لینکەکان

۱۳۸۸/۰۶/۳۰

خۆپیشاندانی‌ رۆژی‌ قودس لە پێناو چ ئامانجێك

بەنێوی‌ خوای‌ دلۆڤان
"مەلا سمكۆ"، ئەندامی‌ "یزاكا"
لە دنیای‌ سەردەمی‌ عەولەمەدا شانۆگەریی‌‌و كاڵ‌ فام بە لاڕێدا بران لە نێو سیستمی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌دا بۆتە ژێرخانی‌ سیاسەت‌و جێگای‌ ستراتیژی‌ زانستی‌ پێ‌ پڕ كراوەتەوە.
لە هاتنە سەركاری‌ كۆماری‌ ئیسلامییەوە، واتە سی‌ ساڵ‌ پێش ئێستا، ئاخرین رۆژی‌ هەینی‌ مانگی‌ رەمەزان لە لایەن رێبەری‌ كۆماری‌ ئیسلامیی‌ ئێران، خومەینی‌یەوە وەك رۆژی‌ جیهانی‌ قودس‌و دژایەتی‌ لە هەمبەر زۆرداران بە پشتیوانی‌ خەڵكی‌ فەلەستینی‌ بە تایبەتی‌ نێودێر كراوە. هەر بۆیە رێژیم هەموو ساڵێك لەو پێوەندییەدا لە دوایین رۆژی‌ هەینی‌ مانگی‌ رەمەزانی‌ پیرۆزدا بە هێنانە سەرشەقامی‌ دارو دەستە‌و لایەنگرانی‌ خۆی‌، لە ناوخۆ‌و دەرەوەدا خۆپیشاندان ساز دەكا‌و بە دانی‌ دروشمی‌ دژ بە ئیسرائیل‌و ئامریكا‌و... دژایەتی‌ خۆی‌ دەر دەبڕێ‌‌و بەم شێوەیە لە ئیحساساتی‌ مەزهەبی‌ بەشێكی‌ زۆر لە خەڵكی‌ ساویلكە كەڵك وەردەگرێ‌‌و وەك ئەركێكی‌ ئایینی‌‌و ئینسانی‌ سەیری‌ دەكەن. بەڵام بە پێچەوانەوە لێرەدا راستییەكە شتێكی‌ دیكەیە‌و ئامانجەكانی‌ رێژیم جیاوازن لەگەڵ‌ ئەو ئامانجانەی‌ كە خەڵكیان بۆ هان دراون‌و لە راگەیەندراوەكانی‌ دا پڕۆپاگەندەیان بۆ دەكا. پێویستە پێش ئەوەی‌ ئامانجی‌ رێژیم بۆ خوێنەرانی‌ بەڕێز‌و حەقیقەت خواز لەم شانۆگەرییەدا روون بكرێتەوە، ئاماژەیەك بەوە بكرێ‌ كە بەربەرەكانێ‌‌و دژایەتی‌ كردن لەگەڵ‌ هەر سیستمێكی‌ ستەمكار‌و داسەپا‌و ئەركێكی‌ ئایینی‌‌و ئینسانییە. هەر بۆیە دەبێ‌ بگوترێ‌ كە رێژیمی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ خۆی‌ یەكێك لەو سیستمە سەرەڕۆ‌و داسەپاوانەیە. لە لایەكی‌ دیكەش ئامانجی‌ رێژیمی‌ كۆماری‌ ئیسلامیی‌ ئێران لە هێنانی‌ خەڵك بۆ سەر شەقامەكان، دەكرێت لەم چەند خاڵەدا كۆبكەینەوە.
خاڵی‌ یەكەم: بەلای‌ رێژیمی‌ كۆماری‌ ئیسلامیی‌ ئێرانەوە گرینگ ئەوەیە خۆی‌ بە دنیا نیشان بدا كە ئێمە یەكەم حكوومەتین كە بە كردەوە‌و راگەیاندن داوای‌ یەكپارچەیی‌‌و هاوتەریبی‌ لەگەڵ‌ جیهانی‌ ئیسلام دەكەین‌و خوازیارین موسڵمانان یەك دەنگ‌و یەك رەنگ بن بە دژایەتی‌ لەگەڵ‌ داگیركەران بۆ سەر خاك‌و وڵاتی‌ موسڵمانان بە گشتی‌‌و فەلەستین بەتایبەتی‌.
