتەوایەتی مافێکی ڕەوایە بەپێچەوانەی هیچ یەک لە ئایینەکانی عاسمانی نیە ، هەر کەس لەژێر
هەر ناوو نیشانێک ئەو مافە داگیر بکا بەرەنگاریو بەرگری مافێکی ڕەوایە .
برتان مەلا
برایمی مەجیدپور هولەند.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر