لینکەکان

۱۴۰۳/۰۲/۲۶

سەرەخۆشی بە بۆنەی کۆچی دووایی زانای پایەبەرز، جەنابی حاجی مامۆستا مەلا سەید نوردەدین واژی

کل نفس ذائقة الموت ثم الینا ترجعون

قال النبی صلی الله علیه وسلم:إن الله لا يقبض العلم انتزاعا ينتزعه من العباد، ولكن يقبض العلم بموت العلماء


هەواڵی کۆچی دووایی مامۆستای پایەبەرز و خۆشناو و نیشتیمانپەروەری گەڵەکەمان جەنابی حاجی مامۆستا مەلا سەید نوورەدین واژی، پێشنوێژ و خووتبەخوێنی مزگەوتی شارەدێی پەسوێ سەر بە شاری پیرانشاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەڕاستی ناخ هەژێن و تاسەباری کردین.
ڕۆژی سێشەمبە ڕێکەوتی ٢٥ی بانەمەڕی ساڵی ١٤٠٣ی هەتاوی، مامۆستای زانای ئایینی و کەسایەتی دیاری کوردستان مامۆستا مەلا نوورەدین واژی بە هۆی نەخۆشی لە تەمەنی ٨٥ ساڵیدا ماڵ ئاوایی لێ کردین و بەرەو بارگای حەق گەڕایەوە، کۆچی دووایی ئەو زانا مەزنە خەسارێکی گەورە بوو لە توێژی ئایینی کورد و ئایینی پیرۆزی ئیسلام بە گشتی..

هەر بەم بۆنەوە یەکیەتی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران، تاسەباری و بەپەرۆشبوونی و هاوخەمەی خۆی لە گەڵ بنەماڵە و خزم و زانایانی ئایینی ڕادەگەیەنێت و پرسە و سەرەخۆشی دەکات لە ماڵباتی خودا لێخۆشبوو و بەتایبەت کوڕە تێکۆشەرەکەی مەیدانی بەربەرەکانی لە گەڵ تاریکپەرەستانی کۆماری بە ناو ئیسلامی ئێران واتە جەنابی (مامۆستا سەید حەسەن واژی ) و گشت مامۆستایانی ئایینی نەتەوەکەمان.

لێرەدا پێویستە کورتەیەک لە ژیان نامەی خودالێخۆشبوو پێشکەش بە ئەویندارانی ڕێبازی پڕشکۆی ئیسلام بکەین و لە خودای دلۆڤان دەپاڕێینەوە بە فردەوسی بەرین شادی بکات و سەبووری ببەخشێتە بنەماڵەی بەڕێزیان..

انا للە وانا الیە راجعون.

ژیاننامەی زانای ئایینی گەڵەکەمان خودا لێخۆشبوو حاجی مامۆستا سەید نوورەدین واژی"

 بسم الله الرحمن الرحیم

سوپاس بۆ خوا کە ڕاهێنەری جیهانە، دەهەندەیە و دلۆڤانە، خاوەنی ڕۆژی پەسڵانە، ئێمە هەر تۆ دەپەرستین، پشتن هەر بەتۆ دەبەستین، لە ڕاستەڕێ شارەزان کە، رێی ئەوانەی کە خۆت چاکەت دەگەڵ کردوون، نەک ئەوانەی کە وەبەر تووڕەیی کەوتوون، نە ئەوانەش کە لاڕێ بوون، (وەرگێڕاوی سووڕەتی فاتیحە، مامۆستا هەژار موکریانی(.