خاڵی‌ دووهەم: زۆر گرنگە رێژیمی‌ ویلایەتی‌ فەقیه راگەیەنێ‌ كە هزری‌ شێعەگەری‌ یانی‌ بیری‌ دژایەتی‌‌و بەربەرەكانێ‌ لە هەمبەر هێزی‌ ستەمكار‌و دەكرێ‌ ئەم رێژیمە وەك نموونە‌و سەركردەی‌ وڵاتە ئیسلامییەكان بەگشتی‌‌و بزووتنەوەی‌ شێعەگری‌ بەتایبەتی‌ گرینگی‌ بەرچاوی‌ پێ‌ بدرێ‌‌و پێویستە دەرسی‌ وانەی‌ خۆڕاگری‌‌و دژبەرایەتی‌ زلهێزەكان لەوەوە فێر بن‌و تێكۆشن مەزهەبی‌ تەشەیوع ببێتە سەرچاوەی‌ گشت ئایینەكان‌و لە ئاكامدا ئیمپراتۆری‌ شێعەی‌ دوازدە ئیمامی‌ پێك بێنێ‌.
خاڵی‌ سێهەم: سوورێك كە لەم رۆژەدا دەكرێت وەدەستی‌ بێنن ئەوەیە كە دیمەنی‌ قەیراناوی‌ نیزامەكەیان كە لە لایەن زۆربەی‌ وڵاتانی‌ ئیسلامییەوە وەك دیمەنێكی‌ شەڕخواز‌و ئاژاوەچی‌ ناسراوە، بە سیستمێكی‌ شۆڕشگێڕ خۆی‌ نیشان بدا، هەرچەند پەروەندەی‌ رەشی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ لێپاولێپە لە دەست تێوەردان، تیرۆر‌و ئاژاوەنانەوە لەنێو دنیای‌ دەرەوە‌و حكوومەتە هەژارەكان بەتایبەتی‌. دەیهەوێ‌ رۆژی‌ قودس بكات بە پەردە پۆشێك بۆ سەر جینایەتەكانی‌‌و پشتیوانی‌ لە خەڵكی‌ فەلەستین وەك ئامراز‌و كەرەستەی‌ سیاسی‌ كەڵكی‌ لێ‌ وەرگرێ‌. نەك وەك سۆزی‌ ئینسانی‌. بەڵام لەگەڵ‌ هەمووی‌ ئەوانەدا ماهییەتی‌ كۆنەپەرستانەی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ زۆر چاك بۆ خەڵك روون بۆتەوە كە نەك هەر دڵی‌ بۆ خەڵكی‌ فەلەستین ناسووتێ‌ بەڵكوو بەرژەوەندی‌ خۆی‌ لەوەدا دەبینێت كە فەلەستین هەر بەو شێوەیە بەڵكوو هێندێك خرابتریش بمێنێتەوە، هەموو لایەك باش دەزانن كە كۆماری‌ ئیسلامی‌ تێدەكۆشێ‌ ئەو ئاڵۆزیانە زیاتر بكا لەسەر گۆی‌ زەوی‌. ئاشكرایە كە خەڵكی‌ فەلەستین كە ئێران وەك دایكێكی‌ بەسۆز بۆیان بۆتە سەر پەنا، سوننی‌ مەزهەبن، لە هەمان كاتدا ئێران لەناوخۆی‌ وڵاتدا وەك دوژمنی‌ سەرەكی‌ دەڕوانێتە سوونی‌ مەزهەبەكان‌و تەنانەت بەشێكی‌ زۆر لە شێعەكانیش چوونەتە خانەی‌ نەیارانی‌ رێژیمەوە. هەر بۆیە ئەم چەواشەكارییەی‌ كە ئێران ئەنجامی‌ دەدات تەنیا بۆ لایەنگرەكانی‌ باشە، چون ئەگەر راست دەكا بۆچی‌ پشتیوانی‌ لە موسوڵمانانی‌ چینی‌‌و چیچینە روسییەكان ناكا؟ بەڵكوو بە پێچەوانەشەونە رێژیمی‌ كۆماری‌ ئیسلامیی‌ ئێران بە یەكێك لە دۆستە هەرە نزیكەكانی‌ ئەو دوو وڵاتە بە حیساب دێ‌. هەر وەك دەبینرێ‌ كە لە زۆر مەواریدی‌ حەساس‌و حاستەمدا بە پێچەوانەی‌ زۆر رێ‌‌و شوێنی‌ دێموكراتیكی‌ نێونەتەوەیی‌ پشتیوای‌ لێ‌ دەكەن. لە راستی‌دا یەكەم رێژیمی‌ باوەڕ پێ‌كراوی‌ سەلەفییەكانە. ئەگەر پشتیوانی‌ لە موسڵمانان بۆتە ئاوات‌و ئارەزووی‌. بۆچی‌ ئاگری‌ ئاژاوە لە ژمارەیەكی‌ زۆر لە وڵاتانی‌ ئیسلامی‌‌و بەتایبەت لە عێراق‌و ئەفغانستان‌و ... دا ساز كردووە.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر