کۆنگرەی
پازدەهەمی حیزبی دێمۆکرات و ئامانجەکانی
پاش ٦٩ ساڵ خەباتی بێ وچان لەپێناو ئازادی و پێکهێنانــی پازده کۆنگره و دەیان کۆنفڕانس و پلینۆم، بێ گومان
کۆنـــگرەی پازدەی حــدکا له کەش و هەوایەکی تەواو دێمۆکراسی و ئازادی و له هەلومەرجێکی ناسکدا پێک هات.
راپورتی کۆنگره و باس و خواستەکان و وردەکارییەکانی و بەتایبەت بۆ یەکەم جار بەشداریی زۆرێک له رووناکبیران و رۆژنامەنووسان و چاودێرانی سیاسی له دەرەوەی بەدەنەی حیزب، یەکێک له گرینگترین دەسکەوتەکانی کۆنگره بوون.
ئەوەی من دەمهەوێ باسی لێ بکەم دروشمی کۆنگرەیه: "ههوڵدان بۆ یهکڕیزی لهپێناو سهرکهوتندا".
به بڕوای من ئەم دروشمه له تیۆریه و وردە ورده دەبێ به پراکتیک. به واتایەکی دیکە دەتوانم بڵێم وەرچەرخانێکە له سیاسەتی حدکا به لەبەرچاو گرتنی هەلومەرجی هەستیاری هەنووکەیی و ئەو گۆڕانکارییانەی که به خێرایی بەسەر ناوچەکەدا هاتۆته ئاراوه. بەشێک لەم سیاسەتە نۆێیه ستراتیژی و چۆنیەتیی هەڵسوکەوت لەگەڵ هێزه سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانه کەله وتەکانی سکرتێری ئەم حیزبه له جێژنی کۆنگرەی پازدەدا بەدی دەکرێ. هەڵبەت ئەم سیاسەته له پێش کۆنگره پلانی بو داڕێژرابوو که رێکەوتننامەی مێژوویی نێوان حدکا و کۆمەڵەی لی کەوتەوه و بوو به جێگای دڵخۆشیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان. پیش کۆنگره هێندێک کەس و لایەن که هەمیشه نیوەی بەتاڵی پەرداخەکه دەبینن، پێیان وابوو ئەوه تاکتیکی حدکایه بۆ بەستنی کۆنگره و زۆر بۆچوونی سەیر و سەمەرەیتر، بەتایبەت بۆ رای گشتی. بەڵام ئێمه دیتمان لە دەس پێشخەرییەکی بێ وینەدا هەیئەتێکی پایەبەرزی ئەم حیزبه بۆ یەکەم جار پاش جیابوونەوەکەی سێپتامبری ٢٠٠٦ بەرانبەر به سەرماوەزی ١٣٨٥سەردانی هاوڕێیانی پێشووی خۆیان کرد و جارێکی دیکه سەلماندیان بەرژەوەندی گەل له سەرووی هەموو شتێکه و توانییان ئەم تابۆیه بشکێنن و دەرگای وتووێژ له هاوڕێیانیان بکەنەوه بۆ یەکڕیزی و تەنانەت یەکگرتنەوه.
ئەم دەست پێشخەرییەی حیزبی دێمۆکرات بوو به جێگای خۆشحاڵی خەڵکەکەمان. هەڵبەت ئەم هەنگاوه سەرەڕای ئەوەی گەورەیی و لەخۆبردوویی و راستگۆیی حیزبی، به کۆمەڵانی خەڵکی نیشان دا له هەمان کاتدا له حیزبێکی وەک حدکا که خۆی به ئاڵا هەڵگری بزووتنەوەی میللی دێمۆکراتیکی گەلەکەمان لەم بەشە دەزانێ هەر ئەوەش چاوەڕوان دەکرا. ئەم سیاسەته به خوشییەوه له کۆنگره پەسند کرا و چەسپا.
دوای کۆنگرەش درێژەی هەبوو، چاوپێکەوتنی رێبەریی ئەو حیزبه لەگەڵ هێزه سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان به بێجیاوازی، نیشاندەری ئەم راستییەیه، تەنانەت له درێژەی ئەم سیاسەتەدا سکرتێری حیزب به هاوڕێیەتیی جێگر و بەشێک له ئەنداماتی رێبەری، به دڵێکی فراوان و به باوەڕمەندییەکی قووڵ، به هەموو بەهاکانی مرۆڤایەتی و به لە بەرچاو گرتنی ویست و داخوازییەکانی گەلەکەمان بۆ جارێکی دیکه سەردانی هاوڕێیانی پێشوەی خۆیانیان کرد و بەو کردەوه ئیدی تووی ناهۆمێدیان له دلی ناحەزانی میللەتەکەمان چاند و لە هەمان کاتدا هیوا و هۆمێدیان خسته ناو دڵی کۆمەڵانی خەڵک.
ئەم حەرەکەته خۆشەویستیی حیزب و سکرتێر و باقی ئەندامانی رێبەریی له ناو خەڵکەکەماندا چەندقات کرد. کەوا بوو دەتوانین بڵێین حیزبی دێمۆکرات هەنگاوی جیدیی بۆ وەدی هێنانی ئامانجەکانی کۆنگرەی پازده دەنی، هیوادارین لایەنەکانی دیکه و هێزه سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە نیازپاکییەوه بڕواننه ئەم سیاسەته و به پیرییەوه بچن.
نووسین: مامۆستا کاوه لە نێوخۆی وڵات