کوورتەیەک لە ژیانی حاجی مامۆستا سەید محەممەد نوورەددین واژی

حاجی مامۆستا سەید محەممەد نوورەددین واژی، ڕۆژی دووشەممۆ 25 ی جمادی الثانی ساڵی 1357 ی کۆچی مانگی ( 1317 ه.ش) واتا 31 ی گەلاوێژی ساڵی 2638 ی کوردی لە ئاوایی سێڵوێی بەربنەی پیرانشار لە بنەماڵەیەکی ئایینی و نیشتیمان پەروەر لە دایک بوو. باوکی واتا مامۆستا سەید حەسەن واژی، یەکێک بووە لە زان ا هەڵکەوتە و
باوەڕپێکراوەکانی کوردستان لە سەردەمی خۆی دا و هاوکات خواناسێکی پلەبەرز و خۆش نێو بووە و خزمەتێکی زۆر و بەنرخی ئاڕاستەی ئایین و نیشتیمان کردووە و لەنێو کۆمەڵانی خەڵک دا زۆر خۆشەویست و جێی ڕێز بووە.
مامۆستا زانایەکی نێوبەدەرەوە بووە و ئەوە بووەت ە هۆی وەی کە هەمیشە حوجرەی ئاوەدان بێ و زانای گەورەی پەروەردە کردوون و کۆمەڵێک نووسراوەی بەنرخیش ی لەدوا بەجێ ماون.
مامۆستا سەید نوورەددین تەنیا دوو ساڵی تەمەن بوو کە دایکی بەڕێزی واتا مامز خانم کۆچی دوایی کرد؛ مامز خانم ژنێکی لێهاتوو و خواناس بووە و فەقێیەکانی مامۆستا سەید حەسەن هەر وەکوو دایکێکی دڵسۆز باسی لێوەدەکەن. مامز خانم لە ڕۆژی فەوتی دا کە میوانیان دەبن، لەگەڵ وەی کە بەڕواڵەت لەش ی ساغ بووە، بە کوڕی گەورەی واتا مامۆستا سەید زاهید دەڵی: ئەوە جەمی فراوینتان بۆ ساز دەکەم، ئەما بۆخۆم لێی ناخۆم و هەرئەوڕۆژیش کۆچی دوایی دەکا. لەدوای مامز خانم، خەدیجە خانمی خوشکی گەورەی مامۆستا، ئەرکی گەورە کردن و دایکایەتی بۆ بەجێ دێنێ. مامۆستا جگە لە خەدیجە خانم، چوار برای هەبوونە بە نێوی مامۆستا سەید زاهید، مامۆستا سەید باقی، مامۆستا سەید محەممەد و کاک سەید وەسیم، کە گشتیان لە مامۆستا گەورەتر بوونە.
دوای فەوتی دایکی، مامۆستا سەید حەسەن دووبارە لەگەڵ ژنیکی زۆر بەڕیز بەنێوی زینەت خانم هاوسەرگیری دەکاتەوە و لەو دایکیش مامۆستا س ێ خوشکی هەن بەنێوی سەکینە خانم، ڕووقەییە خانم و سەفییە خانم. 
کاتێک کە مامۆستا زۆر منداڵ بووە جارێک دەیبەن بۆ خزمەت حاجی سەید عەزیز حەیدەری گەورە عارف و خواناس ی سەردەم بۆوەی دوعای بەسەر دا بخوێنێ، حاجی دوای خوێندنی دوعا بە مامۆستا سەید حەسەن دەفەرموێ ئەو کووڕەی دەبەر خوێندنی مەلایەتی بنێ، هومێد وایە باش مەلایەکی لێ وەدەرکەوێ. مامۆستا لەتەمەنی هەشت ساڵی دا لەخزمەت باوکی بەڕێزی و فەقێیەکانیدا و هەر لە ئاوایی سێڵوێ دەستی کرد بە فێربوونی خوێندن و نووسین و دوایی خوێندنی قوڕئان و زانستە سەرەتاییەکانی ئیسلامی و ئەدەبیاتی عەڕەبی. دە ساڵان بوو کە مامۆستا کۆچی کرد بۆ ئاوایی سینگان لە ناوچەی شنۆ و لە دوازدە ساڵی، واتا لە ساڵی 1329 ی کۆچی هەتاوی، باوکی بەڕێزی بەرەو منزڵی هەمیشەیی گەڕایەوە و مامۆستا کەوتە ژێر چاوەدێری و سەرپەرشتی برای گەورەی، واتا مامۆستا سەید زاهید.
مامۆستا پاش فەوتی باوکی چەن ساڵێک لەبەر نەبوونی و گرفتەکانی ژیان، لە خوێندن دوور کەوتەوە و بەداخەوە لە یەکێک لەو ساڵانەدا لە کایەی منداڵان دا چاوێکی لەدەست دا. لەئاکام دا لە تەمەنی پازدەساڵی لە ئاوایی ئەندێزێی ناوچەی لاجان دەستی کردەوە بە خوێندنی کتێبەکانی سەرەتایی مەلایەتی. مامۆستا ساڵانێکی زۆر لە حوجرەکانی کوردستان دا مایەوە و لە داوێنی زانایانی سەردەم دا خەریکی خۆشە چنین و فێربوون و فێرکاری بوو و لە بەرهەمی زانستی مامۆستا ناودارەکانی کوردستان، بەشدار بوو. سەرەتا لەخزمەت مامۆستا سەید زاهید و دوایی لەخزمەت مامۆستا سەید باقی برای چۆکی فەقێیەتی دادا و دواتر لە ئاوایی شێلمجاڕان لەخزمەت حاجی مامۆستا محەممەدی بداقی کە کاتی خۆی فەقێی بابی بووە، درێژەی بە خوێندن دا. دوایی بەینێک کەڵکی لە
زانستەکانی مامۆستا مەلا عەلی دربکە و مامۆستا مەلا عەبدوڵڵا شامیخی و مامۆستا مەلا یووسف فەتتاحی و زانای بەناوبانگ مامۆستا مەلا ئەحمەدی گردکسپیان وەرگرت. ئەوجار بۆ درێژەدان بەخوێندن ڕووی کردە خانەقای بوڕهان و لەخزمەت عەللامە و عارفی ناوداری کوردستان شێخ محەممەدی شەمسەددینی کوڕی حەزرەتی شێخی بوڕهان )قدس الله اسرارهما( درێژەی بە خوێندن دا. هەر لەو سەردەمی دا لەخزمەت جەنابی شێخ محەممەد و لەسەردەستی بەڕێزیان تەمەسسوکی کرد و ب وو بە مریدی شێخی بوڕهان و تا ئێستاش ساڵانە لانیکەم جارێک زیارەتی مەرقەد و خانەقای حەزرەتی شێخ دەکات.
دواتر چەند ساڵێک لەخزمەت مامۆستا مەلا ئیبڕاهیمی سیسێر، مامۆستا شێخ جەلالەددینی حوسەینی، مامۆستا مەلا محەممەدی بلەکی و مامۆستا مەلا محەممەدی باساوێ کتێب و ماددەکانی سەرەوەی خوێندن و لەئاکام دا بۆ خوێندنی دوایین کتێبەکانی مەلایەتی، ڕووی کردە باشووری کوردستان و بۆ ماوەی زیاتر لە دوو ساڵ لەخزمەت عەللامەی ڕەببانی و زانای ناودار مامۆستا مەلا محەممەدی ڕەئیس، ناسراو بە بۆکانی لە ئاوایی گەڵاڵەی
شینکی مایەوە. مامۆستای ڕەئیس زانایەکی هەڵکەوتە و زۆر ئاگادار بووە و ئەوکەسانەی بەخزمەتی گەیشتوون لایان وایە کە یەکێک لە پلەبەرزترین زانایانی سەردەمی خۆی بووە. مامۆستای ڕەئیس زۆری مامۆستا سەید نوورەددین خۆش ویستووە و باوەڕی وابووە کە لەداهاتوو دا دەبێ بە زانایەکی پلەبەرز و بەویژدان و خواناس و تەنانەت لە ساڵی دووهەم کە مامۆستا لەخزمەتی ماوەتەوە، مامۆستای ڕەئیس نەخۆش کەوتووە و فەقێیەکانی بڵاو کردوون و فەرموویەتی چیتر ناتوانم وانە بڵێمەوە و تەنیا مامۆستا سەید نوورەددینی لای خۆی هێشتۆتەوە و دەرسی پێ فەرمووە و دوای زیاتر لە دووساڵ، بڕوانامەی زانستی و ئەخلاقی بە مامۆستا بەخشیوە و ئیجازەی (افتاءو تدریس)ی پێداوە.  کاتێک مامۆستای ڕەئیس ویستوویەتی فەقێیەکان بڵاو کا، بەشێکیان زۆر ئیسڕاڕ دەکەن
بمێننەوە، ئەما مامۆستا قەبووڵ ناکا و دەفەرموێ تەنیا مەلا سەید بمێنیتەوە، ئەما بۆ وەی دڵ ئێش ی ساز نەبێ، لەسەر داوای مامۆستا نامەیەک بۆ فەقێیەکان دەنێرێ و لە سەردێڕەکەی ئاماژە بە حەدیس ی "ساووا بین ا ولادکم" دەکا و داوا لە هەموویان دەکا بڕۆن، و فەقێیەکانیش گشتیان بڵاو دەبن، ئەما مامۆستا دوای چەند ڕۆژێک دەگەڕێتەوە بۆ گەڵاڵە و تا ئاخیری خوێندن لەوێ دەمێنیتەوە. لەو ماوەیەدا، مامۆستای ڕەئیس دوو یا سێ جار و هەر جارەی بۆ زیاتر لە مانگێک سەفەر دەکا بۆ سلێمانی و بەغدا بۆ چارەسەری نەخۆشییەکەی و مامۆستاش لە گەڵاڵە ئەرکی مەلایەتی کردن دەگریتە ئەستۆ.
مامۆستا لە سەردەمی خوێندن دا ئەویندارێکی ڕاستەقینەی کۆکردنەوەی زانست بووە و لە دوایین سێ ساڵی کۆتایی خوێندنی دا، تەنانەت بۆ جارێکیش سەردانی بنەماڵەی خۆی نەکردووە و نۆ مانگ لە ناوچەی بانە و دووساڵ و س ێ مانگ لە باشووری کوردستان ماوەتەوە و بۆ دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانی ژیانی، مانگی ڕەمەزانان بووە بە مەلای ئاواییان و داهاتەکەی بۆ ماوەی ساڵێک دەست پێوەگرتووە. لەوکاتی کە مامۆستا لە
گەڵاڵە سەرقاڵی خوێندن بووە، مامۆستا سەید باقی برای بە نەخۆش ی دڵ لە تەمەنی 45 ساڵی دا فەوتی کردووە، دوابەدوای ئەو کارەساتە مامۆستا سەید زاهید نامەیەک دەنێرێ بۆ گەڵاڵە کە ئەو هەواڵە بە مامۆستا ڕابگەیێنێ و داوای لێبکا بگەڕێتەوە، ئەما مامۆستای ڕەئیس پێش مامۆستا لە ناوەرۆکی نامەکە ئاگادار دەبێ و بە فەقێیەکان دەسپێرێ کە ئەو نامە و هەواڵە بشارنەوە و مامۆستا ئاگادار نەکەن. مامۆستا دەفەرموێ زانینی ئەو هەواڵە جگە لەوەی کە خوێندنی مەلا سەید ناقیس دەکا، هیچ شتێکی دیکە ناگۆڕێ و ئیتر مامۆستا ئاگاداری فەوتی کاکی نابێت.
دوای وەی کە مامۆستا ئیجازە وەردەگرێ، هەر لە باشووری کوردستان لە ئاواییەک داوای لێدەکەن ببێ بە مەلایان و لەوێ دادەمەزرێ، ئەما دوو فەقێی ڕۆژهەڵاتی واتا مامۆستا سەید ڕەزای سەردەشت و مامۆستا محەممەدی سوباتی کە تەواوی ئەو دووساڵە لە خزمەتی دابوونە، دەگەڕێنەوە. کاتێک مامۆستا زاهید ئاگادار دەبێ کە مامۆستا
لە باشووری کوردستان دامەزراوە، نامەیەکی بۆ دەنێرێ و داوای لێدەکا بگەڕێتەوە بۆ سینگان و بۆی دەنووسی کە هیچ کەس ڕازی نییە لەوێ بمێنییەوە. مامۆستا دەگەڕێتەوە و لە ڕێیە لە ئاواییەک میوانی مامۆستا نەسڕوڵڵا نێوێک دەبێت و عەرزی دەکا لە خوێندن خڵاس بوومە و دەگەڕێمەوە بۆ وڵات. مامۆستا دەفەرموێ کاتێک کە مەلا سەید باقی برات لە خوێندن خڵاس بوو، ئەویش بێرەدا هاتەوە ئەما خوا عومری درێژی نەدا بەوێ، ئیتر لەوێ مامۆستا بە هەڵکەوت لە فەوتی کاکی ئاگادار دەبێ.
ئەو کەسانەی لە دەورانی خوێندن دا دۆست یا فەقێی مامۆستا بوونە، باس لەوە دەکەن کە مامۆستا زۆری خۆ ماندوو کردووە و بە ئەوین و وزەیەکی سەرسووڕهێنەرەوە دەرس ی خوێندووە و خەریکی لێکۆڵینەوە بووە.
هەمیشە فەقێی هەبووە و وانەی گوتووەتەوە و زۆر جار لە مامۆستایەکانی خۆی زیاتر ئاگاداری بابەتەکان بووە. تەنانەت کاتێک کە لە گەڵاڵە بووە مامۆستای ڕەئیس چەند جار خۆی لێ تووڕە کردووە و داوای لێکردووە زیاتر وچان بدا و پشوو بدا بە لەش و مێشکی و فەرموویەتی بەو شێوازە ئەتوو بەرگە ناگری. ئەما مامۆستا ئەو شێوازە ژیان و خوێندنەی هەڵبژاردووە و هەرگیز نەیهێشتووە کاتەکانی بە فیڕۆ بچن. تەنانەت زۆرجار هەڤاڵەکانی دەورانی خوێندنی لێی زوێر بوونە و گوتوویانە مەلا سەید ڕەفیقایەتیمان ناکات و ئەهلی سەفەر و گەڕان نییە.
[۵/۱۴, ۲۳:۱۸] مەنسوور پیرۆزتی: مامۆستا دوای وەرگرتنی ئیجازە و گەڕانەوەی بۆ ناوچەی خۆی، دەبێ بە مامۆستای ئاوایی سینگان و بۆ ماوەی دووساڵ لەو ئاواییە دەمێنیتەوە و بە هاوکاری مامۆستا سەید زاهید و مووسا خانی زەرزا و خەڵکی ئاوایی، دوای ساڵانێکی زۆر حوجرەی ئاوەدان دەکاتەوە و فەقێیان ڕادەگرێ و دەست دەکا بە تەدریس و وانە کوتنەوە. مامۆستا دوای ساڵێک لە گەڕانەوەی بۆ سینگان و دەست پێکردنی مەلایەتی، لەگەڵ کچێک لە بنەماڵەی خواناس ی ناودار حاجی سەید عەزیز حەیدەری بەنێوی ڕوقەییە خانم هاوسەرگیری کرد و بەرهەمی ئەو زەماوەندە دە منداڵە، واتا هەشت کچ و دوو کووڕ. نێوی کچەکان بەو شێوازەیە: مریەم، حەفسە، جەمیلە، سارا، کلسووم، فەریدە، ئەدیبە و تەبیبە. مامۆستا دوو کووڕیشی هەیە بەنێوی مەلا محەممەد حەسەن و مەلا محەممەد جەماڵەددین کە هەردووکیان بەدرێژەدانی ڕێگای باب و باپیرانیان، زانستە ئایینییەکانیان خوێندووە و هەر لەخزمەت باوکی بەڕێزیان ئیجازەنامەی مەلایەتییان وەرگرتووە.
مامۆستا دوای دووساڵ مەلایەتی کردن لە ئاوایی سینگان، واتا لەساڵی 1350 ی کۆچی هەتاوی و لەسەر داوای خەڵکی شارەدێی پەسوێی ناوچەی لاجان سەروەشاری پیرانشار، ڕووی کردە ئەو ئاوەدانییە کە بەدرێژایی مێژووی خۆی هەمیشە مەکۆی گەورە مامۆستایانی ناوچە بووە و حوجرە و مزگەوتی لیپاولیپی فەقێ و مەلای باش و جێگە
و پێگەی زانایانی گەورە بووە و تا ئێستاش حاجی مامۆستا ه ەر لەو ئاوەدانییە ماوەتەوە و خۆشەویست و جێگای ڕێزی هەموو چینەکانی خەڵکی ناوچە بە گشتی و پەسوێ بەتایبەتییە. دوای هاتنی مامۆستا بۆ پەسوێش حوجرە و خوێندنگای پەسوێ، ڕەونەق و ڕمێنی دووبارەی گرتەوە و لە شوێنی دوور و نزیکەوە فەقێ بۆ خوێندن ڕوویان کردە
خزمەت مامۆستا. لەو ساڵانەدا کە حاجی مامۆستا سەرقاڵی وانەوتنەوە و خزمەتی زانستە ئایینییەکان بووە، بەدەیان فەقێ و مەلا چۆکی شاگردییان لەخزمەت داداوە و لەلایەن حاجی مامۆستاوە ئیجازەی مەلایەتی و (افتاء و تدریس)یان پێدراوە و ئێستاش زۆ ربەیان لەشار و دێهاتەکانی دوو ر و نزیکی کوردستان، سەرقاڵی خزمەتی ئایین و نیشتیمانن. خوای تەعالا لە ساڵی 1358 ی هەتاوی، تەوفیقی مامۆستای دا بۆ زیارەتی ماڵی بەیتێ و مەرقەدی موباڕەکی حەزرەتی رسول الله و بەجێ هێنانی مەناسیکی حەج. حاجی مامۆستا پێشتریش لەساڵی 1352 ی هەتاوی هەوڵی دابوو لەڕێی مەرزی ئێڕاقەوە واجبی حەج بەجێ بێنێ، ئەما لەبەر چەن کێشەیەک لە بەغداوە تووشی گەڕانەوە هات.
بەداخەوە لە کۆتاییەکانی دەیەی هەشتای کۆچی هەتاوی، حاجی مامۆستا تووشی نەخۆش ی چاو و گرفتی بینایی هات و لەسەر داوا و ڕاسپاردەی پزیشکی پسپۆڕی چاو، دوای دەیان ساڵ هۆگری تەدریس و ڕاگرتنی فەقێ و ئاوەدانی حوجرە و خوێندنگایەکەی، وازی لە وانەوتنەوە هێنا و داوای لە فەقێیەکانی کرد، بۆ درێژەی خوێندن ڕووبکەنە خزمەت زانایانی تر و ئێستا حوجرە و خوێندنگای حاجی مامۆستا کراوەتە ناوەندێکی کلتووری و گشتی بۆ خزمەتی بیر و هزری مناڵانی نی شتیمان و خەڵکی ئاوەدانی.
حاجی مامۆستا هەمیشە ئەهلی توێژینەوە و لێکۆڵینەوە بووە و کاتێک کە خوێندنەوەی لەسەر بابەتێک کردبێ، هەرگیز بە چاولێکردنی یەک کتێب یا قسەی زانایەک قەناعەتی نەکردووە و هەوڵی داوە بابەتەکە لەچەند بەرهەمی جیاوازدا ببینیتەوە و لێکدانەوەی بۆ بکا. عادەتیش ی وایە کە بۆ هەر پرسیارێکی شەرعی کە لێی دەکرێ، دووبارە دەگەڕێتەوە سەر کتێب و بابەتەکە چاو پێدادەخشێنیتەوە و دوایی وڵام دەداتەوە، تەنانەت ئەگەر زۆر چاکیش لە بابەتەکە ئاگادار بێ. حاجی مامۆستا زۆر جار بابەتێک لە بابی بەڕێزی دەگێڕیتەوە کە بۆ وڵامی پرسیاران هەمیشە دەگەڕاوە سەر کتێب، جاری وا هەبووە کە فەقێیەکانی لێی وەجواب هاتوونە و عەرزیان کردووە: قوربان گیان
دوێنێ بۆ ئەو پرسیارە چاوت لە کتێبێ کردووە و چ پێویست دەکا ئەوڕۆ دووبارە سەردانی کتێب بکەیەوە؟ مامۆستا سەید حەسەن لە وڵام دا دەیفەرموو: بەڵکوو دوێنێ لە عیباڕەتی کتێبەکە تێنەگەیشتبم و ئەوڕۆ لێی حاڵی بم، پەس پێویستە هەمیشە سەردانی کتێب هەر بکرێتەوە. ئیتر حاجی مامۆستاش ئەو چەشنە هەڵسووکەوت کردنەی
لەگەڵ کتێبی شەرعی کردووەتە سەرمەشق و نموونەیەک بۆ ژیانی عیلمی خۆی و هەرگیز بێ سەنەد قسە ناکا.
خاڵێکیش کە لە هەڵسووکەوتی حاجی مامۆستا لەگەڵ کتێبی شەرعی دا جێی ئاماژەیە، ئەوەیە کە کاتێک لە شوێنێک دانیشتبێ و کتێبی شەرعی بێنن بۆ ژوورێ، حەتمەن بە حوڕمەتی کتێبەکان هەڵدەستێتە سەر پی و تەنانەت لەسەر کتێبی شەرعی پێی بێ ئەدەبییە مێزەرەکەی دابنێ. هەروەها ئەدەبی حاجی ما مۆستا لەئاستی زانایان و خواناسانی گەورە، شتێکی نموونەیی و سەرچەشنانەیە و ڕێزێکی لەڕادەبەدەر بۆ زانایانی ئایینی و عارفان و
خواناسانی ناودار و ئەو کەسایەتییە گەورانە دادەنێ کە خزمەتیان بە ئایین و نیشتمان کردووە، و هەمێشە هەڵوێستی تووند و بوێرانەی هەبووە لە بەرامبەر ئەوکەسانە کە بێ ڕێزی بە یارانی رسول الله و ئەولیا و پیاوانی خوایی و زانایانی گەورە دەکەن و ئەو ڕەوشتەی وەکوو بیدعەتێکی قێزەون بە کۆمەڵگا ناساندووە.
هەڵبەت ئەدەب و ویقار وەسفێکە کە بۆ حاجی مامۆستا هەمیشەییە و پێ بەندییەکی وێنەیی بە پرەنسیب و بەها ئەخلاقییەکان هەبووە. کەس نەیدیتووە بەڕێزیان لە کۆڕێک دابنیش ێ و مێزەری سەری دابنێ یا کاتی ماندووبوونیش لاقی ڕاکێش ێ و تا کاتێک کە درێژ دەبێ بۆ نووستن، بە ئەدەبەوە دادەنیش ێ. تەنانەت لە مەجلیسان کە دادەنیش ێ هەتا ئەو جێیە ی ئیمکانی هەبێ لە شوێنێک دانانیش ێ کە پشتی بکەویتە لای قیبلە و لای وایە کە ئەوە
بێ ئەدەبییە. ئەدەب و پاراستنی کەسایەتی مامۆستای ئایینی، داواکاری هەمیشەیی حاجی مامۆستا لە فەقێیەکانی بووە و لەسەر ئەو خاڵە زۆری داکۆکی کردووە کە پۆشش ی فەقێیەکانی هەمیشە لیباس ی ڕەسەنی کوردی و مێزەری سپی بێ. حاجی مامۆستا هەر لەدەورانی جەوانییەوە ئەو تایبەتمەندییەی هەبووە و دۆستانی دەورانی خوێندنی،
باس لەوە دەکەن کە پێش پێکهێنانی بنەماڵەش، هەرگیز تەنانەت نەزەری حەڕامیش ی نەدەکرد و چاوی لە ژنان نەدەکرد. زۆری ڕێز لە مامۆستایانی دەگرت و زۆریش لەسەر بێ ڕێزی و تووندوتیژی لەگەڵ قوتابیی چووکە واتا سوختەکان، هەڵوێستی دەنواند.
یەکێکی دیکە لە تایبەتمەندییە ئەخلاقییەکانی حاجی مامۆستا سەخی بوون و دڵ ئاوەڵایییە، ماڵی مامۆستا هەمیشە ماڵێکی پڕمیوان و بە قەولی کوردەواری نان خۆش بووە و بۆخۆی عادەتی وایە کە هەرگیز پێی خۆش نییە بێ میوان بێ. زۆر بە پیاوەتی و دڵ فرەوانە و لە ژیانی دا قەت فکری لە کۆکردنەوەی دارایی نەکردۆتەوە و خوای تەعالاش قەتی مەحتەل نەکردووە. ماڵی هەمیشە سەرپەنایەک بووە بۆ لیقەوماوان و تەنانەت چەند خانمێکی کە
هاوکات لەماڵی باوک و مێردیان تۆراون، لە ماڵی حاجی مامۆستا ڕا مێردیان کردۆتەوە. دیارە چەندەی دڵ بە میوانان خۆش بووە، ئەوەندەش پێی خۆش بووە سەردانی ماڵی خزم و دۆستان بکا و خۆی پێ لەکەس زیات ر نەبووە و بەپێچەوانەی زۆرێک لەو کەسایەتییانەی کە جێگەوپێگەیەکی کۆمەڵایەتییان هەیە، هەرگیز پێی وانەبووە کە نابێ
سەردانی ماڵی فەقێیەکانی یا خزم و کەس ی لەخۆی بەرەژێرتر بکا. تا کاتێک کە فەقێی هەبوون، بۆ سەفەران هەمیشە پێی خۆش بوو دوو یا س ێ فەقێی لە خزمەت دابن. ئەما خاڵێکی کە جێی ئاماژەیە ئەوەیە کە تا ئەوجێیەی ئیمکانی هەبووە هەرگیز ئیجازەی نەداوە کاروبار و سەفەری شەخس ی بەڕێزیان، خەسارەت و زەرەر لە خوێندنی فەقێیەکانی حوجرە و خوێندنگایەکەی بدا. بەو ئامانجەی کە دەرس ی قوتابیانی نەچوێنێ هەمیشە هەوڵی داوە سەفەرەکانی تەنانەت ئەگەر بۆ سەردانی دوکتۆریش بێ، بکەونە ڕۆژی پشووی حەوتوو کە کاتی خۆی ڕۆژی سێشەممۆیان بوو.
هەروەها حاجی مامۆستا هەمیشە هەڵوێستی تووندی لەسەر ماف و میراتی ژنان کە لە کۆمەڵگای کوردەواری دا بەداخەوە پێشێل دەکرێ، هەبووە و زۆر جار وا هەبووە کاتێک کە دیتوو یەتی پیاوەکانی بنەماڵە خەریکن مافی دایک و خوشکەکانیان دەخۆن، تا ئەوجێیەی توانیویتی بەرەنگاری کردووە، دەنا بە زوێری مەجلیس ی جێهێشتووە.
لە ژیانی شەخس ی خۆش ی دا هەرگیز ڕێی نەداوە کە ماڵی حەڕام لەگەڵ داراییەکانی تێکەڵ بێ و حازر بووە لەژێر گووشاری ئابووری دا بژ ی ئەما لەڕێی حەڕام و بەدڕەوشتییەوە دارایی کۆ نەکاتەوە. هەروەها بەڕێزیان زۆر لەسەر ئەو بابەتە داکۆکی کردووە کە کچ ان مافی هەڵبژاردنی شەریکی ژیانیان هەبێ و ڕێز لە داخوازی کچ بگیرێ و لەهەر مەجلیسێک زانیبی کە کچ خەریکە بەزۆر بەشوو دەدرێ، حازر نەبووە مارەی بکا و واهەبووە مەجلیسی جێهێشتووە. بۆ کچەکانی خۆش ی هەرگیز باوەڕی بە گوشار نەبووە و تەنیا داوای لێکردوون کەسێک بۆ شەریکی ژیان هەڵبژێرن کە لەخواترس و حەڵاڵ خۆر بێ.
حاجی مامۆستا بەرهەمی بەشێکی کەم لە توێژینەوە و لێکۆڵینەوەکانی هێناوەتە سەر کاغەز، ئەویش کاتێک کە داوای لێکرابێ. ئەو بەرهەمانەی کە نووسراونەتەوە، وڵامی زۆر پرسیاری عەقیدەیی و شەرعییان تێدایە و بەشێکیش بابەتی ترن. حاجی مامۆستا لە عەقیدە دا هاومەسلەکە لەگەڵ بیروباوەڕەکانی شێخ ابوالحسن اشعری و لە فیقهیش دا پەیڕەوی مەزهەبی ئیمامی شافیعییە (ڕەزای خوایان لێ بێ). بۆ فتوا و تەنانەت بۆ ژیانی خۆش ی تا ئەوجێیەی ڕێی هەبێ هەرگیز لە قەولی )راجح(ی مەزهەب لای نەداوە. جگە لە تەفسیری چەن ئایەتێکی پیرۆز و وڵامی چەندین پرسیاری عەقیدەتی و فیقهی، حاجی مامۆستا دوو نووسراوەی تا ڕادەیەک درێژی لەسەر تایبەتمەندییەکانی حەزرەتی رسول الله (خصائص النبی) و موافەقاتی حەزرەتی عومەر (ڕەزای خوای لێ بێ( هەیە. حاجی مامۆستا یەکێکە لە زانایانی خۆش نێو و باوەڕپێکراوی ناوچە و لە زۆرینەی زانستە ئیسلامییەکان دا پسپۆڕە و بەتایبەت لە زانستی فیقهی دا زۆر شارەزایە و لە بەشێکی زۆری ناوچەکانی کوردستانەوە بۆ دۆزینەوەی وڵامی پرسیار و ڕێکخستنی گرفتەکانی فیقهی، پرس و موڕاجیعە بە بەڕێزیان دەکرێ.

یەکیەتی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران

٢٥/٢/١٤٠٣ی هەتاوی