لینکەکان

۱۴۰۳/۰۳/۲۶

پیرۆزبایی بە بۆنەی جێژنی قوربان

قوله تعالى: {وَلِلَّهِ عَلَى النَّاسِ حِجُّ الْبَيْتِ مَنِ اسْتَطَاعَ إِلَيْهِ سَبِيلًا}

مسوڵمانانی و هاونیشتیمانیان و زیارەتکارانی ماڵی خودا و بنەماڵە سەربەرزی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی و تێکۆشەرانی نیشتیمان.
بە بۆنەی جێژنی پیرۆزی قوربانەوە، لە لایەن یەکیەتی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران، گەرمترین پیرۆزباییتان پێشکەش دەکەین و لە پەروەردگار دەپاڕێینەوە زیارەتی حاجیانی کوردستان و تاعەت و عیبادەتی گشت لایەکتان قەبوڵ بارگای پەروەردگاری مەزن بێت.

حەج و زیارەتی ماڵی خودا ڕوکنێکی ئەساسی ئایینی پیرۆزی ئیسلامە و مسوڵمانان لە سەرتاسەری جیهان بۆ بەجێ گەیاندنی ئەم فەریزەیە هەوڵی گەییشتن بەو شوێنە پیرۆزە دەدەن و پاش ئەنجامدانی ئەم ئەرکە بە قوربانی کردنی ئاژەڵ دڵی هەژاران و نەداران شاد دەکەن، هەربۆیە گرنگە خەڵکی دەوڵەمەند و خاوەن پارە ئەم یادە بەرز ڕاگرن و سووننەتی قوربانی کردن فەرامۆش نەکەن و هەژاران لە شادی ئەم ئەرکە پیرۆزەدا بێ بەش نەکەن.
دیارە خوێن و گۆشتی ئاژەڵی قوربانی بە خودا ناگات بەڵام چاکە و ئەم کردەوە جووانە بە خودا دەگات و ڕزایەتی اللە بە دەست دێنن.
هەروەها وەک یزاکا داواکارین بە سەردانی کردنی بنەماڵەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی هەم ئەرکی نەتەوەیی و هەمیش ئایینیتان ئەنجام بدەن و بێ بەشیان مەکەن لە شادی و یادکردنەوەی ڕۆڵە شەهیدەکانیان..

جێژنتان پیرۆز بێت و ژیانتان پڕ لە خێر و خۆشی بێت

یەکیەتی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران
٢٦ی جۆزەردانی ١٤٠٣ی هەتاوی

۱۴۰۳/۰۳/۲۴

داواکاری ڕژیمی ئاخووندی لە مامۆستایانی ئایینی کورد بۆ بەشداری لە شانۆی هەڵبژاردن..

داواکاری ڕژیمی ئاخووندەکان لە مامۆستایانی ئایینی کورد بۆ بەشداری لە شانۆی هەڵبژاردن..

 پڕۆسەی هەڵبژاردن بۆ گشت بووارەکانی ژیانی مرۆڤ یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی چەمکی دێموکراسییە بەو مەرجەی ئەم پڕۆسەیە بە شێوەیەکی ئازاد و دادپەروەرانە بەڕێوە بچێت.

ئاشکرایە هەڵبژاردن لە چووارچێوەی نیزامی دژە مرۆیی بەناو کۆماری ئیسلامی ئێراندا، شانۆگەرییەکی چەواشەکارانە و فریودەرانەیە و تەنیا مەبەست لە هەڵبژاردن شەرعییەتدانە بە شێوەیەکی هەڕەمەکی لەناو جیهانی دەرەکیدا کە گۆیا لەوها نیزامێکی داخراو و ئایدەلۆژیەکی چەقبەستووی مەزهەبیدا بڕگەکانی دێموکراسی پەیرەو دەکرێن!

لە سیستمی ئاخووندەکانی ئێراندا بەربژێرەکان دەبێ لە فیلتێری ویلایەتی فەقیهی ئێران دەرچن دەبێ گوێ لە مستی ڕێبەری و سیستمی داخراوی ویلایەتی تیڕۆریست بن دەبێ بە تەواوی باوەڕمەند و فیدایی ئەو سیستمە دژە گەلییە بن.
بەشداری کردنی خەڵک بۆ هەڵبژاردنی بەربژێرەکان بگرە ئەو جەمعە بەربژێرانەی دەستنیشانکراوی ڕژیمیشن کاریگەر نییە و بەربژێر پێش ئەوەی بەشدارانی ئەو شانۆیە دیاری بکەن ئەوە سیستم دیاری کردووە و کۆتایی هاتووە و ئیتر دەنگ و ڕای بەشداربووانی شانۆکە هیچ کاریگەر نییە.
ئەم شانۆ بە ناوهەڵبژاردنەی پاش مەرگی سەرۆک کۆمارە کوژراوەکەی ئێران واتە ئیبڕاهیم ڕەئیسی کە ڕێگەدراوە شەش بەربژێر خۆیان بدەنە بەر دەستی بەشداربووان لە سەرەتاوە براوە و کەسی سەرکەوتوو دیاری کراوە بەڵام بۆ ئەوەی ڤیدۆی بەشداری خەڵک بەردەست بێت ڕژیم کەوتۆتە حاڵەتی داواکاری و پەنابردن بۆ چینەکاریگەرەکانی ناو کۆمەڵگا تاکو سەرنجی خەڵکی وەزاڵەهاتوو بۆ بەشداری زیاتر لەم شانۆیە ڕابکێشن، یەک لەو چین وتوێژە کاریگەرەی کە دەتوانێ بۆ ڕژیم پڕ سوود و بەرهەم بێت توێژی زانایانی ئایینی واتە مامۆستاکانی کوردستانن، هەربۆیە ناوەندی ئیداری زانستە ئیسلامییەکانی گشت پاڕێزگا و شارە کوردنشینەکان، داوایان لە مامۆستایانی ئایینی کردووە تاکو زیاتر گرنگی بەو بابەتە بدەن و خەڵکی ڕابکێشن بۆ سەر سندووقە خوێناویەکەی بە ناو هەڵبژاردن! و لە کۆڕ و کۆبوونەوەکان و نوێژ و خووتبەی هەینی ئەم بابەتە شڕۆڤە بکەن.

ئێمە وەک یەکیەتی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران شانۆی بە ناو هەڵبژاردنی ڕژیم بایکۆت دەکەین و داواش لە هەموو مامۆستا دڵسۆز و نیشتیمانپەروەرەکان دەکەین بە هیچ جۆرێ نەکەونە داو و پیلانی کۆماری کوردکوژی بەناو ئیسلامی ئێران و ئەم سیاسەتە چەپەڵەی ڕژیم پووچەڵ بکەنەوە و بانگەشەی هەڵبژاردن تاکو لە لایەنی ئەوانەوە بانگەشەی بۆ نەکرێت، هاوکات داوا لە سەجەم خەڵکی کوردستان بە هەموو چین و توێژەکانی کۆماڵگای وەزاڵەهاتووی گەلەکەمان دەکەین بایکۆتی ئەم شانۆیە بکەن و بەشدار نەبن لە ڕژانی خوێنی زیاتری لاوانی نیشتمان و خۆیان لە تووڕەیی شەهیدان و پەروەردگاری مەزن بپارێزن..
بەشداری نەکردنتان بەواتای مەرگی کۆماری خوێنڕێژی ئیسلامی ئێرانە.
بڕووخێت ئەم ڕژیمە دژە مرۆییەی بەناو کوماری ئیسلامی ئێران.
سەرکەوێت دادپەروەری و ئازادی بۆ ڕزگاری گەڵانی چەوساوەی ئێران.

یەکیەتی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران

٢٤ی جۆزەردانی ١٤٠٣ی هەتاوی

۱۴۰۳/۰۳/۱۸

سەزای سێدارەی مامۆستایەکی ئایینی کورد لە لایەن دادگای باڵای ڕژیمی ئێران

پەسند کردنی سەزای سێدارەی مامۆستایەکی ئایینی کورد لە لایەن دادگای باڵای ڕژیمی ئێران..

مامۆستا مەلا موحەممەد خزر نژاد خەڵکی بۆکان و خووتبەخوێن و مامۆستای ئایینی سووننەمەزهەب و کورد، ساڵی ١٤٠٢ی هەتاوی، لە شۆڕشی ژن ژیان ئازادی دەستبەسەر دەکرێت ولە لایەن شۆعبەی سێی دادگای بە ناو شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە ورمێ بە تۆمەتی چالاکی دژی کۆماری ئیسلامی ئێران و پێشێل کردنی سەروەری ئێران و افساد فی الارض بە ١٦ساڵ زیندانی و سێدارە سەزا درا...

ئەو سەزایە جارێکیتر لە لایەن دادگای باڵای پێداچوونەوەی ڕژیم پشتڕاست کرایەوە و مۆری پەسەندی لێدرا، ئەوەش بە واتای ئیجڕایی بوونی سەزاکەی ناو براو دێت.
لە کەس شاڕاوە نییە ٤٦ساڵ دوژمنایەتی کۆماری بە ناو ئیسلامی ئێران لە گەڵ مسوڵمانانی سووننە مەزهەب بە تایبەت کورد، ئەم ڕژیمه لە هیچ جینایەت و کوشتار و تیڕۆڕ و سێدارەی زانایانی ئایینی سڵی نەکردووە و هەمیشە سووننە مەزهەبەکانی بە سەرەکیترین دوژمن زانیوە بە تایبەت کوردەکان لە ئێراندا..

بێ شەرمی ئاخووندە دوواکەوتووەکانی ئەم ئایدەلۆژییە دژە ئیسلامییە بە نیسبەت ئەسحاب و یار و یاوەرانی پێغەمبەری ئیسلام سڵاوی خودای لە سەربێت، بۆ گشت لایک ئاشکرایە کە چۆن دروانێتە ئیسلامی ڕاستین و بە پاڵپشتی گشت دوژمنانی سەرەکی ئیسلام وەکو وڵاتانی کۆمۆنیستی لە جیهاندا خەریکی لە ناوبردنی کەسایەتییە بەرزەکانی سووننەمەزهەبە، ئەم ڕژیمە بە ناو ئیسلامییە سوێندی لەسەر وێرانکردن و لە ناوبردنی ئیسلام خوواردووە و لە مێژووی ئیسلامیشدا ئەم ئایینە دوژمنی وەها چەپەڵی بە خۆیەوە نەبینیوە.

نە کورد وەک نەتەوەیەکی مافخوراو و نە ئیسلامی سووننە مەزهەبیش ڕێگە بە وەها کردەوەیەکی چەپەڵانەی کۆماری تیڕۆریست و مرۆفکوژی جەماران نادات، هەموو زانایەکی ئایینی کورد و سووننە ئەزانن دەبێ لە ئاستی ئەم دوژمناکارییە وەک ئەرکێکی ئایینی بووەستنەوە و ڕێگە نەدەن، ئەبوجەهلە دوژمنە هەمیشەییەکەی ئیسلام هەرچی بخووازێت ئەنجامی بدات! 
ناکرێ و نابێت مسوڵمان و بەتایبەت مسوڵمانی کورد کە هەم کەسایەتی بەرزی نەتەوەیی و هەمیش ئیسلامییە چاو بنووقێنن لە ئاست ئەو کردەوە دژە مرۆییەی کوماری دژە مرۆیی ئێران.
ئێمە وەک یەکیەتی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران، وێڕای ئیدانە کردنی ئەم سەزا سەپێندراوە بە سەر جەنابی مامۆستا موحەممەد خزرنژاد، داوا دەکەین خەڵکی کورد بە تایبەتی و مسوڵمانانی ئێران و جیهان بە گشتی ڕێگری بکەن لەوها سەزایەکی ناشەرعی و دوژمنکارانەی کۆماری جەهل و جینایەتی ئاخووندە خوڕافیەکانی ویلایەتی فەقیهی ئێران و، هەروەها داواکارین گشت ڕێکخراوە مرۆڤدۆست و حیزب و لایەنە سیاسی و ئازادیخووازیەکان بە هاواری  مامۆستا موحەممەد بگەن و کەیسی ناوبراو لەناو کومەڵگا و ڕێکخراوی مافی مرۆڤ وەگەڕ بخەن چوونکە بە بێ تاوان و تەنیا تاوانی کوردبوون و مسوڵمان بوونی بەڕێزیان، هۆکاری وەها سەزایەکی نادادپەروەرانەیە.

بڕووخێت کۆماری مرۆڤکوژی ئیسلامی ئێران

سەرکەوێت دەنگی ئازادیخووازانی گەلانی ئێران

یەکیەتی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران
١٨/٣/١٤٠٣ی هەتاوی