لینکەکان

۱۳۹۶/۰۷/۱۱

پرسەو سەرەخۆشی بە هۆی کۆچی دوایی مام جەلال سکرتێری یکێتی نیشتیمانی کوردستان

کل نفس ذائقۃ الموت:
گەلی کورد خاوەنی چەندین زامی قوڵ و بەژانە، لەدەستدانی هەر سەرکردەیەکی بەتووانا وکالیزما بە هەر بیروباوەڕێکەوە خەسارێکی مەزنە لە جەستەی ئەو نەتەوە زامدارە.
لە دەستدانی گەورە پیاوێکی کورد وەک مام جەلاڵ تاڵەبانی سکرتێری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، برینەکانمان قوڵتر و زامدارتر ئەکات بەڵام بە دڵنیاییەوە ڕێگاو ڕێبازی ئەو کەڵە پیاوانە هیواوهوومێدمان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان پتەوتر ئەکات.
یەکێتی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران بە هۆی کۆچی دووایی ئەو گەورە پیاوە وێڕای خەم وپەژارەی خۆمان پرسەو سەرەخۆشیمان ئاراستەی بنەماڵەی خودا لێخۆشبوو و هەموو هەڤاڵانی و، ڕێبەرایەتی وکادر وپێشمەرگەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ئەکەین وهیوادارین بەردەوام بن لە ڕێبازی پڕ شکۆی  ئەم ڕێبەرە مەزنەی گەلەکەمان، لە خودای دلۆڤان ئەپاڕێینەوە روحیان بە بەهەشتی بەرین شاد بکات.
انا للە وانا الیەراجعون
یەکێتی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران
۱۱ی۷ی۱۳۹٦ هەتاوی
۳ی ئۆکتۆبری ۲۰۱۷ی زایینی

۱۳۹۶/۰۷/۱۰

کاتی خۆسازدانە بۆ بەرەنگاری پیلانەکان: مەلا برایم مەجیدپووری







کاتی خۆسازدانە بۆ بەرەنگاری پیلانەکان 

وەک ئاگادارن ڕاپرسی گشتی بۆ سەربەخۆیی کوردستان بەسەر کەوتوییەکی کەم وێنە دوایی هات ، هەر زوو بەرهەمەکانی هاتنە ڕوو. بۆ وێنە دۆستو دوژمنی ڕاستەقینەی گەلەکەمانی ئاشکرا کردو پێی ناساندین . دیتمان دۆستان چۆن لەبەرانبەر زەبروزەنگی دوژمنانو فرتو فێڵو چەواشەکاری دۆڕاوەکان ئازایانە ڕاوەستانو لەهیچ مەترسیەک سڵیان نەکردەوە . شەریکو هاوپەیمانە بەدرۆکان چۆن خۆیان بەخوای کوردان دەزانن و هەمو دەرگایەکیان لەسەر داخستن کە بەخیالێ خاوی بەتاڵ بە برسیایەتی بەچۆکیان دابێنن . بێخەبەر لەوەی جگە لە هێندێک کوردی چڵکاو خۆر،کورد ئامادەیە لەبـرسان بمرێی بەڵام سەر بۆ دوژمن دانەنەوێنی ،بەورەو ئیمان دەژی نەک بەنانی نـامەردان . دوژمنان چۆن ئۆقرەیان لێهەڵگیراو ئەو دڵە گەنیوەیان ئـاگری تێبەربـوو پـەردەیان لە سەر ڕواڵەتە فریودەرانەکەیان لاداو بەهەڕەشەو گوڕەشە دوژمنایەتی خۆیان بۆ هەر دەسکەوتێکی کورد نیشان دا. لەبەرانبەر ئەواندا گەلی کورد لە هەموبەشەداگیر کراوەکانی کوردستاندا بەیەکدەنگێو یەک هەڵوێستی هاتنە مەیدانو مستێکی تووندیان لە دەمی داگـیر کەراندا . ئەوانەی بەناڕەوا لە مافی دەنگدان بێبەشکرابون ، بـوێـرانـە زۆر بـە هـەستو سۆزەوە پشتگیری خۆیان بۆ براکانیان لە باشور نیشانداو ئـەرکی نـەتـەوەیی خـۆیـان بەجێی هێنا . لیرەدا ئەو ڕاستیە حاشا هەڵنەگرە کە کورد یەک گەلەو یەک وڵاتی هەیە کە کوردستانە و ئامانجی هەموشیان ڕزگاری گەلو نیشتمانە ، بەدۆستو دوژمنیان نیشان دا ، بەدنیایان کوت : چاوەڕوانی کەس نابین و بڕوامان بەخۆمانە. پێیان کوتن ئەو گشتە قوربانیەو ڕژانی ئەو هەمو خوێنە گەشانە هەروا بەهەڵکەوتو بۆ بارەقەڵای کەس نیەو بۆ رزگاری زێدو سەربەستی گەلەکەمانە . ئامانجمان پساندنی ئەو کۆتو زنجیرانەی دەستو لاقمانە ، ئازادی بیرو هزرو ویستو داخوازەکانمانە ، ئەو ئامانجەش یەکەمو لە پێشەوەی هەمو حەزو ویستو ئیدەو ئایینەکانمانە .

بەدنیامان نیشان دا ،نە دوژمنایەتی کوێرانەی دوژمنانی داگیر کەری کوردستانو ، نە پشتگیری نەکردنی دنیای سەوداگەری دەرەوە دەمانترسێنێ ، نـە هەڕەشەو گوڕەشەو بەڵێنی بەدرۆ توشی ناهومێدیمان دەکاو نە هیچ هێزێک دەتوانێی وازمان پێی لەمافی رەوامان بێنێ. لەسەر دابین کردنی مافی ڕەوای خۆمان سورین، سەرمان دەکەینە پردەبازی ئازادیو سەربەستی. کورد نیشانی دا بڕوا بەخۆبونو پیداگری لەسەروەدەست هێنانەوەی مافە زەوت کراوەکان، لە خوێنو ڕەگی هەر تاکێکی کورد دایە بـە ژنـو پیاوو گەورەو چوکیەوە ، بەدنیای ڕاگەیاند بەسیە چیتر گاڵتە بەمافو گیانی گەلەکەمان مەکەن، چیتر بە دروشمی بێناوەرۆک خەڵک فریو مەدەن ، ئەوژیانە سەربەستوئازادەی بەخۆتانی ڕەوا دەبینن لە ئێمەی کوردی حەرام مەکەن ، چیتر بۆ ئاوەدانکردنی ماڵی خۆتان ماڵی کوردان وێران مەکەن . بە خوشکو برا کوردەکانی خۆشم دەڵێم : کاتی خۆ سازدانە بۆ بەرەنگاری پیلانەکان ، لەو کونانەی جارێک نا چەند جار مار پێوەیداون ئیتر دەستی تێڕۆ مەکەن . ئەوڕاپرسیە گشتیە بەدوژمنانی گەلی کوت : بـاش بزانـن هەرچی چەکو چۆڵو هێزی شەڕو وێرانیو سوتاندن بوو بەدژی کورد بەکارتان هێنا بەڵام نەتان توانیو ناشتوانن کورد بەچۆک دابێننو وازی پێی لەداوا ڕەواکەی بێنن.

ئەو گشت پرسیە و یەکدەنگیە بەکوردە دۆڕاوەکانو هەلپەرستەکانو بەرژەوەند خوازەکانی کوت : نۆکەر هەرچەندی لە پاشخانی چەوری ئاغاکەی بخواو موچەو بەراتی زۆریش وەرگرێی ، هەرنۆکەرەو ڕۆژێک شەرتی دەپەڕێـو دەرکراوە . بـابـزانـن ژیـانی بـە نۆکەریو ژێر دەستی جگە لە سەرشۆڕیو لەدەستدانی کەرامەتو کەسایەتی بەرهەمێکی تری نیە .

ئێستا کە گەل سەر کەوتوە ژیرانەو ئازادانە چارەنوسی خۆی بە زۆرینەیەکی کەم وێنە دیاریو هەڵبژاردوە ، دەبێی بزانن دوژمنان چوار دەورەیان لێداوین ، دۆڕاوەکانی نـاو خۆشمان هەرهـەمـویان بـریندارن ، ئـاگرێکیان لـە هەناوی بـەر بـوە ، حەجمـینیان لێهەڵگیراوە، لـە هیچ کردەوەیەکی نـاجوامێرانـە و دوژمـنکارانـە و وەحشیانە دەست ناپارێزن ، بـۆیە گەل دەبێی ڕیـزە یەکگرتوەکانی پتەوتر بـکا ، چـۆن ڕاپـرسیەکەی بردەوە هەر بەو نەفەسەش تا قوناغی دوایی بیبا ، بەهێزتر لە پێشوو بەرەنگاری پیلانی دوژمنو نەیاران بێتەوە . گەل دەبێی ڕیگە نەدا هیچ حیزبو گروهو تاقمێک لـەژێـر ناوی ئازادیو بەگری لە مافی گەل دژی سەروەریەکانی گەل هـەڵـسو کەوت بـکا . حیزب ئامرازە بۆ وەدیهێنانی ئامانجەکانی گەل ئەگەر نەیتوانی ئەو ئەرکە بەجێی بێنێو بەکەڵک نەهات دەبێی فڕێی دەیو یەکی بەکەڵکی لەجیگا دابنێی. مافو ئازادی گەل دەبێی لە پێشەوەی هەمو مافەکان بێی ، هەر کەس گەلی بوێی دەبێی ئامادەبێی خۆشی بەقوربان بکا. دڵنیا بن ئەگەر یەکدەنگو یەکگرتوو بین تاکە هێزی بەهێزی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبین ، کەئەو پێگەیەمان بـۆ خۆمـان مسۆگەر کرد ، دنیای دەرەوەش سەر دادەنوێنێو سڵاوی بـەڕێزەوەمان لێدەکاو ئـامادەیی خۆی بـەداوای لێبوردنەوە دەر دەبڕێی. ئەوانەی ئەوڕۆ نایانەوێی بەئاشکرا پشتیوانیمان بکەن ، بۆ دۆستایەتیو هاوکاریمان کێی بەرکێی دەکەن. 

ئەو ڕاپرسیە گشتیە ئەوەشمان پێدەڵێی : بەسیە واز لە ململانەی نەرێنی بێنن ئامانجی گەلی کورد وەک خۆی ببیننو بەپێوەری ئەمو ئەویی هەڵمەسەنگێنن . بەچاوی خۆتان دیتتان یەگرتوویی تـوانی گەورەترینو هەستیارتـرینو مەتـرسیدارتـرین هـەنـگـاوی نەتەوەیی بە بێێ سڵکردنەوە لـە هەڕەشەو گوڕيشەی دوژمـنـان زۆر ئـازادانــەو دێمۆکڕاسیانە بە ئەنجام بگەێینێ ،ئەوە ئەرکی هەمو دڵسۆزانی کوردستانو کوردە ئـەو ڕاستیە دەرک بکەنو ئەوزنجیرە پۆڵایینەی دوژمنی پێدەبەسترێتەوە نەپسێنن، ئەوەی دنیا لێی تێنەگەیشتوە یان بەهەڵە تێیان گەیاندوە، بـە جوانی نیشانی بـدەنـوو دروست تێیبگەێـێـنـن. ئێستا کە بۆنیگەرانکردنو بێهیوا کردنی گەڵ بە پڕوپاگەندەی دوورلەڕاستیو هەڕەشـەو گوڕەشەی ترسنۆکانە لەکاناڵی جۆراوجۆرەوە هەوڵ دەدرێی ورەتان دابەزێو سەر شۆڕکەنو واز لەداوا ڕەواکەتان بێنن ، بوێرانەو مەنتیقیو لێزانانە بـەرپـەرچیان بدەنەوە . هەمو ئەوانەی مەودای کوتنو نوسێنو بڵاو کردنەوەیان هەیـە بە مـەنتیقیو ژیرانەو چاو نەترسانە بەرەنگاریان بن نەک بە جنێوو فڕولاتاو بەرپەرچیان بدەنەوە. 

کورد دەبێی جوان لەوە تێبگا کە تەنیا دۆستی ڕاستە قینەی هەر خۆیەتی . زۆرجاریش دیتوومانە کورد کوتەنی { تێکوشینی بەهیوای جیرانی هەر ویشکە } .هیوادارم ژیرانەو بوێرانە و لەسەرەخۆو هێمنانە ئەو کۆسپە دروستکراوانە لە سەر ڕێگە لادەینو ئەو ڕاستیە دیسانیش بسەلمێنین کە دەڵێین : کورد کوڕی ڕۆژی تەنگانانە . دەبێی بشزانین پاشگەز بونەوەمان مەرگی سێاسی و لە گوڕنانی ئاواتی گەلەکەمانە . 



براتان مەلا برایمی مەجیدپور ٣٠ / ٩ / ٢٠١٧