لینکەکان

۱۳۸۸/۱۱/۲۸

پرسه‌نامه‌ی یه‌كیه‌تی زانایانی ئایینی كوردستانی ئێران به‌ بۆنه‌ی كۆچی دوایی حاجی مامۆستا محه‌ممه‌د بوداقی

انا لله‌‌و انا الیه راجعون
به‌ ناوی خوای مه‌زن‌و دلۆڤان
به‌ داخ‌و په‌ژاره‌یه‌كی زۆره‌وه‌ رۆژی دوو شه‌ممه‌، رێكه‌وتی 26ی 11ی 1388 هه‌تاوی جه‌نابی حاجی مامۆستا محه‌ممه‌د بوداقی موده‌ریس‌و پێشنوێژی مزگه‌وتی خانه‌قای پیرانشار له‌ ته‌مه‌نی 91 ساڵیدا له‌ نه‌خۆشخانه‌ی شاری مه‌هاباددا كۆچی دوایی كرد
هاونشتیمانانی به‌رێز له‌ كوردستانی رۆژهه‌ڵات!
كۆچی دوایی ئه‌و زانایه‌ بلیمه‌ته‌ زیانێكی گه‌وره‌‌و تاقه‌ت پڕوكێن بوو بۆ خه‌ڵكی ئاییندۆست‌و بڕوادارانی كوردستان به‌ گشتی‌و بۆ شاگردان‌و هاو ته‌ریقه‌كانی‌و خه‌ڵكی پیرانشار‌و بنه‌ماڵه‌ به‌رێزه‌كه‌ی به‌ تایبه‌تی.
حاجی مامۆستا هه‌ر چه‌ند خۆی به‌ كه‌متر ده‌زانی كه‌ وه‌ك موجته‌هید‌و خاون ڕا له‌ بواره‌كانی شه‌ریعه‌تی ئیسلام بزانێ به‌ڵام له‌ راستیدا خه‌ڵكی كوردستان به‌ تایبه‌تی شاره‌كانی مهاباد، نه‌غه‌ده‌، شنۆ، پیرانشار، سه‌رده‌شت وه‌ك مه‌رجه‌ع‌و پشتیوانییه‌كی قورس‌و گران یان وه‌ك موجته‌هیدی روژگار پشتیان پێ ئه‌سپاردبوو.
حاجی مامۆستا محه‌ممه‌د بوداقی بۆ دانانی قوتابخانه‌ی ئایینی سه‌لاحه‌دینی ئه‌یوبیی پیرانشار رۆڵی كاریگه‌ری گێڕاوه‌و ده‌كرێت وه‌ك خاوه‌نی سه‌ره‌كیی ئه‌م قۆتابخانه‌یه‌ ناودێر بكرێت. بۆ خه‌ڵكی به‌ شه‌ره‌فی كوردستان روون‌و ئاشكرایه‌ له‌گه‌ڵ‌‌ سه‌رقاڵ بوونی به‌ كاری ئایینی‌و ئیجازه‌و روخسه‌تنامه‌ی شه‌رعی به‌ به‌شێكی به‌رچاو له‌ مامۆستایانی ئایینی، له‌ خزمه‌ت كردن به‌ مه‌سه‌له‌ نه‌ته‌وایه‌تییه‌كان رۆڵی كاریگه‌رو به‌سوودی بینیوه‌.
تایبه‌تمه‌ندییه‌ به‌رزه‌كانی حاجی مامۆستا زۆرن‌و حاشا هه‌ڵنه‌گر، بۆ وێنه‌ كاتێك حوجره‌كان به‌ره‌و نه‌مان ده‌چوون، حوجره‌ی مامۆستا گه‌رمتر ده‌بوو له‌ ئاكامدا توانی شێوه‌ی وانه‌گوتنه‌وه‌‌ی سونه‌تی رێفورم پێ بدات‌و بۆ یه‌كه‌م جار مه‌دره‌سه‌یه‌كی هاوچه‌رخ بۆ فێركردنی زمانی كوردی، كامپیوتێرو وه‌رگێڕان‌و خوێندنی لاتینی دامه‌زرێنێ. مامۆستا بوداقی هه‌روه‌ها به‌ گشتی هه‌موو دارایی خۆی وه‌ك خانووبه‌ره‌و كتێبخانه‌و شتانی تر وه‌قفی مزگه‌وت كرد.
ئێمه‌ وه‌ك یه‌كیه‌تیی زانایانی ئایینی كوردستانی ئێران سه‌ره‌خۆشیی خۆمان ئاراسته‌ی سه‌رجه‌م خه‌ڵكی كوردستان‌و به‌ تایبه‌تی خه‌ڵكی پیرانشارو بنه‌ماڵه‌ی ئه‌م به‌رێزه‌ ده‌كه‌ین.
هیوادارین مامۆستای زانا‌و بلیمه‌ت حاجی مامۆستا محه‌ممه‌د بوداقی رۆحی به‌ به‌هه‌شتی به‌رینی یه‌زدانی پاك شاد بێ‌‌و رێگای له‌ لایه‌ن مامۆستایانی ئایینی‌و چالاكانی ئه‌م بواره‌ درێژ بێت.
یه‌كیه‌تيی زانایانی ئایینيی كوردستانی ئێران
27ی رێبه‌ندانی 1388ی هه‌تاوی

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر