لینکەکان

۱۳۹۲/۰۵/۱۷

پەیامی یەكیەتیی زانایانی ئایینیی كوردستانی ئێران بە بۆنەی جێژنی رەمەزانی پیرۆز



هاونیشتمانە بەڕێزەكان
خەڵكی تێكوشەری كوردستان
خوشكان و برایانی موسڵمان




یەكیەتیی زانایانی ئایینیی كوردستانی ئێران، گەرمترین و جوانترین پیرۆزبایی‌یەكانی خۆی بۆنەی هاتنی جێژنی رەمەزانی پیرۆز، پێشكەش بە ئێوەی بەڕێز دەكات و لە خوداوەندی مەزن و دلۆڤان داواكارین رۆژوو و عیبادەتی هەموو لایەك لەو مانگە پیرۆزەدا قەبوول بفەرموێت.




هەموو لایەك لە كاتێكدا جێژنی پیرۆزی رەمەزان دەكەینەوە كەلە زۆر شوێنی ئەم جیهانە پان و بەرینەدا و بەتایبەتی لەو ناوچەی كە ئێمە تێیدا دەژین زۆر كەس و لایەن لەژێر ناوی پیرۆزی ئیسلام و بۆ وەدیهێنانی بەرژەوەندییە تەسكەكانی خۆیان تەنانەت رەحم بە ژن و منداڵ و كۆرپەی سەر لانك ناكەن و ئامانج و پیرۆزییەكانی ئیسلام و قورئان بە لارێدا ئەبەن. كە بۆ ئێمە كە خوازیاری تەبایی و ئاشتی و یەكسانین، ئەو جۆرە هەڵسوکەوتانە بە تایبەتی لە مانگی پیرۆزی رەمەزاندا دژ بە ئیسلام و شەرع و مەزنایەتیی خوداوەند دەزانین و شەرەمەزاری دەكەین.

مانگی رەمەزان مانگی خێر و بەرەكەت و رەحمەت و دلۆڤانییە، كەچی بە داخەوە لەژێر سێبەری بەناوی كۆماری ئیسلامیدا، بەشێكی زۆر لە هاونیشتمان، پەیڕەوانی ئایین و مەزهەبەكانی غەیری حاكمەییەت، لەم مانگە پیرۆزەدا نەتەنیا شاهیدی هیچ رەحمەت و دلۆڤانییەكی دەسەڵاتداران نەبوون بەڵكوو سێدارە و زیندان و ئەشكەنجە، بوو بە دیاری و جێژنانەی مانگی رەمەزانیان.

لەم مانگە پیرۆزەدا بوو كە هێز و لایەنە سیاسییەكانی هەرچوارپارچەی كوردستان ئامادەكارییەكانیان بۆ  بەستنی كۆنگرەی نەتەوەی كورد دەست پێكرد، هیواخوازین كە ئەم رەوتە بە بێ‌ لەبەرچاو گرتنی بەرژەوەندی تەسكی حیزبی درێژە پێ بدرێت و هەموو لایەك لە داهاتوویەكی نزیكدا شاهیدی بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد بین و هەموو لایەك بە یەكڕیزی و تەبایی كە هەمان ئامانجی دینی پیرۆزی ئیسلامە، نەتەوەكەمان بە وەرگرتنی مافە رەواكانی كە بە ناهەق پێشێل كراوە شاد بكەین.

جارێكی دیكە جێژنتان پیرۆز و بەختەوەر و سەرفراز بن
یەكیەتیی زانایانی ئایینیی كوردستانی ئێران

گەلاوێژی 1392ی هەتاوی

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر